٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

كاكەمین نەجار: سندووقی ده‌نگدان وه‌ڵامی ڕاسته‌قینه‌ی پڕوپاگه‌نده‌كان ده‌بێت

سەرچاوە: Hewler

بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر، هەموو ئەو ئاخاوتنانە ڕەتدەكاتەوە كە گوایە ئۆپۆزسیۆن زیاتر له‌ جارانی پێشوو ده‌نگ لە هەڵبژاردەنەكان بەدەست دێنێت بڕواشی وایە كە بە پێچەوانەی ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە سەنگی مەحەك بۆ دەنگدان بە پارتی دیموكراتی كوردستان.

كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی سەركردایەتی لە هەولێر لە دیدارێكی تایبەت بە "هەولێر" سووربوونی پارتی دووپات دەكاتەوە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و دوور لە ساختەكاریی، ئەم قۆناغەش بە قۆناغێكی گەورەی دیموكراسی ناودەبات كە ئامانجی راستەقینەی سەرۆك بارزانیە كە یەكەم كەس بووە لە دوای راپەڕین داوای هەڵبژاردنی كوردستانی كردووە.

ڕەتكردنەوەی پڕۆپاگاندە
• راگەیاندنەكانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر لە جارێك ئاماژە بەوە دەكات، كە لە هەڵبژاردنی ئەمجار پارتی ڕێژەی دەنگدانی پێشووی لەدەست دەدات و لە ئێستاوە سەركەوتنی خۆی رادەگەیەنێ، ئەمە تا چەند نزیكە لە ڕاستی؟
\ - جارێ پێش هەموو شتێك جێگەی داخە، كە بەر لە پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەو جۆرە ئاخاوتنانە بڵاودەكرێنەوە، كە دوورن لە پرەنسیبی دیموكراسییەت، چونكە هیچ بنەمایەكی راستی تێدانییە و هەق نییە ئۆپۆزسیۆن ئەوەندە پەلە بكات و، لەو ڕوانگەوەش دەستكات بە بڵاوكردنەوەی هەندێك دروشمی بریقەدار كە هەق نییە بەر لە پرۆسەی هەڵبژاردن بڵاوبكرێتەوە.

ئێمە لەبەردەم قۆناغێكی نوێداین كە قۆناغی هەڵبژاردنێكی شەفافە، دیاره‌ هەموو لایەنەكان بۆیان هەیە لەو پرۆسەیەدا بەشداربن و قەبارەی راستەقینەی خۆیان بزانن، هەتا ئەوانەی كە بێلایەنن، چونكە مافی هەموومانە بەبێ جیاوازی لە بیروبۆچوون، كە ئەنجامەكەی ئێستا دەرناكەوێت، بەڵكو لە سندوقی دەنگدان كە دەبێتە وەڵامێكی راستەقینە بۆ ئەو بۆچوونانە كە بەدەرن لە راستی.

بڕوای زۆرمان بە خۆمان هەیە
• ئایا تا چەند بڕواتان بە خۆتان هەیە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان كە دەتوانن زۆرینەی دەنگ بەدەست بێنن لەم پرۆسەیەدا؟
- بەدیدی ئێمە گرنگ بەشداربوونە له‌ پڕۆسەیەكی دیموكراسی و ئەمەیش بنەمای ژیانێكی سەقامگیرە لە كوردستان، بەڵام سەبارەت بە پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئێمە هەرگیز گومانمان لە خۆمان نییە، چونكە پارتی لەسەر بنەمای جەماوەریی و بڕوای تەواوی بە جەماوەرەكەی دامەزراوە كە ئەمەیش هانمان دەدات كە بڕوامان بە ئایندە هەبێت، بۆیە دڵنیایین لەوەی كە ئێمە لەم پڕۆسەیەدا تەواو سەركەوتن بەدەست دێنین، گرنگ نییە كە فڵان چەند كورسی و فیسارە چەند كورسی بەدەست دێنێت بەڵكو گرنگ پڕۆسەكە خۆیەتی، بە سیمایەكی نوێ بە ژیانی مەدەنی خەڵكی كوردستان دەدات، ئەو خەڵكەی كە ئێستا باش دەزانێت ڕەش و سپی لەیەكتر جیاكاتەوە.

ڕاپرسی هەڵە!
• لە بەرامبەر ئەوەی چەند ڕاپرسییەك ئەنجامدراوە، بەتایبەتی لەلایەن "كۆمەڵ"، كە گوایە ئۆپۆزسیۆن دەبێـتە هێزی یەكەم، ئێوە چی دەڵێن؟
- ڕاپرسی پێویستی بە هەندێك بنەمای زانستی هەیە، ناكرێت هەر گرووپ و حیزبێك لە خۆیەوە ڕاپرسی ئەنجام بدات كە كاری ئەوان نییە، چونكە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی خۆیان، بۆیە ئەو جۆرە ڕاپرسییانە بە جۆرێكی دیكە لە شێواندنی راستی تێدەگەم كە ناكۆكە لەگەڵ دیموكراسیكردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن.

هیچ شتێك لە 100% نییە، بۆیە نابێت شتەكان بە ڕەهایی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، جگە لەوەی ئەوپەڕی ناكۆكیی لە ئاخاوتنەكانی ئۆپۆزسیۆن دەبینین.

شەڕی دەستوور
• ئایا دوا هەڵوێست لەمەڕ پرسی گەڕانەوەی دەستوور بە كێ گەیشت؟
- ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستمان لەو بارەوە زۆر ڕوون و ئاشكرایە. سەرۆك بارزانی دوای راپەڕینە مەزنەكە یەكەم كەس بوو، كە هەڵوێستی بوێرانەی خۆی لە بارەی هەڵبژاردەنەكان راگەیاند، جەختی لەسەر ئەوەكردەوە كە دەبێت هەڵبژاردن لە كوردستان بكرێت، بۆیە ئێمە لە هەڵبژاردن ناترسین.

ئەوەی پەیوەستیشە بە دەستوورەوە ئێمە پێمانوایە كە لەبەر ئەوەی پێشتر لەلایەن پەرلەمانی كوردستانە دەنگی لەسەر دراوە، هیچ حیكمەتێك نییە لەوەی سەرلەنوێ لەبەر خاتری هەوەسی ئەم ئەو بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، بەڵكو لەم پڕۆسەیەدا خەڵك خۆی دەتوانێ بڕیار لە خۆی بدات، نەك پڕۆپاگاندە.

مەسەلەی دەستوور مەسەلەیەكی یاساییە، نابێت خەڵكی ناشارەزا قسەی لەسەر بكات، ئێمە دەمودەزگای یاساییمان هەیە.

* ئەی كەوابێت چەندە نا هەقی بەرامبەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت؟.
- زۆریش بە ئاشكرا هەوڵدەدرێت زوڵم لە پارتی بكرێت، چونكە پارتی رابردوویەكی شكۆداری هەیە و خاوەن پێگەی خۆیەتی و مافی تەواوی خۆی هەیە كە دەسەڵات بگرێتە بەر بە گوێرەی سندوقی دەنگدان.

تەواوگەشبینین
• كەوابێت، ئێوە زۆر گەشبینن؟
- بۆ نا. ئێمە خاوەن مێژووێكی پڕ سەروەریین كە پڕە لە قوربانیی دان، گومانمان لە رابردووی خۆمان نییە كە خاوەنی كەلتووریی شۆڕشگێڕیی سه‌ركرده‌یه‌كی مەزنی وەك بارزانین، یان خاوەن سەركردەیەكی بڕوا قایمی وەك (مەسعود بارزانی)ـین كە ئەمڕۆ پێگەی فراوانی له‌نێو جەماوەردا هەیە و لە نێو ئاستی نێودەوڵەتیشدا بە هەمان شێوە ژمارەیەكە لە تایبەتمەندیی خۆیەتی.

بۆیە ئەو چەند ساڵەش كە حوكمڕانی كوردستانمان كردووە، بە شایەدی هەمووان كارابووین لە نێو پەرلەمان و، حكومەت و كوردستانیش باشترین بەڵگەیە و بۆ ئارامی ئاوەدانی و بیناكارییەك بۆوە، ئەمەیش ئەوە دەردەخات كە پارتی ناگەڕێتە دواوە، بەڵكو ئێستا زیاتر لە هەموو كاتێك بڕوای بە ئایندە هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار