٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

رۆژنامەنووسانی كەركووك لە هەمبەر خراپیی رەوشی ئەمنی هەڵویست وەردەگرن

سەرچاوە: Hewler

دوایین تەقینەوەی تیرۆریستیی شاری كەركووك، هەڵوێستی رۆژنامەنووسانی شارەكەی بەدوای خۆیدا هێنا و خۆپێشاندانێكی هێمنانەیان لە بەردەم تەلاری پارێزگای كەركووك رێك خست، بەڵام پارێزگاری كەركووك لێی نەپرسینەوە و تەنانەت هێزە ئەمنییەكانیشی بۆ پاراستنی گیانی خۆپێشاندەران رانەسپارد.

تەقینەوە تیرۆریستییەكەی نێو یەكێك لە گازینۆیەكانی گەڕەكی واستیی نێو شاری كەركووك، هەڵچوونی دانیشتووانی كەركووكی لێكەوتەوە، بەڵام ئەو هەڵچوونە لە ژمارەیەك رۆژنامەنووسدا بەرجەستە بوو، كە بووە هۆی رێكخستنی خۆپێشاندانێكی هێمنانە لە بەردەم تەلاری پارێزگای كەركووكدا، كە جێی نیگەرانیی پارێزگاری كەركووك و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پۆلیس بوو، چونكە نەك گوێبیستی داواكاریی خۆپێشاندەران نەبوون، بەڵكو ئامادە نەبوون تەناهیی رۆژنامەنووسە خۆپێشاندەرەكانیش بپارێزن.

رۆژنامەنووس ژیار عەلی بە توندی پلانی ئەمنیی پۆلیسی رەخنە كرد و گوتی "هەرجارێك كە فەرماندەی گشتیی پۆلیس پلانی ئەمنی رادەگەیەنێت، دوابەدوای پلانەكە كردەوەی خوێناوی روو دەدات، واتا هەر زوو تیرۆریستان پلانی پۆلیس پووچەڵ دەكەنەوە و پەیامێكیان ئاڕاستە دەكەن كە پۆلیسی كەركووك لاوازە و توانای بەجێگەیاندنی پلانی ئەمنیی نییە."

ژیار عەلی ئاماژەی دا كە دەبێ‌ پۆلیسی كەركووك بۆ پاراستنی رەوشی ئەمنی بیر لە میكانزمی نوێ‌ بكاتەوە، یان ئەوەتا بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس دەست لەكار بكێشێتەوە و پۆستەكەی بۆ كەسێكی شیاو جێ بهێڵێت، چونكە بە راستی رەوشی ئەمنیی كەركووك بەم جۆرەی ئێستا ئیدارە نادرێت."

خراپبوونی رەوشی ئەمنی، دانیشتووانی كەركووكی بە تەواوی نیگەران كردووە و خەڵكی بوێریی ئەوەیان نەماوە روو لە شوێنە گشتییەكان بكەن، ئێستا گەنجان لە گۆشەی ژوورەكانی ماڵەوەیاندا دەقیان گرتووە و ناوێرن روو لە هیچ شوێنێكی كاتبەسەربردن و شادیبەخش بكەن.

ئاكام سەردار لاوێكی تەمەن 20 ساڵانە، بە رەشبینییەوە گوتی "ناوێرم بۆ هیچ شوێنێكی كاتبەسەربردن بچم، بە هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز زۆر خۆشحاڵ بووم، چونكە شەوانی رەمەزانی كەركووك زۆر خۆشە و یاریی سینی و زەرف لە گازینۆكاندا بەڕێوە دەچێت، دوو شەوی یەكەمی رەمەزان بۆ سینی و زەرف چووم، بەڵام چیتر ناوێرم بۆ گازینۆكانیش بچم، ئاخر پێشتر لە گازینۆكاندا تەقینەوە رووی نەدابوو."

تەنیا كەسێك كە بە دەم داخوازیی رۆژنامەنووسە خۆپێشاندەرەكانەوە هات، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نەجات حوسێن بوو كە هاتە نێو خۆپێشاندەران و پاش وەرگرتنی داواكارییەكانی خۆپێشاندەران، پێی راگەیاندن "پۆلیسی كەركووك پێشێلكاری و ناپاكیی تێدایە، پلانە ئەمنییەكانیشیان لاوازن، بۆیە پێویستە رێوشوێنی توندتر بگرنە بەر، میكانزمی نوێتر بەكار بهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا كەسانی دڵسۆز لەنێو ریزەكانی پۆلیسدا هەن، چەندین شەهیدیان بەخشیوە."

جێی ئاماژەیە، داواكاریی خۆپێشاندەران بریتی بوو لە هەشت خاڵ كە ئەمانەن: یەكخستنەوەی هەردوو ئاسایش، گواستنەوەی بارەگا حزبییەكان بۆ دەرەوەی شار، دانانی بازگەی پێویست و هەڵواسینی كامێرای چاودێری و تەواوكردنی خەندەق، گۆڕانكاریكردن لە پۆستە باڵاكانی نێو سێكتەری پۆلیس و لیژنەی ئەمنیی پارێزگادا، دانانی هێڵی پێوەندیی گەرم، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، پێنەدانی هیچ پۆستێكی ئەمنی بەو كەسانەی لە دەرەوەی كەركووك نیشتەجێن.

پێویستە بگوترێ‌ كە كەركووكییەكان لە ئاست خراپیی ئیدارەدانی رەوشی ئەمنیی كەركووك زۆر بێدەنگن، بەڵام بە گوتەی رۆژنامەنووسان خۆپێشاندانی ئەوان ئەگەرچی ژمارەشیان كەم بوو، لێ‌ فاكتەرێكی باش دەبێ‌ بۆ شكاندنی بێدەنگیی دانیشتووانی كەركووك و پێیانوایە كە نابێ‌ چیتر خەڵكی كەركووك كپبوون هەڵبژێرن، بەڵكو پێویستە كەمتەرخەمیی پۆلیسی كەركووك قبووڵ نەكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار