٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

عەبدولباست سەیدا بۆ خەبات: هیوادارین پەیەدە بە ڕەوشت وڕەفتارەكانی خۆیدا بچێتەوە و نەمانگەڕێنێتەوە خاڵی سفر

سەرچاوە: Xebat

خەبات: محەمەد زەنگەنە
عەبدلوباست سەیدا سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی كاتیی سووریا لەدیمانەیەكی تایبەت بە خەبات ئەوەی دووپاتكردەوە ئەو ڕەفتارانەی PYD دەیكات زەرەر لە یەكبوونی ویەكڕیزیی كورد دەدات و پێی وابوو پێویستە هەرچی زووە بەو ڕەفتارانەیدا بچێتەوە و بیرێكی كوردانە لەئایندەی ئەم گەلە لەسووریا بكاتەوە و هیچ كاتێك بیر لەوە نەكات كە دەبێ كۆنتڕۆڵی بارودۆخی كورد لەم وڵاتەدا بكات.
كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاریی كوردانی ڕۆژئاوا
ماوەی چەند ڕۆژێك بوو ژمارەیەك لە نووسەر وڕۆشنبیرانی كوردی ڕۆژئاوا لەهەولێر كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكارییان لەبارەی بارودۆخی ئەمڕۆی سووریا بەگشتی و بارودۆخی كورد لەم وڵاتە بەڕێوەبرد، لەمبارەیەوە سەیدا بە خەباتی ڕاگەیاند مەبەست لەم كۆبوونەوەیە كۆكردنەوەی چەندین پێشنیاربوو لەبارەی بارودۆخی ئێستای سووریا وگوتی: لەم كۆبوونەوەیەدا كە لەماوەی دوو ڕۆژ باسی زۆر بواری بارودۆخی ئێستای سووریا كرا بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سووریاوە بكەین و پێشنیاری زۆرمان لەمبارەیەوە خستەڕوو ولێرەدا دەمەوێ سوپاسی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بكەم بەتایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ دەرفەتدان بە ئێمە بۆ باسكردنی ئەم پرسانە بەشێوەیەكی دیموكرات و كراوە و دەمەوێ لێرەدا ئەوە دووپات بكەمەوە ئەم كۆبوونەوەیە تەنها بۆ ئەوە نییە بكرێت وهەر یەكێك بچێتە شوێنی خۆی بەڵكو بەدواداچوون بۆ هەموو بڕیار و ڕاسپاردەكانمان دەكەین.
ناكۆكیی لایەنە كوردییەكانی كوردی سووریا
لەكاتێكدا كە لایەنی عەرەبی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ناكۆكی لەنێوانیاندا هەیە كەچی لایەنە كوردییەكانیش لەنێوانیاندا شێوەیەك لەناكۆكی هەیە كە ئەگەر بەردەوامبوو ئەنجامەكەی چاوەڕوان نەكراو دەبێت، لەمبارەیەوە سەیدا دووپاتیكردەوە هەبوونی هەر ناكۆكییەك لەنێوان حزب ولایەنە سیاسییەكانی كورد دەبێتە مایەی زەرەر بۆ كورد و خەباتی 40-50 ساڵیی كورد لەو بەشەی كوردستاندا دەكات و گوتی: حەیفە تاوەكو ئێستا ئێمەی كورد لە سووریا نەگەیشتووینەتە ئاستی پێكهێنانی یەك بۆچوونی هاوبەش بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكانی كورد دركی ئەو مەترسییە بكەن وناكۆكییەكانیان چارەسەر بكەن وخەباتی ئەو هەموو ساڵە نەبێتە قوربانیی ئەو ناكۆكییە، ماوەی نیو سەدەیە وجوودی كورد و ناسنامەی نەتەوەیی وئینسانیی كورد قبووڵ ناكرێت نەدەبوایە ئێستا ئەو پرسە باسی لێوە بكرابوایە.
سەپاندنی نەتەوەی عەرەبی
زۆر لایەنی عەرەبیی سووریا تاوەكو ئێستا پرسی سەپاندنی نەتەوەی عەرەبیان لەمێشكدا هەبوو بەڵام بەقسەی سەیدا ئەو مەسەلەیە هێواش هێواش لەمێشكی ئەواندا كاڵ دەبێتەوە و گوتی: دڵنیابن لەوەی ئەو مەسەلەیە بە شێوەیەكی زۆر كاڵبووە چونكە ئێمە ئاگاداری مەترسیی ئەو مەسەلەیەمان كردن، ئەگەر ئەوان بڵێم كۆماری عەرەبی سووری ئەو كات ئێمەی كورد چ پێویست دەكات لە كۆمارێكدا بژین تەنها عەرەبی تیادابێت ودان بەكورد نانێن ودان بە نەتەوەكانی دیكەی وەكو توركمان وئاشووری نانێن لەبەرچی ئێمە لەگەڵیاندا بژین؟ ئەگەر بڵێن كۆماری ئیسلامیی سووریا خۆ ئایینی دیكە هەن لەسووریا ئەی ئەوان بچنە كوێ؟ بۆیە ئێمە لەسەر ئەوە ڕێككەوتووین كە پێویستە كۆماری ئایندەی سووریا ببێتە كۆماری سووریا نەوەكو بەناوی یەك نەتەوە.
ڕەفتارەكانی پەیەدە
سەیدا نیگەرانیی خۆی لەڕەفتارەكانی پەیەدە نیشاندا و دووپاتیكردەوە ئەو ڕەفتارانە زەرەری زۆر بە پرسی كورد لەو بەشەی كوردستان دەگەیەنێت وگوتی: ئەو ڕەفتارانە بەهیچ شێوەیەك خزمەتی پرسی كورد ناكات بەڵگو گورزی توندی بۆ دەوەشێنێت بەداخەوە ئەوان دژایەتیی كورد دەكەن، شەڕی لایەنەكانی دیكەی كورد دەكەن وكەسانێك دەڕفێنن كە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندییان بە سیاسەتەوە نییە،ئەوان لەدژی شۆڕش دەجووڵێنەوە، بەڵێ ئێمە دەزانین سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان وسەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان درێغی لەپاڵپشتیی ئێمە ناكەن بەڵام ئێمەش پێویستە بە گوتن و بەكردار كوردایەتیی خۆمان بپارێزین، با هەموومان بەیەكڕیزییەوە خەڵكی خۆمان لەقەیرانی مرۆیی دوور بخەینەوە.
با نەگەینە ئاستی براكوژی
هەروەها سەیدا نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی ناكۆكیی نێوان حزبە كوردییەكانی سووریای نیشاندا وئاماژەی بەوەدا تاوەكو ئێستاش ڕێككەوتنی هەولێر بە تەواوی جێبەجێ نەكراوە وگوتی: ناكرێ ڕێككەوتنی هەولێر كە بەسەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی ئیمزاكرا بۆ بەرژەوەندیی تاكە كەسێك قۆرخ بكرێت، ئێمە دووپاتمان لەسەر ئەوە كردەوە كە نابێ براكوژی هەبێت ونابێ لەگەڵ یەكتر ناكۆك بین وبەرژەوەندیی گشتی بپارێزین.
ئایندەی كورد لەسووریا
عەبدولباست سەیدا جارێ بەزووی زانی باس لە شێوازی حوكمكردن وبەڕێوەبردنی وڵات بكرێت وگوتی: جارێ بەر لە هەموو شتێك پێویستە وجوودی كورد وەكو نەتەوەیەكی سەرەكی لە سووریا قبووڵ بكرێت ولەدەستوور بچەسپێندرێت ومافی گەلی كورد لەوێ دەستبەر بكرێت ئنجا دواتر شێوازی حوكمكردن بەڕای ئەو گەلە بڕیاری لەسەر دەدرێت.
قەیرانی سووریا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
هاوكات سەیدا نیگەرانیی خۆی لە ڕۆڵی لاوازی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەسووریا نیشاندا ودووپاتیكردەوە پێویستە بزاڤێكی جیددیی وڵاتانی زلهێز بەرامبەر بەو خەڵكەوە هەبێت چونكە كوشتنی خەڵكی سڤیڵ لەم وڵاتەدا بەردەوامە وگوتی: ڕژێمی سووریا لەكوشتنی خەڵك بەفڕۆكە و مووشەكی سكۆد و كیمیاباران لەخەڵكی وڵاتی خۆی دەدات وكۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەمبارەیەوە بێدەنگە و چاوی خۆی لەو مەسەلەیە گرتووە وپرسی سووریا تەنها بۆوەتە مانشێتی هەواڵ وهیچی دیكە نییە، دەبوایە لەمێژە بزاڤێكی گەورە بۆ ئەو گەلە بكرابوایە ئەگینا بارودۆخی خراپی سووریا كاریگەریی بەسەر عێراق ولوبنانیشەوە دەبێت، بەڵێ میسڕ بە سوپاسەوە هەڵوێستێكی نیشاندا بەڵام ئێمە كەسی میسڕیمان ناوێ بێن وشەڕمان بۆ بكەن، ئێمە چەكمان دەوێ خۆمانی پێ بپارێزین هیواداریشین ڕووسیا چیدیكە ڕێگری لە پاڵپشتیكردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا نەكات چونكە ڕۆژانە هەزارەها كەسی بێتاوان خوێنیان دەڕژێ.
بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان
عەبدولباست سەیدا ئەوەشی دووپاتكردەوە بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان زۆر باش نییە چونكە پەیەدە دەیەوێ كۆنتڕۆڵی ناوچەكە بەگشتی بكات وخەڵك دەڕفێنێت ولەو ماوەیەی كۆتاییدا چەند كەسێكی ئەندامی وەقفێكی خێرخوازیی ڕفاندبوو ئەمەیشی بەگەڕانەوە زانی بۆ قۆناغی سفڕ وگوتی:بەداخەوە زۆرجاران لە خەڵكی دەبیستین دەڵێن حوكمی بەشار لە ڕەفتارەكانی پەیەدە باشترە بۆیە پێویستە بەڕەفتارەكانیاندا بچنەوە و بزانن ئێمە بۆ دیموكراسییەت خەبات دەكەین نەوەكو بۆ دیكتاتۆرییەت،ئێمە دیكتاتۆرییەتی بەعس بڕوخێنین ناكرێ ئەمجارە دیكتاتۆرییەتی كوردی چێ بكەین.

هەواڵی پەیوەندیدار