٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

گۆران ئەدهەم:"مێژوو لەو كەسە نابوورێت دژایەتیی هەڵەبجە بكات"

سەرچاوە: KDP.info

قایمقامی هەڵەبجە گۆران ئەدهەم، لە گفتوگۆیەكی "هەولێر"ـدا باس لە وردەكارییەكانی هەوڵی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە دەكات، پێیوایە مێژوو لەو كەسانە نابوورێت كە دژایەتی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە دەكەن.

دەربارەی ئەنجامدانی ڕاپرسی لەو ناوچانەدا كە بڕیارە بخرێنە سەر پارێزگای هەڵەبجە، گۆران ئەدهەم باس لەوە دەكات كە ئەو بڕیار و پێشنیازانەی كە بە ئەنجوومەنی وەزیران دراون، باسی ڕاپرسی تێدا نەكراوە.

* سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی پشتگیریی ئەو پڕۆژەیە دەكات كە هەڵەبجە بكرێتە پارێزگا؟

_ ساڵی 2008 كە سەردانی هەڵەبجەی كرد، مالیكی گوتی كە پشتگیریی هەر داوایەك دەكات بۆ بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە بێت.

* واتە لێدوانی تازەی مالیكی لەو بارەیەوە نییە؟

_ هەر ئەو لێدوانەی پێشترە كە لە هەڵەبجە دابووی، بەڵام هەندێك شتی نافەرمییش هەیە لەو بارەیەوە، تا ئێستا هیچ شاندێكی هەڵەبجە سەردانی مالیكی نەكردووە.

* لە ڕێككەوتنی نێوان نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیكیدا یەكێك لە حەوت خاڵەكە قەرەبووی ئەنفال و كیمیابارانە. ئەمە چی بۆ هەڵەبجە تێدایە؟

_ لەسەر قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران و تاوانەكانی كورد شتێك بە مالیكی گوتراوە و ئەویش ڕازی بووە، بەڵام بە دوورودرێژی باس لە هەڵەبجە نەكراوە، لە سەرچاوەی تایبەتەوە بیستوومە كە هەواڵی ئیجابی تایبەت بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە هەیە.

* لە كۆبوونەوەی سبەینێ "یەكشەممە"ـی حكوومەتی بەغدا لە هەولێر، باس لە پارێزگای هەڵەبجە دەكرێت؟

_ یەكێك لە تەوەرەكانی گفتوگۆكان بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە دەبێت، بە فەرمیش نووسراو بۆ حكوومەتی عێراق كراوە، تا كاری پێویست بۆ ئەو مەسەلەیە بكات، بەڵام تا ئێستا پێیان نەگوتووین وەك ئیدارەی هەڵەبجە بچینە هەولێر و ئاگاداری كۆبوونەوەكە بین.

* كەس لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە ڕانەسپێردراوە تا بچێتە بەغدا و ئیش لەسەر بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە بكات؟

_ نا هیچ نوێنەرێك نەچووەتە بەغدا و كەس دیاری نەكراوە، بەڵام ئەوە ماوەتەوە كە بزانرێت هەڵوێستی فەرمیی بەغدا چییە؟ بەڵام لە كاتی سەردانی كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك عیماد ئەحمەددا، پێمان گوتن كە ئەوەی لەسەر حكوومەتی هەرێمە بكرێت و ئەوەی پێوەندی بە بەغدایشەوە هەیە دەكرێت بە هەموومانەوە كاری لەسەر بكەین.
هەموو پێشنیاز و ڕاسپاردەكان و ئەو لیژنەیە كە لەگەڵ حكوومەت و قایمقامەكاندا لەبارەی چوار قەزاكەی كە بڕیارە بچنە سەر هەڵەبجە، هەموو ڕاسپاردەكان بوونەتە بڕیار.

* گەشبینیت بەوەی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە بچێتە پێشەوە؟

_ بە دڵنیاییەوە گەشبینین، لە سەرەتاوە گفتوگۆی ئەوەمان كرد كە ئەگەر بە جیددی وەردەگیرێت با كاری بۆ بكەین، ئەگەر هەر بەڵێنە بە خۆمان یەكلا بكەینەوە و بە خەڵكیش بڵێین.

بە ڕاستی هەم كاك نێچیرڤان و هەم كاك عیمادیش گوتیان كە پێداگرن لەسەر ئەو مەسەلەیە و پشتگیری دەكەن و هەڵەبجەیش دەبێتە پارێزگا، بەڵام مەسەلەكە تەنیا كاتە.

* دەنگی ناڕەزایەتی لە قەزاكانی پێنجوێن و سەیدسادق و شارەزوورەوە دەبیسترێت لە دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، ئەمە نابێتە ڕێگر لە بەردەم پارێزگای هەڵەبجەدا؟

_ لەو باوەڕەدا نیم ببێتە ڕێگر، چونكە ئەمە بۆچوونی گشت ئەو ناوچانە نییە و هی چەند كەسێكە، سەیرم لێدێت كە جیاوازیی ئەو ناوچانە و هەڵەبجە چییە و هەر سوودێك لە ڕووی ئیداری و داراییەوە هەبێت، ئەوانیش وەك هەڵەبجە سوودمەند دەبن، ئەو بۆچوونی خەڵكی ئەو ناوچانە نییە و كاریگەری لەسەر بڕیاری حكوومەت نابێت كە دەیەوێت هەڵەبجە بكاتە پارێزگا.

* خەڵكی ئەو ناوچانە مافی خۆیان نییە كە لە ڕێی ڕاپرسییەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن كە بچنە سەر هەڵەبجە یان لەسەر سلێمانی بمێننەوە؟

_ هیچ یاسەیەك نییە ڕاپرسی ڕێك بخات، ئایا ڕاپرسی لەسەر ئاستی ئەو ناوچانە بكرێت یان لە گشت هەرێمدا؟ ئەو قسانە دوای ئەوە هاتنە ئاراوە كە پارێزگای هەڵەبجە بووە بڕیار و ڕەزامەندیی فەرمیی بۆ وەرگیرا و پێشنیازەكان خرایە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام بڕیار و پێشنیازەكان باسی ڕاپرسی هەر تێدا نییە و تەنیا بۆچوونی چەند كەسێكە دەیانەوێت بە ناڕاستەوخۆ دژایەتی بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە بكەن كە ڕاستەوخۆ ناتوانن.

* ئایا هەڵەبجە شایانی ئەوەیە بكرێتە پارێزگا؟

_ ئەمە داواكاری خەڵكی هەڵەبجە و دەوروبەریەتیی و مافێكی مێژوییە و ئابووری ناوچەكەیش بە حوكمی تایبەتمەندی هەڵەبجە، شایانی بەپارێزگاكردنە و خاوەنی ناوە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و جیهانیش، پێموایە هەر كەسێك دژایەتی هەڵەبجە بكات مێژوو لێی نابوورێت و مێژوویەكی ڕەش بۆ خۆی تۆمار دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار