حزبە یار و نەیارەكانی دەستوور، پشتگیری لــە دەستپێشخەرییەكەی سەرۆک بارزانی دەکەن
لەگەڵ ئەوەی كە ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان هەموو قۆناغە یاساییەكانی خۆی بڕیوە و بەپێی یاسا دەبێت بخرێتە ڕیفراندۆمەوە، بەڵام سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی داواكاری و خواستی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی لەسەر گۆڕانكاری لە چەند ماددەیەكی ڕەشنووسی دەستووردا پشت گوێ نەخست و، داوای لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كرد لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسیەكان و لیژنەی ئامادەكاری پڕۆژەی دەستوور دابنیشن بۆ ئەوەی كۆدەنگی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان لەسەر دەستوور دروست بێت.
ئەم هەنگاوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای ئەوە دێت كە لە25ـی ئایاری2013، نامەی ئاراستەی تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەوەی تێبینییەكانی خۆیان لەسەر دەستوور بخەنە ڕوو و چەند ڕۆژ پێش ئێستایش لایەنە سیاسییەكانی وەڵامی نامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان دایەوە و، تێبینی و پێشنیازەكانی خۆیان تێدا نووسی بوو.
گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دكتۆر ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەدا كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی نامەكەیەوە بۆ پەرلەمان بەفەرمی تێبینی و پێشنیازەكانی هەموو لایەنەكانی لەسەر دەستوور ڕەوانەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە بۆ ئەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و ئەندامانی لیژنەی ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستوور دابنیشن و، تاوتوێی پێشنیاز و تێبینییەكان بكەن، ئەوەیش لە پێناو ئەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكان لەو مەسەلەیەدا بە كۆدەنگی بگەنە ئەنجامێك.
لە ڕێگەی نامەیەكی فەرمییەوە، سەرۆكی هەرێم مەسعود بارزانی تێبینی و پێشنیازەكانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی ئاراستەی پەرلەمان كرد. بە پێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتیی هەرێم، نامەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەوەیە سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەكان و ئەندامانی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان دابنیشن و، تاوتوێی پێشنیاز و تێبینییەكان بكەن بۆ ئەوەی كۆدەنگیی تەواوی لایەنەكان لەسەر مەسەلەی دەستوور بگەیەننە ئەنجام.
پارتی دیموکراتی کوردستان
پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان عەبدولسەلام بەرواری بە ڕۆژنامەی هەولێری گوت: ئەو هەنگاوەی سەرۆكی هەرێم هەنگاوێكی زۆر حەكیمانە بوو، لە هەمان كاتیشدا چاوەڕێی ئەوەی لێدەكرا، چونكە لە كاتی دروستبوونی هەر ناكۆكیەكدا هەمیشە دەستپێشخەر بووە و، پرۆژەیەكی هەبووە كە ئەو ناكۆكیانە نەهێڵێت.
عەبدولسەلام گوتیشی: ئەوان تاوتوێی ئەو نامەیەی جەنابی سەرۆكی هەرێم دەكەن و لەگەڵ لیژنەی ئامادەكاری ڕەشنووسی دەستوور بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان بگەنە كۆدەنگییەك.
عەبدولسەلام بەرواری ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە ئەم كارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مانای ئەوە نیە كە دەستوور بێتەوە پەرلەمان و هەموار بكرێتەوە، چونكە دەستوور كارە یاساییەكانی خۆی تێپەڕاندووە، لە لایەكی دیكەیشەوە دەستور لە پەرلەمان نەنووسراوە تا بگەڕێتەوە پەرلەمان .
یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان
گوتەبێژی یەكێتی ئازاد جوندیانی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم بە هەنگاوێكی باش دەزانێت بۆ دەربازبوون لەو دۆخە بنبەستەی بە هۆی كێشمەكێشی پڕۆژەی دەستوورەوە هاتووەتە ئاراوە، جوندیانی دەڵێت: هەنگاوەكەی سەرۆكی هەرێم دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو لایەنەكان لەسەر مەسەلەی دەستوور لە ڕێگەی گفتوگۆوه بگەنە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیهکی گونجاو.
لەسەر بنەمای وەرگرتنی بۆچوونی هەموو حزبەكان لەبارەی دەستوورەوە، گوتەبێژەكەی یەكێتی ڕای وایە كە ناوەڕۆكی ڕاگەیەنراوەكەی سەرۆكی هەرێم خاڵی هاوبەشی زۆربەی حزبە سیاسییەكانە؛ وەك یەكێتییش بەشێك لە دید و بۆچوونی خۆی لەو پەیامەیەدا دەبینێتەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان
د. شێركۆ حەمەئەمین كە ڕێكخەری ژووری ڕۆژنامەوانیی بزووتنەوەی گۆڕانە، ڕوونی كردەوە كە بزووتنەوەكەی پێشوازی لە هەڵوێستی سەرۆكی هەرێم دەكەن و، ئەم هەڵوێستەی سەرۆكی هەرێم بە هەنگاوێكی باش دەزانن، شێركۆ دەڵێت: هیوادارین هەنگاوی باشتری بەدوادا بێت بە ئاراستەی هەمواركردنەوەی دەستوور، بە جۆرێك كە سیستەمێكی حوكومڕانی پەرلەمانی و سازانی كۆمەڵایەتیی بەرهەم بنێت.
یەكگرتووی ئیسلامیی کوردستان
یەكگرتووی ئیسلامی كە لە 2009ـدا لە پەرلەماندا دەنگی بۆ ڕەشنووسی دەستوور دابوو؛ لە ئێستایشدا لەگەڵ گەڕاندنەوە بۆ پەرلەمان و هەمواركردنیەتیی، هەنگاوەكەی سەرۆكی هەرێم بە ئاراستەی دروستكردنی سازانی نیشتمانیی دەزانن.
بە گوتەی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتوو مەولود باوەمراد، ئەگەر گۆڕانكاری بە سازانی ناو پەرلەمان لەسەر دەستوور بكرێت، ئەوا ڕاپرسی لەسەر دەستوور پشتیوانیی زۆرینەی هەرێمی دەبێت و، شایان بە یەكەم دەستووری هەرێمی كوردستان دەبێت، باوەمراد نامەكەی بارزانی بە هەنگاوێك بۆ سازانی نیشتمانی و بە دەستپێشخەرییەك دەزانێت كە خۆی لە خۆیدا ڕێزگرتنە لە ڕای حزبەكان تا دەستوور نەبێتە بابەتێك لە ململانێی سیاسی و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن.
كۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان
كۆمەڵی ئیسلامییش هاوشێوەی یەكگرتوو دەنگیان بۆ ڕەشنووسی دەستوور دابوو؛ هەروەها لە 2009ـدا ڕایانگەیاندبوو كە زۆربەی داخوازییەكانیان لە دەستووردا بەدی هاتوون. ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی لە ڕیزی ئەو حزبانەدایە داوای هەموارکردنهوهی دەستوور دەكات.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵ عەبدولستار مەجید دەڵێت: بەم دەستپێشخەرییەی سەرۆكی هەرێم، بەشێكی گەورەی قەیرانی هەرێم چارەسهر بوو، هەروەها دەستخۆشی لە هەنگاوی ناردنی سەرنج و تێبینییەكان بۆ پەرلەمان دەكات كە هەنگاوێكی ئەرێنییە و، پێویستە هەنگاوی دیكەیش بنرێت تا هەرێم سەقامگیر بێت.
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان
بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەدا بوو ڕەشنووسی دەستوور بخرێتە ڕیفراندۆمهوه و، خەڵك ڕای لەسەر بدات، ئێستایش پێیانوایە سازان لەسەر دەستوور ئاساییش دەپارێزێت.
گوتەبێژی بزووتنەوە شوان قەڵادزەیی، بۆچوونی وایە ناردنی سەرنج و تێبینیی حزبەكان بۆ پەرلەمان، ڕێزگرتنە لە سەرنجی حزبەكان و هەنگاوێكە تا دەستوور زۆرترین دەنگ بهێنێت و، كۆدەنگیی لەسەر بێت.
(قەڵادزەیی) دەڵێت: ڕێككەوتن لەسەر دەستوور وا دەكات بیانوو بۆ هەر لایەنێك نامێنێتەوە و كێ تێبینیی هەیە با بیخاتە ڕوو.
حزبی شیوعیی کوردستان
حزبی شیوعیی كوردستان داوای گفتوگۆی دەكرد لەسەر ئەو ماددە و بڕگانەی كە ناكۆكیی لایەنەكانی لەسەرە، ئێستایش ناردنی نامەكە بە كردنەوەی دەرگای پرسی دەستوور دەزانن.
بە ڕای گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی شیوعی باباعەلی جەباری ناردنی نامەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ پەرلەمان، دەرفەتی بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخ و قەیرانی هەرێم ساز كرد، جەباری پێیشیوایە نامەكە دەرگای چارەی پرسی دەستووری كردەوە و، حزبی شیوعی لەگەڵ گفتوگۆ و بەدەمەوەچوونی هەنگاوەكەی سەرۆكی هەرێمدایە.
حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
حزبی سۆسیالیست لەگەڵ ئەوەدا بوو كە خەڵك بڕیار لە بارەی ڕەشنووسی دەستوورەوە بدات و ئێستایش پێیانوایە تۆپەكە لە گۆڕەپانی پەرلەماندایە.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی سۆسیالیست عەبدوڵڵا حاجی مەحموود پێیوایە نەرمینواندنی سەرۆكی هەرێم وا دەكات حزبەكانیش نەرمی بنوێنن بە ڕەچاوكردنی لایەنی یاسایی و كۆدەنگیی سیاسی، باس لەوەیش دەكات كە ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی پەرلەمانە و سۆسیالیست پشتگیریی لێ دەكات، ئەو دەڵێت: ئەگەر لایەنەكان نەرمیی نەنوێنن، ناگەنە ئەنجام.




