سووتاندن، لە فەرهاد پیرباڵەوە بۆ جەمال غەمبار

ئا:سلێمانی: شەنگ – ئیدریس
بروسكەیەك بۆ نەوشیروان مستەفا!
قوتابییەكانی هیتلەر وەك هاینریش هاینە دەڵێت: (سەرەتا بە كتێبسووتاندن دەستیان پێكرد و دواتر كەوتنە ئینسانسووتاندن). شاگردەكانی تۆیش لە گەرمیان، چوار ساڵ لەمەوبەر كتێبی فەرهاد پیرباڵیان سووتاند و ئێستایش كتێبی جەمال غەمبار دەسووتێنن. ئەگەر گۆڕان دەسەڵات بگرێتە دەست، من چونكە چەند جارێك ڕەخنەم لێ گرتوویت، دەستبەجێ لە ترسی تۆ و كۆیلەكانت، لە زێدی خۆم هەڵدێم، وەك چۆن ئەدیبانی ئەڵمان، لە ترسی هیتلەر و ئێس ئێسەكانی لە زێدی خۆیان هەڵاتن. عەبدولخالیق مەعرووفت لە بیرە، بەعس سەرەتا كتێبەكەیان سووتاند و دواتر تیرۆریان كرد؟
شاعیر و ڕەخنەگر حەمەسەعید حەسەن وای نووسیوە.
تاوانی ئەم شاعیرە و كتێبەكانی چی بوو؟
ئەندامان و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڕەشەكردن لە رۆژنامەنووسانەوە كاریان گۆڕا بۆ تەقەكردن لە هاووڵاتیان و لە دواترین هەڵوێستیاندا چەند كتێبێكی جەمال غەمباری شاعیری ناسراویان لە كەلار سووتاند، تەنیا لەبەر ئەوەی جەمال غەمبار خۆی بۆ ئەندامێتیی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كاندید كردووە.
ئەم كردەوە ناشیرن و نامۆیە بە كۆمەڵگەی كوردستان، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكدا هەرایەكی گەورەی بەدوای خویدا هێنا و ژمارەیەكی زۆر وێنەی ئەو دیوانانەی جەمال غەمباریان بڵاو كردەوە، لە بەدواداچوونێكی رۆژنامەی "هەولێر"ـدا ژمارەیەك لەو كۆمێنتانە وەكو خۆی دەخەینە بەردیدی خوێنەران:
گەورەترین قارەمانی سوتاندنی كتێبی نووسەران
زیرەك عەبدولڕەحمان لە پەڕەی خۆی نووسیویەتی: سوتاندنی دیوانەكەی جەمال غەمبار دوورە لە هەموو مۆڕاڵێك، مرۆڤ سەری دەسوڕمێت، ئاخر هەر ئەوانەی بانگەشەی ئازادی و بەمەدەنیبوونی ئینسان و ڕێزگرتنی وشە دەكەن، ئەوەتا گەورەترین قارەمانی سوتاندنی بەرهەم و كتێبی نووسەرەكانیان لێ دەرچووە، ئەرێ گەلۆ، ئایا نوسینەكانی جەمال غەمبار جگە لە هەستی جوان و بەخشینەوەی خۆشەویستی هەڵگری چاندنی ڕق و كینە بوون لە ناختان؟ تو ویژدانتان كێ هەیە دیوانی "نامبینیت چۆن پایز دەبمەوە"ـی خوێندبێتەوە و فرمێسك لە چاوەكانیدا قەتیس نەمابێت؟
كێ هەیە لە كاتی گوێبیستبوونی خوێندنەوەی شیعرەكانی مەحوی لەلایەن جەمالەوە نەتەزیبێت؟ ئاخر ئەم پیاوە ئەگەر شیعریشی نەنوسیایە ئەو ڕێز و ئەدەبەی هەیەتی بۆ خۆی جۆرێكە لە شیعر، ئافەرین كە ئستمرارییەت دەدەن بە كلتورێكی هێندە سەقەت كە پێشتر لە وڵاتان بە هۆیەوە چەندین ئەدیب و ڕۆشنبیر سەری خۆیان هەڵگرتووە.
وەك ئەوە وایە هەزاران مرۆڤی كوشتبێت
گۆران عوسمان وای نووسیوە: سوتاندنی دەروونێكی پڕ لە خۆشەویستی و میهرەبانییە، سوتاندنی ئەوین و عەشق و سۆزە، وشەكانی جەمال غەمبار دونیایەكە لە ئاوێتەبوونی رۆح، ئاسمانێكی پڕ ئەستێرەیە، كێ ئەتوانێ بێ ئەمانە بە خۆیی بڵێت مرۆڤ، ئەوەی ئەم كارەی كردووە ریسوا بێت، چونكە وەك ئەوە وایە هەزاران مرۆڤی كوشتبێت، لەبەر ئەوەی شیعرەكانی مامۆستا جەمال غەمبار ناخ و رۆحی چەندان مرۆڤ دەهەژێنێت، ریسوا بن.. ریسوا بن بكەرانی ئەم كارە قێزەونە.
رەمەزان هەرنی: بە رای من سوتانی بەرهەمی نووسەر، سوتاندنی وشەی ئازادییە، سوتاندنی روحێكی پاكە، هیچ جیاوازییەكی نییە، ئەمەیە تاوان.
نونە بەختیار: زۆر عەیب و شوورەییە كتێب و بەرهەمی نووسەر بسووتێنرێ، دەك شەرمەزار بن خوایە.
ئاوارە حەمید: سوتاندنی یەك وشەش كوفر و كارەساتە دەبێت هەمووان ئیدانەی بكەین.
زەردەشت حەسەن: هەموو رەتكردنەوەیەك بۆ جیاوازیی دانانی گەرای دیكتاتۆریەتییە لە ناخی مرۆڤەكاندا، بۆیە دەبێت دژی بین.
ئێستایە كە پیاو دەبێت بگری...
بەڵێن ساڵح وا دەڵێت: مەخابن لەم دوورە وەڵاتەوە ئەو هەواڵە ناخۆشانە دەبیستم، كاتێك شیعرەكانی جەمال غەمبار دەسوتێنن، یانی بەخەڵوزكردنی هونەرە جوانەكان، یانی لەباربردنی خەونەكان، یانی داڕمانی پرەنسیپەكانی "ئێمە بە جیاوازییەكانمانەوە جوانین". ئەم پەلەكردنە لە پای چی، ئەم بەگژداچوونەوەیە بۆچی؟
گۆران دوكانی: تاكەی ئەم سڕینەوە و زەڕبە ڕاست و چەپانە بە یەكدیدا بێنین و قبووڵی بەرامبەر نەكەین؟! دەی ئیتر میللەت لەوە زیاتر چی دەوێت؟ دەڵێم: لەبری ڕێزگرتن لەو پیاوە مەزنە، بەوە بشكێتەوە كە پەڕتوكە شیعرییەكانی بسوتێنین؟ غەمبار وتەنی (ئێستا ئەو دەمەیە كە كەون خەلەلی تێدایە، ئێستایە كە پیاو دەبێت بگری!)...
نووسەری كتێبە سووتاوەكان، رای شەخسیی خۆیانە و دەبێت رێز لەو بۆچوونانەیان بگیرێت
مەم بورهان قانع: لە دوو رۆژی رابردوودا و هاوشێوەی ساڵی 2009، لە كەلار، یەك دو دیوانە شیعری "جەمال غەمبار"ـیان سوتاند، وەك چۆن لە ساڵی 2009ـشدا، كتێبەكانی "فەرهاد پیرباڵ"ـیان سوتاندبوو. من بۆ خۆم هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم ئەم سوتاندنی كتێبە ببێتە كولتوور و بە سوتاندنی شیعر و كتێبەكانی نوسەران و شاعیران، گوزارشت لە هەڵوێستی توڕەی خۆیان بەرانبەر ئەو كارەكتەرانە بكەن.
ئەگەر ئەم سوتاندنە، لە بەرانبەر ئەوەدایە: ئەمی دوایینیان بووەتە كاندیدی یەكێتی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و ئەوی دیكەیشیان لە هەڵبژاردنەكەی 25ـی تەمموزی 2009ـدا، پشتیوانی لە بارزانی و پارتی كردووە، ئەوەیان رای شەخسیی خۆیانە و دەبێت رێز لەو قەناعەت و بۆچوونانەیان بگیرێت، هەرچەندە تا سەر ئێسقان دژی بۆچوون و قەناعەتەكانیشتان بێت.
خۆ كتێبەكانیان مایەی هەڕەشە نەبوون
مەم بورهان قانع هەروا دەنووسێت: سوتاندنی كتێب كە خەریكە دەبێتە كولتوور، سەردەمی چاخی ناوەند و حكومڕانیی سوڵتانەكانی عوسمانیمان بیر دەخاتەوە، كە لەو سەردەمانەدا كتێبگەلێ، كە كتێبی فیكری و فەلسەفی و سیاسی بوون، سوتێنران كە دژی سیستمی باو و دەسەڵاتی تەقلیدی بوون، ئێ خۆ كتێبەكانی ئەو شاعیر و نووسەرە، نە هەڕەشەن و نە ئەو كتێبانەشن كە كۆمەڵگەی كوردی ژووراوژوور بكەن.
دەمێكە رۆشنبیر و بیرمەندی گەورە "ڤۆڵتێر" گوتوویەتی: "ئەگەر لەگەڵ بۆچوونەكانیشتدا ناكۆك بم و یەك نەگرمەوە، بەڵام تا مردن داكۆكی لە ئازادیی رادەربڕینت دەكەم".
ئەمە سەرەتای توندڕۆییە، بۆچی ئەم كۆمەڵگەیە بێدەنگە!
جەنگی جەلال: حەماقەت گەیشتە سوتاندنی وشەی جوان و ناسك، بەداخەوە بۆ ئەو كۆمەڵگایەی بێدەنگە لەوە، ئەمە سەرەتای سەرەتاكانە بۆ توندڕۆیی لە هەموو بوارەكاندا.




