نەتەوەی كورد لە پایتەختی كوردستان خەبات بۆ یەكبوون و یەكخستنی گوتاری دەكات

ماوەیەكە پلان بۆ گرێدانی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی كراوە كە حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان بە یەكەوە لە یەك شوێن كۆ بكرێنەوە و باسی ئایندەی ئەم نەتەوەیە بكەن و پلانێك بۆ یەكخستنی گوتاری نەتەوەییان دابنێن، ئەمەش لەو بارودۆخەی ئێستا ناوچەكە بە گشتی پێیدا تێدەپەڕێت هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ هەبوونی ستراتیژێكی یەكانگیر بۆ نەهێشتنی یاخود كاڵتركردنی هەر هەستیارییەك كە لە نێوان حزب ولایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستاندا هەن و دانانی جیاوازییەكانی بیرو ڕا لە لایەك بۆ دەستپێكردنی هەنگاوی عەمەلی بۆ ئایندەیەكی گەشتر و ڕوونتری نەتەوەیی.
دانانی ستراتیژی یەكگرتوو
ئەگەرچی كەس نكۆڵیی لەوە نەكردووە كە كورد یەك نەتەوەیە و خاكەكەی لە نێوان چوار دەوڵەت دابەشكراوە، واتا زمان و كولتوورەكەی یەكە، بەڵام تاوەكو ئێستاش ستراتیژێكی یەكگرتووی نەبووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر بارودۆخێك كە بێتە پێشی، لەمبارەیەوە حوسێن یەزدان پەنا جێگری سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان (ڕۆژهەڵات) لە لێدوانێكی تایبەت بە خەبات ڕوونیكردەوە، ئەم كۆبوونەوەیە لەم هەلومەرجەی ئەمڕۆ ناوچەكە بەگشتی و كورد بەتایبەتی پێیدا تێدەپەڕێت گرنگە و پێویستە هەموولایەك كار بۆ سەرخستنی بكات و یەكەمین كۆبوونەوەی كە بەسەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی بەڕێوەچوو ببێتە هەوێنێك بۆ دانانی ستراتیژێكی نەتەوەیی یەكگرتوو بۆ ئەم نەتەوەیە و گوتی: لەسەر داوای برای بەڕێزمان كاك مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان حزبە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان یەكەم كۆبوونەوەی ئامادەكردنیان بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كرێدا، بێگومان كۆبوونەوەی یەكەم و خودی كۆنگرەكە بە گشتی گرنگی و بایەخی زۆری هەیە لە دوو ڕووكاری گرنگەوە، یەكەمیان ڕووكاری ناوخۆ وەكو كورد ئێمە نەتەوەیەكی دابەشكراو و داگیركراوین ئەمەش وایكرد بزووتنەوەی سیاسیی كورد دابەش بكرێت وهەر پارچەیەك ڕێچكەی خۆی هەبێت و بەداخەوە لەنێوان باڵەكانی بزاڤەكە لەهەر چوار پارچە حاڵەتی ناخۆش ڕوویداوە و دژبەری و پشت لە یەككردن هەبوون وبەر لە هەرشتێك ئەم كۆبوونەوەیە و ئەم هەنگاوە دەستپێكی قۆناغێكی نوێیە و یەكجار بۆ كورد زۆر گرنگە چونكە كورد یەك نەتەوەیە خاوەنی یەك خاكە، بەڵام خاوەنی یەك وتار و ستراتیژی نییە و ئەم كۆنگرەیەش هەنگاوی ئەم ستراتیژەیە. لە ڕووكارە دەرەكییەكەشیدا لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهانیش كورد دەبێ وەكو نەتەویەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەكو ئەكتەرێكی سیاسی و نەتەوەیی لە ناوچەكەدا دەربكەوێت ئەمەش پێویستی بە خۆ ڕێكخستنەوە هەیە و دووپاتبكرێتەوە ئەو پەیامەی كورد دەیەوێ بیگەینێ پەیامی نەتەوەیەكی دابەشكراوی ئەم ناوچەیەیە و ئەمەش بەوردی لە وتاری سەرۆكی هەرێم داڕێژرابوو بەوەی پەیامی كورد پەیامی ئاشتی و یەكسانییە، دوور خستنەوەی شەڕ لەدژی ئەم میللەتە و دوور خستنەوەی داگیركاری لەسەر بنەمای یەكسانی.
ڕستەكەی سەرۆك وا دەڵێت: ئاشتی و یەكسانی لەگەڵ نەتەوەكانی دراوسێمان بۆ ئەوەی كورد بەڕووی جیهاندا بڕوانێت وسەرۆك دووپاتیكردەوە خەیاڵی فەوتاندنی كورد خەیاڵێكی خاوە و پێویستە بە مافی یەكسان وبەرابەر لەگەڵ نەتەوەكانی دیكەدا بژیت و نەتەوەكانی دیكە خاوەنی چ مافێك بن ئەم نەتەوەیەش لە جیهاندا بوونی خۆی هەبێت.
كاڵبوونەوە یان نەمانی هەستیاری
ئەوەی لە یەكەمین كۆبوونەوەی هێز ولایەنە سیاسییەكانی هەرچوار پارچەی كوردستاندا دەبیندران، دانیشتنی هەموو لایەنەكان بوو لەسەر یەك مێز ئەگەرچی ڕەنگە ڕۆژێك لە ڕۆژان هەستیاری و ناكۆكییان لە نێواندا هەبووبێت و تەنانەت باسكردنی یەكتر شتێكی نادروست بووبێت، بەڵام ئەو كۆبوونەوەیەی بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی بەڕێوە چوو هەمووانی كۆكردەوە. یەزادنپەنا ئەو دانیشتن و ئەو كۆمبوونەوەی بە وێنە و دیمەنێكی جوانی كوردایەتیی وەسفكرد و بە پێشكەوتنێكی گرنگی لە بارەی پێشكەوتنی پرسی نەتەوەیی كوردی لە قەڵەمدا و گوتی: لە كۆبوونەوەكە ئەوەی بینیمان دیمەنێكی جوان و جێی هیوا بوو بۆ نەتەوەی كورد لەبەر ئەوەی جگە لە هێز و لایەنە سیاسیە دۆست وهاوپەیمانەكان، ئەوانەش كە شەڕ وناخۆشییان لە نێوادا هەبوو لەسەر یەك مێز دانیشتین و لە وتاری سەرۆكی هەرێمدا باس لەوەكرا لەگەڵ بەڕێز مام جەلال و بەڕێز ئۆجەلان لەوبارەیەوە قسەو مشاوەرەی هەبووە و نوێنەرایەتیی ئەوان دەكات وئەمەش پێشكەوتنە لە ئێستا بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد، من لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەم بەوەكرد ئەو ئەركەی سەرۆكی هەرێم شتێكی گەورەیە چونكە بۆ دەوروبەر شتێكی ئاسان نییە وڕەنگە ڕەخنەیشی لێ بگیرێت، چونكە وڵاتانی دەورووبەر و دراوسێ ڕەنگە ئەو شتەیان لا قبووڵ و پەسەند نەبێت، بەڵام پێشكەوتنی دیكەش كە لە میانەی بزاڤی سیاسیی لایەنە سیاسییەكانی كورد دا بەدیمان كرد ئەوە بوو پەكەكە لەم ساڵانەی دواییدا و لەم ماوەیەدا نیشانیدا سیاسەتێكی گونجاوتری لەگەڵ هەرێمی كوردستان ولایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان ڕەچاو دەكات بۆیە ئەم بەرهەمەی لێكەوتەوە.
هەنگاوێكی گرنگ و پیرۆز
پیرۆزی و گرنگیی ئەو هەنگاوەی ئێستا لەوەدایە ناوچەكە بە گشتی لە بارودۆخێكی زۆر دژواردایە و چاوەڕوانیی گۆڕانی نەخشەی ئەم ناوچەیە دەكرێت بە تەواوی بۆیە گرنگە بۆ كورد ئەم هەنگاوە بنێن و گوتاری خۆیان یەكبخەن و پلانیان بۆ ئایندەی خۆیان هەبێت.
د.رەزوان بادینی كۆبوونەوەی یەكەمی ئامادەكاری ئەم كۆنگرەیەی بە هەنگاوێكی پیرۆز وەسفكرد و بە هۆكارێكی بۆ نەهێشتنی هەستیاری و ناكۆكیی نێوان حزبە كوردستانییەكان نیشاندا و گوتی: بێگومان یەكەمین كۆبوونەوە بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی هێژا مسعود بارزانی هەنگاوێكی گرنگ و پیرۆزە و لەكاتی خۆیدایە و هۆكارێكی گرنگە بۆ ئەوەی ئەگەر هەستیاری و كەموكوڕی هەبووبن بێگومان كێمتر دەبن، پێش دەمەكێ درێژ زۆر لە هزروانانی میللەتەكەمان بیریان لەو كۆنفڕانسە كردوە بۆ ئەوەی دونیا بزانێت كورد یەك میللەت و یەك قەدەرە و لە هەر چوار پارچەی كوردستان یەك چارەنووسی هەیە و ئەگەر كێشە هەبن پێویستە نەمێنن و بسردرێنەوە و ئەگەر نەسڕێنەوە بێگومان پێویستە كێمتر ببن و لە ڕێگەی ئەم كۆنفڕانسەشەوە دەتوانین میكانیزمێك بۆ ئاواتی ئاشتییانە و شارستانییانە بۆ چارەسەری كێشەكان بهێنینە دی .بەڵێ ئێمەش وەكو میللەتانی دونیا دژبەری لەنێوانماندا هەیە و بەیەك ڕۆژ ئەو كێشانە چارەسەر ناكرێن، بەڵام ئەوەی ئیجابییە ئێمە بە هاوبەشی بە بیرو بۆچوونی هاوبەش كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكەین، جاران كێشەكان بەشێوازی دیكە چارەسەر دەكران و ئەو چارەسەرییانە بزاڤی كوردیان لاواز دەكرد، بەڵام لە میانەی وتاری جەنابی سەرۆك ئێمە ئێمە دوێنێ ئالییەتێكی باشمان بۆ ئەو یەكبوونەی خەباتی بۆ دەكەین بینی.
سەرۆك بارزانی، سەرۆك و مەرجەع
د. ڕەزوان نیشانیدا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی سەرۆك بارزانی هەمیشە وەكو كەسێكی كوردپەروەر هەڵسوكەوتی كردووە و مێژووی ئەو بەڕێزە كە لە نەتەوە و خانەوادەیەكی تێكۆشەرە شایەدی ڕۆڵی ئەمڕۆیەتی كە وەكو مەرجەعییەتێكی رۆحی لەگەڵ هەموو كوردان بە بێ جیاوازی دەجووڵێتەوە و دەستكەوتێكی باشی بەدەستهێنا و گوتی: ئەمڕۆ بەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی بۆ هەمووانی سەلماند كە خەمخۆری نەتەوەی كوردە بە گشتی نەوەكو تەنها باشووری كوردستان بەڵكو هەموو كوردستانی گەورە و هەموو ئەو قسانەی ڕەتكردەوە گوایە بەڕێزیان بە نەفەسێكی حزبییانەوە ڕەفتار دەكات و پرسە نەتەوەییەكانی لا گرنگ نییە وهەمووشمان باش دەزانین شۆڕشگێڕی و پێشمەرگایەتی لای سەرۆك بارزانی لە هەموو پۆستە سیاسییەكان گرنگترە.ئەگەر ڕۆڵی سەرۆك بارزانی نەبوایە ئەو كۆبوونەوەیە نەدەكرا و كۆنگرەكە پلانی بۆ دانەدەنرا. ئەمەش بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان دەرفەتێكی یەكجار گەورەیە بەتایبەتی كە سەرۆك بارزانی بە ڕۆڵی سەرەكی بۆ یەكگرتن و یەكڕیزیی هەموو كورد دەبەخشی.




