٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

لەڕێگای خه‌باته‌وەوە پارێزگاری هەولێر وەڵامی پرسیار و گلەیی هاووڵاتیان دەداتەوە

سەرچاوە: Xebat

بڕیار كۆیی
كاتێك بەدیداری گەیشتم كات نزیكی 10 ی شەو بوو بەڵام ئەو هەر لە ژوورەكەی خۆی سەرقاڵی كاركردن و بەڕێكردنی میوان بوو بەبێ زیاد و كەم بوونی بەرپرسێك لە درەنگانی شەو لە فەرمانگەكەی بەڵگەیە بۆ دڵسۆزی و شەونخونی، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر كاتێك پێشوازی كردم ماندوو و شەكەت دیاربوو بەڵام هەروەك چۆن ئەو بە رێزگرتن و نزیكی لە راگەیاندنكاران و رۆژنامەنووسان بەناوبانگە رێزێكی تایبەتی لە منیش گرت و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیار و تێبینیەك كە ئاراستەی بكرێت.
پێشكەوتن و گەشەسەندنی هەولێر كۆتایی پێنەهاتووەو بەردەوامی هەیە
هیچ كەسێك حاشا لە پێشكەوتنی بەرچاوی شاری هەولێر ناكات بەڵام دەپرسین ئایا ئەوەی ئێستا هەیە خاڵی كۆتاییەو لەمەبەدواوە ئەو پێشكەوتنە بەرچاوە سست دەبێت یاخود ئەوەی ئێستا هەیە دەسپێكی قۆناغێكی نوێی گەشەسەندنی پایەتەختی هەرێمی كوردستانە؟
نەك تەنها هەولێر بەڵك و هیچ شارێك خاڵی كۆتایی بۆ پێشكەوتنەكانی نییە چونكە داواكارییەكان بەردەوامییان هەیە و بۆیە هەولێریش بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی پێشكەوتن و گەشەسەندن و ئاوەدانكردنەوەو رۆژ بەرۆژ پرۆژەی زیاتر دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە بەڵام جیاوازی شێوازی پێشكەوتنی داهاتوو لەگەڵ رابردوو بەپێی بارودۆخ دەبێت بەتایبەتی باردوخۆی سیاسی ووڵات و ناوچەكە هەروەها پەیوەستە بە توانای دارایی حكومەت چونكە ئەگەر ئەو توانا داراییەی ئێستا هەیە لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو هەبووایە ئەوا ئەوكات پرۆسەی گەشەسەندن دەستی پێدەكرد و ئێستا لە قۆناغێكی تری پێشوەچوون دەبووین هەروەها لایەنێكی تر كە هۆكارە بۆ پێشوەچوون و بەردەوامی لەگەشەسەندن هێمنی و ئاسایشی ووڵات و ناوچەكەیە، بەڵام ساڵ بەساڵ جۆری داواكاری پرۆژەكانیش دەگۆڕێت بۆ نمونە ئەو شەقامەی دە ساڵ لەمەوبەر شیاو بووە بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمۆبێل و هاووڵاتیان ئێستا پێویستی بەگۆڕانكاری ئەمەش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و ئۆتۆمۆبێل.
نازناوی پایتەختی گەشتیاری
لەوەڵامی پرسیاری (هەولێر بۆ پایەتەختی گەشیاری وڵاتانی عەرەبی بۆ ساڵی 2014 هەڵبژێردراوە ئایا ئێستا هەولێر ئامادەیە بۆ بۆ هەڵگرتنی ئەو نازناوە یاخود هێشتا ئامادەكاری و ماندووبوون و شەنخونی زیاتر پێویستە)؟ نەوزادی هادی پارێزگاری هەولێر گوتی:  بابەتی هەڵبژاردنی هەولێر بۆ پایەتەختی 2014 ی وڵاتانی عەرەبی یەكلایی بۆتەوەو ئێستا ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندووە ئەمەش دوای ئەوەی چووە ناو پێشبڕكێی چەند شارێكی عەرەبی و توانی نازناوەكە بباتەوە بۆیە ئێمە پێمانوایە بەهۆی پێشكەوتنەكانەوە ئەو نازناوە بەهەولێر بەخشراوەو بەڵام لە ساڵی ئایندە واتا ئەو ساڵەی كە هەولێر بۆ ئەو نازناوە دەستینشانكراوە كۆمەلێك چالاكی و مەراسیم بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەكرێت بەوبۆنەیەوە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار سەردانی پایەتەختی هەرێمی كوردستان بكەن .
لە پارێزگاری هەولێرمان پرسی (هیچ بیرۆكەیەك هەیە بۆ ئەوەی هەولێر قۆناغی بوون بە پایەتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی تێپەڕێنێت و پێشبركێ بۆ بەدەستهێنانی نازناو لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان یاخود هیچ هەنگاوێك لەلایەن ئێوەوە بۆ ئەو مەبەستە نراوە). ئەویش لەوەڵامدا گوتی: بابەتی دەستینشانكردنی هەولێر بۆ هەر پێشبركێیەكی لەهەر ئاستێك بێت لە دەستی ئێمە نییە بەڵك و لەدەستی ئەو لایەنەیە كە بە پێشبركێكە هەڵدەستێت بۆ هەر ناوێك بێت چونكە بۆ پایەتەختی گەشتیاری ساڵی 2014 ش لەلایەن وەزارەتی گەشتوگوزاری عێراقەوە بڕیاری چوون بۆ پێشبركێكە چونكە وەزارەتی ناوبراو هەولێر بە پێشكەوتووترین شاری عێراق زانی بۆ بەشداریكردن لە پێشبركێی پایەتەختی گەشتیاری عەرەبی و ئێمەش وەكو پارێزگای هەولێر هەموو كاتێك ئامادەین ئەگەر داوامان لێبكرێت بۆ بەشداریكردن لە هەر پێشبڕكێیەك بۆ هەر نازناو و مەبەستێك بێت.
زۆرینەی هاووڵاتیان گلەیی لە خراپی بەنزین و گرفتی نیشتەجێبوون و جیاوازی و بەرزی و نزمی نرخ لە بازاڕەكانی دەكەن بەمەبەستی زانین و خستنە ڕووی گلەیی هاووڵاتیانی شاری هەولێر بە گشتی  خەبات رای چەند هاووڵاتیەكی وەرگرت زۆرینەیان گلەییەكانیان لە سێ خاڵدا خستەڕوو كە بریتی بوون لە گرفتی خراپی و كەمی بەنزین و گرفتی نیشتەجێبوون و جیاوازی و بەرزی ونرزمی و ناجێگیری نرخی كەلوپەل و شتومەك و پێداویستیە رۆژانەییەكانی لە بازاڕەكان، رزگار عیسا دانیشتووی شاری هەولێرەو پیشەی كاسبە لێمان پرسی بەڕای تۆ ئێستا چ بابەتێك گرفتەو جێگای گلەیی و نیگەرانییە گوتی تەنها لە كرێچیەتی رزگارمان بێت هیچی ترمان ناوێت چونكە ئێستا ئەوەی بەدەستی دەهێنم رۆژانە دەبێت سەری مانگ هەموو بخەمە دەستی خاوەنی خانوو، لەلایەن خۆشیەوە هیوا سەعدون كە قوتابی قۆناغی كۆلێژەو هێشتا ژیانی هاوسەری پێكهێناوە گوتی جگە لە گرفتی گرێچیەتی ئێستا خەمی هاووڵاتیان كەمی و خراپی بەنزینە ئایا بۆ ئەو گرفتە ئەو ماوەیە درێژەی خایاندووەو تاوەكو ئێستا چارەسەر نەكراوە هیوادارم پارێزگاری هەولێر هەوڵێكی جدی بۆ چارەسەر ئەو گرفتە بدات، لەلایەكی ترەو رۆژگار ئەحمەد پێیوابوو ئەگەر گرفتێك لە هەرێمی كوردستان و هەولێر بەتایبەتی هەبێت و مایەی هەڵوەستەو قسەلەسەركردن بێت گرفتی بەرزی و نزمی و جیاوازی نرخی كاڵاوشتومەكە لە بازاڕەكان چونكە ئەمە بۆتە هۆی بێ متمانەیی هاووڵاتیان بە بازرگان و خاوەنی فرۆشگاكانی.
لەوەڵامی گلەیی هاووڵاتیان سەبارەت بە ئەو سێ گرفتەی زۆرترینیان خستیانە روو نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە دیدارە تایبەتەكەیدا لەگەڵ خەبات گوتی:  لە ئێستادا وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشە بەنزینمان بۆ دابین دەكات چونكە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە ئەو بەشە بەنزینەی كە لە بەغداوە بۆمان دابین دەكات بڕاوە هەروەها بابەتی دابینكردن و پێدانی بەشە سووتەمەنی لەلایەن وەزارەتی نەوتی حكومەتی ناوەندەوە ژمارەی دانیشتووانی شارەكان كراوەتە پێوەر بۆ زیادی و كەمی ئەو بڕە سووتەمەنیە بۆ هەر پارێزگایەك دابین دەكرێت بۆنمونە بەشە بەنزینی هەولێر ملیۆنێك و سەدوپەنجا هەزار لیترە كە لەلایەن پاڵاوگەی كەورگۆسك و كەركوكەوە تەرخان دەكرێت بەڵام ئەو جۆرە دابەشكردنە هیچ دادگەراییەكی تێدانییە چونكە شارێكی وەكو هەولێر بەرواردبكەی لەگەڵ شاری موسڵ كە دانیشتوانەكەی نزیكەی سێ ملیۆن و نیوە ژمارەی ئۆتۆمۆبێل لە هەولێر زۆر زیاترە لە موسڵ بەڵام بەشە سوتەمەنیەكە بەپێی ژمارەی دانیشتوان دابین دەكرێت بەمەش موسڵ زۆر زیاتر لە هەولێر بەشە سووتەمەنی بۆ دابین دەكرێت ئەمە لە كاتێكدایە نزیكەی نیوملیۆن ئۆتۆمۆبێل لە شاری هەولێر هەیە بۆیە ئەو بەشە بەنزینەی كە بۆ هەولێر دابین دەكرێت بەشی ئەو ژمارەیە زۆرەی ئۆتۆمۆبێل ناكات، سەبارەت بە خراپی جۆری بەنزینەكەش ئەو گرفتە لە سلێمانی و دهۆكیش بەهەمان شێوەی هەولێر هەیە و ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی چارەسەركردنیەتی و هەوڵ دەدرێت كاری پاڵاوگەكان باشتر بكرێت لەگەڵ ئەوەش ئەو گرفتە پەیوەست نییە بە پارێزگاكانەوە چونكە لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە تەرخان دەكرێت ئەوان دەبێت كار لەسەر باشتركردنی جۆری بەنزینەكە بكەن ئێمە لەلایەن خۆشمانەوە چەند جارێك بەفەرمی وەزارەتمان لە خراپی جۆری بەنزینەكە ئاگادار كردۆتەوە هەروەها چاودێری توندیشمان لەسەر بەنزینخانەكان داناوە لەماوەی رابردووشدا كۆبونەوەی تایبەت لەنێوان هەر سێ پارێزگارەكەی هەرێمی كوردستان و وەزیری سامانە سروشتیەكان و جێگری سەرۆكی حكومەت سازكراوە لەمیانەدا ئەو گرفتەمان خستۆتە روو هەروەها ئێمە وەكو پارێزگای هەولێریش داوای زیادكردنی بەشە بەنزینمان كردووە چونكە دەبێت هەژمارێكی تایبەت بۆ پایەتەخت بكرێت، سەبارەت بە گرفتی نرخ لە بازاڕەكان ئەوەی ئێستا هەیە قۆغكاری نییە بەڵك و بازاڕی ئازادە زۆر ئاساییە كە پێشبڕكێ هەبێت بۆ هەرزانترین نرخ ئەمەش لە هەموو جیهان هەیە رەوشێكی ئاساییە، سەبارەت بە گرفتی نیشتەجێبوونیش بۆ ئێمە تەنها ئەو كەسانەی كە پسولەی خۆراكیان هەولێرە خاوەنی یەكەی نیشتنەجێبوون نیین گرفتە چونكە ئەو هاووڵاتیانەی لە باشور و ناوەڕاستی عێراق یاخود لە وڵاتێكی ترەوە هاتونەتە شاری هەولێر و بونەتە كرێچی لەسەر ئێمە نییە یەكەی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین بكەین چونكە ئێمە لەسەر ئەساسی پسولەی خۆراكی هەولێر یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیان دابین دەكەین بەو مەرجەی پێشووتر سوودمەند نەبووبێت لە حكومەت هەروەها هیچ موڵكێكیش نەبێت، بەڵام بەو قەبارەیە نییە كە باس دەكرێت و ئێستاش چەندین پرۆژە لەبواری جێبەجێكردندان بۆ ئەو كەسانەی كە كرێچی و هەژارن و خەڵكی شارەكەن و پسوولەی خۆراكیان هەولێرەو لەماوەی داهاتوودا لە پرۆسەیەكی شەفافدا بەسەریاندا دابەش دەكرێت ئەوەی من باسی لێوەدەكەم بەهەمان شێوە لە پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانیش هەیە.
پرۆژەی جوانكردنی چواردەوری قەڵات بەردەوامە
سەبارەت بە پرۆژەی جوانكردنی چواردەوری قەڵای هەولێر و گواستنەوەی ئەو باڵەخانە حكومیەكانەی كە لەو ناوچەیەن بۆ زیاتر دەركەوتن و دیاربوونی قەڵای هەولێر نەوزاد هادی گوتی: ئەو پرۆژەیە بۆ زیاتر دەرخستن و دیاربوونی قەڵای هەولێرەو ماوەیەكە دەستی پێكردووەو هەریەك لە بینای پارێزگای هەولێر و وەزارەتی كار و دادگای هەولێر و وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر دەگوازرێنەوە بۆ چەند شوێنێك و باڵەخانەی نوێیان بۆ درووست دەكرێت و واتا ئەو دیوەی قەڵات وەكو دیوەكەی تری بازاڕی نیشتمان تەخت دەكرێت و دەكرێت بە پارك و باخچەو شوێنی دانیشتن.
لەرێگای جێبەجێكردنی پرۆژەی ئیفراز گەڕەكی هەشتی حەسارۆك و دەوروبەری ئاوەدان دەكرێتەوە
سەبارەت بە گلەیی ئەو هاووڵاتیانەی كە خاوەنی زەوییەكانی گەڕەكی هەشتی حەسارۆكن لە شاری هەولێر لەبەرامبەر ئەوەی كەتاوەكو ئێستا هیچ جۆرە خزمەتگوزاری و پرۆژەیەك بۆ ئەو گەڕەكە جێبەجێ نەكراوە پارێزگاری هەولێر گوتی: خۆشبەختانە ئەمساڵ پرۆژە بۆ بەشێكی ئەو گەڕەكە جێبەجێ دەكرێت چونكە هەشتی حەسارۆك گەڕەكێكی زۆر گەورەیەو نزیكەی 16 هەزار پارچە زەویە بەڵام ئەو ناوچەیە بەگشتی بە ناوچەی بەزرایی شاری هەولێر هەژمار دەكرێت و بۆیە لە ئێستادا گرفتی كەمی ئاو لەو ناوچەیە هەیە بۆیە بڕیادراوە بە جێبەجێكردنی پرۆژەی ئیفرازی چوار كە ئاو رادەكێشرێت بۆ پشت ناحیەی كەسنەزان و ناوچەی حەسارۆك و چاوەڕوان دەكرێت تاوەكو دوو ساڵی تر ئەو پرۆژەیە بەكۆتا بێت بەمەش گرفتی كەمی ئاو لەو ناوچەیە بە یەكجاری چارەسەر دەبێت و ئەو كات گەڕەكی هەشتی حەسارۆكیش ئاوەدانتر دەبێتەوە چونكە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە ئێستا تەنها پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن بەڵام پێویستە لەسەرەتادا هاووڵاتیان هەنگاوی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بنێن و هێدی هێدی خانووی لەسەر زەویەكانیان دروست بكرێت چونكە هەموو گەڕەكێكی شار بەو قۆناغەدا رۆیشووە بۆ ئەوەی بەپێی توانای دارایی پرۆژەی خزمەتگوزاری بگەیەنینە كۆڵان بە كۆڵانی ئەو گەڕەكە.
كەمپێكی تایبەت بۆ كوردانی رۆژئاوا لە هەولێر دروست دەكرێت ئاشكرایە ئێستا بە هەزاران خێزانی كوردی رۆژئاوای كوردستان بەهۆی خراپی بارودۆخی وڵاتی سوریا هاتونەتە هەرێمی كوردستان بەشێكیشیان ئێستا لە شاری هەولێرن وەك پارێزگای هەولێر بەنیازن سەرجەم ئەو خێزانانە لە كەمپێك كۆبكەنەوە هاوشێوەی كەمپی دۆمیزنی شاری دهۆك ؟ لەوەڵانی ئەو پرسەدا
نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر گوتی: خۆشبەختانە ئێمە وەك پارێزگای هەولێر بەهاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان ئێستا سەرقاڵی دروستكردنی كەمپێكی تایبەتین بۆ ئەو خێزانە ئاوەربووانە و لەماوەی مانگێكی تر بەشێك لە خێزانەكان دەگوازرێنەوە بۆ كەمپەكە و هەموو خزمەتگوزاریەكی وەكو ئاو و كارەبا و قوتابخانەو نەخۆشخانەیان بۆ دابین دەكرێت.
هەولێر یان ئەربیل ؟
لەمیانەی ئامادەكاریەكان بۆ ئەو دیدارە رای چەند رۆژنامەنووس و رۆشنبیرێكی شاری هەولێرم وەگرت لەبارەی ئەوەی پێویستە چ پرسیارێك لە پارێزگاری هەولێر بكرێت بەشێكی زۆری ئەوان گوتیان لە پارێزگاری هەولێر بپرسە هەولێر یان ئەربیل واتا بۆ تاوەكو ئێستا هەوڵ بۆ یەكلایی كردنەوەی ناوی هەولێر یاخود ئەربیل نەدراوە لەبەرامبەردا پارێزگاری هەولێر لە دیدارە تایبەتەكەی لەگەڵ خەبات گوتی: راستیەك هەیە دەبێت هەموو بیزانین ئەویش بریتیە لە ئەوەی كە ناتوانین حاشا لە مێژوو بكەین یاخود مێژوو بگۆڕین روون و ئاشكرا كە لە مێژوودا ئەم شارە بە ئەربیل ناسراوە هەروەها لەسەر نەخشەی جیهانیش بەناوی ئەربیل نیشانەكراوە هەربۆیە ئێمە ناوی فرۆكەخانەكەمان كردە ئەربیل هەموو ئاشكرایە كە ئاشوریەكان 1300 ساڵ لە هەولێر حكومیان كردووەو هەولێر مەعبەدی عەشتار ئەربیلا بووە كە ئێستاش لە پرۆسەی هەڵكەندن و گەڕان لەسەر قەڵای هەولێر پێشبینی دەكرێت ئەو مەعبەدە بە قوڵایی چەند مەترێك لەژێر زەوی ببینرێتەوە هەروەها لە ساڵی 331 پێش زاین شەرێكی گەورە لەسەردەمی ئەسكەندەری مەقدۆنی روویداوە كە شەرەكە بەناوی (جەنگی ئەربیلا) بووە ئەمە مافی مێژووەو ناتوانین بیگۆڕین بۆیە ئێمە پێمان ئاساییە كە دووناو بۆ پایەتەختی هەرێمی كوردستان هەبێت چونكە نەدەتوانین هەولێر نەهێڵین و بیكەین بە ئەربیل بە یەكجاری چونكە ئەو ناوەش مێژوویەكی خۆی هەیە هەروەها نەدەتوانین بە پێچەوانەشەوە ئەربیل بگۆڕین بۆ هەولێر بە یەكجاری ئەمەش شتێكی ئاساییەو لە زۆر شاری وڵاتانی جیهان هەیە.
لەكۆتایی ئەو دیدارەدا لە وەڵامی ئەو هاووڵاتی و كەسانەی كە لەرێگای رۆژنامەی خەباتەوە دەستخۆشیان لە پارێزگاری هەولێر كردووە نەوزاد هادی گوتی : سوپاسیان دەكەم و من هەمووجار گوتومە پۆست و پایە هەلێكە لەبەردەم مرۆڤ بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت بە هاووڵاتیان و وڵاتەكەی بكات.

هەواڵی پەیوەندیدار