٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان د. ئەرسەلان باییز: پەلە لە نووسینەوەی رەشنووسی دەستووردا نەكراوە

سەرچاوە: Hewler

سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان د. ئەرسەلان باییز، ڕایگەیاند كە لە ئێستادا گۆڕانكاریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری دروست بووە و وای كردووە داوا بكرێت دەستوور جارێكی تر پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، ڕوونیشی كردەوە كە نووسینەوەی رەشنووسی دەستووری هەرێم، پەلەی تێدا نەكراوە.

لە بارەی پرسی دەستوورەوە د. ئەرسەلان باییز رایگەیاند "پێش 11 ساڵ ئەم پرۆژەیە كاری لەسەر كراوە، بە یاسا لیژنەیەكی لە پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان بۆ پێكهاتووە كە ژمارەیان 19 كەس بووە، پاشان و دوای ئامادەكردنی رەشنووسەكە تێبینیی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی لەسەر وەرگیراوە و لەگەڵ 5 هەزار تێبینیی پسپۆڕان و هاووڵاتیانی هەرێم، دواتر لەپەرلەمان تەنها دەنگی‌ لەسەر دراوە لە كۆی 97 پەرلەمانتار 96 پەرلەمانتار دەنگیان بۆداوە، پێشتریش 36 حزبی كوردستان لەشاری كۆیە رەزامەندییان لەسەر پیشان داوە، بۆیە لە پەرلەمانی‌ كوردستان تەنها یەك پیتی‌ رەشنووسی‌ دەستوور گفتوگۆی‌ لە سەر نەكراوە، تەنها دەنگی‌ لەسەر دراوە".

سەرۆكی‌ پەرلەمان هەروەها راشیگەیاند "ئەو ماوە درێژە ئەوە دەسەلمێنی كە نووسینەوەی رەشنووسی دەستوور پەلەی تێدا نەكراوە، دوای هەموو ئەوانە یەك ملیۆن و دووسەد هەزاری لێ‌ چاپ كراوە و لەرێگای بریكاری خۆراكەوە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش كراوە، بەڵام بە هۆی‌ ئامادەنەبوونی‌ كۆمسیۆن لە كاتی خۆیدا دەستوور نەخرایە راپرسی و ماوەی 4 سال مایەوە، لە ئێستاشدا گۆڕانكاریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری دروست بووە و وای كردووە داوا بكرێت دەستوور جارێكی تر پێداچوونەوەی بۆ بكرێت و ئەمەش بووەتە داواكارییەكی هەمەلایەنە".

سەبارەت بە درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان كە ئێستا یاساكەی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە ئیمزا كراوە بۆ 1/11 بە مەرجێك هەڵبژاردن لە 21/9 و لەكاتی خۆیدا بكرێت لەگەڵ درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم، د. ئەرسەلان باییز روونی كردەوە "ئەو دوو درێژكردنەوەیە دوای هەموو هەوڵەكانی‌ سەرۆكی پەرلەمان بووە بۆ لای لایەنە سیاسییەكان بە بێ جیاوازی بۆ رێككەوتن لەسەر پرسی دەستوور بۆ لەیەكنزیككردنەوەی‌ هەڵوێستەكان كە لە یەك دوور بوون، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان تووشی بۆشایی یاسایی و دەستووری نەبێت ئەو ماوانە درێژ كرانەوە ئەمەش بۆ ئەوەیە كە لایەنە سیاسییەكان كاتی زیاتریان پێ بدرێت تا بگەن بە رێككەوتن و هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی یاسایی و سیاسی دەربازی ببێت".

جێی باسە، ئەم وتانەی سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان و ئەندامی‌ مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان د. ئەرسەلان باییز، دوێنێ لە میانەی‌ بەڕێوەچوونی‌ كۆڕێكدا هات كە لە مەڵبەندی‌ 3ـی‌ رێكخستنی‌ (ی ن ك) لە شاری‌ هەولێر، بەڕێوە چوو.

هەواڵی پەیوەندیدار