٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەشداریی تێدا دەكەن

سەرچاوە: Hewler

سەعد هەورامی

بڕیار وایە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە هەولێر بەڕێوە بچێت و زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەشداری دەكەن.

نوێنەری پارتی یەكێتیی دیموكراتی كوردستان جەعفەر حەنان بە رۆژنامەی "هەولێر"ـی گوت "بە مەبەستی بەشداریكردن لەو كۆبوونەوەیەدا نامەمان لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە پێگەیشتووە و ئێمەیش بە خۆشحاڵییەوە بەشداری دەكەین".

حەنان ئەوەشی روون كردەوە كە ئامانج لەو كۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ، ئامادەكارییە بۆ ئەو كۆنگرە نەتەوەییەی كە بڕیار وایە لە داهاتوودا لە هەولێر ساز بكرێت.

ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی کوردستانی ئێران حەمە نەزیف قادریش گوتی "ئێمە بە هەموو شێوەیەك پێشوازی لەو هەنگاوە نەتەوەییە دەكەین، چونكە حزبەكەمان هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە هەڵوێستی نەتەوەیی كوردی رەچاو كردووە، بۆیە پێمانوایە لە كاتێكی وادا هەنگاوێكی لەو شێوەیە زۆر گرنگ و پێویستە".

ئەو هەروەها ئاماژەی دا كە ئەو هەنگاوە، هەنگاوێكی نەتەوەیی و سیاسییە و ئەوانیش لە ئاستێكی بەرزدا بە سەرۆكایەتیی سكرتێری حزبی دیموكراتی کوردستانی ئێران مستەفا هیجری بەشداری دەكەن.

نوێنەری حزبی ئازادیی كورد لە سووریا دكتۆر كاوە ئازیزیش بە "هەولێر"ـی گوت كە ئەو پڕۆژەیە، پڕۆژەیەكی نەتەوەیی كوردستانییە و ماوەی چەند ساڵێكە كاری لەسەر دەكرێت، بەڵام دەرفەتی لەبار نەبوو بۆ ئەو كارە، بۆیە ئێستا ئەو دەرفەتە رەخساوە و ئەوان نامەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان پێگەیشتووە و بە خۆشحاڵییەوە بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا دەكەن.

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە، ئامادە نەبوو لە سەر بەشداریكردن یان نەكردنیان هیچ لێدوانێكی بدات.

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا (ئەلپارتی) محەممەد ئیسماعیل ڕایگەیاند كە ئەوان بە خۆشحاڵییەوە بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا دەكەن، لەبەر ئەوەی پێیان وایە ئەو كۆنگرەیە دەبێتە هۆی یەكخستنی گوتاری نەتەوەیی كورد و هەموو كوردیش چاوەڕێی ئەو كۆنگرەیە دەكات بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی كە لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەن، چارەسەر بكرێن، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان عەبدوڵڵای حاجی مەحموود ڕوونی كردەوە كە ئەوان بانگهێشتی ئەو كۆنگرەیە كراون و زۆر بەپەرۆشەوە بەشداری دەكەن كە مەبەست لێی بەرنامەڕێژییە بۆ ئەوەی كۆنگرەی نەتەوەیی ساز بدرێت.

گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان شوان قەڵادزەیی، ئاماژەی بەوە دا كە بزووتنەوەی ئیسلامی زۆر بە بایەخەوە سەیری ئەو كۆبوونەوەیە دەكات و ئەوانیش بەشداری تێدا دەكەن، پێشی وابوو كە لەو كۆبوونەوەیەدا دەتوانن هەموو لایەنەكان راكانیان یەك بخەن بۆ ئەوەی ئامادەسازی بكرێت بۆ بەستنی ئەو كۆنگرە نەتەوەییەی كە بڕیار وایە لە هەولێر ببەسترێت.

كۆنگرەی نەتەوەیی و كاریگەری لەسەر پرسی كورد
جەعفەر حەنان دەڵێت "بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كاریگەرییەكی باشی لەسەر مەسەلەی كورد دەبێت و لەو رێگەیەشەوە دەكرێت دەنگی هەموو پارچەكانی كوردستان بكرێتە یەك دەنگ و لەسەر پرسی داهاتووی كورد بیروڕاكان گەنگەشە بكرێن".
مستەفا هیجریش بۆچوونی وایە "گۆڕینەوەی هەر بیروڕایەك لەسەر مەسەلەی پرسە سیاسی و نەتەوەییەكان دەتوانێت زمانێكی هاوبەش و هەڵوێستێكی هاوبەش و دیپلۆماسییەتێكی بەهێزتر لەبارەی پرسی كوردەوە بێنێتە ئاراوە، بۆیە ئێمە پێمان وایە ئەو جۆرە كۆنگرە و كۆبوونەوانە كاریگەریی زۆر باشیان دەبێت".

دكتۆر كاوە ئازیزی ئەوەیشی روون كردەوە كە لە ئێستادا پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە لە ناوچەكەدا هەیە و وڵاتانی دەوروبەریش ئەوانەی كە پارچەكانی كوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، دەیانەوێت كێشەی كورد لە وڵاتەكەیاندا چارەسەر بكەن و ئەم كۆنگرەیەش دەتوانێت یارمەتیدەرێك بێـت لە چارەكردنی پرسی كورد لە ناوچەكەدا".

محەممەد ئیسماعیلـیش دەڵێت "ئەم قۆناغە باشترین قۆناغە بۆ ئەوەی كۆنگرەی نەتەوەیی تێدا بكرێت لەبەر ئەوەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێكی چارەنووسسازدا دەڕوات و ئێمەش دەبێت لەم دەرفەتە مێژووییە سوود وەربگرین".

عەبدوڵڵای حاجی مەحموودیش گوتی "هەر هەنگاوێك بۆ پتەوكردن و بەهێزكردنی ناو ماڵی كورد بنرێت، ئێمە بە بایەخەوە سەیری دەكەین و ئەمەیش یەكێكە لەو هەنگاوە گرنگانە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچە كۆ ببنەوە و بتوانین لە پرسە چارەنووسسازەكاندا ببینە خاوەنی یەك بڕیار".

هاوكات گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان ئاماژەی دا كە هەرێمی كوردستان بووەتە جێگەی ئومێدی باقی پارچەكانی دیكەی كوردستان، لەبەر ئەوە پێویستە ئێمە لە ئاستی ئەو ئومێدەدا بین و ناوماڵی كورد زیاتر یەك بخرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار