شوێنەوارە دێرینەكانی قەڵای كەركووك لە مەترسیدان

قەڵای كەركووك كە مێژووەكەی بۆ 2 هەزار و 600 ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، بە گوتەی مێژوونووس سمكۆ بەهرۆز ، ئێستا قهڵاکه لە مەترسیدایە و ئەگەر بە زووترین كات ئاوڕی لێ نەدرێتەوە، شوێنەوارەكانی لە ناو دەچن، ئەم مێژوونووسە لە دیمانەی ڕۆژنامەی هەولێردا ئاشكرای دەكات كە ئەو هەوڵانەی بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەم قەڵایە دەدرێن، لە جیاتی ئەوەی قازانجی پێ بگەیەنێت، زیانی پێ دەگەیەنێت.
*دیرۆكی قەڵای كەركووك دەگەڕێتەوە بۆ چ سەردەمێك؟
- بەپێی بەڵگە دۆزراوەكان مێژووی قەڵای كەركووك بۆ سەردەمی گۆتییەكان دەگەڕێتەوە، هەندێ لە بەڵگەكان پایتەختی گۆتییەكان بە ئارابخا دادەنێن كە ناوونیشانی كۆنی شاری كەركووك بووە، هەندێك لێكۆڵینەوە دەڵێن: خودی قەڵا ئارابخا بووە، هەندێكی تر دەڵێن: ئاربخا لە نزیكی قەڵا بووە، وەك شوێنی ئێستای كۆمپانیای نەوتی باكوور، یان گەڕەكی عەرەفەی ئێستا، تا هەنووكە بەڵگەی شوێنی دیاریكراوی ئارابخا نەدۆزراوەتەوە.
بەڵام بوونی كەركووك وەك پایتەختێكی گەورە لە سەردەمی گۆتییەكاندا بەڵگەی ئەوەیە كە لە ڕووی كارگێڕی و سەربازی و سیاسییەوە لەو قۆناغە مێژووییەدا ئارابخا گرنگی هەبووە، چونكە چینەكانی ژێرەوەی قەڵا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گۆتییەكان، دەشێ لە سەردەمی چاخە بەردینەكانیش قەڵا و ناوچەی كەركووك بوونی هەبووبێ، لێ تا ئێستا لە چینەكانی ژێرەوە نەكۆڵراوەتەوە كە ئاخۆ بەڵگە بۆ بوونی قەڵا لە سەردەمی چاخە بەردینەكاندا هەیە، بۆیە دەڵێین: دەشێ بۆ سەردەمی چاخە بەردینەكان بگەڕێتەوە، چونكە كەركووكیش لەتەك چەرموو و مەتارە و شوێنە مێژووییەكانی تری ناوچەكەدا ئاوەدان بووە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا لێكۆڵینەوە مێژووییەكان دەریخستووە، سەردەمی گۆتییەكان سەردەمی دامەزراندنی قەڵای كەركووكە.
*بوونی ڕێژەی بەشەری كورد لە مێژووی قەڵاكەدا بە چ قەبارەیەك بووە؟
- بەپێی قۆناغە مێژووییەكان هەریەك لە نەتەوەكانی كورد و ئاشوور و ئەرمەن و توركمان بوونیان لە قەڵای كەركووكدا هەبووە، لە سەردەمی گۆتییەكان، لۆتییەكان، میتەكان، میدییەكان، ساسانییەكان، كورد لە قەڵای كەركووكدا بوونی هەبووە و باڵادەستیش بووە، لەبەر ئەوەی كیانی نەتەوەیی بوونی نەبووە، ئەوەی گرووپێكی لە گرووپێكی دیكە جیا كردووەتەوە، كاتەكە بووە. بوونی پێگەی بەهێزی كورد لە نێو ئەو ئیمپڕاتۆرییەتە مێژووییانەدا، بەڵگەی ئەوەیە كە لە قەڵای كەركووكیشدا قەبارەی نەتەوەیی گەورە بووە.
* جێدەستی تاكی كورد بە ئاسەواری قەڵای كەركووكەوە دیارە؟
- لە ڕووی هونەری تەلارسازییەوە جێدەستی كوردیش وەك نەتەوەكانی تر بە شوێنەوارەكانی قەڵاوە دیارە، ئەویش لە ڕێگەی ئەو قۆناغە مێژووییانەی پێیدا تێپەڕیوە، زۆربەی ئەو نەقش و نیگارانەی بە شوێنەوارەكانەوەیە جێدەستی نەقشكارانی كوردن، زۆربەی خانوو و كۆشك و باڵاخانە و مزگەوت و مەرقەدەكان لە لایەن وەستا و شارەزایانی كوردەوە دروستكراون، بۆ نموونە لە سەردەمی میدییەكان و ساسانییەكاندا، كوردەكان و هاوزمانەكانیان بەپێی قۆناغە مێژووییەكان كاریان لە قەڵای كەركووكدا كردووە، لە سەردەمی عوسمانییەكاندا نەقشكارانی كورد لە كوردستانی باكوور و ڕۆژهەڵاتەوە هاتوون بۆ كاركردن لە قەڵای كەركووكدا، بەڵگەم ئەوەیە كە هەمان نەقش و نیگارەكانی سەر قەڵای كەركووك لە شاری سنەی كوردستانی ڕۆژهەڵاتدا هەن، لە كۆیە و هەولێر و شوێنەكانی تریش هەن، ئەمەیش دەیسەلمێنی كە نەقار و نەقشكار و بیناسازی كورد لە قەڵای كەركووكدا جێدەستیان دیارە.
*بایەخی قەڵاكە لای لەشكركێشانی جیهانی چۆن بووە؟
- پێگەی ئابووریی كەركووك بە تایبەت لە بواری كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییەوە بەهێز بووە، هەروەها كەرەستەی دیكەی گرنگیی هەبووە بۆ ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان، بۆیە شارستانییەتەكانی دەوروبەری كەركووك، وەك سۆمەری و ئەكەدی و میسرییەكان ماوەیەكی زۆر لە ململانێدا بوونە لەگەڵ گۆتییەكان و لۆتییەكان و میتەكان بۆ بەدەستهێنانی كەركووك، هەروەها ماوەیەكی زۆریش ڕێككەوتن لە نێوانیاندا هەبووە بۆ ئاڵوگۆڕیی بازرگانی، كەوایە شارستانییەتەكانی دیكەی دەوروبەری كەركووك، چەندین جار لەشكركێشییان كردووەتە سەر قەڵا و ناوچەی كەركووك، بوونی قەڵایش بەو پێكهاتە و فۆڕمەی هەیە، بۆ بەرگریكردن بووە لە هێرشی شارستانییەتەكانی دی، هەموو ئەوانە بەڵگەن كە كەركووك لای شارستانییەتەكانی دیكە بایەخی پێدراوە و بەردەوام هەوڵیان داوە دەست بەسەر ئەو هێڵە ستراتیژییەدا بگرن كە كەركووكی لەسەرە.
*ئامانجی بەعسییەكان لە وێرانكردنی قەڵای كەركووكدا چی بوو؟
- باوەڕی بەعس لەسەر بنەمای سەپاندنی بیروباوەڕی خۆی بەسەر ئەوانی تردا دامەزراوە، جا لە ڕووی شارستانییەتەوە گەردیلەیەك لە شارستانییەتی عەرەبی لە قەڵای كەركووكدا نییە، ئەوەی هەیە شارستانییەتی كورد و ئاشوور و ئەرمەن و توركمانە، بۆیە ئامانجی بەعسییەكان لەنێوبردنی شارستانییەتەكانی دیكە بوو لە قەڵای كەركووكدا، تا نەبێتە مەڵبەندێكی گرنگ بۆ دواڕۆژ و بایەخی زۆری پێ بدرێت، جا بە هەموو جۆریەك هەوڵی ڕووخاندن و سڕینەوەی ئەو شوێنەوارە گرنگانەی قەڵای كەركووكی دا.
*شوێنەوارەكانی قەڵاكە چەندی تیاچووە و چەندی ماوە؟
- بە داخەوە سی بەشی شوێنەوارەكانی قەڵای كەركووك لەناو چوون، ئەوەیشی ماوە لە ئێستادا بەپێی پێویست بایەخی پێ نەدراوە و هەوڵی جیددی بۆ نوێكردنەوەی نەقش و نیگارە بەجێماوەكانی سەر دیواری خانوو و مزگەوت و مەرقەد و كۆشك و تەلارەكانی نییە، هەندی جار هەوڵی بچووك بۆ نوێكردنەوەی نەقش و نیگارەكان دەدری، بەڵام كەسانی نەزان و نەشارەزا ئەو كارە ئەنجام دەدەن، لە ڕووی بیناسازییەوە دەیڕوخێنن، یان تێكی دەدەن، یان بە شێوەیەكی نوێ دروستی دەكەنەوە كە لەگەڵ بنەمای هەڵكۆڵین و نەقشسازیی شوێنەوارە كۆنەكاندا ناگونجێت، ساڵانە پارەیەكی زۆر بۆ نوێكردنەوەی قەڵا تەرخان دەكرێ، كەچی ئەو پارەیە تەنیا لە سپیكاری و نەقاڕیدا بەكار دەهێنرێت.
هەنگاوەكان دڵخۆشكەر نین، چونكە كرێكاری عەرەب دێنن بۆ نوێكردنەوەی شوێنەوارەكان كە نەك شارەزای كارەكە نین، بگرە خەمخۆری ئەم شارستانییەتەیش نین.
* شوێنەوارە دیارەكانی قەڵای كەركووك چین؟
- ئەوەی كە ئێستا مابێتەوە، مەرقەدی بوغدەخانە، مەرقەدی دانیالی پێغەمبەرە، خانووی یەكێك لە مەسیحییەكانە، دوو سی خانووی خەڵكی سەر قەڵایە، پاشماوەی هەندێك لە مزگەوتەكانە، پاشماوەی كاتدرائییەیەكە.
* ئایا لە كەركووك هەوڵدراوە شوێنەوارەكانی قەڵا بپارێزرێت؟
- نەك لە كەركووك كورد بایەخی بە شوێنەوار نەداوە، بەڵكوو ئەو كارەساتە لە شارەكانی دیكەی كوردستانیشدا هەیە، ڕۆژ نییە لە كوردستاندا شوێنەوارێك نەڕوخێنرێت، جا شوێنەوارەكانی قەڵای كەركووكیش هیچ شتێكی بۆ نەكراوە، ئەوەشی كراوە بێ سوودە و لە بری سوودگەیاندن بە شوێنەوارەكان زیانیان پێ دەگەیەنێت، بەبێ ئەوەی ئیدارە و ئەنجوومەنی پاریزگا خۆیان لەم پرسە هەستیارە تێبگەیەنن.
*نێوەندە جیهانییەكانی شوێنەوارپارێزیی بەپێی پێویست گرنگیی بە قەڵای كەركووك دەدەن؟
- دوو ساڵ لەمەوبەر یونسكۆ بە نیازبوو قەڵای كەركووك بخاتە لیستی پارێزگاریكردنی خۆیەوە، بەڵام نازانم ئەو نیازەیان بە كوێ گەیشت، من یەكێك بووم لەوانەی بەشداریی كۆبوونەوەكەی یونسكۆ بووم، ئەوەندەی دەزانم تا ئێستا شتێكی ئەوتۆیان بۆ پارێزگاریكردن لە قەڵا نەكردووە.
* ئەو هەوڵانەی بۆ بەگەشتیاریكردنی قەڵای كەركووك دەدران بە كوێ گەیشتن و چۆنی هەڵدەسەنگێنی؟
- بەگەشتیاریكردنی قەڵای كەركووك بەو شێوەیەی كە ئیدارەی كەركووك دەیەوی بیكات، بە ڕاستی تاوانێكی گەورەیە، چونكە هەموو چینەكانی سەر قەڵا وێران دەبن، دەیانەوی پارك و ئۆتێلی لەسەر دروست بكەن! ئێستا باخچەیەكیان بە دەوری مەرقەدی دانیالی پێغەمبەردا درووست كردووە، كە بەهۆی ئاودانییەوە چەند ساڵێكی تر مەرقەدەكە دەڕوخێت! چەند جارێك وەك مێژوونووسێك هەوڵم داوە ڕێگری لە پڕۆژەی بەگشتیاریكردنی قەڵا بكەم، بەڵام گوێیان لێ نەگرتم، هەندێك لە ڕێكخراوەكانیش هەوڵیان هەبووە، بەڵام كەس گوێیان لێ نەگرێت، شتێكی دیكەیش هەیە ئەو كەسانەی دەیانەوی شوێنەوارێك بڕوخێنن، بەسەر بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری كەركووكدا باز دەدەن و دەچن لە بەغداوە ڕەزامەندیی بۆ وەردەگرن، بە ڕاستی شوێنەوارە دێرینەكانی قەڵای كەركووك لە مەترسیدان.]
* بایەخی ئەم قەڵایە بۆ كورد چییە؟
- بۆ كورد زۆر گرنگە، چونكە بەشێكە لە دیرۆكی نەتەوەی كورد، بەشێكی سەرەكیی مێژووی شاری كەركووكە. ئێمەی كورد بە درێژایی مێژوو شەڕمان بۆ كەركووك بووە، كەچی ئێستا بایەخ بەو مێژووە نادەین!




