٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

ئەرسەلان بایز:نەوشیروان مستەفا پێی وتم ڕازیم بە هەڵبژاردنەوەی مەسعود بارزانی

سەرچاوە: Hewler

سایتی هەولیر
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەرسەلان بایز، لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەی گەرماوگەرمی كەناڵی ئاسمانیی گەلی كوردستاندا، تیشكی خستە سەر چەندین لایەن و گوتی كە پێش ئەوەی ئەو دوو پڕۆژەبڕیارە پەسەند بكرێت، سەردانی لایەنە سیاسییەكانی كردووە و رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان ڕازی بووە بە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتیی مەسعود بارزانی بۆ چوار ساڵی دیكە.

سەرۆكی پەرلەمان ڕوونیشی دەكاتەوە "سەردانی ئەمیری كۆمەڵم كرد و لە ڕۆژی 27/6 كاتژمێر 6ـی ئێوارە سەردانی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانم كرد و بە تێروتەسەلی گفتوگۆمان كرد، نەوشیروان مستەفا لێی پرسیم ئایا سیناریۆی ئێوە چییە؟ منیش پێم گوت سیناریۆی ئێمە ئەوەیە دەمانەوێت بۆ ماوەیەك و لە بەرژەوەندیی گەل هەڵبژاردنەكان دوا بخرێن، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا مەجالمان زیاتر بێت بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ڕەشنووسی دەستوور و سازانی نیشتمانی لەسەر بكرێت، هەروەها ئەو بڕگە و ماددانەی كە پێویستن هەموار بكرێنەوە، با هەموار بكرێنەوە، ئینجا بخرێتە بەردەمی پەرلەمان و دواتر ریفراندۆمی لەسەر بكرێت".

ئەرسەلان بایز هەروەها ئاماژەی دا "دواتر سیناریۆكانی تریشم پێ گوت یەكێك لەوانە، پێم گوت ناكرێت لەم زروفەی ئێستادا بۆشایی یاسایی دروست بێت، چونكە دروستبوونی ئەو بۆشاییە، ئەزموونی هەرێمی كوردستان تووشی كێشەیەكی گەورە دەكات، من بۆ ئەوە هاتووم كە قسە لەگەڵ جەنابت بكەم بۆ ئەوەی بەیەكەوە ڕێگەچارەیەك بدۆزینەوە، نەوشیروان بە دەق پێی گوتم، من یەك وشەم هەیە، ئەگەر جێبەجێی بكەن هاوكاریتان دەكەم، پێم گوت ئەو كەلیمەیە چییە، گوتی با سەرۆك لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت، منیش وەڵامم دایەوە، سەرۆكی هەرێم و لایەنی دیكە دەڵێن با سەرۆك لەناو خەڵك هەڵبژێردرێتەوە، چونكە خەڵكی كوردستان لە پەرلەمان گەورەترن، ئەندام پەرلەمانەكان نوێنەری خەڵكن، بەڵام خەڵكیش هەن نوێنەریان نییە لە پەرلەمان، نەوشیروان گوتی ئەگەر ئەو داوایەم جێبەجێ بكەن، ئەوا ئامادەم بۆ چوار ساڵی دیكە، بۆ دوو دەورەی دیكە سەرۆكایەتیی هەرێم درێژ بكەینەوە، پشتیوانیشی لێ بكەین".

لەبارەی دەستكەوتەكانی پەسندكردنی دوو پڕۆژەیاساكە، ئەرسەلان بایز گوتی "ماوەی سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان لە 20/ 8 تەواو دەبێت، ناكرێت ئێمە بێ پەرلەمان و سەرۆكی هەرێم بین، چونكە بارودۆخی كوردستان هەمووی دەوەستێت، بۆیە لەو ڕۆژەی كە ماوەی پەرلەمان كۆتایی پێدێت تا ئەو ڕۆژەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت و پەرلەمانتارەكان سوێند دەخۆن،
دەبێ ماوەی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە، ئەمە یەكەم جار نییە و لە خولی پێشووش هەر وا بووە، بۆیە ئێمە لە چوارچێوەیەكی یاساییدا پڕۆژەیاساكەمان پەسند كردووە، ئەوان بەرهەڵستیی ماوەی درێژكردنەوەی پەرلەمانیان نەكرد، بەڵكوو لەگەڵ وادەی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتیی هەرێم نەبوون، ماوەی سەرۆكایەتیی هەرێمیش ئەگەر درێژ نەكرێتەوە، بۆشاییەكی یاسایی دروست دەبێت، چونكە ئەگەر پەرلەمان هەڵبژێردرێت، كێ پێیان دەڵێت كۆ ببنەوە و سوێند بخۆن؟ بڕیارەكانی پەرلەمان كێ تەسدیقی دەكات؟
كێ دەڵێت نوێنەری گەورەترین كوتلە لە پەرلەمان با حكوومەت پێك بهێنێت؟ بۆیە بۆشایی یاسایی دروست دەبێت، هەر كەسێكیش لە یاسا بزانێت، درك بەوە دەكات كە درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێم یاساییە، ئەمە شتێكی تازە نییە و پێشتریش هەر وا كراوە". سەرۆكی پەرلەمان هەروەها گوتیشی كە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، پێش پەسندكردنی پڕۆژەیاساكان پشێوییان ناوەتەوە

هەواڵی پەیوەندیدار