٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

خشتەی دابەشكردنی كاندیدەكانمان لە سه‌ر تەواوی ناوچەكانی كوردستاندا داڕشتووە

سەرچاوە: Hewler

ئا:سەعد هەورامی

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان خەسرۆ گۆران، لە دیمانەیەكی رۆژنامەی هەولێر"ـدا ڕایگەیاند كە لەنێو كاندیدەكانی پارتیدا رێژەی 30% بۆ كاندیدی ئافرەت تەرخان كراوە و پێویستە كاندیدە دەرچووەكانیش 30%ـیان ئافرەت بن.

* شێوازی دابەشكردنی كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەر ناوچەكاندا چۆن و لەسەر بنەمایەك بووە؟

- دەزگای هەڵبژاردنی پارتی نەخشەیەكی دابەشكردنی كاندیدەكانی لە تەواوی ناوچەكانی كوردستاندا داڕشتووە، بە هۆی ئەو هەڵبژاردنانەی پێشووەوە كە ئەنجام دراون، ئێمە دەزانین هێزی پارتی لە هەر قەزایەكدا چەندە، بۆیە هێزی پارتی لە هەر قەزایەك بە شێوەی دەنگدان یان بە هۆی زانیاریی خۆمانەوە كە چەند دەنگدەرمان هەیە، بەپێی ئەو پێوەرە ئێمە كاندیدەكانمان دابەش كردووە.

* رێژەكە بۆ پارێزگاكان چەند بووە؟

- پارێزگای هەولێر 40 كاندید، پارێزگای دهۆك 38 كاندید و پارێزگای سلێمانیش 22 كاندید.

* بۆچی لە سلێمانی 22 كاندیدتان دەستنیشان كردووە؟

- لەبەر ئەوەی رەنگە لە سلێمانی دەنگدەری ئێمە كەمتر بێت، بۆیە موراعاتی ئەوێمان كرد و 22 كاندیدمان بۆ دانا، چونكە لە هەڵبژاردنەكانی 2010ـدا پارتی لەو پارێزگایە 10%ـی بەدەست هێنا، بەڵام ئێمە زیاترمان بۆ دانا و كردمانە 20%، جگە لەوەش هەر قەزایەك چەند كاندیدێكی بەركەوتووە.

* ئەی رێژەی ئافرەت لەناو ئەو كاندیدانەدا چۆن بووە؟

- بە شێوەی كۆتا رێژەی بەشداریی ئافرەت 30%ـمان داناوە و بەسەر سنووری هەموو لقە حزبییەكاندا دابەشمان كردووە.

* ئەو ئافرەتانەی كە كاندیدتان كردوون تاچەند چانسی دەرچوونیان هەیە؟

- ئەوە مەركەزییە و دەبێت 30%ـی كاندیدەكان ئافرەتان بن، هەروەها پارتی چەند كورسیش لە پەرلەمان بەدەست بهێنێت، دەبێت 30%ـی ئەو كورسیانە بۆ ئافرەت بێت، لە كاتێكدا ئەو ئافرەتانەیش دەنگیان نەهێنابێت، بۆ نموونە ئەگەر پارتی لەم هەڵبژاردنانەدا 50 كورسی بێنێت، دەبێت 15ـیان ئافرەت بن.

* تا چەند رەچاوی پسپۆڕی كراوە؟
- بەپێی توانا هەوڵ دراوە هەموو پسپۆڕییەكانی تێدا بێت، ئیتر لە یاساناس، مافی مرۆڤ، دارایی، پەروەردە و كشتوكاڵ، هەموو ئەوانەی تێدایە.
* ئەی رەچاوی تەمەنتان كردووە؟

- بەڵێ هەوڵمان داوە جیلێكی گەنج بنێرینە پەرلەمان، هیچ كاندیدێكمان نییە كە لەدایكبووی چلەكان بێت، زۆربەی كاندیدەكانمان لەدایكبووی هەشتاكان و حەفتاكانن شەستەكانن و ریژەیەكی كەمیش لەدایكبووی پەنجاكانی تێدایە.

* دەگوترێ هەورامی و فەیلییەكان نیگەرانن لەوەی كە كاندیدیان نییە، بۆچوونی ئێوە لەوبارەیەوە چییە؟

- فەیلییەكان كەسێكیان هەبوو، بەڵام بەدڵی نەبوو و خۆی كاندید نەكرد، بە بۆچوونی من فەیلی لێرە چانسی دەرچوونیان زۆر كەمە، بەڵام ئەگەر داخراو بووایە و لە 10 كاندیدی یەكەمت دانابایە رەنگە دەربچووایە، بەڵام بە ڕای من بۆ پەرلەمانی عێراق كاندیدی فەیلیمان دەبێت.

* دوای هەڵبژاردن ئەو دەنگانە چۆن كۆ دەكرێنەوە و دابەش دەكرێن؟

- پارتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هیچ حزب و لایەنێكدا هاوپەیمانێتیی نییە و بەتەنیا بۆ هەڵبژاردنەكان دادەبەزێت، بۆیە ئامانجی ئێمە لەم هەڵبژاردنە بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگە، بۆ ئێمە گرنگە كێ دەردەچێت لەناو لیستەكەدا، بەڵام گرنگتر لەوە ئەوەیە كە دەنگی زۆر بەدەست بێنین، چونكە ئەگەر كاندیدی باشمان دانابێت گرنگ نییە كێ دەردەچێت. ئێمە پلان و هەڵمەتی هەڵبژاردنمان دەبێت و لیژنەیەكی باڵای هەڵبژاردنمان هەیە بە سەرۆكایەتیی سكرتێری مەكتەبی سیاسی كاك فازڵ میرانی و چەند لیژنەیەكیشمان دەبێت بۆ ئاسانكردنی كارەكان و جگە لەوەش لە سنووری هەر پارێزگایەكیشدا لیژنەمان دەبێت.

* كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیاری دابوو كە دەنگەكان بگەڕێنەوە شارە گەورەكان، ئەوە چی بەسەرهات؟

- وابزانم ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوە، پێم وابێ پێرێ كۆبوونەوەی كۆمیسیۆن لەسەر ئەو بڕیارە ئەنجام دراوە و ڕەت كراوەتەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆكایەتیی هەرێم بەیاننامەیەكی دەركرد، سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئەوەی بە هەڵە ناو برد و نامەیەكی ناردە كۆمیسیۆن و پێی راگەیاندن كە ئەوە بڕیارێكی هەڵەیە و ئێمەش وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو بڕیارەمان پێ هەڵەیە، چونكە بۆ زیاتر شەفافبوون دەبێـت لەناو بنكەكانی دەنگداندا دەنگەكان جیا بكرێنەوە.

* پارتی چی كردووە بۆ ئەو پرۆسەیە و هەروەها بانگەشەی هەڵبژاردنیش؟

- بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێت كۆمیسیۆن دیاری بكات كە لە كەیەوە لایەن و حزب و قەوارەكان مافی ئەوەیان هەیە كە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆیان بكەن، ئێمە تا ئەو كاتە خۆمان ئامادە دەكەین و كە وادەكەش راگەیەنرا، ئێمە بە باشترین شێوە هەڵمەتەكە بەڕێوە دەبەین و كاندیدەكانمان بە خەڵك دەناسێنین و لە هەموو شوێنێك پروپاگەندە و بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆمان دەبێت.

* سەرۆكی لیستی پارتی كێیە و بۆچی تاكو ئێستا دیاری نەكراوە؟

ئەوانەی لەناو لیستەكەدان دیارن لە یەكەم ناوەوە تاكو 100ـەمین ناو، ئەوانە ئەندامانی ئەو لیستەن و ئەندامی قیادی تێدایە و ئەندامی كۆنیشی تێدایە، ئێمە چوار كەسمان ئەندامی خولی پێشوون و چوار ئەندامیشیان ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتین و كادری پێشكەوتووی پارتیشی تێدایە و مەسەلەی سەرۆكایەتیی لیستیش تەنیا لای ئێمە هەیە بە تایبەت لە راگەیاندندا، لای كۆمیسیۆن ئەوە نییە.
* ئەو كەسانەی لە ئەنجوومەنی سەركردایەتین، لە پەرلەمان دەمێننەوە یان دەكشێنەوە پاش هەڵبژاردن؟

- هەردوو ئەگەر هەیە، رەنگە بمێننەوە و رەنگە بشكشێنەوە.

* پێتان وایە چەند لە كاندیدەكانتان دەردەچن؟

- زانینی ئەوە كەمێك زەحمەتە، ئەگەر بشمانزانیایە ئەوە هەر لە ئێستاوە ئاهەنگمان دەگێڕا، بەڵام بەپێی زانیاریی ئێمە دۆخی پارتی زۆر باشە.

* ئەوانەی كە كاندیدن، هەموویان كادرن یان لایەنگریشی تێدایە؟

- كادری حزبی كەمە، هەموویان كادری حزبی نین و مامۆستای زانكۆ و مامۆستای ئایینی و خەڵكی لایەنگریشی تێدایە.

* پێویستە هەوادارن و لایەنگران و پارتییەكان چی بۆ كاندیدەكانیان بكەن؟

- كاندیدەكان بە خەڵكی بناسێنن و خەڵكی هان بدەن بۆ ئەوەی بچن بۆ دەنگدان، هەروەها هیچ كەسێك بە تەنیا نەڕوات بۆ دەنگدان و با هەر كەسەو دوو سێ كەس لەگەڵ خۆیدا ببات، بۆ نموونە دایك یان خوشك و برای خۆی ببات، داواش لە هەموو ئەندامێكی پارتی دەكەین بە لایەنی كەمەوە سێ كەس لەگەڵ خۆیدا ببیات بۆ دەنگدان، چونكە ئەگەر هەر ئەندامێكی پارتی سێ كەس لەگەڵ خۆیدا ببات بۆ دەنگدان، ئەوە پارتی زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار