بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك: پــلانە ئـەمنییەكانی شارەكە كــەموكورتی تێدایــە

دیمانه: ســـەنگەر قوبــاد
ماوەیەكە ڕەوشی ئەمنیی كەركووك شێواوە، بە ڕادەیەك كە دەستی تیرۆر گەیشتە مزگەوتەكانیش، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك ئیدارە و سەرجەم دەستگە ئەمنییەكان بە بەرپرسیار دەزانێ و پێیوایە دەستەڵاتدارانی بەغدا لەم دۆخەدا تۆمەتبارن، هەڵۆ نەجات نایشارێتەوە كە پلانە ئەمنییەكان كەموكوڕتی تێدایە، هاوكات بڕوای وایە 60%ی دانیشتووانی پارێزگەی كەركووك دژی ئیدارە و دەستگە ئەمنییەكانن.
*كێ لە خراپیی ڕەوشی ئەمنی بەرپرسیارە؟
_ئەندامانی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای كەركووك بەرپرسیارن، دەستگەكانی پۆلیس، ئاسایش، هەواڵگری، سوپای عێڕاقی، هێزی پێشمەرگە و سەرجەم دەستگە ئەمنییەكان بەرامبەر بە خراپی ڕەوشی ئەمنی پارێزگای كەركووك بەرپرسیارن، هەموومان بەرپرسیارین.
*كورد ئیدارەی كەركووك دەدات، بۆ هاوشێوەی ئیدارە كوردییەكانی تر ئەمنییەت نەپارێزراوە؟
_دەستەڵاتی كورد لە كەركووك هاوشێوەی پارێزگەكانی دیكەی هەرێم نییە، كەركووك پارێزگەیەكی جیاوازە، پێكهاتەی جیاوازی تێدایە، ئەو فشارە ئەمنییەی لەسەر كەركووك هەیە 5%ی لەسەر پارێزگەكانی هەرێم نییە. جگە لەوەی كێشەكانی كەركووك بە هەڵپەسێردراویی ماونەتەوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە. دۆخی تایبەتی كەركووك وای كردووە لە هەموو لایەكەوە بە وڵاتانی هەرێمایەتیشەوە دەستێوەردانی سیاسییان هەبێت، بۆیە لە دۆخێكی وەهادا ئەستەمە ئاریشەی ئەمنی چارەسەر بكرێ، ئەمە پاساو نییە، بەڵكو بڕوام وایە ئەو بارەی بە كۆڵی كەركووكەوەیە بە كۆڵی هەر ناوچەیەكی دیكەوە ببێ كێشەی ئەمنی دەبێت.
ڕاستە بەرپرسانی باڵای دەستگە ئەمنییەكان كوردن، بەڵام سەرجەم نەتەوەكان لەو دەستگەیانەدا بەشدارن. بەداخەوە تا ئێستا حكوومەتی عێراقی نایەوێ ئاریشەی ئەمنی چارەسەر ببێت. لەبارەی هێزەكانی ئاسایشەوە، دیسان جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ئاسایشی هەرێم و ئاسایشی كەركووكدا هەیە، ئەو دەستەڵاتەی ئاسایشی هەرێم هەیەتی، ئێمە لە كەركووك ئەو دەستەڵاتەمان نییە، چونكە لە كەركووك دەبێ بە هاوبەشی لەگەڵ دەستگە ئەمنییەكانی تردا كار بكەین، بە ڕەزامەندیی حكوومەتی فیدراڵی كار بكەین، كە زۆر جار كێشەمان بۆ دروست دەبێت.
هەروەها كەركووك لەگەڵ سێ پارێزگەی گەرمی سوننی (نەینەوا، سەڵاحەددین، دیالە) دا دراوسێیە، ئێستا بە لێشاو دانیشتووانی ئەو سێ پارێزگەیە ڕوو لە كەركووك دەكەن، سەرجەمیان بێكارن، هەر بۆیە بەپێی بەڵگەنامەكان زۆربەیان لە كردەوە تیرۆریستییەكاندا بەشدارن.
* ئیدارەی كەركووك بۆ دەتوانێ دژی دیجلە و نەیارانی پلانی خەندەق بووەستێتەوە، بۆ ناتوانێ ئەو خێزانە هاتووانە بنێرێتەوە كە مەترسین لەسەر رەوشی ئەمنی؟
_بۆ پرسە ئیدارییەكان پارێزگار جۆریەك لە دەستەڵاتی ڕەتكردنەوەی بڕیاری بەغدای هەیە، لێ دەركردنی هەزاران خێزانی هاتوو لە پارێزگاكانی ترەوە ڕەنگە ئەستەم بێت، چونكە چەندین جار مۆڵەت دیاری كراوە تا ئەو خێزانانە كەركووك جێبهێڵن، یان ئاگەداركراونەتەوە كە ناوی خۆیان لە فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران تۆمار بكەن، تا كێشەی ئەمنی دروست نەكەن، یان پرۆسەی سەرژمێری نەشێوێنن، بەڵام كە دێینە سەر جێبەجێكردنی پلانەكە، هەر لە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و خاچی سوور و.. بە كارێكی ناڕەوای دادەنێن و حكوومەتی فیدراڵیش پاڵپشتییان دەكات، تەنانەت فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانیش یارمەتیدەری ئەو خێزانانەیە تا لە كەركووك بمێننەوە. ئیدارەی كەركووك دەستەڵاتی ناردنەوەی ئەو خێزانانەی هەیە، بەڵام گرفتی زۆریشی بۆ دەخوڵقێنرێت.
* بە پێی لۆژیكی ئەمنی، بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان دەبێ هەموو میكانزمێك تاقیبكرێتەوە، ئیدارەی كەركووك هەموو میكانزمەكانی تاقیكردووەتەوە؟
_بێگومان بیر لەوە كراوەتەوە كە چەند پلانێكی یەدەگی هەبێ، وەك ئەوەی ئێستا پلانی هەڵكەندنی خەندەق جێبەجێ دەكرێ و گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، بەڵام سەرئەنجام ئەویش كێشەیەكی دیكەی لێدەكەوێتەوە كە ئاخۆ تاوەرەكانی چاودێریی سەر خەندەقەكە بە چ هێزێك دەسپێردرێ؟ ڕەنگە ئەوكات مشتومڕێكی گەورە بەدوای خۆیدا بێنێ و سوپا رازی نەبێ پاراستنی خەندەقەكە بە پێشمەرگە یان پۆلیس بدرێت. دەتوانم بڵێم پلانی ئەمنی هەیە، بەڵام پلانە ئەمنییەكان كەموكوڕتیان تێدایە و چڕوپڕ و تۆكمە نین.
* تیۆری سیاسی دەیسەلمێنێ ئەگەر ئەمنییەت نەما متمانە بۆ دەستەڵات نامێنێ، پێتوایە خەڵكی كەركووك متمانەی بە دەستەڵاتی خۆجێیی نەمابێت؟
_متمانە بە دەستەڵاتی خۆجێیی كەركووك ماوە، لێ دانیشتووانی كەركووك گلەییان لەو دەستەڵاتە هەیە، بەڵام ئاخۆ هاووڵاتیان توانیویانە یارمەتیی دەستگە ئەمنییەكان بدەن؟ كەركووك چەشنی هەولێر و سلێمانی نییە، لەوێ ئەگەر بچووكترین كێشەی ئەمنی ببینرێ ڕاستەوخۆ دەستگە ئەمنییەكان ئاگەدار دەكرێنەوە، كەچی ئەم لۆژیكە لە كەركووكدا بوونی نییە، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە 60% دانیشتووانی پارێزگای كەركووك دژی ئیدارە و دەستگە ئەمنییەكانن، بۆیە ناتوانی متمانەیان بەدەستبێنیت.
* پارێزگاری كەركووك و بەرپرسە ئەمنییەكان بڕوایانوایە كە بەرگرتن لە دیاردەی خۆكوشتن ئەستەمە، ئەگەر ئەمە دروستە ئەی كەركووكییەكان چ بكەن؟
_منیش بڕواموایە بەرگرتن لە كردەوەی خۆكوژی ئەستەمە، بە جیددی دیاردەی خۆكوشتن چارەسەری نییە، چونكە لە یەك ساتدا كەسی خۆكوژ خۆی ئاشكرا دەكات و ڕاستەوخۆ خۆی دەتەقێنێتەوە، واتا هیچ دەرفەتێك ناهێڵێتەوە تا ڕێگری لێ بكرێ، هیچ ئاسەوارێكیش جێناهێڵێ، تەنانەت هیچ سەرەداوێكیش دەستەبەر نابێت. دەبێ كەركووكییەكان هاوكارمان بن، دەستگە ئەمنییەكانیش بەردەوام لە هەوڵدان بۆ باشتركردنی ڕەوشی ئەمنی.
* زۆر جار شانازی بەوەوە دەكرێ كە ئیدارەی كەركووك زۆر لە كێشەكان چارەسەر دەكات، ئەی بۆ لە خراپیی ڕەوشی ئەمنیدا بەغدا تۆمەتبار دەكرێت؟
_بەغداد بەرپرسیارە، چونكە پۆلیسی كەركووك پتر لە 100 داواكاری هەیە و چەندین ساڵە داواكانی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ جێبەجێ ناكرێ. وێڕای ئەوەی بەغداد بە پێكهێنانی هێزی دیجلە كۆی سیستمی ئەمنیی كەركووكی شێواند، تا هەنووكە سوپای عێراقی لە هیچ كۆبوونەوەیەكی لیژنەی ئەمنیی پارێزگادا بەشدارنابێت. بەشێكی زۆری خاكی پارێزگای كەركووك ئێستا لە ژێر ركێڤی سوپای عێراقیدایە، تیرۆریستان لەوێوە دێنە نێو شاری كەركووكەوە، سوپا دەرفەتی بۆ رەخساندوون. كەوایە كۆی كێشەكان بەغداد خوڵقاندوویەتی، بۆیە بەغداد تۆمەتبارە.
* دڵنیام خەڵكی كەركووك هەمیشە لە چاوەڕوانیی مژدەیەكدان بۆ هەستكردن بە سەلامەتیی گیانیان، هیچ مژدەیەكیان نادەیتێ؟
_ناتوانم هیچ مژدەیەك بدەم، چونكە بۆ كۆنترۆڵكردنی شار دەستەڵاتی تەواوم نییە، كۆنترۆڵكردنیشی دەبێ بە هاوبەشی لەگەڵ دەستگە ئەمنییەكانی دیكەدا بێت، كە پتر لە 10 دەستگەی ئەمنی لە كەركووكدا هەن، وەك دەستگەی ئاسایش هەرچیمان پێ بكرێ بۆ پاراستنی گیانی دانیشتووانی كەركووك دەیكەین.




