توركمانەكانی خورماتوو هێزێكی تایبەتیان بۆ پێكدەهێنرێت
شاندێكی باڵای حكوومەتی فیدراڵی عێراق سەردانی خورماتووی كرد و لەسەر داوای توركمانە شیعەمەزهەبەكان بڕیاری دا فەوجێكی پۆلیسی ئامادە لە نەتەوەكانی خورماتوو پێكبهێنرێ و هێزێكی ڕابوونیش تایبەت بە توركمانەكان پێكبهێنرێت، ئەمەیش ناڕەزایی كورد و عەرەبەكانی ناوچەكەی لێ كەوتەوە.
پاش چەندین ڕۆژ لە خۆپێشاندانی توركمانە شیعەمەزهەبەكانی خورماتوو، دەرئەنجام شاندێكی باڵا لە بەغداوە بە سەرۆكایەتیی حوسێن شەهرستانی وەزیری وزەی عێراقی، بە مەبەستی لە نزیكەوە گوێگرتن لە خۆپێشاندەران گەیشتنە خورماتوو، شاندەكە پێكهاتبوون لە وەزیری وەرزش و لاوان، وەزیری شارەوانییەكان و نیشتەجێبوون، وەزیری كۆچ و كۆچبەران، بریكاری پێشكەوتووی وەزارەتی ناوخۆ.
شاندی حكوومەتی فیدراڵی لە بارەگەی سەنتەری گەنجانی خورماتوو لەگەڵ نوێنەری خۆپێشاندەران كۆ بووەوە، كە ئەمە جێی نیگەرانیی ئەنجوومەن و ئیدارەی شارۆچكەكە بوو، چونكە بە گوتەی ئەوان ئاگادارنەكراونەتەوە لەو هاتنە و بانگهێشتی كۆبوونەوەكەیش نەكراون، بەڵام دواجار ئەنجوومەن و ئیدارەی خورماتوو خۆیان بۆ بەشداریكردن لەو كۆبوونەوەیە چوون و پاشانیش بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد.
ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خورماتوو سەباح جومعە ڕوونی كردەوە كە هۆكاری بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكە لە لایەن قەوارەی كورد و عەرەبییەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ڕێگەیان پێنەدراوە سەرنجی خۆیان بخەنە ڕوو، جگە لەوەی بڕیاری پێكهێنانی هێزێكی ڕابوون تایبەت توركمانەكان دراوە، هەروەها بڕیار دراوە فەوجێكی هێزی ئامادە لە نەتەوەكانی خورماتوو پێكبهێنرێ كە %50ـی لە نەتەوەی توركمان بێت.
سەباح جومعە ئاماژەی دا كە كۆبوونەوەكە بێبەها بووە، چونكە پێشتر بڕیار دراوە توركمانەكان پڕچەك بكرێن و گوتی "شاندەكە بە ئامانجی پڕچەككردنی توركمانەكان هاتبوو، جگە لەوەی ویستیان شكۆی ئەنجوومەن و ئیدارەی شارۆچكەكە بشكێنن، بۆیە ئێمە وەك قەوارەی كوردی و عەرەبی ڕەوایەتی بەو بڕیارانە نادەین و ڕێگەیش نادەین توركمانە شیعەمەزهەبەكان هێزێكی تایبەت بە خۆیان هەبێت."
سكرتێری پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەددین نیازی میعمار ئۆغلۆ كە بەشداربووی كۆبوونەوەكە بوو، ڕەتی كردەوە پێكهێنانی فەوجی ئامادە %50ـی بۆ توركمان بێ و گوتی "ئەو فەوجە بە یەكسانی لە نێوان پێكهاتەكاندا دابەش دەكرێ." بەڵام پشتڕاستی كردەوە كە هێزێكی ڕابوون تایبەت بە توركمانەكان دادەمەزرێ و 500 جەنگاوەر لەخۆ دەگرێت."
نیازی میعمار ئۆغلۆ گوتیشی "جگە لە پێكهێنانی ئەو دوو هێزە، بڕیار دراوە خانەوادەی قوربانییەكان قەرەبوو بكرێنەوە و پڕۆژەی شەقامی دەوروبەری خورماتوویش بە زووترین كات كاری تێدا بكرێت."
سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوی نێو كۆبوونەوەكەی شاندی باڵای حكوومەتی بەغدا و توركمانەكان پێی ڕاگەیاندین كە بریكاری پێشكەوتووی وەزارەتی ناوخۆ عەلی ئەسەدی لە نێو كۆبوونەوەكەدا فەرمانی بە وەزارەت كردووە هێزێكی تێهەڵقورتانی خێرا بگاتە شارۆچكەی خورماتوو، ئەم هەنگاوەی عەلی ئەسەدی لایەنی كوردی تووڕە كرد و ناچاربوون هێزەكانی پێشمەرگە بخەنە ئامادەباشییەوە بۆ بەرگرتن لە هەر هێزێك لە بەغداوە بێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خورماتوو سەباح جومعە ئاشكرای كرد كە ئەم هەنگاوەی بەغدا بۆ ئەوەیە نێوانی كورد و توركمان تێكبچێ، چونكە پێیانوایە بە تێكچوونی ڕایەڵەی كورد و توركمان، پێوەندی كورد و توركیایش كێرڤی دادەبەزێ و كێشەیان تێدەكەوێ، ئەمەیش بۆ ئێران بە سوودە كە ئامانجیەتی




