کەسایەتی ئەکادیمی دكتۆر دلێر ئیسماعیل حەققی شاوەیس: لە دەسەڵاتی هیچ كەس و لایەنێكدا نییە كە ڕەشنووسی دەستوور بگەرێنێتەوە پەرلەمان

کەسایەتی ئەکادیمی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دكتۆر دلێر ئیسماعیل حەققی شاوەیس لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەی "هەولێر"ـدا ڕایدەگەیەنێت كە لە دەسەڵاتی هیچ كەس و لایەنێكدا نییە كە ڕەشنووسی دەستوور بگەرێنێتەوە پەرلەمان، ئەم پەرلەمانتارە پێی وایە كە بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی ئۆپۆزیسیۆن، سیستەمی سیاسیی هەرێم بەپێی دەستوور پەرلەمانییە و پەرلەمان دەتوانێ لێپرسینەوە لە سەرۆكی هەرێمیش بكات.
دكتۆر دلێر لەو بڕوایەدایە كە مەبەستی ئۆپۆزیسیۆن لە هێنانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان ئەوە نییە كە دەستوورەكە كەموكورتی هەبێت و لەگەڵ سەردەمدا نەگونجێت، بەڵكوو لە ڕووانگەیەكی بەرتەسكی حزبایەتی بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكان سەیری دەكات، چونكە لە هەموو جیهان دەستوورێك نابینی كە هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە پێی ڕازی بن. ئۆپۆزیسیۆنیش تەنیا لایەنی سیاسیی دەستوور لێك دەدەنەوە و پرسەكەیان كردووەتەوە پرسێكی شەخسی.
دكتۆر دلێر وێڕای ئاماژەكردن بە كەمئەزموونی هەرێم لە بواری بەڕێوەبردنی وڵاتدا، پێیوایە ئۆپۆزیسیۆنیش بێئەزموونە و لە جیاتی ئەوەی ئیجابی بێت، بە سلبی كار دەكات، ئەو دەڵێت "ئۆپۆزیسیۆنی كوردستان هەندێ جار لێی تێك دەچێت كە بەرامبەر دەستەڵاتێك كار دەكات كە خۆی خەباتی بۆ كردووە، تا پێی بگات."
لەو سۆنگەیەوە پێیوایە كە ئۆپۆزیسیۆن نابێت بە شێوەی دەوڵەتێكی داگیركەر و مڵهوڕ بڕووانێتە ئەزموونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان.
داڕشتنەوەی دەستوور بە گوتەی ئەم پەرلەمانتارە لە دەسەڵاتی پەرلەمان و هێزە سیاسییەكاندا نییە، بەڵكوو لیژنەیەك لە كەسانی پسپۆڕ پڕۆژەیەك بۆ دەستوورەكە دەنووسنەوە و دەیخەنە بەردەم هێزە سیاسییەكان و لە كۆتاییدا گەل بڕیاری لەسەر دەدات، چونكە گەل سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەكانە.
دكتۆر دلێر ئاشكراشی دەكات كە لە ساڵی 1992ـەوە چەند لیژنەیەك بۆ ئەو كارە پێك هێندراون و ئەو پڕۆژانە یەك خراون و لە كۆی هەمووی ئەوانەوە پڕۆژەی دەستووری ئێستای لێ گەڵاڵە بووە و بڕیاریشی لەسەر دراوە كە بخرێتە ڕاپرسییەوە، چونكە گەل لە هەموو هێزە سیاسییەكان گەورەتر و پیرۆزترە.
سەبارەت بە سیستەمی سیاسیی هەرێمی كوردستان كە ئۆپۆزیسیۆن پێیوایە كە سیستەمەكە سەرۆكایەتییە و دەبێ پەرلەمانی بێت، دكتۆر دلێر دەڵێت "لەگەڵ ڕێزم بۆ ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام هەر لە ماددەی یەكەمی ڕەشنووسی دەستووردا ئاماژە بەوە دراوە كە سیستەمی سیاسیی هەرێم پەرلەمانی كۆماری و دیموكراتییە و پشت بە فرەلایەنی سیاسیی و دەستاودەستكردنی ئاشتیخوازانەی دەسەڵات لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ دەبەستێت."
دكتۆر دلێر لەو بڕوایەدایە كە بە ئاشكرایی لە ڕەشنووسی دەستووردا سیستەمی سیاسیی هەرێم پەرلەمانییە و ئەو یاریكردنە بەبیروبۆچوونی خەڵك بۆ ئەو كەس و لایەنە سیاسیانە، كارێكی باش نییە، چونكە خەڵك هۆشیارە و دەزانێ وانییە.
سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لە دەستووردا ئەو کەسایەتییە ئەکادیمییە ڕوونی دەكاتەوە كە سەرۆكایەتیی هەرێم لەسەرووی لێپرسینەوە نییە، دەستوور ئەو ماف و دەسەڵاتەی پێداوە، هەر هەمووی بەمەرجە، بۆ نموونە لە ماددەی 62ـدا بەئاشكرایی باس لەلابردنی سەرۆك دەكات و ئاماژە بەوە دەكات كە سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی ئەگەر دادگای دەستووری بڕیار بدات، بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران لەسەر كار لادەبرێت، بەگوتەی ئەو، جارێكیتر دەردەكەوێت كە سیستەم پەرلەمانییە، چونكە پەرلەمان مافی لابردنی سەرۆكیشی پێ دراوە.




