لە دوای هاتنی سەرۆكی هەرێم بۆ مەخموور، پڕۆژەی كارەبای نیشتیمانی و پێشینەی كشتوكاڵی و خانووبەرە هاتنە جێبەجێكردن

مەخموور، شارۆچكەیەكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانە . 60 كیلۆ مەتر لە هەولێرەوە دوورە، دەكەوێتە ناوەڕاستی هەر سێ شاری گرنگ (هەولێر و موسڵ و كەركووك) .بە یەكێك لە گرنگترین ناوچەی كشتوكاڵی(گەنم و جۆ) و ئاژەڵداری ئەژمار دەكرێت. هەرسێ ناحیەی دیبەگەو قەڕاج و كەندیناوەو گوێر سەر بە مەخموورەو لە 185 هەزار كەس پێكهاتوون و 45 خێزان و 206 گوندە . بە ڕەسەن مەخموور سەر بە پارێزگای هەولێرە، بەڵام لە دوای 2003ەوە حكومەتی عێراقی خستیە سەر پارێزگای موسڵ، بۆیە لە دەستوریش خرایە لیستی ناوچە كێشە
لەسەرەكان و لێرەوەش سەركردایەتی كورد ناوی ناوە ناوچە
كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان. سەرۆكی كوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی كاتێك لە دوایین سەردانی بۆ مەخموور گووتی: مەخموور لە ساڵی 1996 لەلایەن ڕژێمی بەعس بە بڕیارێك كەوتە سەر پارێزگای موسڵ، كە بڕیارەكە یاسایی نەبوو .بارزانی گرنگترین خاڵی مەخمووری ئاشكرا كرد ئەوكات ڕایگەیاند، مادەی 140 مەخموور ناگرێتەوە . چونكە هیچ گومانی كوردستانی بوونی تێدا نییە .بەڵام لە ساڵی 1996ەوە كەوتە بەر شاڵاوی تەعریب كردن و بەعس عەرەبێكی زۆری هاندا لە ناوەڕاست و باشوری ئێراق ڕوو لە مەخموور بكەن . كە مەخموور ناوچەیەكی كشتوكاڵییە، كاریگەرە بەسەر داهات و ئابوری وڵات. سەبارەت بە دوواین پەرەسەندن و پێشكەوتنی ئاستی كۆمەڵایەتی و ئابووری و كارەباو كشتوكاڵ و پەروەردەو تەندروستی، قایمقامی قەزای مەخموور ئیبراهیم شێخەڵا ئیبراهیم بۆ خەبات چەند پرسێكی ڕوون كردەوە.
بڕێكی باش لە بودجەی وەزارەتی پەروەردە بۆ مەخموور دابین كراوە سەرەتا تایبەت بە بواری پەروەردە قایمقامی قەزای مەخموور گووتی: ئەو سیستمەم و بەرنامەیەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم پێڕەوی دەكات هەمان سیستەمە لە قەزای مەخموور جێبەجێ دەكرێت، ئەویش لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی مەخموور بە هەمان سیستەمی ئیداری و مەنهەجی تێدەپەڕێت . هەموو پڕۆژە پەروەردەییەكان لەلایەن پارێزگای هەولێرو وەزارەتی پەروەردە جێبەجێ دەكرێت، تەنها چەند قوتابخانەیەك نەبێت لەلایەن گوندە عەرەبەكان سەر بە سیستەمی پەروەردەی پارێزگای موسڵە . سەبارەت بە پێداویستییە پەروەردەییەكانمان لەسەر بودجەی وەزارەتی پەروەردەو پارێزگای هەولێرەوە دابین دەكرێت، ئەمساڵ بڕێكی باش تەرخان كراوە بۆ قەزای مەخموور لەلایەن وەزارەتی پەروەردە، ئەمیش بۆ دابین كردنی كەل و پەل و نۆژەن كردنەوەی قوتابخانەكان. ساڵانەش لەو بودجانەی كە بۆمان تەرخان دەكرێت كۆمەڵێك باڵەخانە دروست دەكەین و كەل و پەل و پێویستیش بۆ قوتابخانە دابین دەكەین.
كێشەی مەخموور كەمی نەخۆشخانەیە
سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستی لە قەزای مەخموور ئیبراهیم شێخەڵا ئیبراهیم قایقامی قەزای مەخموور تایبەت بە خەبات گووتی : ئێستا ڕەوشی تەندروستی لە جاران باشترە، پێشتر ئیشكگر نەبوو، ئێستا بۆ ماوەی 24 سەعات ئێشكگری تەندروستی بوونی هەیە، جیا لەوەش لە ناحیەكانی سەر بە مەخمووریش ئێشكگر دەست بەكار بوو . جیا لەوەی ئێستا خەریكی دروست كردنی بنكەیەكی تەندروستین و ئێستا لە قۆناغی كۆتایی دایە لە ئایندەیەكی نزیك دەكەوێتە بواری خزمەتكردن بە خەڵكی ئەو دەڤەرە،ئەو نەخۆشخانەیە هۆڵی نەشتەرگەریشی تێدایە .سەبارەت بە بەشە دەرمانی مەخموور لە لایەن وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم بە رێوەبەرایەتی تەندروستی هەرێم دابین دەكرێت، بەشێكی تریش لە لایەن پارێزگای موسڵ و تەندروستی موسڵ دابین دەكرێت. ڕێژەی %70 كێشەكانی قەزای مەخموور لە بەرای كەرتی تەندروستی چارەسەر كراوە .كێشەی گەورەی مەخموور كەمی نەخۆشخانەیە و تا ئەمڕۆش نەشتەرگەری لە شارۆچكەی مەخموور ناكرێت، بۆ ئەمە پەنا بۆ هەولێر و موسڵ دەبەین، ئەگەر بێت ئەو نەخۆشخانەیە تەواو بێت لەم كێشانە رزگارمان دەبێت .پڕۆژەیەكی تری تەندروستیمان لەبەر دەستە كە حكوومەتی ئیتیحادی بڕی 25 ملیار دینار بۆ دروست كردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی بۆ مەخموور، كە ئەمە ڕەوشی تەندروستی مەخموور باشتر دەباتە پێشەوە.
قەرزی كشتوكاڵی مەخمووریش دەگرێتەوە
سەبارەت بە ڕەوشی كشتوكاڵ لە دەڤەری مەخموور قایمقامی قەزای ناوبراو بۆ خەبات گووتی : ئێمە ساڵانە لە ڕێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرێوەبەرایەتی كشتوكاڵی هەولێر، جۆرەها خزمەتگوزاری پێشكەشی هاوڵاتیان دەكرێت، لەوانە دابین كردنی پەینی كیمیاوی و گازوایل بۆ دروێنە، هەروەها لە وەرزی چاندن تۆی باوەڕ پێكراو بۆ جوتیارانی دەڤەری مەخموور دابین دەكرێت، زۆرجاریش قەرەبووكردنەوەی جوتیارانیش دەكرێت.دوای سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ مەخموور داواكارییەكان لەسەر ئەوە بوو كە پێشینەی پڕۆژەی كشتوكاڵی قەزای مەخمووریش بگرێتەوە، بە خۆشحاڵییەوە لەگەڵ دەستبەكار بوونی كابینەی حەوتەم پێشینەكانی كشتوكاڵی سنوری قەزای مەخمووری گرتەوە .جیا لە ڕاكێشانی كارەبا بۆ جوتیاران و لێدانی بیری ئیرتیوازی و دابین كردنی خانووی پلاستیكی .گرنگترین پڕۆژەی مەخموور پڕۆژەی ئاودێری مەخموور قەراجە، كە بۆ 150 هەزار دۆنم زەوی بەراو دەكات ئێستا لە قۆناغی رووپێو دایە واتە پێشتر دیراسەكەی ئامادە كرابوو، ماوەی 8 مانگە دەست كراوە بە ئیش كردن لەسەری، دواتر سەرچاوەی تەموویلی پڕۆژەكە دەبێت دیاری بكرێت تا بكەوێتە قۆناغی جێبەجێكردن.
گرفتەكانی مەخموور
قایمقامی قەزای مەخموور سەبارەت بە كێشەو گرفتەكانی قەزای مەخموور تایبەت بۆ خەبات گووتی: گرفتی مەخموور گرفتی ئیدارەیە، كە تا ئێستا مەخموور بە شێوەیەكی كاتی خراوەتە سەر موسڵ، ئێمە پێمان وایە مەخموور بەشێك نییە لە ناوچە دابڕاوەكان،بەڵكو بەشێكە لە پارێزگای هەولێر .بە كوردو بە عەرەبەوە ناسنامەی باری شارستانیان لەسەر هەولێرە .جیا لەوەش فەرمانگەی تۆماری خانوو بەرە و هەموو موڵكەكانی مەخموور سەر بە پارێزگای هەولێرە .هەروەها میلاكاتی ئیداریش وەك شارەوانی و تاپۆو فەرمانگەی باری شارستانی و كشتوكاڵ و تەندروستی سەر بە هەولێرە، واتە هەموو گرفتەكانمان ئیدارین، بەڵام بە شێوەی تەوافووق بەرێوە دەبرێت .پێشتر كێشەمان هەبوو لەگەڵ لیستی حەدبا و دابڕابووین لە پارێزگای موسڵ، بەڵام ئێستا ئەو كێشانە چارەسەر كرا و بودجەشمان بۆ دابین دەكرێت و پڕۆژەشمان بۆ دەكرێت .سەبارەت بە پڕۆژەكانی مەخموور قایمقامی مەخموور بۆ خەبات گووتی: ئێمە پڕۆژەمان زۆرە، وەك راكێشانی ڕێگا و كارەبا بۆ گوندەكان و دروستكردنی باڵەخانە بۆ فەرمانگەكان و هەروەها دروست كردنی شەقام و هەموو ئەو پێویستیانەی كە مەخموور دەیەوێت ئێمە بە پێی پلانێك ووردە ووردە ئەنجامی دەدەین.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان پێكهاتەكانی مەخموور ئیبراهیم شێخەڵا ئیبراهیم قایمقامی مەخموور گووتی : لە دوای ئازادی ئێراق سەركردایەتی سیاسی ئێراق بە تایبەتی سەرۆكی هەرێم، ئەوكات پەیامێكی گرنگی ڕاگەیاند بۆ ئەو خەڵكەی كە دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، مەخمووریش بەشێك بوو لەو ناوچانە،كاتێك دەگەرێنەوە تۆڵە لە یەكتر نەكەنەوە، دەبێت بە شێوەیەكی ئاشتیانە كێشەكان چارەسەر بن .هەر گرفتێك هەبێت هانا بۆ دادگا ببەن . بۆیە لە سنووری قەزای مەخموور هیچ جۆرە شتێكی نائاسایی ڕووی نەدا، ئەوەی مافێكی هەبوو لە ڕێگەی دادگاوە توانی بە شێوەیەكی ئاشتیانە مافەكە وەربگرێتەوە .ئەو عەرەبانەی كە بە تەعریب هاتبوون پێش ئەوەی ئێمە بێین ئەوان گەڕانەوە شوێنی ئەسڵی خۆیان .تەنها ئێستا عەرەبە ڕەسەنەكان ماون لە مەخموور، كە نموونەی بەرزی پێكەوە ژیانن لە مەخموور لەگەڵ كوورددا، تەنانەت ژن و ژنخوازیش هەیە لەنێوان كوردو عەرەبدا.
لە هەولێرەوە تا مەخموور دەبێتە دوو ساید
قایمقامی مەخموور بۆ خەبات ڕایگەیاند پڕۆژەی جووت سایدی هەولێر مەخموور بڕیارە بەم زووانە بدرێتە بەڵێندەر، جگە لەوەش پێشینەی خانووبەرە مەخمووریش دەگرێتەوە، كە ئەم پڕۆژانە دوای هاتنی جەنابی سەرۆك ئەو شتانە جێبەجێ كرا .پاش هاتنی جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر پڕۆژە هەبوو تەرح كرا كە بۆ مەخموور نوێ بوو، هەندێكیش تەفعیل كرا، دوای هاتنی سەرۆكی هەرێم بۆ مەخموور كارەبا بۆتە 24 سەعات كە پێشتر دووسەعات كارەبا هەبوو .ئەمیش بە ڕاكێشانی دوو هێڵی كارەبا لە هەولێرەوە بۆ مەخموور .بە گشتی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی هێزێكی مەعنەوی بە مەخموور بەخشی جگە لە پڕۆژەكانی ناو مەخموور. جگە لەوەش قایمقامی قەزای مەخموور ئاماژەی بەوەشدا لە پار ساڵەوە نزیكەی 400 كەسمان بە هەمیشەیی دامەزراندووە




