هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا

عەبدولغەنی عەلی یەحیا
بەندە بەر لەدەستپێكردنی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لەدوو چاوپێكەوتندا، یەكەمیان لەگەڵ تەلەفزیۆنی رووداو و ئەوی دیكەیان لەگەڵ تەلەفزیۆنی زاگرۆسدا گوتم: وەچنگهێنانی 12 كورسی لەلایەن لیستی كوردستانی برایەتی و پێكەوەژیان لەهەڵبژاردنەكانی 20/6/2013 موعجیزەیە، كەچی لیستەكە 11 كورسی بەدەستهێنا، بەئیزافەكردنی كۆتای شەبەك و مەسیحیەكان، ژمارەی كورسیەكانی لیستی ناوبراو گەیشتە 13 كورسی. خۆ ئەگەر بهاتبایە و لیستی كوردی بەڕێكوپێكی نەك بەشلوخاوی خۆی بۆ هەڵبژاردنەكان ئامادە بكردبایە، دڵنیام لیستەكە زیاتر لە 15 كورسیشی وەچەنگ دەهێنا. بەڵام جێی داخە وەك دەردەكەوێت شلوخاوی تاسەر كەموكوڕی خۆئامادەكردنی كوردە بۆ هەر هەڵبژاردنێك، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئەنجامەی لیستی كوردستانیشی پێشخست و كردی بەلیستی یەكەم، لەپاڵ راستیەكی دیكەی دەرخست، كە عەرەب زۆرینەی پارێزگای نەینەوا پێكناهێنێت. بەڵكو زۆرینەی پێكهاتەكانی غەیرە عەرەبن، ئەویش بەگوێرەی كورسییەكان، بۆ نموونە ئەگەرهاتو زانیمان لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لەگەڵ هەردوو كۆتای شەبەك و مەسیحیەكان 13 كورسی بردەوە، لەبیرمان نەچێت كۆتای ئێزدیەكانیش هەرچەندە دیسان لیستی كوردستانی نەیبردەوە، بەڵام ئەو كۆتایەش كوردستانیە، هەرچەندە خاوەنەكانی لەئێزیدیەكان حاشا لەكوردستانی كۆتاكەشیان بكەن، بەڵام وەك دەڵێن (بشفڕێ هەر بزنە)، ئەوانەش هەر بەكورد دەمێننەوە، ئیدی لەم حاڵەتەدا بەئیزافەكردنی كۆتای ئیزدیەكان لیستی كوردستانی خۆی لە 14 كورسی دەدات. توركمانەكانیش وەك دەیزانن هاووڵاتی كوردستانین، هەرچەندە رەوتێكی گومانلێكراو بەسەریدا زاڵە و بەكاریان دەهێنێت. ئەو لیستەش خۆی دابووە پاڵ لیستی موتتەحیدوون توانی 6 لەتوركومانەكان بگەیەنێتە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا.
كەواتە لیستە عەرەبیەكەی بەناو (موتتەحیدوون) تەنها دوو كورسی هێنابوو و بەس، بەڵام بەكۆكردنەوەی ئەو دوو كورسیە لەگەڵ 6 نوێنەرەكەی بەرەی توركمانی ژمارەی كوردسیەكانی موتتەحیدوون گەیشتە 8 كورسی، 6 كورسیەكەی توركمانەكان ئەگەر بخرێتە سەر 14 كورسی كوردستانی، ئەوكاتە ژمارەی كورسیە كوردستانییەكان خۆی لە 20 كورسی دەدات، وەك ئاشكراشە دوای ئەوەی توركمانەكان لەژێر ئاڵای لیستی (موتتەحیدوون) 6 كورسیان وەچنگهێنا، دەبوو لەم حاڵەتەدا موتتەحیدوون بچوبایە ژێر ئاڵای توركمانەكان، نەك بەپێچەوانەوە، لەبەرئەوەی موتتەحیدوون تەنها 2 كورسی بەدەستهێنابوو، واتە كۆی كورسیەكانی 8 كورسی بوو. وەك ئاشكراشە ژمارەی كورسیەكانی پارێزگای نەینەوا 39 كورسیە، بەدەركردنی 20 كورسیە كوردستانییەكە، 19 كورسی دەمێنێتەوە، واشتێمەگەن ئەو 19 كورسیەی عەرەبەكانە، چونكە لەو 19 كورسیە دوو لەكورسیەكان خاوەنەكانیان كوردن، یەكەمیان كورسیەكەی دڵدار زێبارییە و دووەمیشیان كورسیەكەی دكتۆر روشدی سەعیدە. بەكۆكردنەوەی ئەم 2 كورسیەش لەگەڵ 20 كورسەكەی دیكەدا ژمارەی كورسیە كوردستانییەكان دەبێتە 22 كورسی، واتە عەرەبەكان 17 كورسیان وەچنگ كەوتووە.
خوێنەر بەڕێز مافی كورد و كوردستانییەكان زیاتر لەو 22 كورسیە دەبوو، ئەگەر بهاتبایە و نزیكەی زیاتر لە 200 هەزار كورد لەموسڵ دەرنەكرابان و زیاتر لە 2500یش نەكوژرابان، مەسیحیەكاینش دوو جار تووشی كۆچڕەوی بوون لەناو شاری موسڵەوە بۆ دەوروبەری شارەكە، شەبەكەكانیش بە هەزارانیان. جێی وەبیرهێنانەوەیە بەپێی سەرژمێریەكی (بنكەی رۆشنبیریی و كۆمەڵایەتی شەبەك) لەنێوان 2003-2013 زیاتر لە 1000 شەبەك كوژراون، هەزارانیشیان لێدەربەدەر بووە، بۆیە ئەگەر بهاتبایە كوردستانییەكانی ناو موسڵ تووشی ئەو رووداوانە نەبووبان، ئەوان گومان لەوەدا نییە كوردستانییەكان لەناو موسڵ و تەواوی پارێزگای نەینەوادا كورسی زیاتریان دەبردەوە، لێرەدا پێداگیریی لەسەر كوردستانیەتی پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ پێویستە.
هەندێك لەشۆڤێنیەكانی عەرەب لەشاری موسڵ و دەرەوەشیدا، هەر لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كەوتنە دڵەڕاوكێ و نیگەرانی و كردیان بەهەرا و هۆریایەكی ناحەق، داوایان لەلیستە عەرەبییەكان كرد یەكبگرن، بەبیانووی ئەوەی كورد لەدوای ئەوەی لەهەڵبژاردنەكان یەكەم و براوە بووە، بۆی هەیە پارێزگای نەینەوا بداتە پاڵ ئیدارەی هەرێمی كوردستانەوە، یان لانیكەم پارێزگاكە دابەش بكات، كەچی كورد كە بۆ چەند ساڵێك لەدوای نەمانی رژێمی پێشووی عێراقەوە لەساڵی 2003دا خاوەنی 31 كورسی بووە، لەكۆی 41 كورسی پارێزگای نەینەوا، لەگەڵ ئەوەشدا نە پارێزگاكەی خستە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نە دابەشیشی كرد. نەك هەر ئەمە، بەڵكو عەرەبیشی لە پایە كاریگەرەكانی پارێزگای نەینەوا بێبەش نەكرد، بەڵكو پایەی پارێزگاری دا بە هەمان پارێزگاری جاران (ئەسیل نجێفی)، ئەو ئەسیل نجێفیەی بۆ نزیكەی 2 ساڵ لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لەساڵی 2009وە لیستی كوردی لەپایە سیادییەكان بێبەش كردبوو، قەوارەی عەرەب زۆر لەوە بچووكترە 17 كورسی لەهەڵبژاردنەكاندا بباتەوە، قەوارەی كوردستانیش زۆر لەوە گەورەترە تەنیا 22 كورسی وەچنگ كەوێت. بۆ ئەوەی ئەم هەڵەیەش راستبكرێتەوە، بەپەسەندی دەزانم كورد ئیش لەسەر ئێزیدی و هەردوو لیستی دڵدار زێباری و د. رووشدی سەعید بكات، بەهەر جۆرێك بێت هەوڵیان لەگەڵدا بدات خۆیان بدەنە پاڵ كورد، لەدەرەوەی هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ كورددا چالاكی نەنوێنن. هەروەها ئیش لەسەر عەرەبەكانی موسڵیش بكەن، بەگوێرەی ئاگاداریی و زانیاریم، عەرەبێكی زۆری موسڵ گەیشتوونەتە ئەم قەناعەتەی بۆ ئەوەی لەتیرۆر رزگاریان بێت و شارەكەیان پێشكەوێت، دەبێ خۆیان بدەنە پاڵ كوردستان. هەر بۆیەش كەسانێكی زۆریان دەنگیان بەلیستی برایەتی و پێكەوەژیان دابوو. لەگەڵ ئەو راستیانەشدا رەنگە عەرەبە شۆڤێنیەكان و حكومەتی مالیكیش لەمەودوا كۆسپ و تەگەرە بخەنە بەردەمی كورد و پەنا بۆ كوشتن و تیرۆركردن و دەربەدەركردنی كورد ببەن، هەروەكو چۆن حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق هەر كاتێك بیانزانیبایە كورد لەموسڵ زۆرینەن، ئەوا دەستیان بەدەركردنی كورد دەكرد.




