سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان: * پێشنیازێكمان خستووەتە بەردەم سەرۆكی هەرێم كە بڕیارەكەی پەرلەمان رەت نەكاتەوە

سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و ئەندامی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغدا محەممەدی حاجی مەحموود، لەبارەی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی بۆ بەغدا كە بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، بە ڕۆژنامەی "هەولێر"ـی راگەیاند: سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ چەند پرسێكی تایبەت بە كێشەی نێوان هەرێم و بەغدایە، لەوانەش پرسی گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پرسی نەوت و غاز و هەروەها پرسی پێشمەرگە، لە میانی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم و شاندە هاوڕێكەی كە لەسەر ئاستی حزبی و حكوومییە، سەرۆك بارزانی چاوی بە سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی دەكەوێت.
لە وەڵامی پرسیارێكی ڕۆژنامەی هەولێردا سەبارەت بەوەی كە ئایا سەردانەكەی سەرۆك بارزانی چ پێشكەوتنێك لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دێنێتە كایەوە، محەممەدی حاجی مەحموود گوتی "دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پرسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی خستە بەرنامەی خۆیەوە، سەردانی سەرۆكی هەرێم پێشكەوتنێكی باش لە پەیوەندییەكان دێنێتە ئاراوە بە تایبەت دوای خاوبوونەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا". سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، هەروەها ڕوونیشی كردەوە كە گەشبینن دوای ماوەیەك زۆر لە كێشەكان چارەسەر دەكرێت.
محەممەدی حاجی مەحموود سەبارەت بە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لەگەڵ هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی دیكە، ڕایگەیاند: جارێ سەرۆكی هەرێم هیچ بڕیارێكی نەداوە، بەڵام بە شێوەی مەبدەئی ناڕازییە". ئەو گوتیشی ئێمە پێشنیازێكمان خستووەتە بەردەم سەرۆكی هەرێم كە بڕیارەكەی پەرلەمان ڕەت نەكاتەوە، بەڵام بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك كە هەمووان لەسەری كۆك بن، دەكرێـت بڕیارەكە بكرێت بە شەش مانگ یان ساڵێك، تا گەیشتن بە سازانی نیشتمانی و چارەسەركردنی كێشەكان و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو، سەرۆك بارزانی ـیش پێشنیازەكەی پێ خراپ نەبووە.
سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لەو لێدوانە تایبەتەدا بۆ رۆژنامەی "هەولێر" هەواڵێكی كەناڵی "كەی ئێن ئێن" ڕەت دەكاتەوە كە گوایە جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی ئەوی راسپاردبێت تا سەرۆكی هەرێم رازی بكات یاسای درێژكردنەوەی پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئیمزا بكات.
ئەو گوتی "ئەمە هەمووی تەحلیلی میدیای ئۆپۆزسیۆن خۆیانە، من تەنها بەتەنگ بارودۆخەكەوە بووم". جەختیشی لەوە كردەوە كە تەنیا بۆ بەرگریكردن لە یەكێتی و پارتی ئەو پێشنیازەی كردووە كە نابێت پارتی و یەكێتی ئیحراج بن، چونكە بە بڕوای ئەو تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، تێكچوونی هەموو شتەكانە.
لەبارەی ڕازیبوونی ئۆپۆزسیۆن بە چارەسەری كورتكردنەوەی بڕیارەكەی پەرلەمان بۆ كەمتر لە دوو ساڵ، محەممەدی حاجی مەحموود گوتی "ڕێگاچارەیەكی دیكە نییە، بڕیارەكە دراوە".
گوتیشی "ئێمە وەك حیزبی سۆسیالیست دوو ساڵمان پێ زۆرە، بەڵام دەكرێت بڕیارەكە بۆ ساڵێك یان شەش مانگ بگۆڕدرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری پرسە یاساییەكان". ئەو هەروەها ئاماژەشی دا كە ڕەنگە دوای هەڵبژاردنەكان هەندێك چارەسەری تر بكرێت.




