٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك:بە چاودێری ئەنجوومەنی پارێزگا، بوودجەی گەشەپێدان بەسەر ناوچەكاندا دابەش دەكرێت

سەرچاوە: Hewler

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك د. فازڵ عومەر لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەی "هەولێر"ـدا باس لە دەستەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كوردستان دەكات و، بە دەسەڵاتێكی لاواز ناوی دەبات، دەڵێت ئەوە 8 ساڵە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كوردستان بێ یاسا كار دەكەن، بۆیە تا ئێستا لە كوردستان یاسایەك نییە دەسەڵاتی ئەنجوومەن و پارێزگار لە یەكتر جیا بكاتەوە.

* ئایا دەسەڵاتی پارێزگار، هۆكاری كەمكردنەوەی دەستەڵاتی ئەنجوومەن نییە؟

- ئەنجوومەن یاسای نییە كاری پێ بكات، بەڵام پارێزگار یاسای هەیە، یاسا دەسەڵاتی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن لێك جیا دەكاتەوە، بەڵام ئەگەر یاسا نەبێت ئەنجوومەن چۆن دەتوانێت كار بكات، ئەنجوومەن وەك پەرلەمانێكی بچووكی پارێزگایە بۆ چاودێریكردنی پڕۆژەكان، دەبێت یاسا هەبێت تا تۆ بتوانیت سەر پەرشتی پڕۆژەكان بكەیت بەڵام بەداخەوە هیچ یاسایەك نییە، كێشە لەوەدایە ئەنجوومەنی پارێزگاكان بە پێی یاسای ژمارە 71ـی بریمەر دیاری كراون، ئەو یاسایە لە عێراق بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەی 2003ـەوە دروست بوونە كار پێ كرا، بەڵام لە كوردستان كار بەو یاسایە نەكرا كەچی ئێمە وەك ئەنجوومەنی پارێزگاكان بە پێی ئەو یاسایە هەلبژێردراوین، دوای 5 ساڵ و لە ساڵی 2009 یاسایەكی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوو و سەرۆكی هەرێم ئیمزای لە سەر كردووە، ماددەی 41 لەو یاسایەدا هەیە دەڵێت ئەو یاسایە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی داهاتوو كاری پێ دەكرێت، یاسای ژمارە 59ـیە كە لە ساڵی 1969ـدا دەرچووە هەر سێ پارێزگاكانی كوردستان بە پێی ئەو یاسایە كار دەكەن نەك بە یاسای نوێ، ئەوەیش پێچەوانەی دەستوورە، ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كوردستان بێ یاسان، بەڵام پارێزگاکان بە پێی یاسای ناوخۆ كار دەكەن.

* پێت وا نییە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كوردستان دەسەڵاتێكی لاوازی هەیە؟

- حكومەت بەیاسا دەكرێت، ئەگەر یاسا نەبێت ئەنجوومەن چۆن دەتوانێت كار بكات، بۆ نموونە ئەگەر ئێمە چاودێری بەڕێوەبەرایەتیەك بكەین كە سەر بە وەزارەتێكە، ئەو وەزارەتە یاسای خۆی هەیە، بۆیە ئەو بەڕێوەبەرایەتیە بە یاسای ئەو وەزارەتە كار دەكات، نەك بە یاسای ئەنجوومەن، ئەگەر یاسا نەبێت ئەنجوومەن بە چ یاسایەك مافی ئەوەی هەیە چاودێری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بكات.

* ئێوە تا چەند دەسەڵاتی دیاریكردن و سەرپەرشتی پڕۆژەكانتان هەیە؟

- ئێمە لیژنەیەكمان هەیە بۆ چاودێریكردنی كاری حكومەت و، هیچ ڕێگر لە بەردەم ئێمە نییە كە ئێمە چاودێری پڕۆژەكان بكەین، بە تایبەتی بوودجەی گەشەپێدانی هەرێمەكان کە پارەی ئەنجوومەنە، ساڵانە ئێمە لەگەڵ پارێزگار ئەو بوودجەیە بەسەر هەموو ناوچەكان دابەش دەكەین و بە چاودێری ئەنجوومەن پارەكە سەرف دەكرێت، بۆیە ئێمە ڕۆڵێكی باشمان لەو بوودجەیەدا هەیە، بەڵام هەر لە بەر نەبوونی یاسا ناتوانین هیچ پەیوەندیەك لەگەڵ هیچ بەڕێوەبەرایەتیەکدا ببەستین.

* ئێوە تا چەند لەگەڵ دواكەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانن؟

- بۆ ئەوەی پڕۆسەی دیموكراسی لە كوردستان بەباشی بەڕێوە بچێت، باشترە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە كاتی خۆیدا بكرێت و دوانەكەوێت، چەند هەڵبژاردنەکە زووتر بكرێت باشترە، بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی بێ یاسا ڕزگار بین.

* ئەگەر هەلبژاردن كرا خۆت دەپاڵێویتەوە؟

- تا ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا دەسەڵاتی سیاسی لیست پێشكەش دەكەن، منیش بە حزبێكی سیاسیەوە گرێدراوم و بۆ ماوەی ٨ ساڵە لەو پۆستەدام، ئەگەر ئەو حزبە منی بۆ ئەو پۆستە پێ باش بوو خۆم دەپاڵێومەوە.

* بۆچی تا ئێستا دیاردەی زێدەڕۆیی لە هەندێك شوێنی دهۆك هەرماوە؟

- زێدەڕۆی لەسەر كەرتی كشتوكاڵی ڕەنگە لە هەندێك شوێن هەبێت، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەكی فراوان خەڵك زێدەڕۆیی بكات ئەو شتە نییە، ئێمە بەردەوام بە دواداچوون بۆ ئەو مەسەلەیە دەکەین و هەوڵ دەدەین ئەو زیادەڕۆیانە نەمێنن، هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەكانیش بە دواداچوون بۆ ئەو كێشەیە دەكەن، ئێستا ئەگەر حاڵەتی واش هەبێت هۆكار ئەوەیە موڵكی كوردستان موڵكی حكومەتە، كەواتە دەكاتە موڵكی گشتی بۆیە پێویستە زەوی كوردستان تاپۆ بكرێت لە سەر خەڵك، هەروەها تا ئێستا یاسامان نییە بتوانین هەر كەسێك زێدەڕۆی بكات ڕایبكێشینە دادگا، دەبێت وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان دادگایەكی كارگێڕیی دروست بكەن بۆ ئەو كەسەی زێدەڕۆی دەكات بچێتە دادگە نەك قایمقام و، پۆلیس بچێت خانووی ئەو هاووڵاتییە بڕوخێنێت، پێویستە دادگا بەو كارە هەستێت.

* فڕاكسیۆنەكانی ناو ئەنجوومەنی دهۆك تا چەند هاوكارن؟

- چوار گرووپی سیاسی وەك پارتی، یەكێتی، یەكگرتوو، حزبی شوعی لە ناو ئەنجوومەندا كار دەكەن، لە ماوەی 8 ساڵی ڕابردوودا وەك برا لەو ئەنجوومەنەدا كارمان كردووە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەوەوە دێت كە هیچ لە ئەندامەكانی حیزبەكانی تری ناو ئەنجوومەن بۆ حیزبەكەی ئیشی نەكردووە، بەڵكوو هەموومان پێكەوە هاوكاربووینە.

* ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك تا چەند ئاگاداری ئیحالەكردنی
پڕۆژەكانە؟

- هەموو ساڵێک لیستی پڕۆژەكان، تایبەت پڕۆژەكانی گەشەپێدانی پارێزگاكان دێنە ئەنجوومەن و ئێمەیش كۆبوونەوەی لە سەر دەكەین و پڕۆژەكان پەسەند دەكەین، لەلایەكی ترەوە لە کاتی ئەنجامداندا كاتێك بەڵێندەرێك پڕۆژەیەك دروست دەكات، بەردەوام چاودێریی ئەو پڕۆژەیە دەكەین.

هەواڵی پەیوەندیدار