٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

كەركووكییەكان موزایەدەكانی نەوشیروان مستەفا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن ڕەت دەكەنەوە

سەرچاوە: Hewler

ڕۆشنبیران و هاووڵاتیانی كەركووك دژی بەكارهێنانی پرسی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمن بۆ موزایەدەی سیاسی و هەڵمەتی هەڵبژاردن، ڕەتیشی دەكەنەوە، سەركردایەتیی كورد لە نەگەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بووبێ، داواشیانوایە، ئەوانەی تا دوێنێ دژی كەركووك بوون، ئەمڕۆ نەیكەن بە گەمەی سیاسی.

خێرە نەوشیروان مستەفا پاش 10 ساڵ بە دەنگ دێت؟!
چاودێری سیاسی ئازاد تۆفیق پێیوانییە، مەسەلەی كەركووك و ناوچە هاوشێوەكانی مەسەلەیەك بێ، تەنیا ناوەند و هەرێم ڕۆڵی تێدا بگێڕن، بەڵكوو وڵاتانی عەرەبی و توركیا و ئێران و وڵاتانی ئەورووپی و ئەمەریكایش ڕۆڵیی كارای تێدا دەنوێنن، بڕوایشیوایە، دەستەڵاتی سیاسیی كورد بە تەنیا كەمتەرخەم نەبووە و ڕوونیشی كردەوە "خودی نەوشیروان مستەفا لە داڕشتنی دەستووری عێراقیدا پشكی شێری هەبووە، لە دانانی ماددەی 140ـدا ڕۆڵی كارای هەبووە، ئێستایش پاش 10 ساڵ دەڵێت، سەركردایەتیی كورد پرسی كەركووكی خستە گەرووی نەهەنگێكی نادیار و ماددەی 140ـەوە، دەبا ئەوكات نەوشیروان مستەفا نەیهێشتبایە ئەوە ڕوو بدات، دەبا ئەو كات ناڕەزایی لەو ماددە دەستوورییە دەرببڕیایە، ئەو كات بۆ قسەی نەبوو؟ خێرە ئێستا قسەی هەیە؟ بە داخەوە ئەو قسانەی نەوشیروان مستەفا خزمەت بە پرۆسەی سیاسی كوردستان ناكات."

چارەسەركردنی كێشەی كەركووك بەشێكی گەورەی لە ئەستۆی بەغدادایە
چاودێری سیاسی ئاوات محەممەد وای بۆ دەچێ كە چارەسەركردنی كێشەی كەركووك بەشێكی گەورەی لە ئەستۆی بەغدادایە، بەشێكی كەمی لە ئەستۆی حكوومەتی هەرێمدایە و دەڵێ "ئەم ماددەیە ئەركی جێبەجێكردنی لە ئەستۆی حكوومەتی ناوەنددایە، ئەركی حكوومەتی هەرێمیشە ئیدارەی قەیرانەكان بدات، لە جێبەجێكردنی ماددەكە داكۆكیكار بێ."

فەتاح عەزیز كە هاووڵاتییەكی شاری كەركووكە، داوای وایە، هیچ كەس و لایەنێك موزایەدەی سیاسی بەسەر كەركووكەوە نەكات، چونكە بە گوتەی ئەو كەركووكییەكان باش دەزانن كێ دڵسۆزی كەركووكە و كێ نەیاریەتی. هاووڵاتییە كەركووكییەكە گوتیشی "نەوشیروان مستەفا دژی ڕۆڵەكانی كەركووك و گەرمیانە، جارێكیان گوتبووی، ئاوارەكانی كەركوك چ دەكەن لە سلێمانی بۆ ناڕۆنەوە، هەر دەبێت بیكەی بە قووڕگیان و هەر دەماندۆشن، گوتبووی، كەركووكی و گەرمیانییەكان تەنیا بۆ شەڕی ناوخۆ باشن، بە كەڵكی هیچی دیكە نایەن."

ئەو هاووڵاتییەی شاری كەركووك ڕوونیشی كردەوە "بزووتنەوەی گۆڕان لە كەركووك و گەرمیاندا پێگەی جەماوەریی لاوازە، چونكە خەڵكی ئەم ناوچانە باشیان دەناسن، ئێستایش كە كەركووك بۆ موزایەدەی سیاسی بەكار دەهێنن، دەیانەوێ هەڵە مێژووییەكانیان ڕاست بكەنەوە و پێگەی جەماوەرییان بەرز بكەنەوە."

لە لایەكی دیكەوە سلێمان عەبدوڵڵا چاودێری سیاسی بە بڕوایەكی پتەوەوە گوتی "سەركردایەتیی كورد سیاسەتی كردووە و هەوڵی داوە واقیعەكە بگۆڕێت، بێگومان دەبێ لەو مامەڵەكردنە سیاسییەدا هەڵەی كردبێ، بەڵام كاری گرنگ و جێی ستایشی كردووە، ئێستا لە ڕووی واقیعییەوە كەركووك لەژێر ڕكێفی كورددایە، ئاوەدانكردنەوەی بەخۆوە بینیوە، ڕاگواستن، بەبەعسكردن و بەعەرەبكردن بە تەواوەتی تێدا ڕیشەكێش كراوە، بارە شێوێنراوە دیمۆگرافییەكەی تا ڕادەیەك ئاسایی كراوەتەوە، بۆیە كەركووك لە ڕووی مەبدەئی و واقیعییەوە، بەشێكە لە كوردستان، تەنیا لە ڕووی دەستووریی و یاساییەوە یەكلا نەبووەتەوە."

سلێمان عەبدوڵڵا ئاماژەشی دا كە سەركردایەتیی كورد لە ئاستی پرسی كەركووكدا هەرگیز درێغی نەكردووە، شۆڕشی ئەیلوول لەسەر كەركووك توێنرایەوە، دانوستانی 1984ـی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی ئەو كاتدا لەسەر كەركووك بە بنبەست گەیشت، كەواتە بە درێژایی مێژوو كەركووك لە بەرنامەی سەركردایەتیی كورددا گرنگییەكی ئێجگار گەورەی هەبووە.

نەوشیروان مستەفا گوتەیەكی ئەرێنی لەسەر كەركووك نییە
سلێمان عەبدوڵڵا سەرباری ئەوەی پێیوایە، لە ئێستادا كەركووك نەدۆڕاوە و كەركووكییەكان براوەن، دەشڵێت "هەق نییە كەركووك بكرێ بە موزایەدەی سیاسی و بخرێتە نێو هەڵمەتی ڕەش و سپیی هەڵبژاردنەكانەوە، ئەمە ڕاست و ڕەوا نییە، هەر كەسێك لە ڕووی سیاسییەوە یاریی بە پرسی كەركووكەوە بكات، یاریی بە پیرۆزیی و هەستی میللەتی كوردەوە بكات، نابێ لێی قەبووڵ بكرێت."

لای خۆیەوە عەدنان كەركووكی چاودێری سیاسی گوتی "سەركردایەتیی كورد لە پارتی و یەكێتی هەوڵەكانیان بۆ گەڕانەوەی كەركووك دیارە و چەندین جار بە كردار و گوتار بەرگرییان لەم ناوچانە كردووە، دەبا نەوشیروان مستەفایش كردارێكی بەرگریكارانەی هەبێ بۆ كەركووك، لە تەواوی مێژووی خۆیدا نەوشیروان مستەفا گوتەیەكی ئەرێنی لەسەر كەركووك نییە، بگرە زۆر جار هێرشی تووندی كردووەتە سەر كەركووكییەكان، ئەی خێرە ئێستا سەرۆكی پارتی و سكرتێری گشتیی یەكێتی تۆمەتبار دەكات؟"

ئەم چاودێرە سیاسییە گوتیشی "پێدەچێ نەوشیروان مستەفا سێ ساڵ بێ هاتبێتە سەر گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان، چونكە خۆی وەك فریشتەیەك پێشان دەدات، دیارە بیری چووە ئەو هەمیشە كەسایەتی دووەمی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە و ڕەسمی تەواوی سیاسەتەكانی یەكێتی كردووە، ئەو سیاسەتەی ئەو بە نەگنی باسی دەكات، خۆی داڕێژەر و ئەندازیاری بووە، ڕەنگە سەركردایەتیی گۆڕان ڕەنگە تازە پرسی ناوچە كوردستانییەكانیان خستبێتە ئەجیندای كاریانەوە، ئەویش بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنە، دەنا پێشتر ئەوان بە پیتێك باسی كەركووكیان نەكردووە، بەڵكوو زۆرجار نەیاریی چارەسەركردنی كێشەی كەركووك بە شێوەیەكی دەستووریی بوونە."

نەوشیروان مستەفا هەمیشە دروستكەری قەیران بووە، چ لە شاخ و چ لە شار

عەدنان كەركووكی ئاشكرایشی كرد، نەوشیروان مستەفا هەمیشە دروستكەری قەیران بووە، چ لە شاخ و چ لە شار، هەروەها هەرگیز بڕوای بە پرسە نەتەوایەتییەكان نەبووە، خودی خۆم لێم بیستووە كە گوتوویەتی، خۆزگە لە زێ بەو بەرەوە سەر بە توركیا بووایە.
واتا خۆزگەی بەوە خواستووە ناوچەی بادینان لەسەر هەرێم نەبووایە. هەروەها دەیگوت، دەبا كەركووكییەكان لێمان گەڕێن، ئێمە شاری سلێمانی ناكەینە قوربانی كەركووك، ئەو كەسێكە باكگڕاوندی بیركردنەوەی نیشتمانیی نییە.

ئازاد تۆفیق وای بە باش دەزانێ كە ئێستایش ئەگەر لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە نەتوانرا كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێم بگێڕدرێتەوە، ئەوا دەستەڵاتی كوردی دەتوانێ شتێك بە دیفاكتۆ بكات، گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بكات بە فەرمانی واقیع، بۆ ئەمەیش پشتیوانیی وڵاتانی زلهێز و ویستی پۆڵاینی كورد بە فاكتەرێكی بەهێز دەبینێت.

هەواڵی پەیوەندیدار