حەسەن شەرەفی: سەرۆك بارزانی بەر لەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێت بیرۆكەی كۆنگرەی نەتەوەیی هەر هەبوو

دیمانه:: سەعد هەورامی
جێگری سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران حەسەن شەرەفی، لە دیمانەیەكی رۆژنامەی "هەولێر"ـدا ڕایگەیاند كە كاری ئەو لیژنە 21 كەسییەی لە كۆنفرانسی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی دەستنیشان كران، بڕیاردان نییە، بەڵكو ئەركیان ئامادەكاری و رێكخستنی كۆنگرەیە، هەروەها ئەو لایەنانەش كە بەشدارییان تێدا نەكردووە، هەوڵ دەدرێت لە كۆبوونەوەكانی دیكەدا ڕازی بكرێن بۆ ئەوەی بەشدار بن.
یەكهەڵوێستیی كورد زۆر لەمێژە زەروورەتی هەیە
* كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كە بڕیار وایە لە مانگی داهاتوودا ببەسترێت، تا چەند كورد لە ئامانجەكانی نزیك دەكاتەوە؟
_ لە راستیدا مەسەلەی یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی كورد زۆر لەمێژە زەروورەتی هەیە و پێویستییەكی حەتمییە و ئەو یەكگرتن و یەكهەڵویستییەی كوردیش، نەتەوەی كورد دەباتە پێشەوە و لە رووی جیهانی و ناوخۆیی و ناوچەییشەوە هێزی دەداتێ.
* چۆن هێز دەداتە كورد؟
_ ئەو گۆنگرەی كە دەبەسترێت، چەند تایبەتمەندییەكی هەیە، ئەو كۆنگرەیە لە كاتێكدا دەبەسترێت كە وڵاتانی ناوچەكە رووبەڕووی ئاڵۆزی و جۆرێك لە هەلومەرجی تایبەتی بوونەتەوە، دەكرێت چاوەڕێی ئەوەی لێ بكرێـت كە كورد لە هەر پارچەیەك بە مافەكانی بگات، ئەگەر ئێمە پێشتر بەشێك لە كوردستانمان ئازاد كراو نەبوو، حكوومەتی كوردیمان نەبوو، دەرفەتی كۆبوونەوەمان نەبووە، بەڵام ئێستا بە خۆشحاڵییەوە لە باشوور كوردستانێكی ئازادمان هەیە و دەسەڵاتێكی كوردیمان هەیە، لەمەش گرنگتر ئەوەیە كە ئەو دەستەڵاتە كوردییە بە تایبەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەستی بە زەروورەتێكی وەها كردووە كە لە بارودۆخێكی جیهانی و ناوچەیی ئاوادا هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی ئەو كۆنگرەیە ببەسترێت.
ڕۆڵی سەرۆكی هەرێم زۆر گەورە و گرنگە
* ڕۆڵی سەرۆكی هەرێم چی بووە؟
_ رۆڵێكی زۆر باشی هەبووە و ئێمە ئەو دەستپێشخەرییەی بە كارێكی زۆر گەورە دەزانین، ئەو كۆنگرەیەش كە پێك دێت، بە كۆنگرەیەكی وای دەزانین كە شتێكی بێوێنەیە، چونكە شتی وا لە رابردوودا نەبووە، بۆیە كارێكی گەورەیە و لە مێژووی كورددا دەمێنێتەوە، لە هەمان كاتدا پێویستە بڵێین ئەگەر كاك مەسعود سەرۆكی هەرێمیش نەبووایە، ئەو بیرۆكەیەی هەر هەبوو، بەڵام ئەو پێگە سیاسییەی كە لە باشووری كوردستان هەیەتی وەكو سەرۆكی هەرێم، كەڵكی لێ وەرگرت بۆ ئەوەی ئەو ئامانجەی هەیە بۆ پێكهێنانی كۆنگرەی نەتەوەیی بێتە دی و هەموو پشتیوانییەكی خۆیشی بۆ ئەو كۆنگرەیە دەربڕیوە و ئەوەیشی گوتووە كە سەركەوتنی لیژنەكەی ئێمە دەبێ ببێتە هۆی سەركەوتنی كۆنگرەكە و كۆنگرەكەیش پەیامی راستەقینەی خۆی پێبێت بۆ بیروڕای گشتیی جیهانی و بۆ وڵاتانی ناوچەكە و پەیوەندیی نێوان رێكخراوەكانی هەر پارچەیەك یان هەرچوار پارچەكە، من پێم وایە رۆڵی سەرۆكی هەرێم زۆر گەورە و گرنگە و ئەو كۆنگرەیەیش لە كاتێكی زۆر باشدا هەوڵی بەستی دراوە.
* پێت وایە تا چەند سەركەوتوو دەبێت؟
_ سەركەوتن و سەرنەكەوتنەكەی دەبەسترێتەوە بە نیەتی خاوێنی ئەو لانەنانەی كە لە كۆنگرەكەدا بەشدار دەبن و ئەوانەی كە كاری بۆ دەكەن، چەندە بە دڵسۆزییەوە كارەكان دەكەن، چەندە نیەتپاكانە و لە بەرژەوەندیی میللەتەكەی خۆیاندا كارەكان ئەنجام دەدەن، چەندی زیاتریش كار بۆ سەرخستنی كۆنگرەكە بكرێت، پتر لە سەركەوتن نزیك دەبێتەوە.
"بۆ یەكەم جار كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان یەكترمان بینی"
* باشترین دەرهاویشەی هەنگاوەكانی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی چین؟
_ هەر خودی هەوڵەكان بۆ بەستنی ئەو كۆنگرەیە و هەنگاوهەڵگرتن بۆی جوانترین شتە، بەڵام بۆ یەكەم جار بوو كە كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان لە هەر پارچەیەكی كوردستان هەموو حزب و رێكخراو و لایەنە سیاسییەكان تێیدا بەشدار بوون، زۆر هەبوون لە كوردانی پارچەكان یەكتریان نەناسیوە یان یەكترییان نەبینیوە لەوێدا هەموو یەكترییان بینی و یەكترییان ناسی و ڕا و بۆچوونی هەر پارچەیەك لەوی دیكە ئاگادار بووەوە، باسی چۆنیەتیی خەبات لە پارچەكاندا كراوە، بۆیە هەر لەوێشدا لە چۆنیەتیی كاركردن و چۆنیەتیی خەباتكردن ئاگادار بوون و لە چۆنیەتی مامەڵەی دەستەڵاتی ئەو وڵاتانە لەگەڵ پرسی كورد ئاگادار بوون.
ئەركی لیژنە 21 كەسییەكە
* كاری ئەو لیژنەیەی ئێوە كە 21 كەسن، چییە؟ ئایا دەتوانن ئێوە هیچ بڕیارێك بدەن، لە كاتێكدا هەندێك كێشە لەلایەن هەندێك لایەنەوە لەسەر كورسی بۆ ئەو لیژنەیە دروست بووە؟
- ئەو لیژنەیە كاری بڕیاردان نییە، بەڵكو ئەركیان ئامادەكاری و سەرخستنی كارەكانە بۆ بەستنی كۆنگرەكە ئەگەرنا بڕیارە سیاسییەكان لە ناو كۆنگرە دەدرێن نەك لەو لیژنەیە و هەر مەسەلەیەك بێت لە ناو كۆنگرەكەدا دەبێت.
"هیوادارم ئەوانەی بەشدار نەبوون، بەشداری بكەن"
* هیچ نوێنەرێك هەبوو ئامادە نەبێت، ئەگەر هەیە هەوڵتان نەداوە ئەوانیش بێننەوە ناو لیژنەكەوە؟
- ئەگەر هیچ كێشەیەك نەبووایە زۆر باشتر بوو، بەڵام ئەگەر كێشەیەكیش هەبێت لە كۆتاییدا دەبێت چارەسەرێكی بۆ بدۆزینەوە، باش نییە هیچ لایەنێكیش بە بێ هۆ بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەو لیژنەیەدا نەكات، من هیوادارم ئەوانەیش كە بەشدار نەبوون، بەشداری بكەن، كۆبوونەوەی دوێنێش پێداگری لەسەر ئەوە كرد كە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ ئەوەی ئەو لایەنانەش بەشدار بن.
* كورسییەكانی بەشەكانی كوردستان چۆن دابەش كراون كە ئێستا هەندێك لە لایەن چەند لایەنێكەوە كێشەی لەسەرە؟
_ بەپێی مەوقیعییەتی بەشەكە، بۆ نموونە باكوور كە گەورەترە 6 كورسیی پێدراوە، بۆ كوردستانی رۆژهەڵات 5 كورسی، بۆ رۆژئاوا 4 كورسی و بۆ باشووریش 5 كورسی، یەكێكیش بۆ ئەوانەی كە كارێكیان بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كردووە، بەڵام بەداخەوە سەری نەگرتووە و نوێنەرێكیش لەوان بەشدار بێت.
سەرخستنی كۆنگرەكە ئیرادە و لەخۆبوردوویی دەوێت
* ئەگەر ئەو كۆنگرەیە بە سەركەوتوویی كۆتایی پێبێت چ كاریگەرییەكی لەسەر پرسی كورد دەبێـت؟
_ سەركەوتنی ئەو كۆنگرەیە جێگەی خۆشحاڵی نییە بۆ نەیارانی كورد، بۆیە رەنگە كاریش بكەن بۆ ئەوەی كە ئەو كۆنگرەیە سەر نەكەوێت، بەڵام یەكگرتوویی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچە دەتوانێت ئەو پیلانانە پووچەڵ بكاتەوە، هەروەها كارێكی لەو شێوەیەش ئیرادە و لەخۆبوردوویی دەوێت، بەڵام گرنگییەكەی لەوەدایە كە بە ڕۆڵەكانی نەتەوەی كورد لە هەرچوار پارچە دەڵێت كە كورد دەتوانێت یەك بگرێت، دەتوانێت بە وڵاتانی ناوچەكە بڵێت كە ئێمە دوژمن و نەیاری هیچ كامیان نین، بە پێچەوانەوە دەمانەوێت دوژمنمان نەبن، لە هەمان كاتدا بە جیهان بڵێین كە ئێمە میللەتێكین مافمان خوراوە و پێشێل كراوە دەمانەوێـت لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتییەوە مافەكانمان وەرگرینەوە، ئەوەیش بڵێین كە لە كاتێكدا كورد پەنای بۆ چەك بردووە ناچار بووە، بەڵام هەركام لە پارچەكانی كوردستانیش هەلومەرجی تایبەتی خۆی هەیە، لە وڵاتێكدا كە باسی ئازادی كورد دەكرێت، لە وڵاتێكی دیكەدا ئەو باسە هەر نییە و لە وڵاتێكی دیكەدا بە جۆرێكی دیكەیە، بۆیە ئەو كۆنگرەیە دەبێت ئەوەی لە بەرچاو بێت و لە پەیامی سیاسیی خۆیدا رەچاوی بكات.
پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان بوو
* لە چەند میدیایەكی وڵاتانی دەوروبەردا باس لەوە كرا كە لە كۆنفرانسی ئامادەكاریدا باسی كوردستانی گەورە كراوە، شتی لەو شێوەیە هەبوو؟
_ بە شێوەیەكی گشتی من دەتوانم بڵێم كە ئەو كۆبوونەوەیەی كە رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەنجام درا و سەرۆكی هەرێم وتارێكی پێشكەش كرد، نەك تەنیا بۆنی ئەوەی لێ نەدەهات كە باسی شتی لەو شێوەیە بكات، بەڵكو پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان بوو، ئەگەر كەسێك بیەوێت تەفسیری خراپ لەسەر پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم بكات، ئەوە كەملوتفییە بەرانبەر بە كورد و نەتەوەی كورد و لەو پەیامەیشدا شتی وای تێدا نەبووە و باس نەكراوە، بەڵكو باسی چارەسەری پرسی كورد لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا كراوە




