٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان: دەستوور ڕێڕەوی یاسایی خۆی تێپەر كردووە

سەرچاوە: Hewler

جێگری سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەهمەن حوسێن لە دیمانەی ڕۆژنامەی هەولێردا باس لە كردنەوەی دەرگایەكی نوێ بە ڕووی ئەو تەنگژە سیاسییە دەكات كە‌ لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پرسی دەستوورەوە هاتووەتە كایەوە. حزبی زەحمەتكێشان پێی باشە سازانی نیشتیمانی لەسەر چەند بڕگەیەكی دیاریكراوی دەستوور لە دەرەوەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.

* هەوڵوێستی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان سەبارەت بە پرسی دەستوور چییە؟

- مانگێك پێش تەواوبوونی خولی پێشووی پەرلەمان دەنگ بە دەستوور دراوە و ئێستایش كە چەند مانگێكی بۆ هەڵبژاردن و كۆتایی ئەم خولە ماوە دەستوورەكە ڕێڕەوی یاسایی خۆی تێپەڕ كردووە، لەم ماوەیەدا دەكرا بخرێتە ڕیفراندۆمەوە و لەم پێوەندییەیشدا هیچ كێشەیەكی یاسایی نەبووە ڕێگری لێ بكات، بەڵام كێشەی ئێستای دەستوور لەوەدایە لە كاتێكدا دەمانەوێت بچێنە ناو هەڵبژاردنەكانەوە باس و خواستی دەستوور گەرم بووە و بۆتە پرسێكی‌ سیاسی.

ئێمە وەك زەحمەتكێشان تێبینیمان لەسەر دەستوور هەیە پیشتریش باسمان كردووە، چونكە دەستوور بۆ میللەت دەنووسرێت و ڕێككەوتنێكە لە نێوان هەمووماندا گرێ دەدرێت، بۆیە بە باشی دەزانین‌ هەموومان لەسەری ڕازی بین، پێمان باشە بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەی كە هاتوونەتە بەردەم پڕۆژەی دەستوور، لە دەرەوەی پەرلەمان چەند خاڵێكی دەستوور كە ناكۆكیی لەسەرە سازانێكی نیشتیمانییان لەسەر بكرێت، دواتر لە پەرلەمان چەند خاڵەكە هەموار بكرێتەوە بۆ ئەوەی دواتر بە دەنگێكی زۆری كوردستان پەسند بكرێت.

* دەستوور لە ڕووی یاساییەوە پەرلەمان دەنگی پێ داوە و ڕێڕەوی یاسایی تێپەڕ كردووە، ئایا هیچ كێشەیەك لە خستنەڕیفراندۆمی لەئارادا هەیە؟

- ئێمە دەڵێین ڕێككەوتنی نیشتیمانی لەسەر چەند خاڵێك لە دەرەوەی پەرلەمانمان پێ باشترە‌ لەوەی كە دەستوور ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت، چونكە ئەگەر گەرەنتی پەنجا كۆ یەكی دەنگدەران لەسەر دەستوور لەئارادا نەبێت، دەستوورێكی لاواز دەبێت، لەو كاتە دا لەوانەیە هێزە سیاسییەكان پێی ڕازی نەبن لەو كاتەدا بێگومان خەڵكیش ڕەزامەند نابێت، چونكە سەر بە هێزە سیاسییەكانن، لەم كێشەیە بەڕێز سەرۆكی هەرێم نامەیەكی ئاڕاستەی هێزە سیاسییەكان كردووە بۆ ئەوەی لە هەفتەیەكدا وڵامی بدرێتەوە، ئێمەش تێبینیمان هەیە لەوانەیە تێبینییەكانمان جیددی بن و لەوانەشە سەرپێی بن گرنگ ئەوەیە وڵامی سەرۆك دەدەینەوە.

* ئایا كێشەتان لەگەڵ ئەوە هەیە دەستوور ڕێڕەوی یاسایی وەربگرێت؟

- لە ڕووی یاساییەوە ئێمە كێشەمان لەگەڵ ئەوە نییە دەستوور ڕێڕەوی یاسایی خۆی ببڕێت و بخرێتە ڕیفراندۆمەوە، بەڵام دەڵێین بەهۆی ئەوەی كە ناڕەزایەتییەكی زۆری لەسەرە پێمان باشە بەپێی ئیمكان چارەسەر بكرێت، تێبینییەكان بە نەزەری ئیعتبار وەربگیرێن و خاڵێك یان چەند خاڵ كە ناكۆكیی جیددی لەسەرە لە دەرەوەی پەرلەمان ڕێككەوتنیان لەسەر بكرێت و لە دانیشتنێكی پەرلەماندا پەسند بكرێن.

* بۆچوونتان سەبارەت بە داواكاریی‌ گەڕاندنەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە چییە؟

- ئێمە لەگەڵ ئەوە نین سەرجەم پڕۆژەی دەستوور بگەڕیندرێتەوە پەرلەمان و بڕگە بە بڕگە هەموار بكرێت، ئەگەر وابێت ئەوا قەت نابین بە خاوەنی دەستوور، بەڵام لە ڕووانگەی تایبەتمەندیی كوردستانەوە نامانەوێت دەستوورێكمان هەبێت كێشە و ناكۆكی لەسەر بێت، كاتێك دەڵێین چەند بڕگەیەكی دەستوور كە سەرنجی گشتی لەسەرە و پێویستە لە دەرەوەی پەرلەمان ڕێككەوتنیان لەسەر بكرێت، ڕێگە لەوە ناگرێت بخرێتە ڕیفراندۆمەوە، بەڵام ئەگەر بگەڕێتەوە پەرلەمان و سەر‌لەنوێ شیتاڵ بكرێتەوە ئەوا ڕێگری دروست دەكات، چونكە ناكرێت هەر هێزێكی سیاسی كە دروست دەبێت داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەوانەی پێش خۆی بكات.

* ئایا هەڵوێستان جیاوازە لە هەڵوێستەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بە دەستوور؟

- هەندێك جار دەنگمان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنە هەندێك جاریش دەنگمان لەگەڵ دەسەڵاتە، ئەوە قەناعەتی خۆمانە، چونكە ترسێكمان هەیە ئەویش ئەوەیە ‌بەبێ سازانی نیشتیمانی پرسیارێك دێتە پێشەوە ئایا گەرەنتی بۆ دەنگهێنانەوەی دەستوور هەیە، ناكرێت ڕیفراندۆم بكرێت، بەڵام دەنگێكی كەم بەدەست بهێنێت جگە لەمە وەزعە سیاسییە كە خۆی ئاڵۆزە ئەگەر چەند لایەنێك و تەنانەت لایەنی دەرەوەی ئۆپۆزسیۆنیش هاوڕا نەبێت لەسەر ڕیفراندۆم ئەوا دەنگەكان كەم دەبن، ئەو پرەنسیپانەی كە لە عێراق باوەڕمان پێیانە با لە هەرێمیش باوەڕمان پێیان هەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار