بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بەكر كەریم: "500 قوتابخانە لە هەرێم دروست دەكرێن"
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، مامۆستا بەكر كەریم لە دیمانەیەكی ڕۆژنامەی "هەولێر"ـدا، ئاشكرای دەكات كە لەساڵی 2013 و2014 لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەزامەندی ئەوە دراوە كە 500 قوتابخانە لە هەرێمی كوردستان دروست بكرێت و ئەمساڵ بڕی 50 ملیۆن دۆلار لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمەوە بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان تەرخان كراوە كە ئەمانە هەموویان وا دەكات ژینگەی قوتابخانەكان بۆ خوێندن شیاوتر بن.
* تا چەند ژینگەی قوتابخانەكانی هەولێر شیاوە بۆ گەشەپێدان و دەرخستنی توانا شاراوەكانی منداڵ؟
ـ ژینگە بۆ قوتابیان لەناو بینایەی قوتابخانەكان دروست دەبێت، ئێستا لە هەولێر هیچ قوتابخانەیەك نەماوە كە سێدەوامی تێدا بكرێت، ئەمەیش هۆكارێكی باشە بۆ دروستكردنی ژینگەیەكی باش بۆ قوتابیان، بەڵام هەندێك لە قوتابخانەكان كە بیناكەیان لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكانەوە دروست كراوە، بە هیچ شێوەیەك ژینگەیەكی گونجاوی بۆ قوتابیان تێدا نەڕەخساوە، بە پێی ئەوەی كە لەو قوتابخانانە باخچەیەكی جوانی تێدا نییە، بەڵام ئەو بینایانەی كە لە دوای 2003ـوە درووست كراون، بەپێی ستانداریك دروست كراون كە ژینگەی قوتابیانی تێدا پارێزراو بێت، جگە لەوەیش ساڵ لە دوای ساڵ لەگەڵ دروستكردنی قوتابخانە مۆدێرن ژینگەكان لەبارتر دەبن و ژمارەی قوتابیان لە پۆلەكان كەمتر دەبێتەوە، بەمەیش ژینگەیەكی باش بۆ قوتابیان دەڕەخسێت.
* هیچ پلانێك هەیە بۆ دروستكردنی قوتابخانە؟
ـ لە هەڵمەتی دروستكردنی قوتابخانەدا، وەزیری پەروەردە ڕەزامەندی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە وەرگرتووە بۆ دروستكردنی 500 قوتابخانەی 18 پۆلی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ل ەساڵی 2013 و2014ـدا، كە 180ـیان بەر شاری هەولێر دەكەوێت، ئەو قوتابخانانە لەسەر ستاندارتێكی مۆدێرن دروست دەكرێن كە باخچەی ساوایان، هۆڵی گەورە و گۆڕەپەنانی وەرزشی تێدابێت، ساڵانەیش بودجەیەك بۆ دروستكردنی و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان دادەندرێت.
هەر لە ئەمساڵدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 50 ملیۆن دۆلاری بۆ نۆژەنكردنەوە و ڕێكخستنی سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆی كەرتی پەروەردە تەرخان كرد، كە 13 ملیۆن دۆلار بەر شاری هەولێر كەوت، بەمەیش كەموكوڕیی زۆربەی قوتابخانانەكان چارەسەر دەكرێت.
* ئێستا چ بەرنامەیەكتان بۆ نەهێشتنی كێشەی میلاك هەیە؟
- ئێستا لە بەرنامەماندا هەیە، لە سنووری هەر پەروەردەیەك قوتابیانی چەند گوندێك لەناو یەك قوتابخانە كۆ بكەینەوە، بۆ ئەوەی ئەو بێسەروبەرییەی كە لە میلاكدا هەیە، نەمێنێت، چونكە هەندێك قوتابخانە لە گوندەكاندا هەن كە تەنیا شەش تا حەوت قوتابییان هەیە و لەبەرانبەردا پێنج تا شەش مامۆستایان هەیە، كە ئەمەیش بێسەروبەری دروست كردووە لە دابەشكردنی میلاكدا، بەڵام ئەگەر لە نێوان چەند گوندێكدا قوتابخانەیەكی باش و مۆدێرن لەسەر چەند ڕیانێكی گوندەكان دروست بكرێت و پارەی هاتوچۆ بۆ قوتابیان دابین بكرێت، ئەوا هەم كێشەی میلاكمان نامینێت و هەم مامۆستای باش و هەم ژینگەی باش بۆ قوتابیان دابین دەكرێت.
* قوتابخانەكانی كوردستان مرۆڤی بەڕەوشت و هەڵگری سیفەتە مرۆییەكان بەرهەم دێنێت، یان قوتابییەكی نمرەبەرز؟
ـ تا ئێستا مامۆستایان ئیش لەسەر ئەوە دەكەن كە قوتابی نمرەی بەرز بەدەست بهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا قوتابی وا هەن بەهرەیەكی شاراوەی هەیە و بە پێی پێویست لە بابەتەكەی خۆی زیرەك نییە، ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەرەدە بەردەوام ئەوەمان دووپات كردووەتەوە كە دەبێت قوتابیان بە شێوەیەكی تەندروست پەروەردە بكرێن، تاكوو بتوانن كۆمەڵگەیەكی ئاسوودە و بەئاگا دروست بكەن، لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە مامۆستایان پێوەندییەكی باشیان لەگەڵ قوتابیان هەبێت، بۆ ئەوەی بەر لە فێركردنی وانەكان، پێویستە قوتابیان فێری ئەوە بن كە چۆن مامەڵە لەگەڵ دەوروبەردا بكات.
ئێمە لەو بڕوایەدان كە ئەگەر هەر مامۆستایەك كاری بۆ بەرزكردنەوەی نمرە لە قوتابخانەی خۆیدا كرد، مامۆستایەكی سەركەوتوو نییە، چونكە قوتابخانەی باش لەسەر بنەمای كێبركێی نمرە نییە، بەڵكوو دەبێت كێبركێ لەسەر ڕەوشتبەرزی و بەهرەداری بكرێت.
* تا چەند ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە تاقیكردنەوەدا كران لە بەرژەوەندیی قوتابیاندا بوو؟
ـ ئەو گۆڕانكارییانە پێشتر لەلایەن وەزارەتی پەوەردەوە تاقی كراوەتەوە كە بایی 50 نمرە بە شێوەی هەڵبژاردن بێت، بەڵام هەر بڕیارێك دەربچت لەوانەیە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەبێت؛ بە پێی ئەوەی قوتابی دەتوانێت بەئاسانی وەڵامەكە وەربگرێت، بەڵام بەگشتی قوتابییە زیرەكەكان پێیان باش نەبوو كە نیوەی پرسیارەكان بەشێوەی هەڵبژاردن بێت، ئەو گۆڕانكارییە بۆ ساڵانی دیكە پێویستیی بە لێكۆڵینەوەی زیاتر دەبێت.
* گۆڕانی پڕۆگرام و شێوازی دانانی نمرە، تا چەند لە ئاستی مامۆستا و بەرژەوەندیی قوتابیاندایە؟
ـ هەر پڕۆگرامێك گۆڕانی بەسەردابێت، پێویستە مامۆستایان خولیان بۆ بكرێتەوە، ڕاستە خولیشیان بۆ كراوەتەوە، بەڵام ماوەكەی كورت بووە و هەروەها لە كاتی دەوامكردندا بووە، كە لەوانەیە وەك پێویست هەموو مامۆستایەك بەشداریی تێدا نەكردبێت، بۆیە وەك بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە داوامان كردووە كە ئەو خولانەی دەكرێنەوە، كاریگەری لەسەر بەفیڕۆدانی وانەكان نەبێت، بەڵام ئەو گۆڕانكارییەی كە لە شێوازی دانانی نمرەكاندا كرا، بۆ مامۆستایان و قوتابیان زۆر باش بوو، چونكە مافی تەواو بە قوتابیان دەدرێت و لەگەڵ ئەوەیشدا مامۆستایان دەتوانن هەڵسەنگاندنی تەواو لە بەشداریكردنی ڕۆژانە و تاقیكردنەوەی مانگانەدا بۆ قوتابیان بكەن.
سەبارەت بە نمرەكانی پۆلی 10 و 11، پارساڵ بڕیار درا 10 نمرە بۆ هەر ساڵێكیان هەژمار بكرێت؛ ئەمەیش وادەكات قوتابیان تاڕادەیەكی زۆر حیساب بۆ ئەم دوو پۆلە بكات.
* پێتوایە مامۆستایان بتوانن بەبێ بەكارهێنانی توندوتیژی نەوەیەك پەروەردە بكەن؟
ساڵ لە دوای ساڵ ژیان پێش دەكەوێت و سیستەمی پەروەردەش كراوەتر دەبێت، تا ئەو كاتەی كە پێوەندیی نێوان مامۆستایان و قوتابی باش نەبێت، ناتوانین بڵێین لە پرۆسەی پەروەردە دڵنیاین.
لەوانەیە توندوتیژیی بۆ سەردەمانێك پێویست بووبێت، بەڵام ئێستا نە كەسوكاری قوتابی قەبووڵ دەكات توندوتیژی بەرانبەر منداڵەكەی بكرێت و نە لەنێو سیستەمی حكوومەتیشدا ئەمە بە ڕەوا دەزاندرێت كە مامۆستا بە دار لە منداڵ بدات، بەڵام دەكرێت مامۆستا ئیش لەسەر بیری قوتابی بكات، نەك لەسەر جەستەی قوتابی.




