پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم له ڕوانگای مامۆ ستایانی زانكۆوه

ئا: رووبار نانەكەلی
پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لەمەڕ پرۆسەی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم، دەنگدانەوەیەكی زۆری لە شەقامی كوردی و جیهانیدا لێ كەوتەوە، لەوانەش لە ناوەندی زانكۆدا خرایە بەردەم شرۆڤەیەكی یاسایی و سیاسی و زانستییەوە، لە پەراوێزی ئەو شرۆڤەكردنە زانستی و یاساییانەدا چەند مامۆستایەكی زانكۆ بۆچوون و خوێندنەوەی خۆیان بۆ پەیامەكەی سەرۆك بارزانی خستە ڕوو..
بەدیموكراسیبوون و پرۆسەی بەدیهێنانی سەقامگیری
سەرۆكی بەشی زانستە رامیارییەكان لە كۆلێژی یاسا و رامیاریی زانكۆی سەڵاحەددین د. جوتیار عادل ئاكرەیی گوتی "دەبێ ئەوە بزانین كە پرۆسەی بەدیموكراسیبوون و پرۆسەی بەدیهێنانی سەقامگیری هەردووكیان تەواوكەری یەكترن، ئەوەتا لە هەموو سیستەمەكانیشدا یەك لە پێوەرەكان پابەندبوونە بە رێچكەی دیموكراسی و ئەو بنەما دیموكراسیانەی كە پرۆسەی دیموكراسیەتییان لەسەر وەستاوە، لەوانەش دەستاودەستكردنی دەسەڵات و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رێزگرتن لە رای گشتی كە بوونەتە سەرچاوەی شەرعییەت، بەو مانایەی كە گەل ببێتە سەرچاوەی شەرعییەت و یاسا، لە نیزامی سیاسیشدا ئەوە كرۆكی سیستەمی دیموكراسی و ستونی سیستەمی دیموكراسییە، لە هەمان كاتدا ئەو كۆمەڵگایانەی كە لە قۆناغی گەشەسەندن و گواستنەوەدان وەك كۆمەڵگای عێراق زۆر جاران پرسی دیموكراسیبوون دەبێتە قوربانیی سەقامگیریی سیاسی و سەقامگیریی ئاسایش و سەقامگیریی تاك".
بەدیهێنانی پەرژەوەندی و ئاسایشی گشتیی گەل
د. جوتیار عادل ڕوونیشی كردەوە كە لە رووی سیاسیشەوە بێگومان هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەندێك جار لە نێوان هەردوو رەهەندی ئازادی و ئاسایشدا ناچاری ئەوە دەبین كە پانتاییەكی بەرفراوانتر لە پانتایی ئازادی بدەینە ئاسایش، هەروا بە شێوەیەكی سرووشتیش لە هەموو سیستەمێكی جیهانیشدا پانتایی ئاسایش لەسەر پانتایی ئازادی بەرفراوانتر دەبێ، رەنگە لە هەندێ هەلومەرجی تایبەتیشدا پێچەوانەوەكەشی هەر راست بێت، ئەوەتا لە زۆر لە وڵاتانی جیهاندا كاتێ وڵات رووبەرووی هەندێ تەنگژە و دیاردەی سرووشتیی گەورە دەبێتەوە، ناچاری ئەوە دەبێت حاڵەتی لەناكاو رابگەیەنێت، لەو حاڵەتەدا پانتایی ئاسایش فراوانتر دەبێ لەسەر حسابی پانتایی ئازادیی تاكەكان. بە مەبەستی بەدیهێنانی پەرژەوەندی و ئاسایشی گشتیی گەل.
ئاسایشێكی تۆكمە
هەروەها گوتیشی "راستە لە كوردستاندا حاڵەتێكی سەقامگیری ئاسایشی زۆر تۆكمە هەیە، بەڵام چ رێوشوێنێك بگرینە بەر بۆ پاراستنی ئەم سەقامگیرییە؟ دەبێ بپرسین ئەو بنەمایانەی ئەو بارە تایبەتە سەقامگیرییەی جیا لە زۆرینەی وڵاتانی ناوچەكەیان دروست كردووە چین، كە وای كردووە لە دەرەوە كوردستانی پێ بناسرێتەوە و ببێتە پەیامێك بۆ جیهانی دەرەوە، ئەم حاڵەتە گرنگیی خۆی هەیە لە ژیانی گەلەكەمان و وڵاتەكەماندا و دەبێتە پاڵنەرێكی بەهێز بۆ سەركردەكانی ئێمە كە بە هەر نرخێك بێت ئەم پەیامە بپارێزن، ئەگەر لەسەر حیسابی هەندێك لە ئازادیی من و تۆش بێت".
لە پێناو دروستنەبوونی بۆشاییەكی كارگێڕیدا
سەرۆكی بەشی زانستە رامیارییەكان لە كۆلێژی یاسا و رامیاریی زانكۆی سەڵاحەددین ئاماژەشی دا كە "ئەو تێگەیشتنە جیاوازە لە تێگەیشتنی ئەوانی تر كە پێیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن، ئۆپۆزسیۆن بە جۆرێكی دیكە بیر دەكاتەوە. ئەمەش خاڵی سەرەكی پێكدادانی دوو بۆچوونی جیاواز لە یەكترە، بۆیە زۆر كارێكی ئاسایییە كە دەسەڵات و هەندێ لە هێزە سیاسییەكانی تر بەم شێوەیە بیر بكەنەوە كە ماوەی پەرلەمان یا سەرۆكایەتیی هەرێم درێژ بكرێتەوە، لە پێناو پاراستنی ئەو هەلومەرجە سەقامگیرە و دروستنەبوونی بۆشاییەكی كارگێڕی. لەم چوارچێوەیەشدا ئەگەر لە رووی سیاسیشەوە پرسیار بكرێ ئەوە دەتوانم بڵێم لەبەر تیشكی دەرەنجامەكانی پێشووتر، ئەم درێژكردنەوەیە لایەنی باشی تێدایە، بەڵام رەنگە لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە هەندێ گرفت بنێتەوە، چونكە یەكێك لە كۆڵەگەكانی سیستەمی دیموكراسی پابەندبوونە بە كاتی هەڵبژاردن و رێسا و دەستوور و رێزگرتن لە رای گشتی و گەل، بەڵام كە دێینە سەر پرسی ئاسایش و ئازادی، ئەوە وای لێ دێت كە پرۆسەی ئاسایشەكە پێش هەموو شتێك بخرێت، لە دەرەوەی كوردستانیش نموونە هەیە لەسەر زەروورەتی ئاسایش. هەر بۆ نموونە لە دوای تەقینەوەكانی ئۆكتۆبەر لە میتۆری لەندەن، یاسایەك لە پەرلەمان دەرچوو كە دەرفەت بە پۆلیس بدرێت بتوانێت بۆ ماوەی شەش مانگ كەسێك بخاتە بەندیخانەوە، هەتا ئەگەر تەنها گۆمانیشی لێی هەبێت بە بێ بڕیاری دادگا و دادوەر، تەنها بۆ پاراستنی باری ئاسایشی ئەو وڵاتە".
گرەنتیی بەرەوپێشچوونی ئابووری و ئەمنیی هەرێمی كوردستان
مامۆستا لە كولێژی یاسا و رامیاری -بەشی یاسا د. ڤاڵا فەرید دەڵێت "گرنگیی بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی پەیوەستە بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی كوردستان، یان ئەوەی پەیوەندیی راستەوخۆی بە رەوشی سیاسییەوە هەیە لە كوردستاندا، دیارە زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش لەسەر بڕگە و خاڵەكانی ئەو پەیامەدا كۆكن، بە تایبەت ئەو لایەنە سیاسیانەی جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستە و خاوەنی زۆرترین لایەنگر و پێگەی جەماوەرین. ئەوەش كە پەیوەندی بە رەوشی ئەمنی و ئابوورییەوە هەیە، ئەوەیە كە بڕیارەكە زامنە بۆ ئەو،،بەرەوپێشچوونە ئابووری و ئەمنییەی هەرێمی كوردستان بە خۆیەوە دەیبینێ، بە تێكڕا خەڵكی كوردستانیش لە هەوڵی پاراستنی ئەو ئامانجانەدان، بە هەموو دەسەڵاتە سیاسییەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزۆسیۆنیشەوە".
دەرچوون لە تەنگژەكان
مامۆستا لە بەشی یاسا لە كۆلێژی یاسا و رامیاریی زانكۆی سەڵاحەددین د.كاوان ئیسماعیل ئیبراهیمیش پێیوایە "لە رووی یاساییەوە پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانانی لە هەر وڵاتێكدا هەیە كە لە چوارچێوەی دەستووردا بۆیان داڕێژراوە و بۆی هەیە لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەدا هەموو كارێك ئەنجام بدات كە هەر هەلومەرجێكی دیاریكراو بیخوازێت، بەڵام چونكە ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا دەستوورمان نییە و تەنها پرۆژەی دەستوورمان هەیە، پەرلەمان لە جیاتی دەستوور چەند یاسایەكی هەیە كە دەسەڵاتی یاسادانان پابەند بێت پێیەوە، یەك لەو یاسایانە بریتییە لە پەیڕەوی ناوخۆی كوردستان، بۆیە بڕیاری ئەم دواییەی پەرلەمانی كوردستان بۆ درێژكردنەوەیەی ماوەی سەرۆكایەتیی هەرێم ئەگەرچی دەقاودەق موتابیق نەبووە لەگەڵ پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان و ئیشكالییەتی یاسایی تێدایە لە رووی شكڵییەوە، بەڵام هەندێ جار بارودۆخە سیاسییەكە بەسەر ئەو ئەشكالییەتانەشدا زاڵ دەبێت، لەسەر ئەو بنامەیە پەرلەمانی كوردستان مافی بە خۆی دا كە ئەو بڕیارە دەربكات، ئەگەرچی ئیشكالییەتی یاساییشی تێدا بێت، لەپێناو دەرچوون لە تەنگژەدا، واتە دەتوانین بڵێین چونكە هەرێمی كوردستان بە هەلومەرجێكی سەخت و دژوار و هەستیاردا تێپەڕ دەبوو، بۆیە بە ڕای پەرلەمانی كوردستان لایەنی (بابەتی) گرنگتر بوو لە كێشە یاساییە شكڵییەكان، وا پێدەچێ لەو سۆنگەیەوە پەرلەمانی كوردستان ئەم بڕیارەی دەركردبێ".
نەخشەڕێگایەكی مەزن بۆ بەدەوڵەتكردنی هەرێم
یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی پرۆفیسۆر د. ئیبراهیم حەمەڕەش گوتی "پرۆسەی سیاسی و بەدیموكراتیزەكردن لە كوردستان لەگەڵ ئەوەی پرۆسەیەكی ئاڵۆزە، بەڵام زۆر بە شێوەیەكی دروست بەرەو پێش دەچێت كە بووەتە جێگای سەرنجی دەوروبەر و هەموو جیهان، كورد لە هەموو ساتەكان بە خودی تواناكانی خۆی توانیویەتی رێگاچارە بۆ كێشەكانی خۆی بدۆزێتەوە و لە ساتە تەنگەكاندا بە سەركەوتوویی لێی دەربچێت، ئەمەش بە مرۆڤی سەركردە و كاریزما و وڵاتپارێز و خۆنەویست دەكرێت كە میللەتەكەمان بە درێژایی مێژووی دوور و نزیكی بەرهەمی هێناون، جەنابی كاك مەسعود یەكێك لەو سەركردە گەورانەی كە لە دژوارترین ساتە مێژووییەكانی میللەتەكەمان وەكو چیایەك وەستاوە و نەبەزیوە و گەشبینیی لەناو دڵی میللەتدا چاندووە، زۆر كەس لە ناوەوە و دەرەوە گرەوی لەسەر ئەوە دەكرد كە پرۆسەی بەدیموكراتیزەكردنی هەرێم وەستاوە و هەرێم بەرەو تەنگژە دەچێت، بەڵام ئەم پەیامەی جەنابی سەرۆك وەڵامێك بوو بۆ ئەوانە كە كورد نابەزێت و ئەو ئامانجەی پلانی بۆ داڕشتووە جێبەجێی دەكات و ئەم پەیامە نەخشەڕێگایەكی مەزنە بۆ چەسپاندنی ئارامی لە هەرێم و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی بنیادنانی دیموكراتی لە هەرێم و بەدەوڵەتكردنی هەرێم. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كەم سەركردە هەیە بتوانێت بەم جورئەتە سیاسییەوە وتاری وا مێژوویی پێشكەش بكات، ئەم پەیامە هەر لە مرۆڤی مەزنی كاریزمای وەكو جەنابی سەرۆك دێت كە مەگەر بە كارەكانی ماندێلاو دیگۆڵ لینكۆلن بەراورد بكرێت كە لە ساتەوەختێكی مێژوودا دەبن بە باوكی میللەت و وڵاتێك بنیاد دەنێن، من بەر لە هەموو كەس پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان دەكەم بۆ ئەو دواڕۆژە گەشەی چاوەڕێی دەكەن لە سایەی سەركردە گەورەكانی خۆی كە تێڕوانینیان بەم شێوەیە سەردەمیانەیە."
هەلومەرجێكی مێژوویی
د. خەلیل ئیسماعیل محەمەد لە بەشی جوگرافیای كۆلێژی ئەدەبیات بۆچوونی وایە "بێگومان ئەو هەلومەرجەی كە كوردستانی پێدا تێدەپەڕێ هەلومەرجێكی مێژووییە لەبەر ئەوەی پێویستی بە سەركردایەتییەك هەیە لە ئاستی ئەم قۆناغەدا بێت، حاشاهەڵنەگریشە كە لە راپەڕینی 1991ـەوە تا ئەمڕۆ سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان توانیویانە بە سەركەوتوویی ئەم ئەزموونە بەرەو پێیش بەرن، چ لە رووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە چ لە رووی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی دەرەوەدا".
گوتیشی "ئەمڕۆش لەم قۆناغەدا جەماوەری هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتوو دەكات كە لە ئەیلوولی ئەمساڵدا جێبەجێ دەكرێت، چ لە ئاستی پەرلەمانی كوردستان و چ لە ئاستی پارێزگاكانی هەرێم و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا، بۆیە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بۆ درێژكردنەوەی ماوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم، بوو بە مایەی لێكدانەوەی كۆمەڵێك بیروڕای جیاواز لە هەرێمدا، لەو سۆنگەیەشەوە چاوەڕێی جەنابی سەرۆكی هەرێمیان دەكرد كە بڕیارێكی حەكیمانە لەم رووەوە دەربكات، ئەوە بوو بە حیكمەتی خۆی توانی رێگاچارەیەك بدۆزێتەوە بۆ دەرچوون لە تەنگژەكە، بە شێوەیەك كە بتوانێ لایەنە سیاسییەكان لەسەر یەك شەقامدا كۆ بكاتەوە، هەروەها داوای كرد جەماوەری هەرێمی كوردستان دوای ماوەكە رای خۆیان بچەسپێنن بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكی نوێی هەرێم، وێڕای جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كە ناشێت سەرۆكی هەرێم تا ئەبەد بۆ كەسێك بمێنێتەوە، بەڵكو ئەم بڕیارە دەبێتە بڕیارێكی جەماوەریی كوردستان. ئەم بۆچوونەش بوو بە رێگاچارەیەك بۆ كۆكردنەوەی لایەنە سیاسەكاندا بە تایبەت لەم قۆناغە ناسكەی ئەمڕۆی كوردستاندا.




