ئاوارەكانی دومیز ترسیان لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەیە
ئاوارەكانی كەمپی دومیز لە خێمەدا باس لە خەم و كێشە و گرفتەكانیان دەكەن، دەڵێن ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانیان بەرەو ناخۆشی دەچێت و ڕۆژانە ڕووبەڕووی نەبوونی خۆراك و ئاو و كارەبا و پێداویستی تر دەبنەوە.
150 هەزار ئاوارە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە
بەڕپرسی ڕاگەیاندنی كەمپی دومیز سالم سەعید دەڵێت، ئێستا بەهۆی كەمیی خێمە زیاتر لە هەزار و 500 خێزان بێ خێمەنە و لەژێر خێمەكانی تر میوانن، 109 هەزار و 473 ئاوارە لە كەمپی دومیزدا هەنە و زیاتر لە 40 هەزار ئاوارەی تر لە هەر دوو شاری هەولێر و سلێمانی نیشتەجێ بوونە بەمەیش ژمارەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووتە 150 هەزار كەس.
ئاوارەكان لە ژیانێكی ناخۆش دا دەژین و ترسیان لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی هەیە.
حوسێن خدر یەكێكە لە ئاوارەكانی كەمپەكە گوتی "خاوەنی دوو منداڵین تا ئێستا خێمەمان وەرنەگرتووە و لە ناو خێمەی خزماندا دەژین كە ئێستا 7 كەسین لەژێر یەك خێمە داین لە ناخۆشترین ژیان داین، چەندین جاریش داوامان كردووە، بەڵام تا ئێستا خێمەیان دابین نەكردووە.
ئەو ئاوارەیە گوتیشی، بنكەیەكی تەندروستی هەیە كە دەرمانی تەنیا بۆ نەخۆشییە سەرەتاییەكان هەیە، زۆر كەس لە ناو كەمپەكەدا پێویستیان بە نەشتەرگەری و دەرمانی پێویست هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە نەیان توانیوە بچینە پزیشكی تایبەتییەوە.
سەعید كەریم گەنجێكی ناو كەمپەكەیە، ڕوونی كردەوە، ڕۆژانە بە 15 هەزار ئیش دەكەین، كەچی ڕۆژانەی كرێكار 40 هەزار دینارە، لەوپەڕی ناخۆشیدا دەژین.
عەلی ئازاد ئاوارەیەكی دیكەیە دەڵێت، ئاودەست و حەمام لە كەمپەكە نییە، بەڵكوو لەژێر خێمەكەدا پێویستییەكانمان جێبەجێ دەكەین، هەندێك جار بەهۆی كەمیی ئاو و نەبوونی شوێن 12 ڕۆژ خۆمان ناشۆین، بۆنێكی پیس بڵاوبۆتەوە و منداڵان تووشی نەخۆشی دەبن.
ڕاگەیاندنی كەمپەكە دەڵێت، تەنیا دوو قوتابخانە لە ناو كەمپی دومیز دایە ئەوانیش قوتابخانەی قامیشلۆ كە هەزار و 430 قوتابی و قوتابخانەی كار 720 قوتابی بەشێوەی سێدەوامی وانەی تێدا دەخوێنن و زیاتر لە 11 هەزار منداڵ لەناو كەمپی دومیزدا هەنە و لەبەر هەژاری و دەستكورتی بەیانی تا ئێوارە لەسەر شەقامەكانی كەمپەكە بنێشت و ئاو دەفرۆشن.




