سەرۆكی كۆڕبەندی هزری ئیسلامی: بەكارهێنانی مینبەر، یان ئیسلام بۆ كاری حزبایەتی، دەچێتە خانەی چەواشەكاری و پێشێڵكردنی یاساوه
سەرۆكی كۆڕبەندی هزری ئیسلامی لە كوردستان دکتۆر محەممەد شەریف لە دیمانەی ڕۆژنامەی "هەولێر" پێیوایە بەكارهێنانی مینبەر، یان ئیسلام بۆ كاری حزبایەتی و سیاسەت، دەچێتە خانەی چەواشەكاری و پێشێلكردنی یاساوە، ئەو جەختیش دەکاتەوە کە بەشێک لە ڕۆشنبیران و مامۆستایانی ئایینی بەدەستی خۆیان كەندێكی پان و بەرینیان لە نێوان خۆیان هەڵكەندووە.
* پێوەندیی نێوان پیاوانی ئایینی و کۆمەڵگا دەبێت لەسەر چ بنەمایەک دابرێژرێت؟
- لەسەر بنەمای متمانە، چونکە متمانە چەمكێكی بنەرەتییە بۆ پتەوكردنی پێوەندییەكان لە نێوان هەموو لایەنەكان بە تایبەت لە نێوان پیاوانی ئایینی و كۆمەڵگادا، ئەگەر متمانە نەبێت، ئەوا گومان پەیدا دەبێت، لەم حاڵەتە هەموو پەیامەكانی چاكسازی بێ سوود دەبێت و كەس گوێ لە كەس ناگری، بە گرژی و توندڕەوی و خۆپەرستی هیچ کاتێک متمانە نایەتەدی.
* ڕۆڵی مینبەری مزگەوتەکان لە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست چییە؟
- مینبەری مزگەوتەكان، پێشەنگی هەموو فاكتەرەكانە بۆ پاككردنەوەی ڕەوشتی تاك بەرانبەر هەموو مرۆڤێك لە كۆمەڵگادا، نەك ئەوەی نەفرەت لە یەكتر بکەن، پەیامی مینبەری مزگەوت بۆ ڕۆحی مرۆڤی موسووڵمانە و پاكیان دەكاتەوە لە بەدڕەوشتی و كاری خراپ، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ڕۆڵی سەرەكیی مینبەر بۆ سوودی دنیا و قیامەت، ڕۆحی بێت.
* مینبەری مزگەوتەکانی کوردستان تا چەندە توانیوییانە ڕۆڵی ئیجابی لە بەرەوپیشبردنی کۆمەڵگەدا بگێڕن؟
- ئەم پرسیارە پێویستی بە داتای زانستیی هەیە كە لای من نییە، وابزانم لای كەس نییە، لە کاتێکدا شتێکی پێویستە، لە زۆر لە قۆناغە سەختەكانی میللەتەكەماندا، مینبەری مزگەوت تاکە مەشعەڵ بووە بۆ ڕوونكردنەوەی مافی كورد و نەهامەتییەکان و تێیدا باس لە مافی جووتیاران و نەهامەتییەکانیان کراوە، ڕۆڵیان لە شۆڕشی ئەیلوولدا هەبووە، پشتگیریکردن لە سەركردەی كورد مەلا مستەفای بارزانی سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە، ئیستاش مەلاکان ڕۆڵی ئیجابیان زۆرە جگە لە هەندێ دیاردەی نەگونجاو نەبێت كە جاروجار بەهۆی حزبایەتی و بیرتەسکیی ڕوو دەدات.
*ئایا پێویستە مەلا گرنگی تەنیا بە ئایین بدات، یان کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش؟
- ئێستا سەردەمی "شمولی" نییە، بەڵکوو سەردەمی دابەشكردنی پێویستییەكانی كۆمەڵگەی تازەیە، لەم سەردەمەدا دکتۆر كاری خۆی دەكات و پارێزەریش كاری خۆی؛ لێكۆڵینەوە لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان پیشەی كۆمەڵگای مەدەنییە، بەتایبەت کۆمەڵناسان و دەروونناسان نەک مەلاکان، بەڵام دەبێت ئەمەش لە بەرچاو بگرین کە كاتێک كێشە كۆمەڵایەتییەكان دەبنە دیاردە و گرفت بۆ سەقامگیریی كۆمەڵگا دروست دەكات، پێویستە مەلاش لە ڕووانگەی ئایینەوە لە چارەكردنیدا بەشدار بێت، مەبەستم ئەوەیە پیشەی سەرەكیی مینبەر لایەنی ئایینی و ڕۆحییە، نەك خەریكبوون بە كێشە كۆمەڵایەتییەكان.
* ئایا تاک دەبێت پێشوەختە بڕیار لە پێرۆزبوونی گوتاری مینبەر بدات، یان لە کاتی گوێگرتندا هەڵسەنگاندیان بۆ بکات؟
- بەداخەوە، هاووڵاتی موسووڵمانی ئیمەی كوردەواری، تەنانەت دەرچووانی زانكۆکانیشمان نەگەیشتوونەتە ئاستی هەڵسەنگاندن، زۆربەیان بابەتی هەڵسەنگاندن لە خەیاڵیشیان سڕاوەتەوە، لەوانەیە قسەیەکی مینبەر بنەمایەكی ڕاستەقینەی لە ئایینیدا نەبێت و هەڵبەسترابێت، بۆیە نابێت پێشەكی تەسلیم ببن، من لە وانەگوتنەوەی ئەكادیمیدا هەمیشە بە قوتابیەكانم گوتووە، پێویستە ڕخنە بگرن و بێ بەڵگە بۆچوونەکانمان قەبووڵ نەکەن، هەڵبەت ئەمە لەبیر نەکەین لەو بابەتانەی كە تایبەت بە نەگۆڕەكانی دین نین، دەبێ هەڵسەنگاندن هەبێ، بۆ نموونە تەنیا دەقی قورئانی پیرۆز بەڵگەیەكی بێگومانە، لە زانستی قورئان شرۆڤەكەی پێویستیی بە مەعریفەیەكی قووڵ هەیە، ئەمەش لای هەندێكیان جێگای گومانە، گرفتێكی زۆر ڕوو لە گوتاری مەلا دەكات، ئەگەر بەڵگەكەی دەقی پیرۆزی قورئان نەبێت، یان گوتەكانی دەبێت فەرموودەی پێغەمبەر بێ، دروودی خوای لە سەر بێ، چونكە بە هیچ شێوەیەك نابی قسە بە ناوی پێغەمبەر بگۆتری، ئەگەر بەڵگەی تەواو و ڕاستی نەبێ، ئەگەر نا هیچ گرفتێك نییە، ئەگەر باس لە ڕەوشتی باش بکات.
* حکوومەت دەبێت بە چ شێوەیەک لەگەڵ مینبەرەکاندا هەڵسوكەوت بکات، ئایا باشترە ئازادیی ڕەهایان پێ ببەخشێت یان چوارچێوەیەکی یاساییان بۆ دابنێت؟
- دەستووری عێراقی و پڕۆژەی دەستووری كوردستان "عجل الله فرجە" ڕێگەیان نەداوە بە پێشێڵكردنی بنەماکانی ئیسلام، كە بریتییە لە پرەنسیپە بنەڕەتییەكان و پێوەرە ئەخلاقییەكانی دەقە سەلمێنراوەكانی ئیسلام، یاسا ناتوانێ دەست لە پیڕۆزەكانی هیچ ئایینێك وەربدات، بەتایبەتی ئیسلام، بوارە فراوانەكەی تر بریتییە لە بۆچوون و ئیجتهاد و فقهە كە دەبێتە كاری مرۆڤ، نەك حوكمی خوا، بۆیە پێویستە لە چوارچێوەی یاسایەكی گونجاودا دەرنەچێت، بۆ ئەوەی خودی مینبەر و كۆمەڵگا لە فەوزا ڕزگاری بێ، ئەوەش پێچەوانەی ئەم ڕاستییە نییە كە دەبێت دەوڵەت و كۆمەڵگا بەوپەڕی ڕێزەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ مینبەر و مەلا بكەن، واتای یاساش ڕێكخستنی ئازادییەکانە.
*هەندێ جار گوتاری پیاوانی ئایینی و ڕۆشنبیران یەكتریان ڕەنجاندووە؛ چۆن ڕێگە لەمە دەگیرێت؟
- هەمیشە پەیامی ئیسلام پێکەوەژیان و ڕێزلێگرتن بووە، بۆ نموونە قورئانی پیرۆز تەنانەت لە گەڵ دوژمنە سەرسەختەكانی خوا ناڵێت ئێوە بەربادن، مەبەستم ئەوەیە، پەیامی ئیسلام ڕەشكردنەوەی بەڕامبەر نییە، لەوانەیە بەشێك لە ڕاستی بابەتەکە لای ئەم وتەیە بێ، کە دەڵێت "بە شوێن حیکمەت و زانستدابە، ئەگەر لە چینیش بێ."
ئەم گوتارە ئایینییەی ناڕەزایەتیی دروست دەكات، پەیامی ڕاستەوخۆی جێبەجێ نەكردووە، كاكەی ڕۆشنبیریش ئەگەر پێناسەی ڕۆشنبیری لای ئەو، ئیستفزازی مینبەری ئایین بێت، پێویستە بەخۆیدا بچێتەوە، بەڕاستی هەردوو لا، پێویستییان بە دوو شت هەیە، یەکەمیان ئەوەیە هەر لایەنێکیان خەریكی كاری خۆی بیت، دووهەم لێبووردەییان هەبێت کە هەردوو لا پێیەوە دەنازن.
* مەودای نێوان ڕۆشنبیران و مامۆستایانی ئایینی لە کۆمەڵگەی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- بەدەستی خۆیان كەندێكی پان و بەرین و بێ مانایان لە نێوان خۆیاندا هەڵكەندووە، لە هەردوولا ژمارەیەک هەن کە نایانەوێت لە پەیامی ئەوی دیکە تێبگات، بۆیە هەردوولا پێویستییان بە خوێندنەوەیەکی بابەتیانە هەیە بۆ پەیامی بەرامبەریان.
* چۆن دەکرێت ئەم دوو توێژە بە یەکتری ئاشت بکرێنەوە؟
-پێویستیان بە پێوەندیی گشتی هەیە، پێوەندیی دیپلوماسی لە نێوانیان دەمێكە پچڕاوە. وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری و ئەوقاف بەرپرسیارن لە چارەی گرفتەکە و پێویستە پردێک لەسەر ئەم کەندە دروست بکەن کە لە نێوان ڕۆشنبیران و مامۆستایانی ئایینی دروست بووە.
*ئایا مەلاكان دەتوانن گوتاری ئارین و توندوتیژ بە بیانووی بەها ئایینییەكان بدەن؟
- هەر دیاردەیەك دووبەرەکیی و ناكۆكیی هەڵگیرسێنی و سەقامگیریی كۆمەڵگا تێك بدات، لە نێو ڕێنماییەكانی شەریعەتی ئیسلامدا جێگای نابێتەوە، چونكە سەقامگیریی ڕۆحیی مرۆڤ و كۆمەڵگا لە ئەولەوییەتەکانی شەریعە و فقهی ئیسلامە، بێگومان توندوتیژیی بە بیانووی بەها ئایینییەكان زیانێکی زۆر بە کۆمەڵگا دەگەیەنێت.
*ئایا دەكرێت مینبەر بۆ بەرژەوەندیی حزبی و سیاسی بە كار بهێندرێت، ئەمە لەڕووی یاساییەوە تا چەندە ڕێگەپێدراوە و کاریگەرییەکانی چین؟
- كەس بۆی نییە خۆی بكاتە خاوەنی ئیسلام لە پێناو دەستکەوتی سیاسی و خەڵکی دیکە لە بەرچاو نەگرێت، بەڵكوو هەموو لایەنێک بە موسووڵمان و ناموسووڵمانەوە لە ڕەحمەتی خوا بێبەش نییە.
هەروەها لەو جاڕنامەی ناسراو بە مەدینە، پێغەمبەری ئیسلام لە نێوان موسڵمانێكی یاوەری خۆی و جوولەكەیەكی مەدینە جیاوازی نەكردووە، جگە لەمە لە سیستەمی دیموکراسی ئەم سەردەمەشدا هەموو تاكێك یەكسانە بەرامبەر دەوڵەت و یاسا، بەبێ جیاوازیی ئایین و ڕەنگ و نەتەوە.
بەكارهێنانی مینبەر، یان ئیسلام بۆ كاری حزبایەتی، دەچێتە خانەی چەواشەكاری و پێشێڵكردنی یاسا، بە تایبەت كە لە ئیسلامدا سیستەمێكی سیاسی دیاریكراو نییە، جگە لە چەند پرەنسیپی ئەخلاقی مرۆڤایەتی نەبێت، كە لە هەموو شارستانییەتێك هەیە، وەك ئەمانەت، دادپەروەری، شوورا، ڕاستگۆیی، ئەگەرنا سیاسەت ناکەوێتە خانەی پرەنسیپەکانەوە، مێژووی دەوڵەتانی یەك لە دوای یەكی موسووڵمانان نابێتە سەرچاوەی ئایینی بۆ دەوڵەتی ئیستا، بۆ نموونە، دابەشكردنی سیاسەتی ئەمڕ ۆ لە نێوان "دار الاسلام و دار الكفر" لەگەڵ جیهانی ئەمڕۆ کە نەتەوەیەکگرتووەکانە سەرپەرشتی دەكات، ناگونجێت، جاڕنامەی مافی مرۆڤ باس لە سەقامگیریی ئاساییش و ئاشتیی دەکات، ئەمەش شتێکە کە ئارەزووی ئیسلامە، چونکە خوا "دار السلامی" دەوێ. "واللە یدع الی دارالسلام ".




