٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

رەوشی نالەباری ئەمنیی، جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی بەغدا و هەرێمی کوردستانی دواخستووە

سەرچاوە: Hewler

بەهۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخی ئەمنیی عێراق، كاركردن بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەكەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دەستی پێ نەكردووە.

پەرلەمانتاری سەر بە لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق شوان محەممەد ئاشكرای دەكات كە لەگەڵ ئەوەی بڕیاری پێكهێنانی چەند لیژنەیەك بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم، بەڵام تا ڕەوشی ئەمنیی بەغدا هێور نەبێتەوە، ڕەنگە قسەكردن لەسەر دۆسیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دوا بكەوێت و لیژنەكانیش درەنگتر دەست بە كارەكانی خۆیان بكەن.

ماوەیەك لەمەوبەر وەفدێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی حكوومەت نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ سەرۆكوەزیران نووری مالیكی و هەموو لایەنە سیاسییەكانی بەشداربووی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق كۆ بوونەوە، لەو كۆبوونەوەیدا حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق لەسەر كۆمەلێك خاڵ ڕێك كەوتن كە پێشتر كێشەیان لەسەر هەبوو. ئەو كات نووری مالیكی بڕیاریشی دا كە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیران لە هەولێر بە ڕێوە ببات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە مامۆستای زانكۆ دكتۆر فرسەت سۆفی پێی وایە كە قەیرانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ڕادەیەك قووڵ بووەتەوە كە بە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە هەولێر چارەسەر نابێت.

فرسەت سۆفی لەو بڕوایەدایە كە مالیكی زیاتر لە هەرێم قازانج لە ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكاندا دەكات، چونكە ئێستا گوشارێكی زۆری لایەنە سیاسییەكانی لەسەرە، ئەو گوشارە بەشێوەیەكە كە ئەندامی ڕەوتی سەدر عەلی تەمیمی ڕایگەیاندووە، قەیرانەكانی ئێستای عێراق تەنیا بە لابردنی نووری مالیكی چارەسەر دەبن.

هەرچەندە ڕەوتی سەدر لایەنێكی شیعەی نزیك لە سەرۆكوەزیرانی عێراقە، بەڵام پێی وایە كە هاوپەیمانیی نیشتمانی شیعەكان دەبێت بیر لە جێگرەوەیەك بۆ مالیكی بكاتەوە.

پاش تەقەكردن لە خۆپێشاندەرانی سوننە لە حەویجە، ڕەوشی ئەمنیی لە عێراق بەرەو ئاڵۆزی چووە، بە پێی نوێترین ئاماری نەتەوەیەكگرتووەكان كە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا زیاتر لە هەزار كەس لە تەقینەوە و پەلامارە چەكدارییەكاندا كوژراون و هەزارانیش بریندار بوونە.

نووری مالیكی ڕێكخراوی ئەلقاعیدە و پاشماوەكانی بەعس بە هۆكار دەزانێت و لایەنە سیاسییەكانی بەرامبەریشی، حكوومەت بە كەمتەرخەم و بێ پلان لە قەڵەم دەدەن و مالیكی بە بەرپرسی سەرەكیی ڕژانی خوێنی خەڵك دادەنێن.

هۆكارەكە هەرچییەك بێت، بە گوتەی پەرلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانیی كوردستانی شوان محەممەد كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایینەبوونەوەی پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا داناوە.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە نایشارێتەوە كە ڕەوشی نالەباری ئەمنی، ڕەنگە دواڕۆژی عێراق بخاتە بەر هەڕەشەیەكی یەكجار گەورەوە و دەزگا ئەمنییەكانی عێراقیش دەستەوەستانن، تا ئێستا نەیانتوانیوە بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكەن.

شوان محەممەد ئاماژەی بە ئەگەری شەڕێكی مەترسیداریی تایفی لە عێراق دەدات و دەڵێت "كورد هەمیشە بە دوای دروستكردنی دەوڵەتێكی دیموكرات و فرەیی لە عێراقدا بووە، هەر بۆیەیش هەر كاتێك ناكۆكییەكانی عێراق بەرەو شەڕێكی تائیفی بڕوات، كورد ناكەوێتە ناو ئەو گەمە مەترسیدارەوە."

هەواڵی پەیوەندیدار