گهر بمانهوێت، دهتوانین

نەزهەت حالی
گەر بمانەوێت دەتوانین كاری باش بكەین و بەسەر قەیرانە ناوخۆییەكانماندا زاڵ بین و پێگەی گەلەكەمان و هەرێمی كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرز بكەین و ئامانجە نەتەوەییەكانمان بهێنینە دی، گەر باوەڕمان هەبێت كە بونیاتنان هەمیشە لە تێكدان ئەستەمترە و ئەو سوودەی لە بونیاتنان دەست دەكەوێت، زۆر زیاتر و گەورەترە لەوەی كە بە تێكدان دەست دەكەوێت، تەنانەت ئەو خۆشی و چێژەی لە بونیاتنانیش وەردەگیرێت لە تێكدان زۆرترە، تەنیا مەگەر كەسێكی ناسرووشتی و ناتەندروست لە رووی دەروونی یاخود خاوەن نیازێكی دوژمنكارانە لە تێكدان چێژ وەربگرێت.
تێكدان دوو جۆرە، یەكەمیان، ماددی و فیزیكییە و ئەوی تریان تێكدانی لایەنی مەعنەوییە، كە هەردووكیان زیانیان هەیە بۆ كۆمەڵگا، بەڵام هەندێك جار تێكدانی مەعنەوی زیانی زۆر زیاترە لە جۆرە ماددییەکەی، چونكە دەبێتە هۆكار بۆ هەندێك كەس بۆ ئەنجامدانی كاری تێكدەرانە و تێكدانی ماددییەکەی و لاوازبوونی یەكگرتوویی پێكهاتەكانی كۆمەڵگا. بۆیە لەلایەن هەر كەس و لایەنێك هەر جۆرە كار و كردەوەیەك لە ژێر هەر بیانوو و بەهانە و نیازێك بۆ تێكدانی یەكێتیی نێوان پێکهاتەکانی هەر كۆمەڵگایەك ئەنجام بدرێت، بە كارێكی تێكدەرانە ئەژمار دەكرێت، چونكە ئەو یەكێتییە فاكتەری بەهێزییە بۆ ئەو كۆمەڵگایە.
| هەندێك جار تێكدانی مەعنەوی زیانی زۆر زیاترە لە جۆرە ماددییەکەی، چونكە دەبێتە هۆكار بۆ هەندێك كەس بۆ ئەنجامدانی كاری تێكدەرانە |
تێكدانی مەعنەوییش هەمەجۆرە، بۆ نموونە بەجێنەگەیاندنی ئەركی سەرشان بە دیوێكی تر جۆرێكە لە تێكدان، چونكە هیچ تاكێك لە كۆمەڵگایەكدا بە بێ ئەرك نابێت و بەجێنەگەیاندنی دەبێتە هۆی لێكترازانی ڕیزەكانی گەل، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی لە هەر كۆمەڵگایەك ئەركی سەرشانی هەندێك كەس لە كەسانی تر زیاترە و قورسترە، بەرپرسە باڵاكانی دەوڵەت و پارتە سیاسییەكان و كەسانی ئەكادیمی و رۆشنبیر و تەنانەت كەسایەتییە كۆمەڵایەتی و ئایینییەكان ئەركیان قورستر و گرنگترە لە هاووڵاتیانی ئاسایی، بۆیە ئەوان هەمیشە سەرەڕای بیروڕای جیاواز لە نێوانیاندا، نابێت ببنە هۆكاری تێكدانی ریزەكانی كۆمەڵگا،
جیا لەوانیش هاووڵاتیانی هۆشیار دەتوانن دوو كارتێكەری ئەرێنییان هەبێت لە كۆمەڵگادا كە لەلایەك كاری تێكدەرانە ئەنجام نەدەن و ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن و لەلایەكی تریش رێگر بن لە ئەنجامدانی كاری تێكدەرانە لەلایەن كەسانی ترەوە.
گەر بمانەوێت دەتوانین هەموومان پێكەوە بونیاتنەر بین نەك تێكدەر، بە مەرجێك ئەركی سەرشانمان بە دروستی جێبەجێ بكەین، بەڵێ دەتوانین بونیاتنەر بین نەك ڕووخێنەر.
گەر بمانەوێت دەتوانین بە ڕێزگرتن لە بیروبۆچوونی یەكتر و گفتوگۆی جددیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، دەرگای چارەسەر بۆ هەموو كێشەكان بدۆزینەوە، بە مەرجێك هەموومان باوەڕمان بەو بنەمایە هەبێت كە هەموو راستییەكان لای كەس نین و هەموو لایەنەكان پێویستییان بە یەكتری هەیە.
لە هەرێم هەموو لایەنەكان باس لە دیموكراسی دەكەن و لە كۆمەڵگایەكی دیموكراسیش هیچ كات دەرگای گفتوگۆ داناخرێت و هیچ لایەنێكی سیاسی خۆی بە تاكەدەنگی گەل نازانێت و لە هەموو جیهان تاكە كەسێك كە ئەو مافەی هەیە بە ناوی گەلەكەی قسە بكات، سەرۆكی هەڵبژێردراوی گەلەکەیەتی.
ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕین و گوزەر دەكەین، لەم قۆناغەدا گەر بڕیاری دروست بدەین، داهاتوویەكی گەش چاوەڕوانمان دەكات و بەپێچەوانەشەوە هەلی گەورە لەدەست دەدەین و دەرئەنجامی خراپ رووبەڕوومان دەبێتەوە. ئەوەی لە كایەی سیاسیی هەرێمدا دەبیندرێت، لایەنەكان بەسەر دوو جەمسەردا دابەش بوونە، بەردەوامبوون لەسەر جەمسەربەندی پارتە سیاسییەكان لە كۆمەڵگاكەمان و دووركەوتنەوە لە میانڕەوی، دۆخی سیاسیی هەرێم ئاڵۆز دەكات. بۆیە گەر بمانەوێت بارودۆخی كوردستان بەرەو باشی بچێت و لەم قەیرانە دەرباز بین و بەسەر كێشە و هەڕەشە و مەترسییەكانی داهاتوودا سەركەوین، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان باوەڕیان بەو بنەمایە هەبێت كە هەموو راستییەكان لای كەس نین و بە بەرپرسیارانەتر لێدوان بدەن و هەڵسوكەوت بكەن و گوێڕایەڵی رێبەری نەتەوەیی بن كە سەرۆك "مەسعود بارزانی"ـیە و خاوەن ئەزموونێكی سیاسیی دوورودرێژ و بیری ستراتیژییە، كە لەو كاتەدا زۆر بە ئاسانی دەتوانین كێشە و گرفتەكان چارەسەر بكەین.
|
گەر هەموومان باوەڕمان بە دیموكراسییەت و بڕیاری گەل هەبێت و ملكەچی ویست و خواستی گەل بین، هەموو كێشەكان بە رێگای ئاشتییانە چارەسەر دەكرێن |
كاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەنەكان بەبابەتیانە هەڵسەنگاندنی كاری خۆیان بكەن نەك هەڵسەنگاندنی كاری لایەنی تر، بە تایبەت لە بواری پەیوەندییەكان و كاری سیاسیی هاوبەش لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان. هەروەها كاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەنە سیاسییەكان بە پارتەكانی فەرمانڕەوا و ئۆپۆزسیۆن و لایەنەكانی تریشەوە بیر لە دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو بكەنەوە كە تیایدا لایەنە سیاسییەكان لە پرۆسەی سیاسیدا ململانێی سیاسی بكەن بە رەچاوكردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان نەك وەكو دوژمن لەگەڵ یەكتردا هەڵسوکەوت بكەن.
گەر هەموومان باوەڕمان بە دیموكراسییەت و بڕیاری گەل هەبێت و ملكەچی ویست و خواستی گەل بین، هەموو كێشەكان بە رێگای ئاشتییانە چارەسەر دەكرێن.
ئێمە وەكو گەلی كوردستان گەر بمانەوێت دەتوانین ببینە هەڵگری ئەو دروشمە كە دەبێت ئیرادەی زاڵبوونی سەر کێشەکانمان هەبێت، پێكەوە بژین، پێكەوە خەبات بكەین، پێكەوە سەروەریی نەتەوەیی تۆمار بكەین، بەختەوەری بۆ هاووڵاتیان مسۆگەر بكەین.
باوەڕی تەواوم بەوە هەیە كە رێبەری نەتەوەیی هەمیشە بڕیاری راست و دروست دەدات و لە قەیرانەكان رزگارمان دەكات، بەڵام پێویستی بە هاوكاری و پشتگیریی هەموو لایەنەكان هەیە.




