میدیا جیهانییەكان كوردستان لە عێراق جیا دەكەنەوە

وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی
پاكستان و عێراق دوان لەو وڵاتانەی جیهانن كە تێیدا ڕەوشی ئاسایش زۆر خراپە و، هەفتانەیش دەیان كەس دەبنە قوربانیی تەقینەوە و توندوتیژییەكان،
هەر ئەمەیش وای كردووە رۆژنامەنووسێكی پاكستانی ئەم دوو وڵاتە وەكو یەك ببینێت، بەڵام رۆژنامەنووسەكە، كوردستان بە تەواوی لە ناوچەكانی دیكەی عێراق جیا دەكاتەوە.
عەلی رێزی رۆژنامەنووس لە گۆڤاری " ئیكسپرێس تریبیون"ـی پاكستاندا بابەتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، كوردستان شوێنێكی زۆر پێشكەوتووە، ئارامی و ئاسایشی تەواوی تێدایە، ناوچەیەكی گەشتیاری سەرنجڕاكێشە.
عەلی ڕێز نووسیویەتی، هەولێر یەكێكە لە دێرینترین شوێنەكانی سەر زەوی و ئێستایش ئەو شوێنە دێرینانە لە ناوەندی شارەكەدا ماون، هەولێر لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پێشكەوتنی گەورەی لە هەموو بوارەكانی دیكەیشدا بەدەست هێناوە.
رۆژنامەنووسەكە تیشك دەخاتە سەر سروشتی پاك و بێگەردی گەلی كورد و، دەڵێت: كوردەكان كەسانێكی زۆر ڕووخۆشن و مامەڵەكردن لەگەڵیان زۆر ئاسانە، ئیدی هەر لەو كەسانەوە بیگرە كە دراوت بۆ دەگۆڕنەوە تاكو دەگاتە ئەو منداڵانەی لە شوێنە جیاوازەكان دەیانبینیت و، كە دەزانن رۆژنامەنووسیت زیاتر لێت نزیك دەبنەوە.
عەلی ڕێز لە بەشێكی دیكەی بابەتەكەیدا دەڵێت، كورد گەلێكە كە هەمیشە شانازی بە كولتوور و ڕابردووی خۆیەوە دەكات، چەندین كەسایەتیی ناسراوی مێژووی كورد بوون، لەوانەش (سەڵاحەدینی ئەیوبی). تەنانەت ئێستاش هێزی ئاسایشی كوردستان ناویان "پێشمەرگە"ـیە و، ئەم ناوەیش ئاماژە بەوە دەكات، ئەم هێزە ئامادەیە گیانی خۆی بۆ نیشتمانەكەی بەخت بكات.
نووسەر باس لە سەردانێكی خۆی بۆ هاوینەهەوارەكانی گەلی عەلی بەگ و بێخاڵ دەكات و، سەرسامی خۆی لە بەرامبەر دڵگیریی سروشتی كوردستاندا دەردەبڕێت.
عەلی ڕیز لە كۆتایی بابەتەكەیدا نووسیویەتی، كوردستان زۆر لە ناوچەكانی دیكەی عێراق جیاوازە، ئێرە شوێنێكە ئارامی و ئاسایشی تەواوی تێدایە، كوردستان شوێنێكی دڵگیرە، ملیۆنەها ساڵ پێش ئێستا خەڵك لێرە ژیاوە، بەڵام ئێستایش لەگەڵ سەردەمی مۆدێرنەدا دەڕوات و، ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر پێش دەكەوێت.




