كردە چەكدارییەكانی پەیەدە بە پیلانگێڕیی رژێمی سوریا بۆ سەر هەرێمی كوردی رۆژئاوای كوردستان ئەنجام دەدرێ

لەكاتێكدا ناوچە و شارە عەرەبنشینەكانی سوریا خەڵتانی خوێن بووە و رۆژانە بەتێكڕا زیاتر لەسەد هاوڵاتی سووریی بەدەست هێزەكانی رژێمی بەعسی سوریا دەكوژرێن، بەڵام ناوچە كوردییەكان بەبێ هیچ شەڕ و پێكدادانێكی ئەوتۆ، لەلایەن هێزە ئاسایشیی و سەربازییەكانی رژێمی سوریاوە چۆڵكران و دەستبەجێ هێزەكانی سەر بەپارتی یەكێتی دیموكراتی پەیەدە ئەو شوێنانەیان گرت، ئەمەش بووە هۆی ورووژاندنی بابەتی رێككەوتنی نێوان رژێم و ئەو هێزانەی نزیك لە پەكەكه، لەلایەكی دیكە چەند هەفتەیەكە بەشێوەیەكی رەشەكوژییانە هێزەكانی پەیەدە دەستیان كردووە بە كوش و بڕی هاووڵاتیانی كوردی بێ دیفاعی ناوچە كوردنشینەكان بەتایبەتی لە شارەكانی عامودە قامیشلۆ.
چەند رۆژێكە پەلاماری هێزە چەكدارییەكانی پارتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتیك پەیەدە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و بارەگای پارتە سیاسییەكانی كورد لە شاری عامودای رۆژئاوای كوردستان بەردەوامە و كوژراو و بریندار هەیە و چالاكوانانی سیاسی و خەڵكیش ترسیان لە دروستبوونی شەڕی براكوژی هەیە.
بەپێی ئەو وردەكاریی و زانیارییانەی لە رۆژئاوای كوردستان دەستكەوتوون، چەند رۆژێكە چەكدارانی پەیەدە لە شاری عامودا پەلاماری چەكداری خۆپیشاندانێكی مەدەنی خەڵكی شارەكە دەدەن و دەرئەنجام سێ كەس بە ناوەكانی نادر مەحمود خەلۆ، سەعید عەبدولباقی و شێخێ عەلیكا بە گولـلـەی پەیەدە گیانیان لە دەستداوە و هەروەها منداڵێكی بچووكیش بە ئۆتۆمبیل لەلایەن گرووپێكی چەكداری پەیەدە كوژراوە. سەرچاوەكان دەڵێن: هەر لە دەرئەنجامی ئەو پەلامارە چەكدارییەی پەیەدە بۆ سەر عامودا، بارەگاكانی پارتی یەكێتی، الپارتی و پارتی ئازادی كورد لە سوریا سووتێندراون و دەنگۆی ئەوەش هەیە كە ئەندامێكی پارتی یەكێتی بە ناوی ئاراس كوژرا بێت.
لەمبارەیەوە زیاتر روونكراوەتەوە: كاتژمێر چواری بەرە بەیانی هەینی رابردوو چەكدارانی پەیەدە لە گەڕەكی شەرقی و غەربی عامودا هێرشی سەر دوو بارەگای الپارتیان كردووە و هەردوو بارەگاكەیان سووتاندووە.
ئاڵۆزییەكانی شاری عامودا بەهۆی پەلاماردانی هاوڵاتیان لەلایەن چەكدارانی پەیەدە لە زیادبووندایە و چاودێرانی سیاسی و خەڵكیش نیگەرانن لە پەرەسەندنی رەوشەكە و ترسیان لە هەڵگیرسانی شەڕی براكوژی هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەم كردە چەكدارییەی پەیەدە بە پیلانگێڕیی رژێمی سوریا بۆ سەر هەرێمی كوردی رۆژئاوای كوردستان دەزانن.
لە بارەی بریندارانی توندوتیژییەكان، تاكو ئێستا ئەوەی ئاشكراكراوە بریتین لە زیاتر لە 10 هاوڵاتی برینداربوون، یەكێك لە بریندارەكانی بە ناوی عەزیز قرنۆ بەهۆی سەختی برین و بەمەبەستی چارەسەركردن رەوانەی توركیا كراوە و هەر یەك لە سوار حتۆ، ئیدریس عەبدێ، ئەحمەد حاج محەممەد، مەحمود دەقوری و عەلام مزگین بچو لە ناوبریندارەكاندا هەن كە خەڵكی مەدەنین و لە ناو خۆپیشاندانەكەی شەوی هەینی رابردوو بە دەستڕێژی پەیەدە پێكێندراون.
خۆپیشاندانەكەی شەوی هەینی رابردوو بۆ پشتیوانی لە ئازادكردنی سێ چالاكوانی سیاسیی خەڵكی عامودا دژ بە پەیەدە بەڕێوەچوو كە ئەو سێ چالاكوانە 10 رۆژ لەمەوبەر بە بیانووی مادەی هۆشبەر دەستگیركرابوون، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئەو سێ چالاكوانە سیاسییە لە 2004ـەوە سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكانی رۆژئاوای كوردستانیان كردووە دژ بە رژێمی سوریا.
دوای دانوستان و رێككەوتنی پارتە سیاسییەكانی رۆژئاوا لەگەڵ پەیەدە بۆ ئازادكردنی هەر سێ چالاكوانەكە، بڕیاربوو پەیەدە هەر سێ چالاكوانەكە ئازاد بكات، بەڵام پێچەوانەی رێككەوتنەكە تەنیا یەكێكی ئازاد كرد و دووانەكەی دیكەی هەر لە زینداندا هێشتۆتەوە، ئەمەش بۆتە توڕەیی خەڵكی شارەكە و بۆ پشتیوانی لە ئازادی پەنایان بۆ خۆپیشاندانی مەدەنی بردووە و لە بەرامبەردا بە دەستڕێژ وەڵامیان دراوەتەوە. لەلایەكی دیكە سەرۆكی حزبی ئەلپارتی سوریا باسی ئەوە دەكات كە پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD و باڵە سەربازییەكی YPG، لایەنگری حكومەتی سوریا دەكەن. لەو بارەیەوە عەبدولحەكیم بەشار سكرتێری گشتیی ئەلپارتی ئاماژە بەوە دەدات: پارتە كوردییەكان هەوڵدەدەن پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی دیموكراتی لەگەڵ دەوڵەتی سوریا بپچڕن. سایتی خەبەری 24 لەوبارەیەوە لەزاری عەبدولحەكیم بەشار سەرۆكی ئەلپارتییەوە نوسیویەتی: لەناو پارتە كوردییەكانی سوریادا ڕەوتێك دژی ئەسەدەو ڕەوتێك كە پەیەدەو باڵە سەربازییەكەی دەگرێتەوە پشتیوانی لەحكومەتی بەشار ئەسەد دەكەن. عەبدولحەكیم بەشار ئاشكرایكردووە: پەیوەندی دەوڵەتی سوریا لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی ناسراو بەیەكینەكانی پاراستنی گەل YPG ئاشكرایەو پێویستی به بەڵگە هێنانەوە ناكات.
هەروەها سكرتێری پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سووریا رایدەگەیەنێت، كە قبوڵ ناكەن PYD كۆنترۆڵی رۆژئاوای كوردستان بكات. ئاماژە بەوەش دەكات بەشار ئەسەد سێ جار داوای كۆبوونەوەی لێكردووەو ئەو رەتیكردووەتەوە.
لەلایەكی دیكە لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا هەریەك لە بزووتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكراتی و رێكخراوی قامیشلۆی ئەلپارتی، ئیدانەی توندوتیژییەكانی عامودە دەكەن.
لە بەیاننامەیەكدا لیژنەی جێبەجێكاری بزووتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكراتی، كە ئاراستەی رای گشتیی كردووە، هەندێك لایەن بە هەوڵدان بۆ نانەوەی فیتنەو ئاژاوە تۆمەتبار دەكات و رایدەگەیەنێت سەرمان سوڕماوە لەوەی چەند لایەنێكی كوردی بە ئاشكرا دەیانەوێت دەستكەوتەكانی رۆژئاوای كوردستان لەناو ببەن.
لە بەیاننامەكەی بزووتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكراتیدا ئەوەش هاتووە چەند رۆژێك لەمەوبەر بەشێك لە لایەنە كوردییەكان كە بەكرێگیراوی ئەجێندای دەرەكین و دوژمنی گەلی كوردن بە هەموو توانای خۆیانەوە كاریان كرد بۆ هەڵگیرساندنی ئاژاوە لە ریزی گەلەكەمان بۆ تێكدانی باری ئاسایشی ناوچەكە، چونكە ئەو سەقامگیرییە لەگەڵ سیاسەتە دوژمنكارانەكانی ئەوان یەكناگرێتەوەو لە بەرژەوەندیی ئەوان نییە.
هاوكات رێكخراوی قامیشلۆی ئەلپارتی، لە بەیاننامەیەكدا پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD تۆمەتبار دەكات بە سووتاندنی دوو نووسینگەی حیزبەكەیان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای قامیشلۆو رایگەیاندووە لەكاتی بەپیرەوەچوونی هاووڵاتییان بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە چەكدارانی YPGبۆ ترساندنی هاووڵاتییان تەقەیان بەسەردا كردوون.
ئەوەش هاتووە ئەو كارەیان دەبێتە هۆكاری زیاتر دروستكردنی رق و كینە لەنێو رۆڵەكانی گەلی كورد و پەلكێشكردنیان بۆ ململانێی كوردو كورد. بەیاننامەكەی رێكخراوی قامیشلۆی ئەلپارتی،YPG بە ئەنجامدانی هەموو خراپەكارییەك تۆمەتبار دەكات و دەڵێت: دەبێتYPG هەموو ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرێت.
لەلای خۆیەوە ساڵح موسلیم لەبارەی توندوتیژییەكانی رۆژئاوای كوردستانەوە دەدوێت و دەڵێت: ئەوەی روودەدات پیلانێكی داڕێژراوە. هاوكات هۆشداریش دەدات لەوەی كە لە هیچ لایەنەنێكی كوردی قبوڵ ناكەن تێكەڵی هێزەكانی جەبهەتولنەسرە ببن.
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتیPYD دەربارەی گرژیی و ئاڵۆزییەكانی عامودە رایگەیاندووە: ئێمە بەو رووداوە دڵگرانین و چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەكرد رووداوەكە بەو ئاستە بگات.
ساڵح موسلیم گوتیشی: ئێمە نامانەوێت گەنجانمان بكوژرێن و داوا لەسەرجەم پارتەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكەم با دەست بەدەستی یەكەوە بدەین و ئەگەر هەر كەموكورتییەكیش هەبێ بەیەكەوە چارەسەری بكەین نەك بكەوینە ناو پیلان و تێكەڵ بە جەبهەتولنەسرە ببین.
هاوسەرۆكیPYD بێئاگایی خۆی لە دەستگیركردنی فەنەر سەعدون، بەرپرسی نووسینگەی ئەلپارتی لە قامیشلۆ دەربڕی و گوتی بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكرێت. سالح موسلیم وێڕای ئیدانەكردنی سوتانی بارەگاكانی ئەلپارتی لە قامیشلۆ و پارتی ئازادی لە عامودە گوتی: هەر پارتێكی كوردی تێكەڵ بە پیلانی دژە كورد بێ و یارمەتی جەبهەتولنەسر بدات، لێی قبوڵ ناكرێت




