قایمقامی سۆران كرمانج عێززەت: سنووری كێلەشین دەكرێتە فەرمی

قایمقامی شارۆچكەی سۆران كرمانج عێززەت لە دیدارێكی ڕۆژنامەی "هەولێر"ـدا ئاشكرای دەكات كە بەمزووانە سنووری "كێلەشین" لە سیدەكان دەكرێتە سنوورێكی فەرمی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا، ئەو ئاماژە بەوەیش دەدات كە لە هەوڵی ئەوەدان كێشەی نیشتەجێبوون لەو شارە لە ڕێگەی دروستكردنی شوققەوە چارە بكەن.
* ئایا هیچ سنوورێكی نوێ لە نێوان هەرێم و ئێراندا دەكرێتەوە؟
- دوای ئەوەی 10 ڕۆژ بەر لە ئێستا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر سەردانی ئێرانمان كرد و لەگەڵ پارێزگاری ورمێ كۆ بووینەوە، من پێشنیازم كرد كە ڕێگەی "كێلەشین" لە سیدەكان بكرێتە ڕێگەیەكی فەرمی كە ئەمە واژۆی لەسەر كراوە و بەمزووانە سنووری كێلەشین دەكرێتە فەرمی.
* هۆكاری زۆریی ڕۆتینات لە سۆران بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- ئەگەر سۆران بكرێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ و دەستەڵاتی لامەركەزی پێی بدرێت، خەڵك كەمتر ماندوو دەبن، كاتی ئەوە هاتووە كە سۆران بكرێتە پارێزگا، چونكە سۆران كەوتووتە نێوان چەند شارێك و لەسەر سنوورێكی نێودەوڵەتیی دوو دەوڵەتدا هەڵكەوتووە، بەڵام ئەم كارە ئاستەنگی سیاسی لە پێشە و پێویستە بەغدایش ڕەزامەندیی لەسەر پێشان بدات.
* ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتووانی سۆران لە خانووی كرێدان، بەرنامەتان بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون هەیە؟
- كێشەی نیشتەجێبوون بە دابەشكردنی زەوی بەسەر هاوڵانیان چارەسەر ناكرێت، ئێستا حكوومەتی هەرێم بڕیاری داوە شوققە لە سۆران دروست بكات، لەو چوارچێوەیەدا لەسەر بودجەی پارساڵ، 143 شوققە بۆ سۆران دەرچووە كە نیوەی تەواو بوونە و ئەوانی دیكەیش لە كۆتایی كۆتایی مانگی 10ـدا تەواو دەبن. لەسەر بودجەی ئەمساڵیش 180 شوققەی دیكە بۆ سۆران دەرچوونە، كە ئێستا شوێنیان بۆ دەستنیشان كراوە و بەم زووانە دەست بە دروستكردنیان دەكرێت. دابەشكردنی شوققەكانیش چەند مانگێكی دیكە دەست پێ دەكات كە بە پێی فۆڕم و بە ڕێزبەندی خاڵ بەسەر كرێنشینان دابەش دەكرێن.
* هاوڵاتیان گلەیی لە خراپیی شەقامەكانی سۆران دەكەن، ئێوە چیتان بۆ كردووە؟
- ساڵی 2012 لەسەر خراپیی دروستكردنی ڕێگاوبانەكان و دواكەوتنیان 4 كۆمپانیا سزا دراون و كارەكانیان لێ سەندرایەوە، ئەمساڵیش كۆمپانیایەك سزا دراوە، چەندین جار بە دەیان مەتر پڕۆژەی ئاوەڕۆمان بە بەلێندەرەكەمان چاك كردووەتەوە.
ئەمساڵ 27 ملیار دینارمان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ دەرچووە و ئێستا چاككردنی كۆڵانی چەندین گەڕەك لەژێر جێبەجێكردندان، بەپێی ئەو پلانەی ئێستا لە بەردەستدایە، ئەمساڵ 95% كێشە خزمەتگوزارییەكانی سۆران كۆتاییان پێ دێت.
* ئەدی بۆچی زیاتر لە دوو ساڵە ڕێگاوبانەكانی گەڕەكی وەستا ڕەجەب تەواو نەكراوەن؟
- 100%ـی ئەم گەڕەكە بە زێدەڕۆیی دروست كراوە؛ لە ساڵی 2011 تا 2012 سێ جار دراوەتە تەندەر و هیچ بەڵێندەرێك ئامادە نەبووە كاری تێدا بكات، بۆیە ناچار بووین وەك حكوومەت، خۆمان كاركە بگرینە ئەستۆ، ئێستا بەشی یەكەم جێبەجێ كراوە و بۆ قۆناغی دووەمیش داوای 2 ملیار و 500 ملیۆن دینارمان كردووە.
* بۆچی تا ئێستایش بەخێوكردنی ئاژەڵ لەنێو بازاڕی سۆران دەبینرێت؟
- خەڵك كە لە گوندەوە دێنە شار، ئاژەڵ لەگەڵ خۆیان دەهێنن، مانگی ڕابردوو 30 كەسمان لەسەر بەخێوكردنی ئاژەڵ لەنێو شاردا سزا داون، بەڵام دەبینی ڕۆژی دواتر دەچنەوە سەر كارەكەی خۆیان. وامان لێ هاتووە دەست لە كارەكانی خۆمان بەردەین و خەریكی غەرامەكردن و سزادانی خاوەنی ئاژەڵەكانی سۆران بین.
* باس لەوە دەكرێت تا ئێستایش خۆراكی بەسەرچوو لە سۆران ماوە، هۆكارەكەی چییە؟
- لە ناو سەنتەری سۆران لیژنەكانی چاودێریی بازاڕ ساڵێك دەبێت كە كۆنتڕۆڵی 99% بازاڕیان كردووە، بەڵام لە گوندەكان لەوانەیە ئەو چاودێرییە نەبێت و بە هۆیەوە كەلوپەلی ماوەبەسەرچوو لە گوندەكان هەبێت، بەڵام لیژنەكانمان بەردەوام لە هەموو شوێنێك بۆ دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلی ماوەبەسەرچوو، هەركەسێك ئەو كارە بكات بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.
* هۆكاری كەمیی ڕێژەی سەوزایی لە سۆران بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- ڕاستە ڕێژەی سەوزایی بە پێی ستانداردی جیهانی دەبێت 30% بێت، بەڵام ساڵانە هەوڵ دەدەین ئەو ڕێژەیە زیاد بكەین. ئەمساڵیش بە بڕی یەك ملیار دینار پاركێكی گەورە لە نزیك سەنتەری سۆران دروست دەكرێت.




