٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

قایمقامی كەركووك: ڕۆڵی قایمقام بە تەواوی پەراوێز خراوە و شەش مانگە جەنابی پارێزگارم نەبینیوە

سەرچاوە: Hewler

قایمقامی شارۆچكەی كەركووك لە پارێزگارەكەی نیگەرانە و ئاماژە بە پەراوێزخستنی ڕۆڵی و قۆرخكردنی دەستەڵاتەكانی لە لایەن پارێزگارەوە دەدات، كامیل ساڵەیی لە دیمانەیەكدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر دەیدركێنێ كە بانگهێشتی هیچ كۆبوونەوەیەكی حكوومی ناكرێ و بەشێك لە دەستەڵاتە یاساییەكانیشی لێ زەوتكراوە، پێی وایە پەراوێزخستنی ئەوانی تر خزمەت بە كەركووك ناكات.

*دەستەڵاتەكانی قایمقام چین؟

- بەپێی یاسا قایمقام بەرپرسە لە پاراستنی ماف و موڵكی هاووڵاتییان، بەرپرسە لە پاراستنی ماف و موڵكی حكوومەت، ئەم دوو دەستەڵاتە فراوانە و زۆر شت دەگرێتەوە، واتا هەر كەموكورتییەك لەسەر ئاستی هاووڵاتییان و دەوڵەت ڕوو بدات قایمقام لێی بەرپرسیارە و دەبێ ئاگاداری تەواوی جومگەكان بێت.

هەروەها قایمقام بۆی هەیە سەرجەم فەرمانگەكان بپشكنێت، بۆی هەیە لە چۆنیەتی ڕاییكردنی كاروباری هاووڵاتییان لە فەرمانگەكاندا بپرسێتەوە، قایمقام تەنیا بۆی نییە دەست لە كاروباری زانكۆ و دادگە و سوپا وەربدات، جگە لەم سێ سێكتەرە بۆی هەیە لە هەر دەستگەیەكی حكوومی دی بكۆڵێتەوە، بە كورتی قایمقام لە سنووری شارۆچكەكەی خۆیدا دەستەڵاتی یەكەمە و بە شێوە یاساییەكەی پێی دەگوترێ "قایمقام گەورەترین فەرمانبەری شارۆچكەیە."

*وەك قایمقامی شارۆچكەی كەركووك زیادەڕۆییت لە بەكارهێنانی دەستەڵاتەكانتدا كردووە؟

- نەخێر زیادەڕۆییم نەكردووە، بەڵكوو دەستەڵاتەكانم قۆرخ كراوە، بڕوانە شارۆچكەی كەركووك ژمارەی دانیشتووانی 900، هەزار كەسە، فەرمانگەیەكی زۆر لە نێو شارۆچكەكەدایە، بۆیە دەبینین زۆر جار كێشە لە نێوان فەرمانبەران و هاووڵاتییاندا دروست دەبێ، یان كێشە لە نێوان فەرمانگەكاندا چێ دەبێ، ئەم كێشانە دەبێ قایمقام چارەسەری بكات، كەچی هەنگاو بە هەنگاو خەریكە بەسەركردنەوەی فەرمانگەكانیشم لێ قەدەغە دەكرێ، نایانەوێ قایمقام ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێ، هەوڵ دەدەن دەستەڵاتەكانم كەم بكرێتەوە.

* كێ هەوڵی قۆرخكردنی دەستەڵاتەكانت دەدات؟

- جەنابی پارێزگاری كەركووك كە دەرفەت نادات تەنانەت لە كۆبوونەوەی فەرمانگەكان و كۆبوونەوەكانی لیژنەی ئەمنیدا بەشداربم، ماوەی دوو ساڵە و لەوەتەی بەڕێز نەجمەددین كەریم بووە بە پارێزگاری كەركووك، قایمقام بۆی نییە لە هیچ كۆبوونەوەیەكدا ئامادەبێت، تەنانەت لە هیچ مەڕاسیمێكیشدا بۆی نییە بەشدار بێ، وەك مەڕاسیمەكانی كردنەوەی پڕۆژەكان، یان بۆنە فەرمییەكان، یان هاتنی شاندی پەرلەمانی و حكوومی لە بەغدا و هەولێرەوە، لە هیچ كام لەو كۆبوونەوە و گردبوونەوانەدا قایمقام بانگهێشت ناكرێت، كەچی یاسا داوا دەكات قایمقام ئاگاداریی هەموو شتێك بێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبووونم لە كۆبوونەوەكاندا ئاگاداری هیچ نیم. ئەمە چی دیكەیە، جگە لە پەراوێزخستنی ڕۆڵی قایمقام؟!

*پەراوێزخستنی ڕۆڵی قایمقامی قەزای كەركووك ئامانجدارە؟

-بەڵێ، پەراوێزخستنی ڕۆڵم لە لایەن پارێزگارەوە ئامانجدارە، دەزانی بۆ؟ چونكە لە هەموو شارۆچكەیەكدا قایمقام سەرۆكی لیژنەی كڕین و فرۆشتنە، تەنیا لە شارۆچكەی كەركووك نەبێ قایمقام سەرۆكی ئەو لیژنەیە نییە، هەروەها دەبێ سكاڵای هاووڵاتییان بە قایمقام بدرێت، كەچی ئەویشیان قۆرخ كردووە، چونكە پێموایە شتێك دەرماڵەی تێدایە، ئەم دوو دەستەڵاتە بە قایمقامەكانی دووبز و داقووق و حەویجە دراون، كە هەر لە سنووری پارێزگای كەركووكدان، لە كۆی چوار قایمقام لە سنووری پارێزگای كەركووكدا تەنیا ڕۆڵی قایمقامی شارۆچكەی كەركووك پەراوێز دەخرێت، ئەی ئەمە ئامانجدار نییە؟

*بە فەرمی داوات لە پارێزگار كردووە كە لە كۆبوونەوەكاندا بەشداربیت؟

- بەڵێ، بە فەرمی داوام لێ كردووە و پێم گوتووە كە لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان پێویستە ئێمە وەك قایمقام ئاگاداری ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان بین، كەچی ئەو دەڵێت، هەر كاتێك پێویست بكات خۆم بە دواتدا دەنێرم، بەڵام ماوەی شەش مانگە جەنابی پارێزگارم نەبینیوە!

*بۆ بە زەروری دەزانی پارێزگار ببینیت؟

- هەندێ شتی گرنگ و نهێنی هەن كە پەیوەستە بە پرسی نەتەوەیی و پرسی كەركووكەوە، دەبێ بە تەنیا لەگەڵ پارێزگاری كەركووكدا باسی بكەم، كەچی ئەو ئامادە نییە ئەو زانیاریانەم لێ وەربگرێت، یان لەگەڵمدا تاوتووی بكات، ئەم پەراوێزخستن و خۆبەگەورەزانینە خزمەت بە پرسی كەركووك ناكات.

*پارێزگاری پێشوویش بە هەمان شێوە مامەڵەی دەكرد؟

- ئەوەی دوو ساڵە ڕوو دەدات، پێشتر ڕووی نەداوە، پێشتر پەراوێزخستنی دەستەڵاتی ئەوانی تر بوونی نەبوو، كەس هێندەی ئێستا لە پارێزگار نیگەران نەبوو، بەداخەوە دەبوو دەرفەت بدرێ، هەر كەس و دەستەڵاتی خۆی پراوە بكات، تا خزمەتی پتر بە كەركووكییەكان بگەیەنرێت.

*دەستەڵاتەكانی قایمقام هیچ لە دەستەڵاتەكانی پارێزگار كەم دەكاتەوە؟

- نەخێر، بگرە خزمەتی دەستەڵاتەكانی پارێزگار دەكات، ئەوەی قایمقام ئەنجامی دەدات، دواجار دەبێتە دەستكەوت بۆ پارێزگار، بۆیە خەمی ئەوەمە ڕۆڵی خۆم هەبێ، چونكە ویستومە پارێزگار سەركەوتووبێ، بۆ زانیاریتان ئەو دەمەی نەجمەددین كەریم لە سەروبەندیی كاندیدكردندا بوو، بۆ بوون بە پارێزگار، هاوكارییەكی زۆرم كرد، تا زوو كارەكەی سەر بگرێت.

* پەراوێزخستنی ڕۆڵی ئەوانی تر ئاییندەی كەركووك بە چ دەگەیەنێت؟

- دووركەوتنەوە و پەرتەوازەبوون و نەبوونی هەماهەنگی، خزمەت بە ئێستا و داهاتووی كەركووك ناكات، بەپێچەوانەوە سوود بە نەیارانی كورد و كەركووك دەگەیەنێت، بەداخەوە لە ئێستادا پارێزگار قسەی لەسەرە، پرسیاری هاتووەتە سەر، زۆر لایەنی حكوومی لێی ناڕازین، بۆیە داوا دەكەم جەنابی پارێزگار بە خۆیدا بچێتەوە

هەواڵی پەیوەندیدار