٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

حزبەكان بەردەوامن لە سەركۆنەكردنی سازانە بەرتەسكەكەی ئۆپۆزسیۆن

سەرچاوە: Hewler

ئەو لایەنە سیاسییانەی لە پەرلەماندا به‌شدار نین، پرۆسەی گفتوگۆكردنی پەرلەمان لەسەر دەستوور بە ناڕەوا وەسف دەكەن، پێیانوایە ئەو سازانە ناچێتە چوارچێوەی سازانی نیشتمانییەوە و گلەیی ئەوە دەكەن كە بۆ زۆر پرسی گرنگ و هەستیار هەندێ لایەنی سیاسی پەراوێز دەخرێن.

پاش ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نامه‌یه‌کی ئاراسته‌ی پەرلەمان کرد، تا لەوێ لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆی لەسەر بكەن، پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن ڕێگەیان نەدا تەواوی پارتە كوردستانییەكان لە گفتوگۆكەدا بەشدار بن و، داوایان كرد تەنیا ئەو پارتانەی کورسی پەرلەمانییان هەیە بەشدار بن، ئەمەیش لەلایەن پارتەكانی دەرەوەی پەرلەمانەوە درایە بەر ڕەخنە.

ئەگەرچیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە چوارچێوەی لیستی ئازادی و دادپەروەری لە پەرلەمانی كوردستان بەشدارە، بەڵام بەرپرسی كۆمیتەی ناوەندیی پارێزگای كەركووكی پارتەكە شوان محەممەد دەڵێ "دەبێ دەستوور سازانی نیشتمانی لەسەر بكرێ و هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆچوونی خۆیان لەمەڕ پڕۆژەی دەستوور بخەنە ڕوو، ئێستایش پشتیوانیی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی هەرێم دەكەین بۆ گفتوگۆی پەرلەمانی، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە داواكەی ئۆپۆزسیۆنە بۆ پەراوێزخستنی هەندێ لایەنی سیاسی لە گفتوگۆكەدا، كە ئەمە باش نییە، چونكە كاتێك باسی سازانی نیشتمانی دەكرێ كە هەموو لایەنەكان لەو سازانەدا بەشدار بن."

لە لایەكی دیكەوە بەرپرسی لقی كەركووكی حزبی ئایندەی كوردستان توانا جەباری ئەم سازانە بە سازان نازانێ و بڕوای وایە كە پرۆسەی گفتوگۆكە سەركەوتوو نابێ، چونكە هەندێك لایەنی سیاسی كراونەتە دەرەوەی بازنەی گفتوگۆكردن لەسەر دەستوور، بۆیە ئاشكرای دەكات "ئۆپۆزسیۆن هەندێ جار سیاسەتی پەراوێزخستن و خۆ بە نوێنەرزانیی گەل پەیڕەو دەكات، ئەم جۆرە لە سیاسەتكردن نادروستە، ئۆپۆزسیۆن زۆرجار دەكەوێتە هەڵەوە، بەداخەوە چاوەڕوان نەبووین لەو كۆدەنگییە نیشتمانییە بێ بەش بكرێین.

سكرتێری بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی كوردستان شێخ عەلی ئاماژە بە پێداگیریی بزووتنەوەكەی لە گەڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان دەكات و گوتی "ئەمە یەكەم جار نییە، ئێمە و چەند لایەنێكی دیكە لە پرسە گرنگ و هەستیارەكان دوور دەخرێینەوە، زۆر دڵگرانین، هەڵوێستی خۆمان دەبێ، جا ئەگەر سازانی نیشتمانی بەم جۆرە بێ كە ئۆپۆزسیۆن داوای دەكات ئەوا هەر هیچ!، ئەگەر بە سازانیش هەژمار بكرێ، ئەوا لەنگی پێوە دیارە و ڕەوایەتی تەواو وەرناگرێت."

هەر لەمەڕ ڕەوایەتی سازانی نیشتمانی بەو جۆرەی ئۆپۆزسیۆن ویستوویەتی، بەرپرسی ناوەندی كەركووكی بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان هاشم عەلی نیگەرانیی بزووتنەوەكەی لە هەمبەر پەراوێزخستنیان لە گفتوگۆكانی دەرهەق بە دەستوور بە ناڕەوا لێكدەداتەوە و دەڵێ "ئەمەی ئۆپۆزسیۆن كردی جیاوازیكردنە لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا، ڕاستە ئێمە لە پەرلەماندا پێگەمان نییە، بەڵام خۆ حزبێكی سیاسی ڕێگەپێدراوین، هەموو پارتێكی كوردستانی ئامانجی سەرخستنی كوردستانە، دەبێ لە گفتوگۆكردن لەسەر پرسە نیشتمانییەكان بەشدار بین، بە تایبەت دەستوور كە بنەمایەكی گرنگە بۆ كۆمەڵگەی كوردی، بۆیە ئەمە سازانی نیشتمانی پێ ناگوترێ."

هاشم عەلی نەیشاردەوە پشتیوانیی لەم جۆرە سازانە ناكەن، چونكە چەندین پارتی كوردستانی پەراوێز خراون، رەشبینیشە بە سەركەوتنی لایەنەكان لەم گفتوگۆكردنەیان لەسەر دەستوور، بە گوتەی ئەو پەراوێزخستنی هەندێ لایەنی سیاسی، پرۆسەی دیموكراتی لە كوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە

هەواڵی پەیوەندیدار