٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

تیمە ئەڵمانیەكە ئەنجامەكان بۆ خه‌بات ئاشكرا دەكات لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر ژینگەی دەڤەری بارزان ئەنجامدرا

سەرچاوە: Xebat

مسلم دۆڵەمەڕی – بارزان
ماوەیەكە شاندێكی ئەكادیمیای میۆنیخ بۆ ڤێتەرنەری تایبەت بەگیاندارە كێوییەكان بەهەماهەنگی دەزگای هەرمان بۆ لێكۆڵینەوەلەسەر گیاندارە كێویەكان و هەوڵدان بۆ دروستكردنی سیستەمێك لەم دەڤەرە بەناوی (مرۆڤ و ژینگە) سەردانی دەڤەری بارزانیان كرد، دوای چەند رۆژ گەڕان و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی جیاجیا لەراپۆرتێكی تایبەت بۆ خەبات بەم شێوەیە دووان: سەرەتا پرۆفیسۆر - دكتۆر هنینگ ویزنەر سەرۆكی تیمی ئەكادیمیای میۆنیخ بۆ ڤێتەرنەری گوتی : پێش دوو ساڵ لە میۆنیخ كەسێك بەناوی پرۆفیسۆر ( هەڤاڵ میرۆ )كە ئەندامێكی دەزگای هەرمانە پەیوەندی پێوەكردم كە جۆرە نەخۆشییەك بەنێو گیاندارە كێوییەكانی دەڤەری بارزان لە كوردستان بڵاوبۆتەوە، ئێمەش كەكارەكەمان هەمان شت بوو، یەكسەر بە پەیوەندی لەگەڵ دەزگای هەرمانەوە سەردانی ئەم دەڤەرەمان كرد و ژمارەیەك گیانداری كێویمان پشكنی و خوێنەكەمان لە رێگای دەزگای هەرمانەوە رەوانەی ئەڵمانیا كرد، لەوێشەوە بۆ تاقیگەی تایبەت بەگیاندارەكان رەوانە كرا تا دوایی بۆمان دەركەوت، كە جۆری نەخۆشیەكەیان نەخۆشی ( پی پی ئار)ە كە ئەم جۆرە نەخۆشیە شێوەی گواستنەوەشی هەیەو گیاندارە خۆماڵیەكانیش دەیگرنەوە، ئێمە وای بۆ دەچووین كە لە توركیاوە هاتبێت، ئەمە لەلایەك لەلایەكی ترەوە من زۆر سەرسوڕمان بووم بەراستی بە ژینگەی دەڤەری بارزان، چونكە دەتوانم بڵێم تاكە ژینگەیە لە عیراق بەگشتی كە بەم شێوە جوانە پارێزراوەو دانشتووانیشی كەسانێكی ژینگەپارێزن بەراستی بۆیە لەوكاتە ئەم بیرۆكەشم بۆ دروست بوو، كە دەبێت ئەم دەڤەرە سیستەمی ( ئێم ئەی بی ) واتە (مرۆڤ و ژینگە)ی بۆ دابنرێت، كە بۆ ئەم سیستەمەش چەند پێشنیارێكماندا بەدەزگای هەرمان تا كاری بۆبكەن، ئەمەش سیستەمێكی جیهانی ژینگەپارێزییە.
دكتۆر هنینگ ویزنەر وتیشی: من لێرەدا ئەوەش دەڵێم كە پێویستە وانەیەكی ژینگەپارێزی بۆ منداڵەكانتان هەبێت بۆ ئەوەی ئەوانیش رێز لەم ژینگەیە بگرن و رێچكەی گەورەكانیان بگرن، چونكە ئەمە سەلمێنراوە كە پێش دە هەزار ساڵ لە كوردستان گیانداری كێوی خۆماڵی كراوەو ئاژەڵەكانی ئێستاش بە نەژادی ئاژەڵە خۆماڵییەكان هەژمار دەكرێن لەجیهانداوە، هاوكات هێمایەكیشە بۆ سیستەمی مرۆ ڤ و ژینگە لە یونیسكۆدا، كە ئەمەش شتێكی زۆر گرنگە لەمێژووی كوردستاندا، سەبارەت بە هاتنی ئەمجارەشمان ئێمە هەر بەهەماهەنگی دەزگای هەرمانەوە هاتین بۆ ئەوەی جارێكی تر گیاندارەكان بپشكنین و كارێكی جدی بكەین لەسەر چەسپاندنی سیستەمی (مرۆڤ و ژینگە). وادیارە كەلایەنی حكومیش ئەم سیستەمەیان پێ باشترە لەسیستەمی ناشنال پارك، چونكە ناشنال پارك تەنها گیاندارەكان دەتوانن تیایدا بژین بەڵام سیستەمی مرۆڤ و ژینگە هەردووكیان دەتوانن لەگەڵ یەكتریدا بژین، كە دەڤەری بارزانیش نموونەیە بۆ ئەم سیستەمە.
سەبارەت بە پشكنینەكانی ئەم جارەشیان دكتۆر هنینگ ویزنەر گوتی : لە پشكنینەكانی ئەم جارەمان دووای چەند رۆژێك بۆمان دەركەوت، كە ئەمجارە هەندێ نەخۆشی بەرێژەیەكی كەم هەیە بە شێوەی (پی پی ئەی پلاستیك) كەئەمەش زۆر پێویستە لەسەر دانیشتوانی دەڤەرەكەو خەلكانی تریش كەسەردانی ناوچەكە دەكەن بەمەبەستی سەیران پاشماوەكانیان فرێنەدەن وژینگەكەیان بەپاكی رابگرن. هەر سەبارەت بەكاری كۆتاییان ئەو پرۆفیسۆرە گوتی: ئێمە كارەكانمان تەواو كردووەو پێشنیارەكانمان داوەتە هەرمان، جا ئەمە لەسەر ئەوان و حكوومەت دەمێنێتەوە كە تاچەند لەسەری رازین و دەتوانن كاری بۆ بكەن كە ژینگەی دەڤەری بارزان بكرێتە سیستەمی (مرۆڤ و ژینگە)، لێرەدا دەبێت حكوومەت هاوكاری تەواوبێت بۆ ئەوە ئەم سیستەمە بچێتە یونیسكۆ، چونكە ئەمە لەرێگای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی نابێت، دەبێت لەرێگای حكومەتەوە بێت، چونكە دەبێت فۆرمی تایبەتیشی بۆ پڕبكرێتەوە
دواتر (ئۆدۆ زیمەرمەن) سەرۆكی بەشی دیكۆمێنتكاری سروشتی تەلەفزیۆنی باڤاریا لەئەڵمانیا گوتی: دوو ساڵ لەمەوبەر كە شاندی هەرمان سەردانی ئەڵمانیای كرد بەمەبەستی پەیوەندی كردن لەگەڵ تیمی ئەكادیمیای میۆنیخ بۆ پشكنینی گیاندارە كێوییەكانی دەڤەری بارزان، كە ئەوكات تووشی نەخۆشیەك هاتبوون لەوكات بەرێز هەنیگ ویزنەرو شاندی هەرمان داوایان لێكردم كە ئێمەش وەكو بەشی دیكۆمێنتكاری تەلەفزیۆنی باڤاریا سەردانی ئەم ژینگەیە بكەین و دیكۆمێنتێكی لەسەر دروست بكەین، ئەوەبوو ئێمەش داواكاریەكەمان قەبوڵ كردووەو ئەمجارە لەگەڵ بەڕێزیان هاتین.
سەبارت بەهەڵسەنگاندی ژینگەی دەڤەری بارزان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە كاری دیكۆمێنتكاریان لێكردووە ئۆدۆ زیمەرمەن گوتی: ئێمە لەزۆر وڵات كاری خۆمان كردووە دەتوانم بڵێم ژینگەی دەڤەری بارزان ژینگەیەكی زۆر جوان و دەوڵەمەندە، دەبێ چەند وڵاتێك بەراورد بكەین تا وەكو ژینگەی ئەم دەڤەرەی لێدێت، نموونە وەكو ژینگەكانی ئەفریقیاو ئەمەریكا كە لە رووی شاخاوییەوە وەكو ژینگەكانی ئەمریكیایە و لەرووی دارستانیشەوە دەتوانم بڵێم وەكو ژینگەی قازاقستانە، لەروی هەلسەنگاندنی دانیشتوانی ناوچەكە بەرامبەر ژینگە پارێزیەوە گوتی: من زۆر خۆشحالم بەوەی كە دانیشتوانی وادەبینم كە زۆر پەیوەنیەكی بەتینیان لەگەل ژینگەی خۆیان هەیە كە زۆر بەپەرۆشەوە حەزی لێدەكەن و دەی پارێزن، بەلام لێرەدا دەڵێم بەداخەوە خالێكی لاوازم لەزۆربەی شوێنەكان بەرچاو كەوت كەسەرەرای ئەوەی لەم دەڤەرەدا داروبارو گیاندارە كێویەكان بلێم هەموشتێك ئازادی خۆی وەرگرتوەو بەئازادی دەژیت. سەبارەت بە ئامانجی سەرەكیان لەكارەكەیان گوتی: ئامانجی سەرەكیمان لە كارەكەمان ئەوەیە كە دیكۆمێنتەكەمان ببێتە پالپشت وبەلگەیەكی راستەقینە بۆ چەسپاندنی سیستەمی مرۆڤ وژینگە لە ناوچەكەدا ئەویش دوای ئەوەی كە دیكۆمێنتەكەمان لە ئەلمانیا بلاودەكەینەوە وە كۆپیەكی دەدەینە دەزگای هەرمان و ئەكادیمیای میۆنیخ بۆئەوە ئەوان وەكو دوورێكخراوی سەرەكی لەم كارە پێی هەلبستن وبەپەیوەندی هەرمان لەگەل حكومەت ووە میۆنیخیش لەگەل رێكخراوەكانی نێودەولەتی وە دەتوانم بڵێم گشت لایەنی پیوەندار كە راوێژیان بكەن بۆ ئەوەی لەرێگای دیكۆمێنتەكەمان بسەلمێنین بەتایبەتی رێكخراوی یونسكۆكە ناوچەی بارزان گشت مەرجەكانی ئەوەی تێدایە كە یاسای مرۆڤ وژینگەی تێدا بچەسپێت،وەسەبارەت بەبەرنامەكانی داهاتویان گوتی : ئێمە لەگەڵ دەزگای هەرمان ومیۆنیخەوە بەردەوام دەبین ئەمە هەنگاوی یەكەمانە هەنگاوی دووەم لەمانگی یازدە دێینەوە بۆ قۆناغی دووەمی دیكۆمێنتەكەمان لەسەر گیاندارە كێویەكان چونكە لەو كاتە گیاندارە كێویەكان بەرەنگێكی تر خۆیان پیشان دەدەن لە نێو ژینگەدا وە قۆناغی سێیەم لە مانگی نیسانی لەساڵی2014 كە ئەو تایبەت دەبێت بە شیناهی وگولو گولزار بەمەش دیكۆمێنتەكەمان كامل دەبێت.
لەكۆتاییدا سەبارەت بە هێنانی ئەم تیمانە (فاخر علی عارف) بەرپرسی دەزگای هەرمان گوتی: لەدەست پێكی ساڵی2011 كە گیاندارە كێویەكانی ناوچەكەمان توشی نەخۆشیەك هاتن ئێمە وەكو دەزگای هەرمان لەرێگای رادیۆكەمان وزۆر بەی راگەیاندنەكانی تر هەولماندا بۆ ئەوەی رێگە چارەیەك بۆ ئەم نەخۆشیە بدۆزینەوە وەكو ئەركێكی هەمیشەی و كەلتوری خۆمان جائەوەبو دووای هەولدانێكی زۆرمان پەیوەندیمان بەلقی خۆمان كرد لەئەلمانیا بەرێز پرۆفیسۆر هەڤال میرو كەبەراستی جێگای رێزو سوپاسە چونكە بەرێزیان بەئەركەوە بۆئەم بابەتە لە ئەلمانیا پەیوەندی بەئەكادیمیای میۆنیخەوە كردو بابەتەكەی لەگەلیاندا باسكردوو دواتر كەوای لێهات ئێمەش وەكو دەزگای هەرمان بە هاوكاری سەروی خۆمان وبەرپرسانی ناوچەكەمان،شاندێكی دەزگاكەمان پێكهێناو سەردانمان كردن پەیوەندیەكانمان بەتین كرد تاوای لێهات شاندێكیان هەرلەوكاتدا سەردانی دەڤەری بارزانیان كردوو پشكنینیان بۆ گیاندارەكێویەكان ئەنجامداودوای چەن پشكنینی جیاجیا وناردنیان بۆ تاقیگەكانیان لە ئەڵمانیا توانیان جۆری نەخۆشیەكە دیاری بكەن كە جۆری (پی پی ئار) بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار