بیرمەند و پەرلەمانتاری بێلایەنی عێراقی حەسەن عەلەوی له دیمانهیهکی ههولێردا: من لێرەدا لە كوردێك كوردتـــــرم و لە بارزانییەك بارزانیترم

بیرمەند و پەرلەمانتاری بێلایەنی عێراقی حەسەن عەلەوی لە دیمانەیەكدا لەگهڵ ڕۆژنامەی هەولێر، باس لە بوونی شەڕێكی تایفیی ڕاستەقینە لە عێراقدا دەكات و پێیوایە بەمزووانە كێشەكانی ئەم وڵاتە چارەسەر نابن، هەروەها باس لەوە دەكات كە گەلی عێراقیش لەگەڵ ئەم ناكۆكییە تایفییانەدایە، بۆیە سیاسییەكانیش ئەمە بۆ بەدەستهێنانی دەنگیی خەڵك بەكار دەهێنن، ئەم بیرمەندە هەرێمی كوردستان بە دەوڵەتێكی بێدەنگ لەنێو عێراق لە قەڵەم دەدات و پێیوایە كورد قورساییەكی زۆری هەیە.
* عێراق لە قەیرانێكی قووڵی ئاساییشی و سیاسییدا دەژێت و ئەمەش ڕووحی هەزاران هاوڵاتیی كردووەتە قوربانی، كێ لەمە بەرپرسە؟
- گەلی عێراق لێك ترازاوە، بەڵام نایانەوێ ددانی پێدابنێن، نابێت ئەوەی ئێستا ڕوودەدات بەپێی ئەزموون و سەرچاوەكانی بیری سیاسیی جیهانی شی بكەیتەوە، بەڵكوو لە ڕێگەی دۆخەكانی لێكترازان و ناكۆكیی تایفی شیكردنەوەی بۆ بكەی.
ئێستا ئێمە لەنێو لێكترازانی شیعی و سوننیدا دەژین و لە قوناخی توانەوەداین، دروشمی فیتنەی تایفیی بەرنامەیەكی پێویستە لە لێكترازانی تایفیدا. بەرپرسی عێراقی لە دروشمی تایفی و چوونە نێو ناكۆكیی تایفی ناوەستێت، چونكە ئەم ناكۆكییە دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگ بەدەست بهێنێت.
من زوو گووتوومە عێراق لەنێوان سێ سەندووقدایە، سەندووقی دەنگدان، سەندووقی تی ئێن تی و سەندووقی كوژراوەكان، سەندووقی هاوبەشی ئەوانەش ناكۆكیی تایفییە، كێشەی عێراق لە جیاوازیی بیركردنەوە و بەرنامەی سیاسییەكاندا نییە، بەڵكوو كێشەكە ناكۆكی و لێكترازنی تاییفییە.
* واتە ئەمە سەرەتایە بۆ دابەشبوونی عێراق یان بەرەو فیدراڵییەت چوونی عێراق؟
- بوونی چەند تایفییەكی ناكۆك نابێتە هۆی ئەوەی وڵات دابەش بێت، زۆرینەی كۆمەڵگەكانی جیهان لەو حاڵەتەدان واتە لە یەك نەتەوەیی و یەك گەلیدا ناژیین، سەیری بەریتانیا بكە كە لە ئینگلتەرا و سكۆتلەندی و ئێرلەندی و وێڵزییەكان پێك دێت، سەیری ئەمەریكا بكە كە هەموو گەلانی جیهانی تێدا دەژین و شانازیش بە ئەمریكییبوونیانەوە دەكەن بەچەشنێك ئیتاڵییەك لەوێ ڕیشەی خۆی لەبیر دەكات وەك چۆن ئەمە بەسەر عەرەب یان ئەفریقییەكیشدا جێبەجێ دەبێت، بەڵام شیعە لە عێراقدا پاش چەندین ساڵ، هەست دەكەن پەراوێز خراون و ئێستا كاتی ئەوەیە خۆیان توند بگرن و كاتی چنینەوەیە، ئەم بیركردنەوەیە ڕەنگە بگونجێت لەگەڵ یاساكانی تایفییەت، شیعە ئێستا سەرۆكایەتیی دەوڵەت دەكات، بۆیە دەبێت بزانێت كورد و سوننە و توركمان و چەندین نەتەوە و مەزهەبی تر لە عێراقدا دەژین و نابێت یاساكانی تایفییەت جێبەجێ بكات لە كاتێكدا كە سەرۆكایەتیی و سەركردایەتیی دەوڵەت دەكەن، كاتێك لەدەرەوەی دەوڵەت بن، شیعە دەڵێن، مەترسیمان لەسەرە و ڕەنگە سوننەكان بگەڕێنەوە بۆ سەر دەسەڵات، بەڵام ئەمە ئەستەمە و ئەمە درۆیەكە دەكرێت، چونكە ئەوەی ئەم بانگەشانە بەدرۆ دەخاتەوە، ئەوەیە كە سوننەكان دروشمی هەرێمیان بەرز كردەوە و داوای بوونی هەرێمی سوننە دەكەن، ئەمە دداننانە بەوەی كە بیر لە دەسەڵات ناكەنەوە، ئەوەی كە دروشمی بەهەرێمبوون بەرز دەكەنەوە، ئەوە دەگەیەنێت كە ئەوان نایانەوێ بگەڕێنەوە سەر دەسەڵاتی ناوەندی، بۆیە سوننەكان بیر لەم شتە ناكەنەوە.
* واتە جەنگی تایفی لە عێراق نزیكە؟
- شەڕی بەرەكان نابێت، چونكە سوننە سوپایەكی سوننی دژی دەوڵەتێك كە سوپاكەی شیعییە دروست ناكەن، وڵات شیعییە و سوپا شیعییە و دەترسن و خۆشیان لەسەر ئەم هەڵوێستە یەك نیین كە سوپایەك دژی دەوڵەت دروست بكەن، ئەوەشی بیر لە شەڕ دەكاتەوە، ئەوەیە كە خۆی بتەقێنێتەوە و خەڵك بكوژیت، بۆیە ئێستا عێراق لە شەڕی تایفیدایە. شەڕی راستەقینە هەیە، بەڵام شەڕ لە جۆرێكی تایبەتە.
* ئایا پاڵەوانەكانی ئەو كێشانەی ئێستا سیاسەتەمەدارانی عێراقن؟
- نەخێر كۆمەڵگەكە تایفییە، ئەو هەزارانەی دەنگ بۆ شیعە و ئەوانەی دەنگ بۆ سوننە دەدەن هانی كۆمەڵگە و سیاسییەكان بۆ ئەو مەسەلەیە دەدەن، ئەگەر كۆمەڵگە دوور بێت لەتایفی، دەبووایە گەل بەرپرسانی تایفی لە هەر هەڵبژاردنێك دەر بكات، بۆیە ئێستا مەسەلەكە ئەوەیە كە گەل خۆی تایفییە.
* ئەگەر چی دەستپێشخەریی حەكیم بۆ چارەكردنی كێشەكان هەبوو، بەڵام سەدر و عەلاوی نەچوونە ئەو دەستپێشخەرییە، بۆچوونت لەو بارەیەوە چییە؟
- ئەوەی نەهاتە ئەو كۆبوونەوەیە زیاتر لەگەڵ خۆیدا ڕاستگۆ بوو لەوانەی هاتن، چونكە هەریەك لەوانەی لەو كۆبوونەوەیەدا بوون، وەك ئەوە وابوون كە شتێك بە زۆر پاڵی پێوەناون بۆ ئەو كۆبوونەوەیە.
ئەو كۆبوونەوەیە نەدەبوو بكرێت، چونكە قووڵیی نیازی خراپ و نانیشتمانیی زیاتر بۆ خەڵك دەركەوت، هەریەك لەوانەی بەشدارییان كرد وەك ئەوە وابوو ببرێنە سەربازی، بۆچی موجامەلەی یەكیان كرد؟ بۆ ئەوەبوو كە بڵێین دوانەكەوتوون، ئەگەر نا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانیش كە هاتن بۆ ئەو كۆبوونەوەیە، قەناعەتیان بە مەسەلەكە نەبوو، ئومێدم دەكرد بەڕێز عەمار حەكیم لەگەڵ لایەنەكان بەتەنیا و بەجیا دابنیشتبایە، باشترە بڵێین ئەوەی ڕووی دا، ئاهەنگی چاخواردنەوە بوو، هەر كەس لەو بەشداربووانە سەیری سەعاتەكانیان دەكرد بۆ ئەوەی بە زووترین كات كۆبوونەكە تەواو ببێت و بڕۆنەوە، چونكە باوەڕیان بە چارەسەر نییە.
* كەواتە چارەسەری ڕیشەیی كێشەكان چییە؟
- هیچ چارەسەرێكی ڕیشەیی بوونی نییە، عێراق چەندین ساڵی تر هەر لەم دۆخەی ئێستایدا دەمێنێتەوە، چونكە كۆمەڵگە دابەش بووە، چارەسەر نییە، ڕەنگە چارەسەر بخرێتە ڕوو، بەڵام بەهای نییە، هیچ چارەسەرێكی كردەیی بەمزووانە ئامادە نابێت.
* نوێژی یەكگرتووی سوننە و شیعە چی لێ بەدی هاتووە؟
- نوێژی یەكگرتوو؟ شتی وا نییە، ئەوە درۆ لەگەڵ خوا و پێغەمبەر و عەلی و عومەرە. من دەڵێم شیعە، شیعەیە و سوننە، سوننەیە و كوردیش كوردە، من عەلمانیم، بەڵام داكۆكی لە ئازادیی شیعە و سوننە و كورد دەكەم، نابێت كەس ناسنامەی خۆی بشارێتەوە، بۆیە ئەوەش بەشێكە لە فێڵی سیاسی.
* خۆپێشاندانەكانی پارێزگا سوننییەكان چۆن دەبینیت؟
- كۆمەڵگەی سوننی زیاتر لە بۆچوونێكی تێدایە، خەڵكی توندڕەو و میانڕەو و جیاخوازیی و یەكیەتیخوازیشیان تێدایە، ناتوانیت یەك حوكمیان لەسەر بدەیت، پێشتر ئەو سوننانە پڕۆژەیەكی نەتەوەییان هەبوو كە ئێستا بووەتە پرسێكی ئایینی.
* چۆن دەڕووانیتە كێشەكانی نێوان ناوەند و هەرێم بەتایبەت پاش واژۆكردنی ئەم حەوت خاڵەی لە ئەنجامی سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم مۆركران، ئایا حكوومەتی ناوەند نیازی ڕاست و بێگەردی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان؟
- كێشەكان چارەسەر نابن، ئەو ناكۆكییە سرووشتییە و بەردەوام دەبێت و كاتێكیش دەچینە سەر دیاریكردنی سنوورەكانی نێوان پارێزگاكان، ئەوكات ساتی ناكۆكیی خوێناوی دەبێت، بۆیە ئەو ڕێككەوتننامە ڕەنگە هەبێت، بەڵام چارەسەر لەسەر سنوورە ئیدارییەكان نابێت، كەس نكۆڵی لە مافی كوردەكان ناكات، بەڵام زۆرێك دژی نەخشەی نەتەوەیی كوردن.
* چۆن دەڕووانیتە جووڵانەوەی كورد بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە؟
- لە سیاسەتی كورد ئاڕاستەی دەنگبەرز هەیە بەرەو لێكتێگەیشتن، لەنێوانیشدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمیش دەیەوێت كێشەكان چارەسەر بكرێن، چونكە ئەو بە عەقڵییەتی وەبەرهێنەر و پیاوی كار بیر دەكاتەوە، ئەو دەیەوێت ئاوەدانی زیاد بكات، ئەمەش لە ڕێگەی ئاساییشەوە دەكرێت نەك لە ڕێگەی ناكۆكییەوە.
* كاتێك ناكۆكییەكان زیاد دەبن، كورد هەڕەشەی جیابوونەوە دەكات، بۆچوونت لەسەر ئەمە چییە؟
- من ئەمە بە گونجاو نازانم كە خەونێكی نەتەوەیی بكرێتە ئامرازێك بۆ هەڕەشەكردن لەوانی تر، ئەمە خەونی نەتەوەیەكە، ئەوەی هەڕەشەی پێ دەكات، هەڵەیە. هەڕەشە زۆر جار شتی خراپی لێ دەكەوێتەوە، ئەگەر هەڕەشە بە خەون بكەیت، نابێت بۆ ئەوەی ببێتە ئامرازێكی ڕاگەیاندن و سیاسیی وا بچووك بكرێتەوە، من ڕەتی دەكەمەوە خەونی گەلی كورد بكرێتە دروشمێك بۆ هەڕەشە.
* ئایا كورد هاوبەشی ڕاستەقینەن لە عێراقدا؟
- كورد نفووزیان لە هەموو عێراقدا هەیە، بەڵام كە هەستی پێ ناكەن شوێنەواری ڕابردووە، ئەمە بە هیچ شێوەیەك ڕاست نییە كە بگوترێت كورد لە عێراقدا هاوبەش نین، كورد لە ئەزموونێكی سەربەخۆدان، ئەوان دەوڵەتێكی بێدەنگن، یاسای خۆی هەیە و وەزیر و سەرۆكوەزیر و پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمی خۆی هەیە، ئێستا ئیقامە بەو كەسانە دەدەن كە لەو شوێنانەی تر لە عێراقەوە دێن، بۆیە كورد لە هاوبەش زیاترە.
* ئەگەر كورد دەوڵەتی دامەزراند هەڵوێستی ئەوانی تر چی دەبێت؟
- ئامراز و هۆكارەكانی سەربەخۆبوونی كورد چەندین ساڵە هەیە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە تا ئێستا نەیانكردووە، لە كتێبەكەمدا كە بە ناوی دەوڵەتی بێدەنگەوەیە، باسی ئەمەم كرد، ئەگەرچی ئەم كتێبەم بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لێم گیرا، ڕاگرتووە.
* ئێستا مشتومڕێكی كوردستانی لەسەر دەستوور هەیە، بۆچوونی تۆ لەمبارەیەوە چییە؟
- دەستوور هەموار دەكرێتەوە، خۆ شتێكی ئەوەندە پیرۆز نییە؛ كۆمەڵگە دەستوور دروست دەكات، كێشەكە لەسەر سەرۆكایەتیی هەرێمە، مەسعود بارزانی پێش ئەوەی سەرۆكی هەرێم بێت، سەركردە و خەباتگێڕە و ملكەچی ویراسیكردن نەبووەتەوە. من لێرەدا لە كوردێك كوردترم و لە بارزانییەك بارزانیترم، مەسعود بارزانی ملكەچی كارێزمای بنەماڵەیە وەك ئەوەی من ناوم لێ ناوە، سەیری نەهرۆ بكە لە هیند كە كارێزمای هەبوو پاش خۆی كچەكەی هات و دواتر كوڕەكەی، ئەمە زۆر گرنگە ئەو كارێزمایە، بەڵام ئەمە جیاوازیی هەیە لەوەی قەزافی و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دەیانویست بیكەن، چونكە لێرەدا باوكی مەسعود بارزانی سەرۆكی كۆمار نەبووە، تا كوڕەكەی بكاتە سەرۆكی هەرێم، ئەو خەباتگێر بوو كارێزمای خەباتی بەخشییە كوڕەكەی و كارێزمای سەركرایەتیی كۆمەڵگەی پێ بەخشی، كێ لە مەلا مستەفا زیاتر لەسەر بەردێك لە چیا شەڕی كردووە، كوا كەسێك هەیە نان و چا لە چیا بخوات، خۆ مەلا موستەفا سەرۆك نەبوو، بیست ساڵ بوو یەك قاپوتی لە بەردابوو، بۆیە ئەوەی ئێستا كارێزمای بنەماڵەیە نەك بە ویراسیكردن.
لە لایەكی دیكەشەوە هەڵبژاردنیش هەیە، كێ خۆی دەپاڵێوێت بەرامبەر بە مەسعود بارزانی با خۆی بپالێوێت، هەڵە ئەوەیە خۆیان نەپاڵێون، لێگەڕێ با خۆیان بپاڵێون، بەڵام تا ئێستا سەركردەی نەتەوەیی كورد مەسعود بارزانییە و ئەمەش لە كوردانی دەرەوەدا هەستی پێ دەكەیت.
ئۆجەلانیش لە ڕێگەی مەسعود بارزانییەوە گەیشتە ئاشتی، بارزانی ئەو ئیشەی كرد ئەو ئاشتییەی بەدی هێنا.
* عێراق بەرەو كوێ و هەرێم بەرەو كوێ دەچن؟
- عێراقی عەرەبی بەرەو دەوڵەتی بەتاڵ و هەرێم بەرەو دەوڵەتی پڕ دەچێت، دەوڵەتی بەتاڵ هاوبەشی ڕووحی و ئایینی و نەتەوەیی نییە، ئەوانەی عەرەبن، دابەش بوون، ئیسلامییەكان دابەش بوون، شیعەكان دابەش بوون، سوننە دابەش بوون.
* كتێبێكت لەسەر كورد هەبوو كە باس لە دەوڵەتی كوردی دەكات بۆچی ڕاتگرتووە؟
- باشترین و جوانترین كتێب بوو پاش دوو كتێبەكەی ترم الشیعە و القومییە، و عومەر و والتشیع، ئەمڕۆ شانازیم دەكرد لەسەر كورد كتێبێكم هەبێت، دەمویست بزانم بۆچی كورد دەوڵەتی نییە و كێ لەدوایەتی و زانستی كۆمەڵناسیم بەكار هێنا و یاسا سیاسییەكان و باسی فەلسەفەكانم كرد كە بۆچی لەگەڵ ئەوەی دۆخەكە لەبارە، كورد دەوڵەتی نییە؟ هۆكارەكە ترس لە دەوڵەتان و نەبوونی ئیرادەیە، بەداخەوە یەكێك لە نووسەرەكانی ئێرە ڕەخنەی توندی لێ گرتم لەسەر بەرگی تاكە گۆڤاری عەرەبی كوردستان، قسەی پێ گوتم كە گوایە نابێت من قسە لەسەر ئەو مەسەلەیە بكەم، گوایە من موزایەدە دەكەم، كەس لە دژی ئەو كەسە قسەی نەكرد، بۆیە منیش كتێبەكەم ڕاگرت، كتێبەكەم تەواو كرد و چاپی ناكەم، كتێبەكە جیاوازە و پێشبینیم دەكرد زۆر دەنگدانەوەی هەبێت، كتێبەكە بە ناوی دەوڵەتی دواخراو یان دەوڵەتی بێدەنگە، ئەوەی لەو كتێبەدا باسم كردووە هیچ كوردێك قسەی لەسەر نەكردووە.
* چۆن دەڕووانیتە نەبوونی پۆستی سەرۆككۆمار؟
- كورد زەرەرمەندە، زەرەرمەندی یەكەمە بەهۆی كۆمەڵێك موجامەلاتەوە، دەبێت ئەو كەسانەی وێنەكانیان دابەزاند لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، چونكە سەرۆك لە بێهۆشیدایە، ئایا نەخۆشی عەیبەیە، ئایا پێغەمبەر نەخۆش نەبووە، ئایا عەلی نەكوژرا؟ عوسمان، عەبدولكەریم قاسم، عەبدولرەحمان عارف؟
چاوپێكەوتنی: بەدرخان حەسەن
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە: هێمن بابان رەحیم




