كەس نییە بە قەد خەڵكی كوردستان رێز لە من و هونەرەكەم بگرێت

لە یەكەم دیمانەی ڕۆژنامەنووسیدا دوای چاكبوونەوەی، كە دوو ساڵ لەمەوبەر لە شاری ئیستەنبوڵ لە ناوچەی شیشلی و، لە بەردەم هۆڵی ئاهەنگی هەفتانەی ئیبۆ شۆ هێرش كرایە سەری و، لە ئەنجامدا چەندین نەشتەرگەریی بۆ كرا، هونەرمەندی ناسراو ئیبراهیم تاتلیساس تایبەت بە ڕۆژنامەی "هەولێر" دوا و باسی لەوە كرد كە سەردانی ئەمجارەی بۆ كوردستان پڕ دەبێت لە چالاكی و جەماوەری خۆشی دڵنیا دەكاتەوە كە وەكو جاران بە هەمان دەنگی خۆی دێتەوە سەر تەختی شانۆ و ئەمجارەشیان كلیپی گۆرانییەكی تازەی كرمانجی لە هەولێر وێنە دەگرێت.
تاتلیساس كە پێرێ گەیشتەوە هەولێر و ڕاستەوخۆ بەشداریی لە چالاكییەكانی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێردا كرد، لەوێدا ئەو دیمانەی لەگەڵ "هەولێر" ساز كرد، ئەو خۆشەویستیی خۆی بۆ خەڵكی كوردستان دووپات كردەوە كە بە درێژایی ئەو دوو ساڵە بەردەوامبوون لە هەواڵپرسینی، تەنانەت هەندێك لە هونەردۆستان لە كوردستانەوە بە تایبەت چوونە سەردانی بۆ نەخۆشخانە، ئەمەیش لە لای تاتلیساس مانایەكی گەورەی هەیە و، بووە بە مایەی ئەوەی كە پتر لە جاران پەیوەست بێت بە خۆشەویستیی خەڵكی كوردستان.
جەماوەرەكەی دڵنیا دەكاتەوە
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 2 ساڵ بەسەر ئەو كارەساتەی كە بەسەری داهات، ئێستا باری لەشساخی و تەندروستییەكەی چۆنە؟ ئیبۆ گوتی: ئەوەی كە ڕووی دا كارەساتێكی گەورەبوو بۆ من، كە ژیانی خستمە مەترسییەكی گەورە، تەنانەت هەموو چاودێرانی تەندروستیم پێیانوابوو كە ئیتر ناتوانم جووڵە بكەم، بەڵام بە پشتیوانیی خوا و، دوای چەندین نەشتەرگەریی لەم كارەساتە ڕزگارم بوو، بەتایبەتی دوای ئەو نەشتەرگەرییە قورسەی كە لە نەخۆشخانەكانی ئەڵمانیا بۆم ئەنجام درا، كە قورسترین نەشتەرگەریی بوون.
دوای ئەوە ڕۆژ بە ڕۆژ تەندروستیم بەرەو چاكبوونەوە چوو، تەنانەت ئێستا بە تەواوی گەڕامەوە بۆ باری ئاسایی خۆم و دەنگیشم وەكو جارانە و، هیچ گرفتێكم نییە كە دەست بكەمەوە ملی هونەر، كە دنیای جوانی منە و لە پێناویدا دەژیم.
بەرنامەیەكی تازە بۆ ژیان
تاتلیساس بە زەردەخەنەوە ئەوەی پێڕاگەیاندین كە ئەو كارەساتەی ڕوویدا، ڕاستە زۆر تاڵ بوو، بەڵام وای لێكرد زیاتر لە جاران هەست بە لەزەتی ژیان بكات، تەنانەت دەڵێت:
"ڕۆژانە بەپێی بەرنامەیەك وەرزش دەكەم و، ئاگام لە جۆری خواردنی خۆمە و، هیچ شتێك بەبێ بەرنامە ناكەم كە ببێتە مایەی بێزاریم، ئەوەتانێ ماوەیەكە خۆم بۆ سیدییەكی تازە ئامادە دەكەم كە بریتییە لە چەندین گۆرانیی تازە لەوانەش دوو گۆرانیی بە كرمانجی كە گوزارشتە لە خۆشەویستیی و ئەڤین كە سەرمایەكی جوانە بۆ مرۆڤ، سیدییە تازەكەیشم لە كۆتایی مانگی 9 دا دەكەوێتە بازاڕەكانی كوردستان و جیهان، بەو هیوایەم توانیبێتم دوای دوو ساڵ لە دابڕانم لە كارێكی هونەری كارێكی جوان پێشكەش بكەم.
ئێستایش دەنگم وەك جارانە
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئاخۆ دەنگی وەكو جارانە؟، یان ئەو كارەساتە دەنگی گۆڕیوە؟
تاتلیساس گوتی: هەموو خەڵك بە تایبەتی دۆستەكانم ئاگاداردەكەمەوە كە دەنگم هەروەكو جارانە و، بە هەمان خۆشەویستیی جاران دێمەوە سەر شانۆ، بگرە ئێستا حەزم لە هەموو كاتێك زیاترە، چونكە لە ناخی خۆمدا هەست بە غوربەتی دەكەم، كە لە هەموو كاتێك زیاتر پەرۆشم بۆ كاری هونەری، چونكە هەرگیز بەبێ هونەر ناژیم، هونەر بۆ من هەموو ژیانە نەك بەشێكی ژیان بێت، تەنانەت هەرگیز بەبێ هونەر هەڵناكەم.
خۆشحاڵم بەوەی لە كوردستانم
جوانترین هەستدەربڕینی تاتلیساس ئەوە بوو، كە دەڵێت: كەس نییە وەك خەڵكی كوردستان لە من بگات و، كەسیش نییە بە قەد ئەوان ڕێز لە من و هونەرەكەم بگرێت، بۆیە لە ناخەوە ئەو وڵاتەم خۆش دەوێت كە هەموو مانایەكی خۆشەویستییان بە من بەخشی، بۆیە جگە لە هونەرەكەم بەشداری لە بیناسازیی كوردستاندا دەكەم، لەوانەیش دروستكردنی یاریگا و باڵاخانەی جوان لە زاخۆ، كە لەسەر جوانترین دیزاین بینا دەكرێت، ئەوەی راستی بێت خۆشترین كاتم ئەوەیە كە لێرە خۆم دەبینمەوە، چونكە خەڵكی كوردستان زۆر هونەرپەرستن، من كە لێرەم هەرگیز هەست بە نامۆیی ناكەم، ئەو هەستەش ڕاستگۆیی تەواوی تێدایە، بگرە ئەوپەڕی بە ختەوەری.




