٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

پارتی چۆن پاڵێوراوان بۆ پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات؟

سەرچاوە: Hewler

ئا:سەعد هەورامی

پسپۆڕی، ئەزموون و لێهاتوویی مەرجی سەرەكی پاڵێوراوەكانە

بڕیاروایە 21ـی ئەیلوولی ئەمساڵ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە دەكات كە پارتی ئەمجارە بە لیستی جودا بەشداریی هەڵبژادنەكان دەكات.

هەموو پێكهاتەكان لەخۆ دەگرێت
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی دیاركردنی كاندیدەكانی خۆیانن بۆ ئەندامانی پەرلەمان، پارتی دیموكراتی كوردستان ـیش وەكوو لایەنێكی سەرەكی لەناو گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان ئێستا لە هەوڵی دانان و دیاركردنی پاڵیوراوەكانیەتی بۆ هەڵبژادنەكەی 21ـی ئەیلوول.

بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان عەلی حوسێن ئاماژەی بەوەدا كە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لیستێكی جودایە و بە تەنیا بۆ هەڵبژاردنەكان دادەبەزێت و، هەوڵیش دەدەن كە جۆرە كەسانێك دیار بكەن كە هەموو پێكهاتەكانی ناو كۆمەڵگە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە لەخۆ بگرێت.

خاوەن ئەزموون و تایبەتمەندی و لیستی كراوە
بەرپرسی لقی دوو ئاماژەی بەوەیشدا كە ئەوان دەیانەوێت جۆرە كەسانێك دیار بكەن كە خاوەن ئەزموون و پسپۆڕیان لە بوارە جۆربەجۆرەكاندا هەبێت، چونكە پەرلەمان كۆمەڵێك بواری پێویستە كە خەڵكێكی شارەزا و بە ئەزموون دەوری تیا بگێڕن.

عەلی حوسێن دەڵێت "ئێمە هەوڵ دەدەین جۆرە كەسانێك دیاری بكەین كە لەناو خەڵك بن و بە ئازار و مەینەتییەكانی خەڵك ئاشنا بن و تێكەڵی خەڵكی بووبن و خزمەتیان بە خەڵك كردبێت و لیستەكەش كراوەیە و، خەڵك دەتوانێت كام پاڵێوراویان پێ باش بێت دەنگ بەو بدەن."

بەرپرسی لقی دوو ئاماژەی بەوەیشدا كە بۆ خولی ئەو جارەی پەرلەمان ڕەچاوی بڕوانامە و ئەزموون دەكەین و لەناو حزبیش كادیری زۆر باشی خاوەن بڕوانامە و ئەزموون هەیە، ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو كەسانە دیاری بكەین و لە هەمان كاتیشدا ڕەچاوی ماندوبوونی ئەو كەسانە دەكەین و لە هەمان كاتیشدا لیستەكە كراوەیە و زیاتر لە 100 كەس بەشداری تێدا دەكەن و خەڵك ئازادە كێ هەڵدەبژێ.

مەرج نییە كادیری باڵای حزب بێت
بە گوتەی عەلی حوسێن ئەو كەسانەی كە دیاری دەكرێن، حزب بە ڕاوێژ لە گەڵ كادیرانی خۆی دیارییان دەكات و هەر شوێنێكیش تایبەتمەتدیی خۆی هەیە و بە پێی تایبەتمەندی كەسەكان دیاری دەكرێن.

عەلی حوسێن ئاماژەی بەوەیشدا كە مەرج نییە ئەو كەسانەی دیاری دەكرێن كادیری باڵای حزب بن و ڕەنگە كادیرێكی خوارەوە بێت، بەڵام گرنگیی زیاتر بە لێهاتوویی، پسپۆڕی و ئەزموونی كەسەكان دەدرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار