٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

چوار فاكتەرەكەی مەرحەلەی دووەمی قۆناغی چارەسەری

سەرچاوە: KDP.info

عەبدولقادر سەلڤی

كاتێك كە هەفتەمین شاندی بەدەپە بە مەبەستی چاوپێكەوتن لەگەڵ ئوجەلاندا سەردانی ئیمراڵی كرد، ئەنجومەنی وەزیرانی توركیایش كۆ بوویەوە و باسی چۆنیەتی دەستپێكردنی مەرحەلەی دووەمی قۆناغی چارەسەری و پاكێجە ئامادە كراوەكانی خۆی كرد. ئەمە دووەمین جارە كە وەفدی بەدەپە رووبەرووی ئاستەنگی دەبێتەوە و حكوومەت مۆڵەتی رۆیشتن بە سرری سۆرەیا ئۆندەر نادات سەردانی ئوجەلان بكات، بەڵام هیچ كەسێكی دیكەیش لە جیاتی ئۆندەردا پێشنیار نەكراوە كە سەردانی ئیمراڵی بكات. بە هۆی چالاك بوون و باش هەڵسەنگاندنی قۆناغی چارەسەری لە لایەن سرری سۆرەیا ئۆندەرەوە هەر كەس دەزانێت كە لەم قۆناغەدا ناوبراو خاوەن چە جۆرە رۆلێكی گرنگە.

بە هۆی بەشداری كردنی ئوندەر لە خۆپێشاندانەكانی پاركی گەزی بەشێكی حەرەكەتی كوردی ( كونگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك) هەر وەكو حكوومەتی توركیا تۆزێك لە بەرامبەر ئۆندەر حەساسیەتی نەواندووە. بەڵام من پێم وایە كە سرری سۆرەئا ئۆندەر بە هۆی رۆلە چالاكەكەی كە بۆ دەست پێكردنی قۆناغی چارەسەری گێراویەتی لە داهاتوودا بۆ دەستپێكردنی مەرحەلەی دووەم و سەرخستنی ئەم مەرحەلەیە دووبارە بە شێوەیەكی چالاك بەشداری پێ دەكرێت و بێگومان دەتوانێت رۆلێكی زۆر ئیجابیش بگێرێت. بۆیە من پێم وایە كە مۆڵەت نەدان بە سرری سۆرەئا ئۆندەر هەڵوێستێكی كاتی حكوومەتی توركیایە.

بە هۆی رووداوەكانی پاركی گەزی و خۆپێشاندانەكانی مەیدانی تەقسیم لە نێو كۆمەڵگەی توركیادا بازاری قۆناغی چارەسەری كزبوونی بە خۆیەوە بینی. بە گوتەی ژوناسان پاوڵ كە بۆ چارەسەر كردنی كێشەی ئیرا و ئەتا رۆلێكی یەكجار گرنگی بینیوە، رووداوەكانی پاركی گەزی هەر هەمووی ئوكسیژنی توركیایان هەڵمژی. بێگومان ئەمە راستییە چوونكە كاتێك كە ماڵتان ئاگر بگرێت بەر لە هەر شتێك هەوڵ بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە دەدەین. توركیا توانی ئاگرەكە كونترۆڵ بكات و ئێستە كات كاتی ئەوەیە كە لە كوێ راوەستا بووین دووبارە دەست پێ بكەینەوە، چوونكە پرسی كورد و چارەسەر كردنی پرسی كورد كارێكی لاوەكی نییە بەڵكو مەسەلەی مان و نەمانی توركیایە.

فاكتەری ناوداری جیهانی( ژوناسان پاوڵ ) كە تا ئێستە بۆ چارەسەر كردنی چەندین كیشەی گەورە رۆلی بینیوە دەڵێت: قۆناغی چارەسەری وا بە ئاسانی لە سەر یەك هێڵی راست بە ریوە ناچێت بەڵكۆی رێگای چارەسەری رێگایەكی ناهەموار و پر لە هەوراز و نشێوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە كە ئیرادەی چارەسەری لاواز نەكرێت.

ژوناسان پاوڵ سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا دەڵێت: ئەم قۆناغە بۆ توركیا زۆر زۆر حەساسە و خاڵی گرنگی ئەم قۆناغە ئەوەیە كە دەبێت نێوانێكی زۆر نەكەوێتە نێوان هەنگاوەكانی حكوومەت و ئاگربەستی پەكەكە، ئاگر بەست فاكتەرێكی زۆر گرنگی دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەرییە بۆیە پێویستە حكوومەتیش هەنگاوی تەواو كەری ئاگربەست بنێت، بەڵام ئەگەر بۆشایەتییەك بكەوێـتە نێوان ئاگربەست و هەنگاوەكانی دەوڵەت ئەوا توندوتێژی ئەو بۆشایەتییە پردەكاتەوە و قۆناغەكە پەرتەواز دەكرێت. پێویستە حكوومەتی توركیا زۆر هۆشیار بێت چوونكە چەندە ئەم قۆناغە درێژتر بكاتەوە ئەوا مەترسی روودانی رووداوی ناخوازراو زۆرتر دەبێت.

رووداوەكانی پاركی گەزی و خۆپێشاندانەكانی مەیدانی تەقسیم ئەوەیان سەلماند كە پرسی كورد و چارەسەر كردنی ئەم پرسە گرنگترین كێشەی توركیایە بەڵام هاوكات نیشانەی ئەوەن كە كاتێك توركیا نزیكی چارەسەر كردنی ئەم پرسە دەبێتەوە ئەوا ناحەزانی چارەسەر كردنی پرسی كوردیش دەتوانن دەست بە نانەوەی ئاژاوە بكەن و قۆناغەكە ئاستەنگ بكەن. نموونەی ئەم جۆرە رووداوانە لە باشووری ئەفریقا رووی داوە، كاتێك كە باشووری ئەفریقا دەستی بە چارەسەر كردنی كێشەی خۆی كرد كەمینە سپی پێستەكان بە مەبەستی دژایەتی كردنی قۆناغی چارەسەری دەستیان بە خۆپێشاندان كرد و ئەو خۆپێشاندانانە لە ماوەیەكی زۆر كەمدا بوون بە تێكۆشانێكی چەكداری لە دژی چارەسەر كردنی پرسەكە.

هەر چەند تا ئێستە عەقڵیەتە سپییەكەی توركیا بۆ دژایەتی كردنی چارەسەری پرسی كورد دەستی بۆ چەك نەبردووە، بەڵام سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان لە كۆبوونەوە جەماوەرییەكانی پارتەكەی خۆیدا دوای رووداوەكانی گەزی سووربوونی حكوومەتی توركیای بۆ چارەسەر كردنی ئەم پرسە راگەیاند و گوتی" هیچ هێز و هیچ لایەنێك ناتوانێت قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و دیموكراتیزە كردنی توركیا لاواز بكات.

لە مەرحەلەی یەكەمی ئەم قۆناغەدا دەبوایا حەرەكەتی كوردی هەنگاوی نابا، لەم چوارچێوەیەدا پەكەكە دەستی راگرتنی هێرشە چەكدارییەكانی خۆی و كێشانەوەی هێزەكانی خۆی كرد و وردە وردە خەریكە كۆتایی بە كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە دێت. بەر لە كۆتایی هاتنی پروسەی كێشانەوە، مەرحەلەی دووەمی قۆناغی چارەسەری كە مەرحەلەی هەنگاونانی حكوومەتی توركیایە دەست پێدەكات و لەم مەرحەلەیەدا چوار خاڵ یا چوار فاكتەری گرنگ هەیە و پێویستە دەوڵەت دەست بە جێبەجێ كردنیان بكات.

یەك- زەمینە خۆش كردن بۆ پەروەردە بە زمانی زگماكی.

دوو- رەش كردنەوە و سڕینەوەی مەرجەكانی یاسای هەڵبژاردنە هەرێمییەكان.

سێ – كەم كردنەوە و دابەزاندنی ئەو سزایانەی كە لە یاسای دژە تیرۆر، یاسای سزا و یاساكانی ئازادی خۆپێشاندان و گردبوونەوەكاندا دەستنیشان كراون.

چوارەمین هەنگاویش دوای ئەوە دێت كە پەكەكە بە رەسمی رابگەینێت كە وازی لە شەڕی چەكداری هێناوە، كاتێك كە پەكەكە واز هێنانی خۆی لە شەڕی چەكداری راگەیاند ئەوا حكوومەتیش چوارەمین هەنگاو جێبەجێ دەكات و چوارەمین هەنگاویش ئازاد كردنی ئوجەلان نییە بەلًكو بەرفراوان كردنی بازنەی یاسای گەڕانەوە بۆ ماڵەوەیە.

سەرچاوە. یەنی شەفەق

 

هەواڵی پەیوەندیدار