٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

د.ڤیان سەبری: ئەگەر دەستوور لە ڕێگەی ریفراندۆمەوە پەسەندكرا ئەوا سازانی نیشتیمانی و جڤاكی و تەنانەت سیاسیش دەستەبەر دەكات

سەرچاوە: Xebat

سەبارەت بەپرسی دەستوورو خستنە ریفراندۆمی گەلەوە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەلایەك و دژایەتیكردنی بەردەوامی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بە ئیسلامی و عیلمانیەوە بۆ دروستكردنی تەگەرە لەبەردەم ئەو ریفراندۆمەدا، بۆ ئەم مەبەستە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی د. ڤیان سەبری ئەندامی یەدەگی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كردو بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.
خوێندنەوەتان بۆ وتارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەبارەت پێدانی مافی خەڵك بۆ ئەوەی خۆیان دەنگ بەدەستوور بدەن، نەوەك چەند لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن، كە نوێنەرایەتی بەشێكی كەمی خەڵك دەكەن. لەو بارەیەوە د. ڤیان سەبری دەڵێت: جەنابی سەرۆك بۆ هەموو پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەكان بۆ ڕای گەل دەگەڕێتەوە، ئەوەیش پێچەوانەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن كە بۆ چارەسەركردنی كێشە چارەنووسسازەكان تەنیا پەنا بۆ نوخبە و بازنەی حزبەكانی خۆیان دەبەن. دەستوور بەڵگەیەكی یاسایی زۆر گرنگە و پێویستە بڕیاردان لەسەری بۆ خەڵك بێت و لایەنە سیاسییەكان تەنها رێكخەر بن بۆ پرۆسەكە نەك ئاغا بەسەریەوە. وتاری بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی پاشەڕۆژی كورد و هەرێمی كوردستان دایە و پێویستە ئێمە بێ دوودڵی هەنگاو بنێین بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵ و ئەركانەی تێیدا هاتوون.
ماوەیەكە ئۆپۆزسیۆن بەگشتی و بڕیار بەدەستانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی، شەڕێكی سەرسەختانە بە پڕۆژەی دستووری هەرێمی كوردستان دەفرۆشن، گوایە داوا دەكەن رەشنووسی ئەو دەستوورە بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان تاوەكو سازانی نیشتمانی لەسەر بكرێت. لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو بیانوویەی هەیانە كە دەبێت سازانێكی تری لەسەر بكرێت، هیچ بنەمایەكی نییە و تەنها ململانێ ئیرادەی یاسایی بەرامبەری ئیرادەی سیاسی و هەڵبەت قسەی یەكەم و دوایی بۆ یاسایە و ئەو سازانەی ئەوان دەیانەوێت نە سازانی نیشتمانییە و نە كومەڵایەتی، بەڵكو تەنها سازان و گونجاندنی بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی خۆیانە. ئەوان دەڵێن ئەو پرۆژە دەستوورە بخرێتە ڕاپرسییەوە، 60%ی خەڵكی كوردستان ڕەتی دەكەنەوە و داوای گەڕانەوەی دەكەن، من دەمەوێ بزانم چ بەڵگەیەكیان لایە بۆ ئەم ئەنجامە پێشوەختە و لەجیاتی هاوڵاتیان بڕیاردان و بیركردنەوە. هەروەها ئەگەر ئەوەندە پشتڕاستن لە ڕەتكردنەوەی دەستوور لەلایەن هاوڵاتیانی كوردستانەوە، بۆچی كەوتوونەتە ئەو بارە هستریایییە و هەناسەیان لەبەر بڕاوە. با لێگەڕێن پرۆژەكە بخرێتە دەنگدانەوە و بە پێشبینییە سیحراوییەكەی خۆیان 60%ی هاوڵاتیان رەتیدەكەنەوە و بگەڕێتەوە پەرلەمان و (سازانی) لەسەر بكرێت. بەڵام خواستی ئەوان نە سازانی نیشتمانییە و نە دەستوورێكی نمونەیی، بەڵكو خواستیان تەنها مانەوەی هەرێمی كوردستانە بەبێ دەستوور، ئەمەش بۆ مەرامە تایبەتییەكانی خۆیان، ئەگەرنا ئەو رەشنووسەی دستووری هەرێم لوتكەی سازانی نشتیمانی و جڤاكی و سیاسی دەستەبەر دەكات لەبەر چەند هۆیەك: رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان لە زۆربەی بڕگە و ماددەدا ئاماژە بە سازان لەنێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) و جێبەجێكردن (سەرۆكی هەرێمی و سەرۆك وەزیران) دەكات. ئەگەر دەستوور لە ڕێگەی ریفراندۆمەوە پەسەندكرا ئەوا خۆی لەخۆیدا سازانی نشتیمانی وچفاكی و تەنانەت سیاسیش دەستەبەر دەكات و سەقامگیری و گەشەپێدان سیاسی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات.
رەشنووسی دستوور ئالیەتێكی گونجاوی دەستنیشانكردووە بۆ بەرپرسیارەتی لەبارەی زۆربەی ئەو بڕگە و ماددانەی پەیوەندییان بە چارەنووسی هەرێمی كوردستانەوە هەیە. بە بێ رەزامەندی پەرلەمانی كوردستان و زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران هیچ بڕیارێك و یاسایەكی لەم جۆرە تێپەڕ ناكرێن. بڕگەكانی 1،4،8 جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە سیستەمی سیاسی لە هەرێمی كوردستان پەرلەمانی كۆماریی دیموكراتییە و ئەو قسەی كە دستوورەكە سەروكایەتی هیچ بنەما نینە چنكو دەستهەلاتی جیبەجیكردنی ل ماددەی 59 دیاری دەكەت كە پێكهاتووە لە هەر دوو دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم و دەسەڵاتی سەرۆك وەزیران نەك سەرۆكی هەرێم بە تەنیا.
ئەو بانگەشانەی كە هەندێك لایەن دەیكەن و پێیانوایە كە دەبێت دەستووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەستووری عێراق بەراورد بكرێت بەتایبەتی ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆماری عێراق و پێویستە لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت. ئەمە دوورە لە واقیعی هەرێمی كوردستان، چونكە عێراق ولێتێكی فرە نەتەوە و مەزهەب و ئایین و تاییفەیە و پێویستی بە سازانی نیشتمانی هەیە نەك تەنها بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆمار، بەڵكو تەنانەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیرانیش. بە واتایەكی تر سازانی نیشتمانی لە عێراقدا ئیستیحقاقێكی فرەیی پێكهاتەكانییەتی.
لە رەشنووسی هەرێمی كوردستاندا لە ماددەی61 ئالییەتێكی گونجاو بۆ بارودۆخی هەرێمی كوردستانی دەستنیشانكراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم كە دەبێت راستەوخۆ و نهێنی بێت. ئەو ئالییەتەش زۆر دیموكراسیترە، چونكە گەلی كوردستان راستەخۆ دەنگ بەو كەسە دەدەن كە شیاوە بۆ ئەوەی رابەرایەتییان بكات، نەك چەند كەسێك و بەپێی بەرژەوەندی حزبایەتی خۆیان رابەری گەلێك دیاری بكەن.
سەرەڕای ئەمە رەشنووسی دستوور بەسازانی تێكڕای پارتێن سیاسی لە كاتی خوی هاتیە ئامادەكردن و لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند كرا و بە قۆناغە سروشتییەكانیدا و ئێستاش هیچ مەعقول و مەنتیقی نییە ریفراندۆمی لەسەر نەكرێت و گەل بڕیاری خۆی نەدات.
پێشبینی دەكرێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان تەگەرە بخەنە بەردەم كاتی ئەنجامدانی راپرسییەكە (ریفراندۆم)، بۆ ئەوەی كەمترین خەڵك بەشداری لەم پرۆژە نیشتمانییە بەرفراوانەدا بكات، كە سەرجەم كایەكانی وڵات دەستنیشان دەكات و دایدەڕێژێت. لەو بارەیەوە دكتۆرە ڤیان سەبری رایگەیاند: گەلی كوردستان ئەوپەڕی ئاستی رۆشنبیریی سیاسی و شارەزایی هەیە كە كەس نەتوانێت فشار بخاتە سەری یان بەناوی ئەوەوە قسە بكات و هیوادارین گەل قسەی خۆی هەبێت و لە ڕێگەی ریفراندۆمەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، چونكە دەستوور بۆ تاكە كەسێك یان لایەنێك نە نووسراوەتەوە و بە ڕەزامەندی گشت ئەو لایەنانە پەسەندكراوە كە ئەو كات لە گۆرەپانی سیاسی هەرێمدا بوونیان هەبوو، بەو لایەنانەشەوە كە ئێستا داوای هەمواركردنەوەی دەكەن. ناكرێت لەبەر بەرژەوەندی تەسكی هەندێك لایەن تاسەر ئەو هەرێمە هەروا بێ دەستوور بمێنێتەوە و ئەو گەلە ستەمدیدەیە لە شانازیكردن بە هەبوونی دەستوورێكی تایبەت بە خۆی بێبەش بكەن. دەستوور شتێكی نەگۆڕ نییە تاوەكو دوای خستنە راپرسییەوە دەستكاری نەكرێت و هەموار نەكرێتەوە، بەڵام كار وا بڕوات و ڕێگری لێ بكرێت و هەر جارەو لایەنێك بییەوێت بەدڵی ئەو هەموار بكرێتەوە، هەرگیز نابین بە خاوەنی دەستووری خۆمان، باجەكەشی تێكڕای گەلی كوردستان دەیدات. ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش بەردەوام بن لە ئاستەنگ خستنە بەردەم ئەو پرۆژە دەستوورە و هەوڵی دواخستنی بدەن، بێگومان دەبێ باجی بێدەستووری مانەوەی ئەو گەلە بدەن و خۆیان ئەو بەرپرسیارێتییە بەرامبەر گەلی كوردستان هەڵدەگرن. سەبارەت بە تەوەرەكانی دەستوور و ریفراندۆم و گەڕانەوەی دەسەڵاتەكان بۆ گەل وەك تاكە سەرچاوەی بڕیاردان لەسەر پرۆژەیاسای دەستووری هەرێم، تا چەند توانیویەتی ئەو ئامانجە سیاسیانە بپێكێت كە خەریكە لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە بارودۆخی سیاسی و شەقامی كوردی بەرەو ئاقارێكی نادیار دەبەن.
د.ڤیان ئاماژەی بەوەشداوە: ئۆپۆزسیۆن لە عورفی وڵاتانی جیهاندا رۆڵی بەرچاوی خۆی هەیە وەك پشتگیریكردن لە سەقامگیری سیاسی بە بیروبۆچوونی واقیعی و هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی وڵات نەك ببەن بە كارتێكی نەگونجاو پڕ لە مەترسی بۆ سەر شەقامی سیاسی و ببن بە بزووتنەوەیەكی ناتەندروست بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكی كاتی یاخود حزبی. وتارەكەی جەنابی سەرۆك بەراشكاوی دیاری كرد كە پروژەی دستوور بە قۆناغە سروشتییەكانی خۆیدا تێپەڕیوە و كاتی ئەوە هاتووە بگرە زۆر درەنگیش كەوتووە ریفراندۆمی لەسەر بكرێت.
دەكرێ هەر كاتێك پارتێكی نوێ دروست ببێت، پاشان داوای هەمواركردنەوەی دەستوور بكات، یاخود دەبێ بەشێوەیەك رێگری لەم هەوڵە بكرێت.
دەستوور ئەو یاسا باڵایەیە كە بنەما سەرەكییەكانی بەڕێوەبردنی وڵاتێك یان هەرێمێك دیاری دەكات و سیستەمی سیاسی و حوكمڕانی دیاردەكات. دەسەڵاتەكان رێكدەخات و پەیوەندی تایبەتمەندی و سنوورەكانیان دەستنیشان دەكات و سەرچاوەی گشت یاسایەكی ترە كە لە وڵات و هەرێمەكاندا دەردەچن.
دەستوور زامنی مافی گشتی و ئایین و نەتەوە و مەزهەبە جیاجیاكان دەكات، ئەمانەش گشتیان لەناو دەستووری هەرێمدا بەوپەڕی سەردەمیانە و دیموكراسییەت دەستەبەر كراون. بەو واتایەی كە دەستوور بۆ گەل دەنووسرێت نەك بۆ تاكە حزبێك یان لایەنێك. زۆر جۆری دەستوور لە جیهاندا هەیە و زۆربەی ئەو دەستوورانەش بە دەستووری (نەرم) ناو دەبرێن، واتە بە شێوەیەك داڕێژراون كە دوای پەسەندكردنیان شیاوی هەمواركردنەوەن بە رێوشوێنی یاسایی و شەرعی و لە ڕێگەی دەنگی گەلەوە و بەپێی پێویستی قۆناغەكان. دەستوور هەرێمی كوردستانیش لەم دەستوورە نەرمانەیە، بەڵام پرسیار ئەوەیە كە ئایا دەكرێت هەر كاتێ حزبێكی تازە سەریهەڵدا و داوای هەمواركردنەوەی دەستووری كرد ئەوا دەبێت دەستوور هەموار بكرێتەوە. بێگومان ئەگەر وابێ ئەوا بەم شێوە پێویستە بەردەوام هەر خەریكی هەمواركردنەوەی دەستوورەكەیان و هەر لەو كێشمەكێشمەیەدا بن. ئەگەریش وەك هەرێمی كوردستان هێشتا خاوەنی دەستووری خۆیان نەبن، ئەوا هەرگیز نابن بە خاوەن دەستوور و وڵاتێكی دامەزراوەیی

هەواڵی پەیوەندیدار