٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

د. كەمال مەزهەر بۆ ڕۆژنامەی هەولێر: سازدانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد، نەخشەی ناحەزانی كورد پووچەڵ دەكاتەوە

سەرچاوە: Hewler

ئا: دیدار نانەكەلی

لە سەرو بەندی ئامادەكارییەكان بۆ سازدانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد،درك بەوە دەكرێت كە پرۆسەی سازدانی كۆنگرەكە لە هەلومەجێكی هەستیاری وەك ئەمڕۆكەی نەتەوەكەمان زۆر بە بایەخەوە لە لایەن تێكڕای چین و توێژەكانی گەلەكەمان سەیر دەكرێت و قسەی لە سەر دەكرێت .

لەو سۆنگەیەشەوە مێژوونووسی ناوداری كورد د. كەمال مەزهەر لە مەڕ گرنگی كۆنگرە نەتەوەییەكە و ئامانج و بایەخەكانی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر دواو گوتی :" بێگومان سەراپای ڕۆڵەكانی نەتەوەی كورد، بەو پەڕی پەرۆشییەوە لە چاوەڕوانی سازدانی كۆنگرەیەكی وان، چونكە شۆڤینیە ناحەزەكانی كورد هەمیشە بەوپەڕی توانایان هەوڵییان داوە، نەتەوەی كورد لە بۆتەی نەتەوەكانی خۆیاندا بتوێننەوە، ئەو نەتەوەیە ڕووبەڕووی گۆشە گیری،

لێكدابڕان و جودایی بكەنەوە، هەرگیز ئەو هەلە نەڕەخسێنن كە كورد بیر لە چارەنووسی خۆی بكاتەوە بە ئاراستەی یەكریزی و یەكپارچەیی كە ببێتە فاكتەرێك بۆ بەرچاو ڕوونی بەرامبەر بە ئەمڕۆ، ئاییندە و چارەنووسی، ئەمە ئامانجی یەكگرتووی دوژمانی كورد بووە، بۆیە بە بەردەوامی هەوڵو كۆششیان بۆ سەركوت كردنەوەی كورد تەرخان كردووە، چونكە ئەو ڕاستییە باش دەزانن كە یەكبوونی كورد بە مانای سەركەوتنی كوردە ..

بۆیە گرنگە ڕۆلەكانی نەتەوەكەمان زۆر بە هوشیارییەوە هەڵسوكەوت لە گەڵ ئەمڕۆ و دواڕۆژی خۆیاندا بكەن." هەروەها گوتیشی:"پێموایە یەكێك لەو هۆكارانەی كە نەخشەی ناحەزانی كورد پووچەڵ دەكاتەوە، سازدانی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردە كە لەم قۆناغەی كورد پێیدا ڕادەبوورێ بووەتە پێویستییەكی بە پەلە بۆ دانانی نەخشەیەكی ستراتیژی لە پێناو ئاییندەی نەتەوەكەمان ."

ئەو گوتیشی:" نابێت ئەوەیش لە بیر بكەین كە بارزانیییەكان شوێن پەنجەیان لەو بوارەدا دیارو لە بەرچاوە، كاتێ دوو ساڵ لەمەوبەر لە لەندەن لە ئەرشیڤی بەریتانیدا كارم دەكرد،هەستم بەوە كرد كە كەم كەس لە نێو ڕەهبەرانی كورد دا ناوی بە قەد مستەفا بارزانی بە بەرزی هاتووە، دیارە ئەو ناو هاتنەش بە خۆڕا نەبووە،بەڵكو لە سۆنگەی خەبات، بەربەرەكانی كردن و مقاوەمەت كردن بووە لە پێناو ناسنامەی نەتەوەیی كورد، هەر ئەوەش بووە وای كردووە كە دوژمنانی نەتەوەكەمان، ئەوەندە بە خوێنی بارزانییەكان تێنوو بن،

هەڵبەتە ڕۆڵەكانی بارزانیش بەو شیرە خاوێنەی كوردایەتی پەروەردە كراون كە باوك و باپیرانییان پێی گۆش كراون، لە سەرووی هەموشییانەوە ئیدریس بارزانی جوانەمەرگ و كاك مەسعود بارزانی، كە بەردەوامییان بە كاروانی خەباتی نەپساوەی ئەوان داوە، بە تایبەت لە بواری یەكبوونی كوردو یەك دەنگی كورد لە پێناو ئازادی و بە دەست هێنانی مافە چارەنووسسازییەكاندا، كە بێگومان ئەو كۆنگرەیە دەبێتە دەروازەیەك بۆ بەرەو پیر چوونی ئەو ئامانجە نەتەوەییانە."

د. كەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:" سازدانی ئەو كۆنگرەیە لە هەلومەجێكی وەك ئەمڕۆ كە نەتەوەی كوردی تێدا دەژیت بە هەنگاوێكی پڕ لە بەرپرسیاریەتی دەزانم بۆ دانانی نەخشەرێگەیەكی گونجاو بۆ پاراستنی بەرژەەندییە باڵاكانی نەتەوەكەمان."

هەواڵی پەیوەندیدار