٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

كۆمیسیۆن بۆ پەرلەمان: كات درەنگە

سەرچاوە: Hewler

بەرپرسی دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە كوردستان عەلی قادر ڕایگەیاند، ئەگەر یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان هەموار نەكرێتەوە ئەوا دوادەخرێت، پەرلەمانیشی هۆشیاركردەوە لەوەی "كات درەنگە" بۆ هەمواركردنەوە، هەروەها ئاشكراشی كرد تا ئێستا هیچ كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم خۆی نەپاڵاوتووە.

هەر هاووڵاتییەك ڕۆزی دەنگدان ناوی نەبێت، بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت دەنگ بدات
دوێنێ سێشەممە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی قەوارە سیاسییەكان لە شاری هەولێر كرد بە مەبەستی تاوتوێكردنی چەند خاڵێكی گرنگ و ڕوونكردنەوەی زیاتری ڕێوشوێنەكانی هەڵبژاردنەكانی ئاییندەی هەرێمی كوردستان، بەرپرسی دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە كوردستان عەلی قادر لەمبارەیەوە ڕایگەیاند "كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆمان گرنگ بوو كە تایبەت بوو لەگەڵ بریكاری ئەو قەوارە سیاسییانەی كە متمانەیان پێبەخشراوە، بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان"
گووتیشی "ئێمە ئێستا خەریكی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیین كە بایەخێكی زۆری هەیە و دەبێت هەموو لایەك بۆ دۆزینەوەی ناوی دەنگدەران و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان هەماهەنگ بن و باشترە هاووڵاتیان سەردانی ناوەندەكان بكەن بۆ ئەوەی لە ناوەكانیان دڵنیابن."

عەلی قادر زیاتریش گوتی "ئەم قۆناخە زۆر گرنگە، هەر هاووڵاتییەك ناوی لە تۆماری كۆتاییدا تۆمار نەكرابێت، بەهیچ لە شێوەیەك ڕۆژی هەڵبژاردن مافی دەنگدانی نابێت." لەبارەی كاری ڕاگەیاندنیشەوە گوتی "دەبێت ڕاگەیاندنەكان بێن بۆ كۆمیسیۆن بۆ ئەوەی مافیان پێبدەین بۆ تەغتییەكردنی هەڵبژاردنەكان."

كەس خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نەپاڵاوتووە
عەلی قادر لە بارەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم گوتی "دەرگا واڵایە و هەر كەسێك بیەوێت دەتوانێت خۆی بۆ ئەو پۆستە بپاڵاوێت و تا كۆتایی ئەم مانگەش دەرفەت هەیە"، گووتیشی، تا ئێستا كەس خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید نەكردووە، لەمەر ئەو سكاڵایەشی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمەوە بە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی دابوو، گوتی "بریاری تایبەت بە سكاڵاكەی یەكێتی دەرچووە و ئێستا لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو مەسەلەیە دەكەین."
قادر ئەوەشی ئاشكراكرد، تا ئێستا 39 قەوارەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستاندا ناوی خۆیان بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكان تۆمار كردووە و پێنجیان بریكارەكانی خۆیان بۆ چاودێریكردن تۆمار كردووە، هاوكات گوتیشی، 11 ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنیش بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان تۆماركراون.

لەمەر ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیشەوە ڕایگەیاند "ڕێكخراوە نێودەوڵەتی زیاتر لە كاتی دەنگداندا داوا دەكەن و نامە بۆ لایەنەكان دەنێرن، هەروەها لەو كارەماندا ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەگەڵماندا هاوبەشن."

بەرپرسی دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە كوردستان لە درێژەی لێدوانەكانیدا ئەوەی ئاشكراكرد كە داوایەكیان ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە، بۆ هەمواركردنەوەی بڕگەی پێنجەمی ماددەی 32 لە یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا، ئەوەشی دركاندا كە ئەگەر ئەو بڕگەیە هەموارنەكرێنەوە، ناتوانرێت هەڵبژادنی پارێزگاكان ئەنجام بدەین"، قادر هۆشیاریشی دا، بە ئەگەری درەنگكەوتنی كاتەوە و گوتی" كات درەنگە"، ئەوەشی ڕەت كردەوە، هیچ بڕیارێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكان درابێت و گوتی "هیچ بڕیاریكمان پێنەگەیشتووە"، لەبارەی تۆماركردنی ناوی قەوارە سیاسییەكانیش گوتی "قەوارە سیاسییەكان لە قۆناخی وەرگرتنی كاندیدەكانیانداین و فۆڕمی كاندیدكردن دراوەتە قەوارەكان و قەوارەی تاك متمانەیان پێبەخشرا و تا كۆتایی ئەم مانگە كۆتایی پێدیت."

هەواڵی پەیوەندیدار