خەڵك متمانەی بە ئۆپۆزسیۆن نەماوە

ئا:سەعد هەورامی
بڕیار وایە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی هەرێمی كوردستان، 21/9ـی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت و تاكو ئێستاش چەندین قەوارەی سیاسی ناوی خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردنانە تۆمار كردووە، پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ ئاماژە بەوە دەدات كە لەم هەڵبژاردنەدا لایەنی ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت ئەو دەنگانەی كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا بە دەستی هێنا، لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستیان بهێنێتەوە.
ئۆپۆزسیۆن و رەتكردنەوەی بەرانبەر
یەكێك لە جیاوازیی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی كوردستان لە ساڵی 2009ـدا لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پێشووتر، ئەوە بوو كە سێ لایەنی سیاسی لە كوردستاندا یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و حزبی گۆڕان لە بەرەیەكدا كۆ بوونەوە و خۆیان وەك ئۆپۆزسیۆن نیشاندا.
پەرلەمانتاری سەربەخۆی پەرلەمانی كوردستان كاروان ساڵح، پێیوایە كە بە سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا شێوازێكی دیكەی بەخۆیەوە بینی و ئومێدێكی بۆ دەنگە ناڕازییەكان دروست كرد و جوانییەكی دا بە هەرێمی كوردستان و ئومێدێكی لەسەر بونیاد نرا.
كاروان ساڵح دەڵێت "لە سەرەتاوە دەنگ و رەنگێكی جیاواز لەناو پەرلەماندا دروست بوو، ئەوەش وای كرد كە هەموو لایەك چاوەڕێی ئەوە بن ئۆپۆزسیۆن بەرانبەر بەو كورسیانەی كە بەدەستی هێنا، بتوانێت لە رووی مەعنەوی و پێشكەشكردنی بەرنامەیەكی باشەوە خزمەتی خەڵك بكات، بەڵام دواجار هەموو شتێك بووە رەفزكردن و هەموو شتێك لە پێناو سڕینەوەی بەرانبەر و قبوڵنەكردنی بەرانبەردا بوو، ئەوەش وای كرد كە خەڵك ئەو متمانەیەی بە ئۆپۆزسیۆن نەمێنێت."
چاودێری سیاسی عەتا شێخ حەسەن ـیش پێیوایە كە هەبوونی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستاندا خۆی شتێكی نوێ بوو لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان، بەڵام بەداخەوە ئەوان لە كوردستاندا نەیانتوانی مۆدیلێكی نوێی راستەقینە لە چەمكی ئۆپۆزسیۆنبوون مومارەسە بكەن.
عەتا شێخ حەسەن دەڵێت "لە ماوەی رابردوودا ئۆپۆزسیۆن پێچەوانەی كاری ئۆپۆزسیۆنبوونی راستەقینە كاریان كردووە و ئەوەندەی كە بینیمان نەیانتوانی وەكو هێزێكی نیشتمانی بێنە مەیدان."
بەدەستهێنانەوەی متمانە
لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی پێشوودا، لایەنی ئۆپۆزسیۆن چەندین بەڵێنی قەبە و گەورەی بە هەوادار و لایەنگرانی خۆی دا، بەڵام بە رای چاودێرانی سیاسی، لایەنی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی هیچ یەكێك لەو بەڵێنانە بەجێ بگەیەنێت.
كاروان ساڵح پێیوایە كە حزب ئامرازە بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئامانجی هەموو حزبێكیش گەیشتنە بە دەسەڵات، بۆیە كاتێك كە تۆ نەتوانی بە هۆی پڕۆژەكانتەوە سەرنجی شەقام رابكێشیت و نەتوانی ئەو بەڵێنانەی كە بە خەڵكت دا جێبەجێیان بكەیت، پێموایە ناتوانیت هەمان دەنگی جاران بەدەست بێنیتەوە.
ئەو هەروەها دەڵێت "من پێموایە گۆڕانكاریی زۆر جەوهەری لە خولی چوارەمی پەرلەماندا روو دەدات بۆ هاتنەكایەی دەنگ و رەنگی جیاوازتر بەپێی ئەو شتە سەرەتاییانەی كە لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەوە دەیبنین كە 16 قەوارەی تازە خۆیان تۆمار كردووە."
عەتا شێخ حەسەنیش پێی وایە كە ئۆپۆزسیۆن خۆی دەبێت لە چەمكە سەرەكییەكاندا شەریكی دەسەڵات بن وەك پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەریی نیشتمان و پاراستنی پرۆسەی سیاسی و ئەوەیش بە هەموو لایەك دەكرێت و ئۆپۆزسیۆنیش بەشێكە لە پرۆسەی سیاسی، بەڵام ئۆپۆزسیۆن لە كوردستاندا نەتیوانی مۆدێلێكی ریفۆرمی سیاسی و چاكسازیی سیاسی لە كوردستاندا پێشكەش بكات.
ئۆپۆزسیۆن و خەڵك
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە كە لە چوار ساڵی رابردوودا لایەنی ئۆپۆزسیۆن زیاتر بۆ بەرژەوەندییە حزبییەكانی خۆیان كۆشاون و نەیانتوانیوە بچووكترین كار بكەن بۆ ئەو كەسانەی كە دەنگیان پێدان.
كاروان ساڵح ئاماژە بەوە دەدات كە لە هەڵبژادنەكانی ئەمجارەدا نە ئۆپۆزسیۆن وەك خۆی دەمێنێتەوە و نە دەستەڵاتیش وەك خۆی و دەڵێت "پێموایە كۆمەڵێك دەنگ و رەنگی جیاوازتر و ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە لە خولی ئایندەدا دروست دەبێت كە لە چەندین قەوارە و لایەنی دیكە پێك دێت كە ئۆپۆزسیۆنێكی هەمەڕەنگ و هەمەدەنگ بێت كە لە ئاست دەنگ و خواستەكانی خەڵكدا بێت، ئۆپۆزسیۆنێك دروست دەبێـت كە لەسەر مەسەلەی خزمەتگوزاری و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و چاكسازی ململانێ لەگەڵ دەستەڵاتدا دەكات".
ئەو هەروەها ڕوونی دەكاتەوە "پێموایە لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە حكوومەتێكی بنكەفراوانتر پێك دێت و ئەو قۆرخكارییەی كە ئۆپۆزسیۆن كردوویەتی و تەنیا ئەو سێ لایەنە نامێنن، بەڵكو كەسانی دیكەش دروست دەبن."
عەتا شێخ حەسەن ـیش دەڵێت "پێموایە كە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت ئەو دەنگانەی كە بەدەستی هێناون بە دەستیان بهێنێتەوە، چونكە ئەوەی كە بەدەستیان هێنا دەنگی ناڕازیی حزبەكانی دیكە بوون و بە تایبەت ئەو دەنگانەی بزووتنەوەی گۆڕان هی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون كە ئەو كات بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دابەزی و ئەمجارە بە لیستی جیاواز دادەبەزێت، بۆیە لێرەوە دەنگەكانی یەكێتی بۆخۆی دەچێت نەك بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، لە هەمان كاتدا ئەگەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش وەك نموونە وەربگرین، ئەوە دەزانین كە لایەنی ئۆپۆزسیۆن چۆن تووشی شكست هاتووە و حاڵەتێكی دەروونیی لای ئەوان دروست كردووە".
گۆڕان و لایەنە ئیسلامییەكان
ئێستا هەر سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن لە زۆرێك لە پڕۆژە هاوبەشەكانیشیان کە لە رابردوودا كە دەیانویست لە هەرێمی كوردستاندا كاریان لەسەر بكەن، نەیتوانیوە بگەنە رێككەوتنێك و دوا پڕۆژەشیان مەسەلەی كاندیدكردنی كەسێك بوو بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم.
عەتا شێخ حەسەن ئاماژەی بەوە دا كە ئەوەی هەردوو لایەنی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان وەكو لایەنی عیلمانی كۆ كردووەتەوە، تەنیا ئیزدواجییەتی سیاسییە، یان بڵێین تاكتیكی ئیزدواجییەتی سیاسییە و هەردوو لا بە ئیزدواجییەتی سیاسی بۆ یەكگرتوویی ئۆپۆزسیۆن كار دەكەن و، بۆیە لەژێر سەقفی یەك ئۆپۆزسیۆندا كۆ بوونەتەوە، ئەگەر نا هیچ شتێكی دیكە لە رووی فیكری و ئایدۆلۆژییەوە كۆیان ناكاتەوە.




