٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

كوردستان و فەرەنسا، پەیوەندییەكی كۆن و دێرین

سەرچاوە: Xebat

جارێكی دیكە شوێنەكانی فرۆشتنی ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی فەڕەنسا وێنەی كوردستان و سەرۆك بارزانیی تیادا دیاركەوت و سەرۆك بارزانی بە ئومێدێكی گەورە بۆ ئایندەی گەل ونەتەوەكەی وەسفكرا و كوردستانیش وەكو دوورگەیەكی ئارام لە ناوچەكەدا نیشاندا، ئەمەش لە خۆیدا پەیامێكی دیكەیە بە وەی پەیوەندیی نێوان كوردستان و ئەم وڵاتە كە پەیوەندییەكی لە مێژینە و دێرینە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێش دەچێت وپێگەی هەرێمی كوردستان لە نێو وڵاتانی زلهێزی جیهان ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشكەوتندا دەبێت.
سەردانێكی گرنگ و جێگەی خۆشحاڵی
لە بەرنامەیەكی تایبەتی كوردستان تیڤی كە لە فەڕەنساوە بە دواداچوونی تیاداكرابوو لەبارەی پێشكەوتنی ئەم پەیوەندییانە، پەرلەمانتار و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسانی ئەم وڵاتە بە بایەخەوە باس لە پێشكەوتنی ئەم پەیوەندییە دەكەن بە تایبەتی دوای پێشوازیی گەرمی فرانسوا هۆلاندی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ سەرۆك بارزانی.
لەمبارەیەوە سێرجیۆ كۆرنادۆ پەرلەمانتاری فەڕەنسی ئاماژەی گوتی: دیداری هەردوو سەرۆك لە پاریس جێگەی دڵخۆشییە و دەیسەلمێنێت كە سەركردایەتیی سیاسیی فەڕەنسا باوەڕیی بە پێشكەوتن و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان هەیە كە وەكو باخچەیەكی سەوز لە بیابانێكدا دیارە، هەروەها ئابوریی ئەم وڵاتە لە پێشكەوتندایە و هیوادارین كۆمپانیاكانی فەڕەنساش لە دەرفەتی وەبەرهێنان لە كوردستاندا سوود وەربگرن، پرۆسەی دیموكراسی وسیاسی لە كوردستاندا لە پێشكەوتندایە وپێموایە پێویستە فەرەنسا پاڵپشتیی كوردستان بكات و پەیوەندیی لەگەڵ ئەم هەرێمەدا بە هێزتر بكات.
لە دوایین دیداری سەرۆك بارزانی و سەرۆك هۆڵاند ئەو پەیامە بە شێوەیەكی ڕوونتر بیندرا.
پاڵپشتیی فەڕەنسا بۆ كوردستان
لە مێژە فەڕەنسا پاڵپشتیی گەلی كوردستانی كردووە و فەڕەنسا هەمیشە بە سۆزێكی مرۆییەوە ڕوانیوەتە پرسی كورد بەڵام ئێستا ئەو پەیوەندییانە لە چ ئاستێكدایە؟
گێرارد گویتار مامۆستا لە پەیمانگای ئینالكۆ نیشانیدا پەیوەندیی نێوان كورد و فەڕەنسا بە چەندین قۆناغ تێپەڕیوە و ئێستاش لە قۆناغێكی باشتردایە و چاوەڕوان دەكرێ باشتریش بێت چونكە فەڕەنسا وەكو نموونەیەكی دیموكراسی سەیری كوردستان دەكات بۆیە پێویستە پشتگیریی بكات، هەر لەمبارەیەوە رۆژنامەنووس پییڕلی بێللار نیشانیدەدات پەیوەندیی نێوان فەڕەنسا و كوردستان لەسەردەمی سەرۆكی كۆچكردوو فرانسوا میتیران پێشكەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی بەڵام لەسەردەمی شیراك كەمێك ساردی لەو پەیوەندییە دروستبوو، لەساڵی 2010 كاتێك سەرۆك بارزانی لە سەردەمی جاك شیراكی سەرۆكی پێشووتر سەردانی پاریسی كرد پێشكەوتنەكە بەرچاوتر بوو بە تایبەتی دوای ئیمزاكردنی ڕێككەوتننامەی 16 خاڵیی نێوان هەردوولا، ئاماژەی بەوەشدا فەڕەنسا حیسابێكی تایبەت بۆ هەرێمی كوردستان دەكات و بە نموونەی دیموكراسییەت ئەژماری دەكات بە تایبەتی لە ڕووی پاراستنی مافی مرۆڤ وپێكەوە ژیان و لێبووردەیی ئایینی و نەتەوەیی بۆیە بەهێزكردنی ئەو پەیوەندییانە بە كارێكی باش وپێویست دەزانم.
ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە پێشخستنی ئەو پەیوەندییە
پرۆفیسۆر گویتار ئاماژە بەوە دەدات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەری چی شوێنێكی پڕە لە ناخۆشی و ناسەقامگیری بەڵام هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی جیاوازدا دەژیت ولە ڕووی ئابوورییەوە پێشكەوتنی بە خۆیەوە بینیوە و لە هەوڵی بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابووریی خۆیەتی و دۆست ودوژمن ڕێز لەو هەرێمە دەگرن و گوتی: سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی سەرۆك بارزانی بە كەسایەتیی بە هێزی خۆیەوە بە ئەزموونی دوور و درێژی خۆیەوە توانی پەیوەندیی بە هێز لەگەڵ كەسایەتیی گرنگی جیهان ببەستێت بە تایبەتی لە فەڕەنسا وتوانی ئە پەیوەندییانە بخاتە خزمەتی خۆی كە بە ڕاستی ئەمە كارێكی نموونەییە. هەر لەمبارەیەوە كریستۆفەر ئایاد ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەوی لۆمۆندی فەڕەنسی نیشانیدا سەرۆك بارزانی لە لایەن خەڵكی كوردستانەوە هەڵبژێردراوە و فەڕەنسا وەكو سەرۆكی دەوڵەت پێشوازیی لێدەكات و گوتی: ڕاستە هەرێمی كوردستانی عێراق هەرێمێكی فیدراڵە و سەربەخۆ نییە بەڵام هەموو فاكتەرەكانی دەوڵەتی سەربەخۆی تیادا دەبیندرێت، سەرۆك ساركوزی و سەرۆك ئۆلاند خۆیان پێشوازییان لێی كرد و وەكو ئێمە دەزانین سەرۆك بارزانی خودانی ئەزموونێكی باشە لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بارودۆخی ناوچەكە و زانیاریی باشی لە بارەوە هەیە بە تایبەتی لە بارەی قەیرانی سووریاوە و من پێموایە هەر یەكێك بیەوێ لەبارودۆخی سووریا تێبگات با گوێ لە بۆچوونەكانی سەرۆك بارزانی بگرێت.
رۆژنامەنووس پییڕلی بێللار نیشانیدەدات بنەماڵەی بارزانی بنەماڵەیەكی خەباتگێڕ وتێكۆشەرە وسەرۆك بارزانیش تەواوی ژیانی خۆی بۆ نەتەوەی خۆی تەرخان كردووە و ڕۆڵی لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستانیش هەبووە و ڕۆڵی بە هێزی لە هەبوونی دۆستی زۆر بۆ كوردستان گێڕاوە وبێگومان ئەم خەبات و تێكۆشانەش وا دەكەن خەڵكانێكی زۆر ڕێزی لێبگرن وئەو كەسەی ڕێز لە میللەتی خۆی دەگرێت و كار بۆ سەرخستنی پرسی نەتەوەییان دەكات خەڵكیش ڕێزی لێدەگرن و بەپێویستی زانی فەڕەنسا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ دیموكراتخوازانی ڕەسەن بەهێز بكات چونكە ئەو هەرێمەی بارزانی سەرۆكییەتی پێكەوەژیانێكی بەرچاوی نەتەوەیی و ئایینیی تیادا بەدیدەكرێت ئەمەش لە سایەی خەبات وتێكۆشانی سەرۆك بارزانییە.
لەلای خۆشیەوە د.كەمال ئامێدی مامۆستای زانكۆ لە پاریس دووپاتیكردەوە كاتێك سەرۆك بارزانی لە ماوەی سێ ساڵدا دووجار لەلایەن ساركوزی و هۆلاندەوە پێشوازیی لێدەكرێت ئەمە بەڵگەی گرنگیدانی حكوومەت ودەوڵەتی فەڕەنسایە بە كوردستان وگوتی : سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی زۆر گرنگی لە پێشخستنی ئەم پەیوەندییە هەیە و فرانسوا هۆلاندی سەرۆكی فەڕەنسا باش لەم ڕۆڵەی سەرۆك تێدەگات لە سەر ئاستی ناوچەكە و عێراق و كوردستان و حكوومەتی فەڕەنسا حەز دەكات لە سەرۆك بارزانییەوە بزانێت پاشەڕۆژی سووریا چۆن دەبێت و بەرەو كوێ دەڕوات بۆیە متمانەی بە سەرۆك بارزانی هەیە لەمبارەیەوە. بێگومان هەردوو لایەنی كوردستان وفەڕەنسا لە پێشكەوتنی ئەم پەیوەندییە قازانج دەكەن.
گرنگیی كوردستان بۆ فەڕەنسا چی بووە؟
پڕۆفیسۆر گێرارد گویتار ئاماژە بەوەدەدات هەرێمی كوردستان چ وەكو هەرێمێكی فیدراڵ كە تایبەتمەندیی خۆی هەبێت یانیش وەكو بەشێك لە عێراق گرنگیی خۆی بۆ فەڕەنسا هەیە، جاران حكوومەتی عێراق ڕێگەی بەوە نەدەدا لێكۆڵینەوەی ئاركیۆلۆژی لەو ناوچەیەدا بكات بەڵام خۆشبەختانە ئێستا ئەوانەی ئەو پسپۆڕییەیان هەیە دەتوانن بەوپەڕی ئازادییەوە ئەو كارە لە كوردستاندا ئەنجامبدەن.
هەروەها گوتی: ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە و بە شێوەیەكی دیار وبەرچاو بەدی دەكرێت كاركردنی كۆمپانیاكانی فەڕەنسایە لە هەرێمی كوردستان ئەمەش جگە لە بواری كشتوكاڵ كە هەرێمی كوردستان دەیەوێ لەم بوارەدا سوود لە ئەزموونی فەڕەنسا وەربگرێت و بواری كشتوكاڵ پەرە پێبدات ئەمەش لە خۆیدا بۆ كوردستان و فەڕەنساش جێگەی گرنگی و بایەخە.
هەروەها كەمال محەمەد سكرتێری یەكەمی باڵیۆزخانەی عێراق لە پاریس دووپاتیكردەوە فەڕەنسا باش لەوە ئاگادارە هەرێمی كوردستان چۆن بەڕێوە دەچێت و پرۆسە سیاسییەكەی چۆنە و گوتی: فەڕەنسا لە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق باش ئاگادارە بەتایبەتی لەسەر ئاستی عێراق كە تەنها دەستپێشخەرییەكەی توانی لایەنە ناكۆكەكانی عێراق كۆبكاتەوە و باشیش لەوە ئاگادارە بارزانی دەتوانێ كوردان یەكبخات ئەمەش شتێكی كەم نییە.
دیموكراسییەت لە هەرێمی كوردستان
كوردستان كەوتۆتە ناوچەیەك كە ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی زۆری تیادایە وهەمیشە بە دەستی كێشە سیاسییەكانەوە دەناڵێنێت، بۆیە هەبوونی دیموكراسییەت لەو هەرێمەدا دەیسەلمێنێت چەندە ئەم هەرێمە گرنگی بە دیموكراسییەت دەدات، گێرارد گویتار لەمبارەیەوە گوتی: ئەگەر بێت و كوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكە بەراورد بكەین دەبینین كە كوردستان زۆر پێشكەوتووە، ونیشانیدا فەڕەنسا 300 ساڵی پێویست بوو تا بگاتە ئەو دیموكراسییەتەی ئێستا بەڵام خۆشبەختانە كوردستان ئەو ماوەیەی پێویست نییە و پێشخستنی پرۆسەی دیموكراسی لەم هەرێمەدا تەنها كاری سەركردایەتیی سیاسی نییە بەڵكو دەكرێ دەزگا ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و میدیاییەكانیش ئەم كارە بگرنە ئەستۆ و بەشداریی پێشخستنی دیموكراسییەت بكەن و پێموایە بواری زانستی و ئاڵوگۆڕیی زانستیش هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ بواری سیاسیدا نییە.
فەڕەنسا تا چەند پاڵپشتیی مافی نەتەوەیی گەلی كورد دەكات
ڕۆژنامەنووس كریستۆفەر ئایاد ئەوەی خستەڕوو كە فەڕەنسا لە چەندین قۆناغی مێژووییدا پاڵپشتیی گەلی كوردی كردووە بەڵام نازاندرێت ئایا پاڵپشتیی سەربەخۆیی كوردستان دەكات یان نا چونكە سیاسەتی دەرەوەی فەڕەنسا بە سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپاوە پەیوەستە و ناتوانێت بە تەنها بڕیار بدات ئەمە جگە لە ڕاوێژكاریكردن لەگەڵ ئەمەریكا. هەروەها گوتی: هەرچەندە پەیوەندیی دۆستانەی سەرۆك ئۆلاند لەگەڵ سەرۆك تاڵەبانی و سەرۆك بارزانی پەیوەندیی باش و پێشكەوتووە بەڵام ئەگەر ڕاست یان چەپ لەدەسەڵاتدابن سیاسەتی ئەم وڵاتە بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوین یەكە.بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ئەگەر بمانەوێ پەیوەندیی نێوان كورد و فەڕەنسا بەرەو پێشتر بخەین پێویستیمان بە چالاكیی زۆرە لە بواری جیاجیادا، لە بواری ئەدەبی، هونەری،ڕۆشنبیری و فۆلكلۆری بە تایبەتی بە ناساندنی شێوازی جلوبەرگ و خواردنی كوردەواری. بۆ فەڕەنسا گرنگە شانۆ و ڕۆمان و چیرۆكی كوردی بخوێننەوە ومێژوو و فۆلكلۆری ئەم نەتەوەیە بناسن.
عەلی دۆلەمەری جێگری نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پاریس ئاماژەی بەوەدا بە هێزبوونی پەیوەندیی نێوان كوردستان وفەڕەنسا لە سەردەمی ئێستادا لەوە دایە كە بۆ بواری دیپلۆماسی گۆڕدراوە چونكە پێشتر تەنها لە بواری مرۆییدا بوو دووپاتیشیكردەوە سەرۆكی فەڕەنسا لە دوایین دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی خۆی داوای بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان وڵاتەكەی و كوردستان كرد ئەمەش بۆ كوردستان دەستكەوتێكی مەزنە و وایكردووە سەرۆك بارزانی وەكو سەرۆكی دەوڵەتێك پێشوازیی لێبكرێت.
پەیوەندیی سەرۆك بارزانی لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیی فەڕەنسا
سەرۆك بارزانی لە مێژەوە پەیوەندیی باشی لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیی فەڕەنسادا هەیە كە لەسەردەمی سەرۆكی كۆچكردوو فڕانسوا میتیرانەوە ئەم پەیوەندییانە هەن و پاشان لەگەڵ نیكۆلا ساركوزیی سەرۆكی پێشوو و فرانسوا هۆلاندی سەرۆكی ئێستا، ڕۆژنامەنووس پییرلی بێللار ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە لە دوایین سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ فەڕەنسا و دیداری لەگەڵ سەرۆكی ئەم وڵاتە چەندین تەوەری گرنگ لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا باسیان لێوەكرا هەروەها تیشك خرایە سەر بارودۆخی سووریا و بارودۆخی گەلی كورد لەم وڵاتەدا وئایندەی ئەم گەلە لە سووریا.
لەلای خۆشیەوە كریستۆفەر ئایاد تیشكی خستەسەر گرنگیدانی میدیاكانی فەڕەنسا بە سەردانەكانی سەرۆك بارازانی بۆ پاریس و دیدارەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە ئەم گرنگیدانەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە سەرۆك بارزانی حوكمی هەرێمێك دەكات لە نێو ناوچەیەكی پڕ لە ئاڵۆزی كەچی دیموكراسییەت و مافی مرۆڤ وڕێزگرتن لە مافی نەوتەوە و ئایینەكان هەوێنی ژیانی ئەم هەرێمەیە و سەرۆك بارزانی خۆی ئەندازیاری ئەم سیستەمەیە و بەڕێزیان بە شانازییەوە باس لەم ئەزموونە دەكەن

هەواڵی پەیوەندیدار