سەرۆكی پێشووی زانكۆی سەڵاحەددین دكتۆر محەممەد خۆشناو: سەرۆكی حكوومەت بۆ دروستكردنی كەمپی زانكۆ درێغی نەكردووە
سەرۆكی پێشووی زانكۆی سەڵاحەددین دكتۆر محەممەد خۆشناو لە دیمانەیەكی ڕۆژنامەی "هەولێر"ـدا ئاماژەی دەدات كە پلانی دروستكردنی كەمپی زانكۆی سەڵاحەددین لە ساڵی هەشتاكانەوە هەیە، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەی كە بەسەر عێراق و كوردستاندا هات نەتوانرا جێبەجێ بكرێت.
* هەنگاوی یەكەم بۆ دروستكردنی كەمپی زانكۆی كەی و بە چ مەبەستێك نرا؟
- ئەم هەوڵە لە سەردەمی من نەبووە و پێش ئەوەیش من ببم بە سەرۆكی زانكۆ لە ساڵی 2004ـدا هەوڵی دروستكردنی كەمپی زانكۆی سەڵاحەددین درا بوو، لە ساڵی هەشتاكان حكوومەتی عێراقی لەو شوێنەی ئێستایش كە بۆی دیاری كراوە كە نزیك بازگەی هەولێرە كە لەو كاتەدا كۆمپانیایەكی فەڕەنسی هات، دیزاینێكیان بۆ كەمپەكە دروست كرد، ئەو كات دیزاینەكە بۆ 6 تاكوو 8 كۆلێژ بوو، ئەوەیش دیزاینێكی بچووك بوو، بەڵام لەو ڕۆژەی كە من وەك سەرۆكی زانكۆ دەست بەكار بووم، گرنگترین كار لای من دروستكردنی كەمپی زانكۆ بوو كە لە یەكەم هەوڵیشمدا ئەو دیزاینەی كە لە لایەن كۆمپانیا فەڕەنسییەكەوە لە ساڵانی هەشتاكان بۆ كەمپی زانكۆ كرا لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی فەڕەنساوە هێنامانەوە، ئەو كات لیژنەیەكی تایبەت بەو كارەم بە سەرۆكایەتیی د.كەمال دروست كرد بوو، ئەوە بوو لیژنەكە بڕیاری دا كە ئەو دیزاینە بەكار نایەت و دەبێت دیزاینێكی دیكەی بۆ بكرێت.
* هەنگاوی دوای ئەوە چیتان كرد؟
- بە سوپاسەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خودی نێچیرڤان بارزانیش زۆر هاوكاری ئەو بابەتە بوو، ئەو كات چوار ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كرد، دوای ماوەیەك دیزاینی كەمپەكە درایە كۆمپانیایەكی نەرویجی، ئەو ماوەیە دووساڵ زیاتری خایاند، تاكوو كۆمپانیایەكی باش بۆ دیزاینی هەڵبژێردرا و ئەو دیزاینەیش كە ئێستا بۆی كراوە، دیزاینێكی زۆر باشە و مودێرنە، ئەوەیش بڵێم كە لە هەموو هەنگاوەكانی ئەو پرۆسەیە خودی كاك نێچیرڤان ئاگاداری بوو، ئەوە بوو دیزاینەكە لە ساڵی 2008ـدا تەواو كرا و هەندێك كاری مابوو كە لە سەرەتای 2009ـەوە دیزاینەكە بە تەواوەتی وەرگیرایەوە.
* ئەو پڕۆژەیە دواكەوت و نەدەبووایە زووتر بكرایە؟
- ئەو هەوڵە لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو درا، بەڵام بەهۆی ئەوەی حكوومەتی بەعس خەریكی شەری ئێران – عێراق بوو، نەیدەویست پارە لەو شوێنانە خەرج بكات و پاش ئەوەیش كە ڕاپەڕین كرا، پارەیەكی وانەبوو، پڕۆژەیەكی لەو شێوەیە دروست بكرێت، بەڵام دوای ئازادیی عێراق و وەرگرتنی بەشەنەوت لە حكوومەتی عێراق، ئەوە یەكێك بوو لەو پڕۆژانەی كە هەوڵی جێبەجێكردنی درا، بۆیە منیش دەڵێم، زۆر دواكەوتووە بەڵام بكرێت باشترە، وەك ئەوەی نەكرێت.
* دروستكردنی ئەو كەمپە لە ڕووی زانستییەوە تا چەند كاریگەریی باشی دەبێت؟
- ئێستا زانكۆی سەڵاحەددین وەك خۆی ماوە، كولێژەكان پەرت بوون و هەریەكەی لە شوێنێكە، بەڵام ئەگەر بتەوێت كەشوهەوایەكی زانستی ڕێكوپێك هەبێت، باشترە زانكۆ هەمووی لەناو كەمپێكدا بێت و هەموو شوێنەكانی لە سەرۆكایەتیی زانكۆ نزیك بن، لە نەخشەكە كۆلیژەكان، بەشەناوخۆیی قوتابیان و كتێبخانەكان لە یەكتر نزیكن، تەنانەت هۆتێل هەیە بۆ ئەو میوانانەی كەسەردانی قوتابییەكانیان دەكەن و شوێن بۆ مانەوەیان هەیە، ئەوانەیش هەمووی كاریگەریی زۆر باشی لەسەر پرۆسەی خوێندن دەبێت.
*ئایا دروستكردنی ئەو بینایە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی زانستی بەسە، یان پێویستە لە پاڵ ئەوەشدا گرنگی بە لایەنی زانستیی مامۆستاكان بدرێت؟
- مامۆستا كۆڵەگەی سەرەكیی هەموو پرۆسەی خوێندنە هەر لە سەرەتاییەوە بیگرە تاكو دوا قۆناغی خوێندن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەبوونی بینایەكی گونجاو بۆ خوێندن یارمەتی بەشەكانی دیكەی ئەو پرۆسەیەیش بۆ بەرەوپێشەوەچوونیان دەدات. مامۆستا و هۆڵی خوێندن ئەگەر لە یەك شوێن بن، دەتوانن باشتر یارمەتیی پرۆسەكە بدەن و لە هەمان كاتیشدا تاقیگەكان نزیكن و دەتوانن زۆربەی بەشەكان سوودی لێ وەرگرن.
* تۆ چەند ساڵێك سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین بوویت و لە 2009ـوە ئەو زانكۆیەت جێهێشتووە، ئاستی ئێستای زانكۆی سەڵاحەددین چۆن دەبینیت؟
- من چەند ساڵە ئەو زانكۆیەم جێهێشتووە، بۆیە ڕەنگە هەر شتێك بڵێم ڕەنگە مونسف نەبم و پەیوەندیشم بەوێوە نەماوە و خانەنشین كراوم و ئێستا سەرۆكی زانكۆی فەڕەنسی لوبنانیم، بەڵام من هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم، پێموایە ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی زۆر گرنگە و سوودی بۆ قوتابی، مامۆستا و توێژەكانی ناو كۆمەڵگەیش هەیە و شارستانییەتێكی زۆر باشیشە بۆ شاری هەولێر، لە هەمان كاتدا لە دیزاینەكەدا بیر لەوە كراوەتەوە كە ڕەسانیەتی قەڵا و منارە كۆ بكرێتەوە و ئەمیش شێوەیەكی مۆدێرن دەبێت، ئەوانە هەمووی دیراسەتی لەسەر كراوە و مامۆستایەكی زۆر بەشدارییان تێدا كردووە و كەسانی بە ئەزموونیش هاتوونەتە ناو بابەتەكەوە، هیوادارم بە شێوازی دیزاینەكە دروست بكرێت، دەست خۆشیش لەوانە دەكەم كە لە یەكەم هەنگاوەوە كارییان لەسەر كردووە.
* لە ڕووی دیزاینەوە زۆریك لە پڕۆژەكان كەموكورتی زۆریان تێدا دەردەكەوێت، ئەم دیزاینەی كەمپی زانكۆ ڕەچاوی زیادی قوتابی و كۆلێژەكانی تێداكراوە؟
- حسابی هەمووشتێكی بۆ كراوە، حسابی فراوانبوونی بۆ كراوە و ئەو كۆمپانیایەیش كە ئەو دیزاینەی كردووە یەكێكە لە كۆمپانیا زۆر باشەكانی دنیا و پێموایە ڕەچاوی هەموو شتی تێدا كراوە.
* ڕۆڵی كاك نێچیرڤان بارزانی لە سەرەتاوە تاكوو ئێستا چۆن بووە؟
- لەو كاتەوەی من سەرۆكی زانكۆ بووم كاك نێچیرڤان هیچ درێغی نەكردووە، لەسەرەتایشەوە ئێمە پارەمان بۆ دیزاینەكەی داوا كردبوو، پارەكەی خەرج كرد و زۆریش لای مەبەست بوو ئەو زانكۆیە دروست بكرێت، ئەو كاتەیش داوامان لە كۆمپانیاكە كرد كە بزانین ئەو كەمپە چەندی تێ دەچێت كە بەپێی تەقدیر زیاتر لە میلیارێك دۆلار بوو كە دەبووایە ئەو پارە لە بودجە دابین بكرێت، ئەوەبوو كە كاك نێچیرڤان بڕیاری دا كە ساڵانە پەنجا ملیۆن دۆلار بە زانكۆی سەڵاحەددین بدات، بۆ ئەوەی كارەكانی پێ بكات، لە ساڵی 2007ـەوە و لە ڕێگەی كاك نێچیرڤانەوە پەیوەندی بە كۆمپانیایەكەوە كراوە كە ئەو كارە بەشێوەی قست بكات، بۆ ئەوە بتوانرێت لە جێبەجێكردنی دوانەكەوێت، لە كۆتاییدا هیوادارین كەمپێكی لەو شێوەیە دروست بكرێت كە شانازی پێوە بكەین، وەك چۆن شانازی بە قەڵا و منارەوە دەكەین.




