لهسهر پێدانی چهكی كیمیایی به ڕژێمی بهعس، سبەی دوو كۆمپانیای فەڕەنسی دەدرێنە دادگا

بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵانی نێوەڕاست لە كۆمەڵەی دادی نێودەوڵەتی سامی جەلال لە دیمانەیهکی ڕۆژنامەی هەولێردا ئاشكرای دەكات، سبەینێ 10ـی مانگ كۆمەڵەی دادی جیهانی لەسەر كەیسی كیمبابارانكردنی هەڵەبجە سكاڵا لەسەر دوو كۆمپانیای فەڕەنسیدا تۆمار دەكات كە لە پەرەپێدانی چەكی كیمایی سەددام حوسێن بەشداربوون، پاشان 23 كۆمپانیای دیكەش بە دادگە دەدەن، ئەمەش یەكەم جارە سكاڵا لە دژی ئەو كۆمپانیا بیانییانە لە وڵاتانی خۆیاندا تۆمار بكرێت.
* جگە لە تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ئەم دوو كۆمپانیا فەڕەنسییە، لە داهاتوودا سكاڵا لەسەر هیچ كۆمپانیایەكی دیكە تۆمار دەكەن؟ وردەكاریی ئەم مەسەلەیە چۆنە؟
- وا بڕیارە 10ـی ئەم مانگە كۆمەڵەی دادی جیهانی"GjG" كە بارەگای سەرەكی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە ، كۆمەڵەی دادی كوردستان ، بهرکهوتووانی چهکی کیمیاویی هەڵەبجە ، تیمی پارێزەرانی نووسینگەی MML كە نووسینگەیەكی پارێزەرایەتییە لە بواری مافەكانی مرۆڤ که ئەوان پارێزەریان دابین كردووە و نوێنەرایەتیی ئەو قوربانییانە دەكات.
دوو كۆمپانیای فەڕەنسی دهدەین بە دادگە و سكاڵایان لەسەر تۆمار دهكەین كە دەستیان لە پەرەپێدان و گواستنەوەی كەرەستەی خاوی چەكی كیمیایی بۆ ڕژێمی عێراق هەبوو، پارێزەر (Gavriel Mairone) پارێزەرێكی ئەمەریكییە و تایبەتمەندە لە بەدواداچوونی كاری تیرۆریستی و قوربانییانی و هەروەها (David Pere) كە پارێزەرێكی فەڕەنسیە و لە هەمان بواردا وەكوو دوو پارێزەری سەرەكی بە ئەركی داكۆكیكردن لەو قوربانییانە هەڵدەستن بە پێشكەشكردنی سكاڵاكە، هەر ئەو ڕۆژەش كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی بۆ ئەو مەبەستە لە فەڕەنسا بەڕێوە دەچێت.
ئەو دوو كۆمپانیایە كەرەستەیان گەیاندووەتە عێراق بۆ پەرەپێدانی چەكی كیمیایی، ئەوی دیكەش لە بواری تەكنەلۆژیادا كاردەكات.
* لەچ دادگەیەك سكاڵاكە تۆمار دەكەن و بەڵگەكانتان چین؟
- ئێمە بەدرێژایی چەند ساڵێك بەدواداچوونمان كردوو تا نزیكەی 15 هەزار بەڵگەنامەمان كۆ كردووەتەوە لەسەر ئەو 25 كۆمپانیایەی كە لە پەرەپێدانی چەكی كیمیایی بۆ سەددام حوسێن بەشدارن، ئەگەرچی بۆ خۆی ئەو كۆمپانیایانەی بەشدارییان لەو كارەدا كردووە، دەگاتە نزیكەی 100 كۆمپانیا، ئەو سكاڵایەی ڕۆژی 10ـی ئەم مانگە لە فەڕەنسا تۆمار دەكرێت لە دادگەیTribunal de Grande Instance Of Paris دەبێت، جگە لەو بەڵگەنامانە 5 نوێنەری قوربانییانی چەكی كیمیایی لەو دادگەیەدا بەشداردەبن، هەروەها شتی تریش هەیە كە ئەو ڕۆژە ئاشكرا دەكرێت، ئێمە هیوامان وایە سەركەوتوو بێت، بەڵام ئاسان نییە و زەحمەتیشی تێدایە، چونكە ئێمە داوای قەرەبوویەكی زۆرمان كردووە بۆ قوربانییان و ئەو كۆمپانیایانەش پارێزەری باش بۆ داكۆكیكردن لە خۆیان پەیدا دەكەن.
* چەند قوربانیی تۆماركراون؟
- ئێمە نزیكەی 3 هەزار قوربانییمان وەرگرتووە كە نوێنەریان هەیە.
* گرنگیی تۆماركردنی ئەم سكاڵایانە چییە؟
- پاش ئەو ستەمانەی لە كورد كراوە بۆ یەكەم جارە سكاڵا لەسەر ئەو كۆمپانیایانە تۆمار دەكەین و دەمانەوێت ئەوانەی دەستیان هەبووە لەگەڵ ڕژێمی بەعس بۆ دروستكردنی چەكی كیمیایی سزابدرێن و قەرەبووی قوربانییانیش بكەنەوە، ئەمە یەكەم جارە دادگەی مەدەنیی بەم كارە هەڵبسێت و لەسەر ئەو مەسەلەیە سكاڵا تۆمار بكرێت، ئێمە 23 كۆمپانیاكەی تریش دەدەینە دادگە.
* بەڵگەنامەكانتان لە كوێ دەست كەوتووە؟
- نزیكەی 15 هەزار بەڵگەنامەمان لە یوئێن و ئەمەریكا و لە عێراق و چەند شوێنێكی تریش كۆ كردووەتەوە، ئەو كۆمپانیایانەش بریتین: لە دوو كۆمپانیای فەڕەنسی و دوو كۆمپانیای ئیسپانی و دوو كۆمپانیای نەمسایی و یەك كۆمپانیای ژاپۆنی و یەك هیندی و 8 كۆمپانیای ئەڵمانیش هەن و یەك كۆمپانیای ئەمەریكیشی تێدایە.
* كێ هاوكاریی لەم مەسەلەیدا كردوون؟
- زۆر سوپاسی نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەریتانیا خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان دەكەم كە بۆ سەرگرتنی ئەم مەسەلەیە زۆر هاریكاریی كردوون، هەروەها زۆر سوپاسی سەرۆكی گرووپی كار بەڕێز شێخ باز دەكەین كە وەكو كوردێك هەستی خۆی دەربڕیوە و ویستوویەتی لەو مەسەلە نەتەوەییە بەشداربێت و لەم سەفەرەی پاریسدا ئەركی هاتوچۆ و زۆر شتی گرتووەتە ئەستۆی خۆی بۆ گواستنەوەی قوربانییان بۆ جاری دووەمە هاریكاریی ئێمە دەكات، هیوادارم خەڵكی دیكەش بەتایبەت سەرمایەدارەكان لە مەسەلەیەكی وا پیرۆزی نەتەوەییدا چی ماددی بێت یان مەعنەوی بەشداریی بكەن، چونكە مەسەلەی تۆماركردنی سكاڵا لە ئەورووپا زۆری تێ دەچێت، ئەم مەسەلەیە گەورەیە و پێوەندیی بەهیچ حزبێكەوە نییە، دۆسییەیەكی نەتەوەییە، تێچوونی كۆكردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە زۆرە.
* حكوومەتی عێراق تا چەند كەمتەرخەمە لەم مەسەلەیەدا؟
- حكوومەتی عێراق ئەو كێشە ناوخۆییانەی هەیەتی، دووری خستووەتەوە لە زۆر شت، نەیتوانیوە خزمەتگوزاریی سادە پێشكەشی خەڵكی خۆی بكات، بۆیە ئەگەر بگاتە مەسەلە چارەنووسسازەكانی وەك ئەم مەسەلەیە، زەحمەت دەبێت، تا ئێستا خودی حكوومەتی عێراق ئیمزا لەسەر هاوپێچی یاسای ڕۆما ناكات كە هیچ حكوومەتێك ناتوانێت هێزی سەربازی لە دژی خەڵكی مەدەنیی خۆیی بەكار بهێنێت، ئەو بەنیازە هەر ڕۆژێك كارەساتی بەسەردا هات ئەو هێزە بەكار بهێنێت، بۆیە جارێ ئومێدمان پێ نییە.




