رەنگدانەوەی كۆنفرانسی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی لە میدیاكانی توركیادا

دوای ئەوەی بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی كۆنفرانسی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی ساز كرا، ئەو كۆنفرانسە رەنگدانەوەیەكی زۆری لە میدیا توركییەكاندا لێ كەوتەوە، بە جۆرێك بەشی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارەكان بە گرنگییەوە باسی كۆنفرانسەكەیان كرد.
ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندەم بە مانشێتێكی گەورە لەبارەی كۆنفراسەكەوە نوسیویەتی "بە ئامانجی ئاشتی و دیموكراسی، كورد بە سەرۆكایەتیی مەسعود بارزانی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی دەكات". هەروەها لە بەشێكی دیكەی بابەتەكەدا هاتووە كە كورد لەو كۆنفرانسەدا پەیامێكی بۆ نەتەوەكانی كورد و عەرەب و تورك و فارس نارد كە دەیەوێـت بە ئاشتی لەگەڵ ئەوە نەتەوانەدا بژیت.
ڕۆژنامەی رادیكاڵیش لەبارەی كۆنفراسەكەوە قسەی خۆی هەبوو و تێیدا دوو لە بەناوبانگترین گۆشەنووسی ڕۆژنامەكە گۆشەی رۆژانەی خۆیان بۆ كۆنفرانسی ئامادەكاری تەرخان كردبوو، نووسەر ئەیوب جان لە رۆژنامەكەدا دەنووسێــت "بۆ كوردەكان سەردەمێكی نوێ دەستی پێكردووە"، ئەو لە درێژەی بابەتەكەیدا ڕوونی كردووەتەوە كە ئەوە جاری یەكەمە دوای چاوەڕوانییەكی زۆر، كورد لەبارەی چارەنووسی خۆیەوە كۆ ببێتەوە، هەروەها بابەتەكەی خۆی بە پرۆسەی ئاشتی لە نێوان كوردی باكوور و توركیا گرێ دەدات و دەڵێت "دەبێت كورد و تورك یان بەیەكەوە بە ئاشتی بژین، ئەگەریش بە ئاشتیانە نەژین، هەردوو لا زیانێكی گەورە بە خۆیان دەگەیەنن"، هاوكات نووسەر لە وتارەكەی خۆیدا بە گرنگییەوە وتەیەكی سەرۆكی هەرێمی بە نموونە هێناوەتەوە كە دەڵێت "سەردەمی چەكداری كۆتایی هاتووە، دەبێت بە ئاشتی چارەسەری كێشەكان بكرێـت".
بەهێزی و پتەویی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێم وای لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كردووە كە لە گۆشەنیگایەكی ئەرێنییەوە لە پرسی و كورد و ڕۆڵی كورد لە هاوكێشەی سیاسیی ناوچەكە بڕوانن، هەربۆیەش لە زۆربەی ئەو بابەتانەدا كە ڕۆژنامە توركییەكان لەبارەی كۆنگرەی نەتەوەییەوە نووسیویانە، ئاماژە دراوە كە توركیا بە گرنگییەوە لە كۆنفرانسەكە دەڕوانێت و بە وردی چاودێریی دەكات.
نوووسەری ناوداری تورك و دۆستی گەلی كورد جەنگیز چاندار، لەبارەی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی نەتەوەییەوە دەڵێت "كورد هێز و باوەڕێكی زۆریان بە خۆیان هەیە، ئێستا كورد نیشانیان دا كە لەنێو خۆیان یەكگرتوون، ئەو نووسەرە ناودارەی تورك بە گەشبینییەوە باسی ئەوە دەكات كە كورد دەتوانێت كۆنگرەی نەتەوەیی ساز بكات.
رۆژنامەی میللیەت كە ڕۆژنامەیەكی سیاسیی بەناوبانگی رۆژانەیە، قسەیەكی سەرۆكی هەرێمی كردووە بە ناونیشانی لاپەڕەی یەكەمی رۆژنامەكە كە گوتبووی "سەردەمی بێ چەك دەخوازین"، هەروەها لەناوەڕۆكی بابەتەكەدا نووسیویەتی كە بۆ یەكەم جار لە هەولێر بارزانی نوێنەری 39 پارت و لایەنی كوردیی كۆ كردەوە.
ڕۆژنامەی زەمانی توركی، لەبارەی كۆنفرانسەكەوە جگە لە گرنگیدانێكی زۆر بە كۆنفرانسەكە، وتەیەكی سەرۆكی هەرێمی بە نموونە هێناوەتەوە كە دەڵێـت "كورد بۆ پاراستنی ناو و نازناوی خۆی بەردەوام خەباتی كردووە، هەروەها سەرۆك گوتوویەتی "خۆزگە مام جەلال و ئۆجەلانیش لەگەڵ ئێمەدا بەشدار بوونایە".
هاوكات رۆژنامەی "توركیا"ـی نزیك لە حكوومەتی ئەو وڵاتە، لەبارەی كۆنفراسەكەوە دەڵێت "كورد پەیامی ئاشتیی پێیە و بۆچوونیان وایە كە باشترین چەك بۆ چارەسەری كێشەكان، ئاشتییە".




