٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كەسوكاری قوربانیان وەك شایەتحاڵێك باس لە كارەساتی بۆردومانكردنی ئۆردوگای زێوە دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی

 

بەر لە (28) ساڵ و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆ( 9/6/1985 ) چەندین فڕۆكەی رژێمی دیكتاتۆری بەعس ئۆردوگای زێوەیان بۆمبارانیان كرد كە پەناهەندەكانی كوردستانی باشوری تێدا نێشتەجێ بوون، لەو پەلامارەداو لە ماوەی چەند دەقیقەیەك كارەساتێكی خوێناوی دروست بوو كە زیاتر لە 140 كەس شەهید و 400 كەس برینداربوون و زۆربەیان ئافرەت و منداڵ و پەككەوتوو بوون. ئۆردوگای زێوە لە ساڵی 1981 تا كۆتایی شەڕی ئێراق و ئێران چەندین جار كەوتە بەر هێرشی فڕۆكەكانی رژێمی بەعسی ئێراق و بە شێوەیەكی دڕندانە پیرو منداڵ و ئافرەت كەوتنە بەر ئەو هێرشانە، بەڵام لەم رۆژەدا پەلامارەكە جیاواز بوو لەوانی ترو لە هەموویان دڕندەترو جەرگ بڕتر بوو، زیاتر لە سەدان شەهیدو برینداری لێكەوتەوە. بۆ ئەم یادە بە پێویستمان زانی لە گەڵ خانوادەی شەهید (شیمەد قادر دێزوێی) كە بە بنەماڵەوە خەباتی پڕسەروەریان هەبووە بۆ رێبازی بارزانیی نەمر و هەموو كاتێك ئامادەی قوربانیدان بوونە (قومری شیمەد دێزویی ) و كوڕی برای شەهیدی (ستار جابر) بهێنینە ئاخەوتن، كەلەم كارەساتە خانوادەكەیان برا و خوشك و منداڵەكان و كەسوكاریان لەم ئۆردوگای گیانیان فیدای كوردستان كردوو و شەهید بوون.

 

·  لە سەرەتا دا ئافرەتی دڵسۆز (قومری شیمەد دێزوێی) كە كەسۆكاری شەهید بوون لەو كارەساتە بەم شێوەیە باسی كارەساتی زێوەی كرد:

زولێخای دایكم بە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی گوت: ئەو شەهیدانە و چەندینی تریش هەر قوربانی كوردستان بن و ئامادەی قوربانی زیاتریشین

دوای ئاوارە بوونمان بۆ ئێران كە هەموو پەناهەندەكانی كورد دابەش كراین، لە ساڵی 1979 ئێمە گواستراینەوە بۆ ئۆردوگای زێوە، هاوسەرەكەم بەشداری لە شۆڕشی گوڵان كردوكۆچی دوایی كرد ئیدی دەبوو ئێمەی ئافرەتان هەوڵ بدەین بۆ بژێوی ژیانی منداڵەكان، لە ئاوارەیی رەزالەتی سەختمان بینی و ئەوە بوو لە 9/6/1985 رۆژی 19ی مانگی رەمەزان بوو ئەو رۆژە بوو كە قوتابیەكان بۆ ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵیان دەچوونە قوتابخانەكان، بازاڕ تازە كرابووەوە كە تێدا پیرو لاو و ئافرەت بۆ كڕینی پێداویستیەكانی بژێوی رۆژانە لە ناو بازاڕ هاتووچۆیان دەكرد من چووبوومە سەر ئاوی كانی لە ناو هۆڵەكانی ئۆردوگای زێوە بووین هاتمە دەرەوە كە بە چاوی خۆم بینی كە (8) فڕۆكەی جەنگی رژێمی سەدامی دیكتاتۆر ئۆردوگای زێوەیان بۆردومان كرد بۆ ماوەی چەند دەقیقەیەك. كە بێ ویژدانە لە رۆژێكی پیرۆزی مانگی رەمەزان كەوتنە بۆردومانكردنی بەسەر خەڵكی بیگوناە كە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ و پەككەوتوو بوون و بە شێوەیەكی دڕندانە ئێمەیان بۆردومان كرد، كەس ئاگای لە كەس نەبووە، كاتێك كە هەستاینەوە كەس نەمابوو، فرمێسك و خوێن تێكەڵاو ببوون دووكەڵێكی رەش سەرانسەری زێوەی داگرتبوو، هەموو جێگایەك وێران ببوو، پڕ ببون لە شەهیدو هەتا ئەو قوتابیانەی كە چووبوون بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەكانی كۆتایی ساڵ لەگەڵ مامۆستاكان لە رێگا شەهید ببوون، دوایی كاتی بۆردومانەكە بە دوایی كەسوكارم دەگەڕام و دەسوڕام كە خوشكم قودەرتم بینی لە گەل َمنداڵیكی لە سك دابووە، كە شەهیدبووە و كچی 4 ساڵی و كوڕی بچوكی شەهید بوون ودواتر برای مەزنم لەزگین لەگەڵ كچی یەك ساڵی ئەویش شەهید بووە و لەگەڵ برای پێشمەرگەم جابر كەتوانای قسە كردنی نەبوو كە گەیاندە نەخۆشخانەی وەرمێ،بەڵام ئەویش شەهید بوو لە گەڵ خێزانی مەریم و كچەكی منداڵ كە تەمەنی زۆر بچوك لە ناو لانەك بوو بە سەختی بریندار بوون و تەنها كوڕی ئەو كارەساتە (ستار) تەمەنی منداڵ بۆ ئێمە مابووە و هەتا چەندین خزم و كەسوكاری تریش شەهید بوون كارەساتێكی رەش بوو.

·       دوایی چیت كرد بە هەستێكی غەمبار بەرێز (قومری شیمەد دێزویی)گوتی:

ئۆردوگایەی جاران نەماوبوو، من باوەڕم نەدەكرد كە چ بەسەرمان هاتووەو ئەو كانیانەی كە ئێمە هەموو جار دەچووین ئاوی خواردنەوەمان لێ دەهێنا پڕ بوو لە تەرمی شەهید، خزم و كەس و جیرانەكانم و تەواوی دانیشتووانی ئۆردوگای زێوە و دایكانی تر هەر هەموویان وەك ئێمە دوچاری هەمان چارەنووس هاتبوون، نەمانزانی چ دەكەین چارەنووسمان چییە، كارەساتێكی زۆر جەرگ بڕ بوو هەرگیز لە بیر ناچێتەوە.

·       دوای رووداوەكە ئۆردوگای زێوە چۆن بوو؟ (قومری شیمەد دێزوێی) گوتی:

بەراستی شین و گریان بوو، تەرمی شەهید و بریندارەكانی خانەوادەكان هەموو تێكەڵاوی یەكتر بوون، پاش ئەوەی هاوكاری دانیشتوانی دەوروبەری ئۆردوگای زێوە كە توانیمان بریندارەكان بگوازینەوە بۆ نەخۆشخانەی ئورمیەو شەهیدەكان بۆ گوندی مەلا باس. كە خەڵكی گوندەكانی جیرانەكانمان لە لای تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ زۆر هەڵویستیان هەبوو بەرامبەر ئێمە زۆر هاوكاری ئێمەیان كرد چ لە كاتی رەوانەكردنی بریندارەكانی بۆ نەخۆشخانەی رەزاییەو چ لە كاتی بە خاك سپاردنی شەهیدەكانمان لە گوندی مەلاباس. دایكی خواڵیخۆشبووم زولیخا محەمەد سەعید كە لە گەڵ ئافرەتەكانی تر شەهیدەكانمان لەسەر رووبار شوشت كە جەستەیان پارچە پارچە ببوو، هەروەها لەو كاتەدا شەهید ئیدریسی هەمیشە زیندوو و جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە شوێنی رووداوەكە ئامادەبون و هاوكاری كەس و كاری شەهیدانیان دەكردو یەك یەكەی بریندارەكانیان لە نەخۆشخانە بەسەردەكرد، لەبیرمە لەو كاتەدا هەردوكیان دووپاتكردنەوە ووتەی بە نرخەكەی كە گووتیان: ئەم كارەساتە یەكەم كارەسات نییە وە دوایین كارەساتیش نابێت و ئەوەی شۆڕش بكات دەبێ قوربانیش بدات. كە وریەكی زۆری دایە ئێمەی كەسوكاری شەهیدەكانی زێوەو هەستی بڕوا بە خۆ بوونی لامان بەرزكردەوە، ئامۆژگارییەكانی شەهیدی هەمیشە لە یاد ئیدریس بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی لە هەموو رویەكەوە كاریگەری لە سەر خەڵكی ئۆردوگای زێوەی قوربانی بەخش كردو ئامادەبوون و قسەكانی ئەو سەركردە دڵسۆزە سەبوری بوون بۆ ئێمە. دایكیشم زولێخا بە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی گوت: ئەو شەهیدانە و چەندینی تریش لە پێناو كوردستان قوربانی دەدەم ئەوانی تریش قوربانی كوردستان بن،دوای كارەساتەكە ئێمە دابەش كراین بۆ چەندین شوێنی ترو ئێمە چووینە گوندی دەورەبەر و من و دایكم زولیخا منداڵەكانم بە خێوە كرد هەتاكو گەورە بن وهەروەها دوای كارەساتی زێوە بەردەوام بووین و روحی خۆمان لە دەست نەدا ولە گەڵ پێشمەرگەكان خزمەتمان كرد بۆ ئاواتەكانی كوردستان، زێوە ئەگەر چێ داخێكی گەورە خستە نێو دڵی گەلی كورد و هەموو كوردپەروەران و نیشتیمانپەروەرە و ئازادی خوازی جیهان، بەڵام هەمان كاتیشدا هاندەرێكی تر بوو، سەدامی دیكتاتۆر و دارودەستەكان بە سزای خویان گەیشتن.

·   پاشان چاوەمان بە كوڕی شەهید جابر دێزوێی (ستار) كەوت كە ئێستا لە مەكتەبەی تەندروستی كاك نیچیرڤان بارزانی خزمەت دەكات. لە تەمەنی منداڵی دابووەو باوك و دایك و مام و پورە و كەسوكاری شەهید بوونە لەكارەساتی زێوەدا، گوتی:

ئەوەی سەرەوە كە پورەكەم قودرەت بۆتانی باس كرد، ئەوكات تەمەنم منداڵی بوو لە ناو ئۆردوگا بووین،لە ناكاو چەندین فڕۆكەی دوژمن هات ئۆردوگای زێوە و ئێمەیان بۆردوماران كرد، كە هەستاینەوە كەس ئاگای لە كەس نەما بوو، هەر ئەوەندەم دیت، كە دایكم شەهید بووە لە گەڵ باوكم زۆر سەختانە برینداربووە و خوشكی بچوكم قاچەكانی لە دەست دابووە لە گەڵ خوشكی ترم لە ناو لانك كە ساوا بوو برینداربووە و هەرئەوەندەم زانی كە مامۆستا عومەر دێزوێی خۆیان گەیاندە شوێنەكە و بریندارەكانیان بۆ نەخۆشخانەی وەرمێ گواستنەوە كە باوكم ومامم لەزگین لە نەخۆشخانە شەهید بوو و هەموو كەسوكارم شەهید ببون مام و باب و دایك و پورەم و ئامۆزایەكانم و چەندینی تر تەنها داپیرم زولیخا و پورە قومری و منداڵەكانی مابوونەوە ئوردوگایای جاران نەمابوو، چەندین هاوڕییم لەسەر رێگای قوتابخانە شەهید بوون بە هەمان شێوە لە رێگای سەر كانی كە بۆ ئاو چووبوون شەهید ببوون، زۆر ناڕەحەت بووم و دەگریام بۆ كەسوكارم. هیچ كاتێك ئەو كارەسەتم لە بیر ناچێتەوە، لە هەموو شەقام و كۆڵانێكی ئۆردوگاكەدا لەشی پارچە پارچەببووی مرۆڤ دەكەوتە بەرچاو، بەراستی رۆژێكی رەش و ناخۆش بوو بۆ ئێمە ئاوارەكانی ئۆردوگای زێوە.

·       هەڵوێستان چۆن بوو؟( ستار دێزوێی) گوتی:

 كە چووین سەر گورەستانی مەلاباس، باش لە یادمە كە خوین و گوشت تێكەل بوون و لە سەر روبار ئەوەندە شەهیدی لێبوو، كە لە لایەك ئافرەتەكانی شەهیدەكانیان دەشوشت و لە لایەكی تر پیاوەكان شەهیدەكانیان دەشوشت و، ئامادە بوونی كاك ئیدریس بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی دڵنەوای پەنابەرەكان دایەوەو، داپیرەكەم 7 شەهید دابوو و جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی پرسیاری كردەبوو كە ئەو ئافرەتە كێنە ؟و ئەو كۆمەڵە شەهیدانە كێنە؟ ئەوان شەهیدەكانی 2كورە و كچ و نەوەكانی بوون و، داپیرم بە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی راگەیاند كە نەك ئەوانە و ئەوانی تریش دا هەموویان قوربانی كوردستان بن 3 رۆژ لە پرسەبەشدار بوون بە خۆی دڵنەوایەك بۆ هەموو كەسوكاری شەهیدانی ئۆردوگای زێوە بوو باش لە یادمە كە كاك نێچرڤان بارزانی و كاك مسرور بارزانی بەشداربوون و كاك مسروربارزانی وێنەی دەگرت و، شەهید ئیدریس بارزانی وجەنابی سەرۆك مسعود بارزانی كەسوكاری شەهیدانی راگەیاند كە ئەوە پرسەیە پرسەی منە و دوای كۆتایی پرسەكە كاتێك جەنابی سەرۆك دەچۆوە بە داپیرمی گوت : من ستار بەخێو دەكەم داپیرەی خۆڕاگرم زولێخا پێی گوت: ئەوە تەنها یادگاریی مەیە من بە خۆم گەورەی دەكەم. شەهید ئیدریس بارزانی و جەنابی سەرۆك بارزانی فەرموویان: هیچ كاتێك خوێنی ئەو شەهیدا لە بیر ناچێتەوە و ئێمە بەردەوام دەبین لە خەبات و كۆڵنەدان و رۆژێك دێت كوردستان ئازاد دەبێت، زۆر جاران جەنابی سەرۆك بارزانی باسی داپیری شۆرشگێرم زولێخا محەمەدسەعید كردووە كە چەند خۆڕاگر وهەڵوێست بووە بەرامبەر شەهیدەكانی.ئەمڕۆش كە 28 ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر كارەساتی زێوەدا، پێویستە هەموو ساڵێك یادی ئەم رۆژە بكەینەوەو بۆ نەوەكان ئەمڕۆ و سبەینێمانی بگێڕینەوە، تا بزانن كە بە سەدان كارەسات، وەك ئەم كارەساتە دڵتەزێنە بووەتە بەدیهێنەری ئەم ئازادیەی لەسایەیدا دەژین و دەمەوێت پڕ بە دڵ سوپاسی داپیرەكەم زولێخا و پورە خۆشەویستەكەم قومری بكەم كە من و خوشكەبریندارەكانم لە گەڵ منداڵەكانی خۆی پەروەدە كردووە. داواكاری لە حكومەتی كوردستان ئەوەیە كە مۆنێمێنتێك بۆ كارەساتی زێوە دروست بكرێت و یادەكانیان بەرز بكرێتەوە...لە یادی 28 ساڵەی كارەساتی زێوەی سەرەخۆشی خۆم لە كەسوكاری هەموو شەهیدەكانی زێوەو ئەنفال و كیمیاباران و گشت گەلی كورد دەكەم. سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێزو رۆژنامەی خەبات كە ئێمەی بنەماڵەی شەهیدان بەسەردەكەنەوە و رێز لە خەبات و شەهیدەكانمان دەگرن، هیوادارم بەردەوام بن لەسەر ئەم ئەركە پیرۆزەتان.

تیبینی: ئەم بابەتە ژمارەی (4341) رۆژنامەی خەبات لە (13-6-2013) بڵاو بوویتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار