له سلێمانى به ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ئاهه‌نگى ده‌رچوونى قوتابیانى زانكۆى ئه‌مه‌ریكى به‌ڕێوه‌چوو

KTV ...
ئێواره‌ى دوینێ له شارى سلێمانى به ئاماده‌بوونى كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌ڵى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیرانى هه‌رێم و مامۆستا و قوتابیانى زانكۆ، ئاهه‌نگى ده‌رچوونى قوتابیانى زانكۆى ئه‌مه‌ریكى له سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو.
له سه‌ره‌تاى ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا له لایه‌ن مۆلاكس سه‌رۆكى زانكۆى ئه‌مه‌ریكى له سلێمانى گووتارێك پێشكه‌شكرا و دواتر له لایه‌ن دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكى بۆردى ئه‌میندارانى زانكۆى ئه‌مه‌ریكى له سلێمانى گووتارێك پێشكه‌شرا، له گووته‌یه‌ك دا دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ى به قۆناغه‌كانى دروست كردنى زانكۆى ئه‌مه‌ریكى له سلێمانى كرد و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌و كه‌س و لایه‌نانه كرد كه له بنیادنانى زانكۆكه‌دا به‌شداریان كردووه و سه‌باره‌ت به ڕۆڵى زانكۆى ئه‌مه‌ریكیش ڕایگه‌یاند زانكۆكه موڵكى گشتیه به مه‌به‌ستى خزمه‌تى گشتیه.

دواتر هه‌ر له میانه‌ى ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان گووته‌یه‌كى پێشكه‌شكرد، تێدا وێڕاى پیرۆزبایكردن له قوتابیان و مامۆستایان ڕاشیگه‌یاند كه قووتابیان هێزى ئاینده‌ى وڵاتن و حكوومه‌تى هه‌رێم وه‌ك ڕابردوو ئاماده بۆ پشتگیرى كردن له خوێندنى باڵا و گووتیشى ڕه‌وشى هه‌رێمى كوردستان له قۆناغێكى زۆر ناخۆشه‌وه گه‌یشتۆته قۆناغێكى پێشكه‌وتوو و وه‌ك سه‌رۆكى حكوومه‌ت خۆشحاڵم به‌و ده‌ستكه‌وته كه به‌رهه‌مى خۆڕ‌اگرى گه‌له‌كه‌مانه ، به‌رهه‌مى هاوكارى دۆستانى ئێمه‌یه له ده‌ره‌وه، هاوكات كه‌رتى په‌روه‌رده و خوێندن بۆ سه‌ركه‌وتنى گه‌له‌كه‌مان گرنگه. سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد كه حكوومه‌تى هه‌رێم هه‌نگاوى گه‌وره‌ى له بوارى په‌روه‌رده و خوێندنى باڵادا هاوێشتووه و ڕێژه‌ى نه‌خوێنده‌وارى به‌ره و كزى ڕۆیشتووه و به‌رنامه‌ى تواناسازى قوتابیانیش به‌رده‌وامى ده‌بێت و ڕاشیگه‌یاند كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا گۆڕنكاریه‌كان به شێوه‌ى خێرا ڕووده‌ده‌ن بۆیه ده‌بێت كۆمه‌ڵگه و مامۆستایان هاوكاربن و حكوومه‌تى هه‌رێم و پارته سیاسیه‌كان له پێناو په‌ره‌پێدانى ئابورى په‌روه‌رده‌یى و چه‌سپاندنى دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى كارده‌كه‌ن و ڕوونیشیكرده‌وه كه چیتر هه‌رێم هه‌ڕه‌شه‌ى له سه‌ر نیه، به‌ڵكو هه‌رێمى كوردستان بۆته مایه‌ى سه‌قامگیرى و ئاشتى له ناوچه‌كه‌دا و ده‌توانێت ڕۆڵى گه‌وره ببینێت.
له به‌شێكى دیكه‌ى گووته‌كه‌یدا، نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به ڕۆڵى دكتۆر به‌رهه‌م كرد له بنیادنانى زانكۆى ئه‌مه‌ریكى له سلێمانى و هاوكات ئاماژه‌ى به ڕۆڵى وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان و هه‌ر یه‌ك له حكوومه‌تى ئه‌مه‌ریكا و ئیتاڵّیا و سه‌رمایه‌دارانى ناوخۆ له بنیاتنانى زانكۆكه‌دا كرد.
سه‌باره‌ت به كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غداش سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند كه ئومێده‌وارین دواى سه‌ردانه‌كانى هه‌ردوولا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ببن و ڕّاشیگه‌یاند له دوا سه‌ردانیان دا به ڕاشكاوى كێشه‌كه‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان له چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى عێراق دا به نورى مالیكى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ڕّاگه‌یاندووه و ئاشكراشى كرد كه سیاسه‌تى شمولى تاكڕه‌ویكردن قه‌بووڵ ناكرێ چونكه هیچ به‌رهه‌مێكى نابێت و هه‌روه‌ها سه‌رده‌مى په‌راوێزخستن به سه‌رچووه و ناكرێت جارێكى تر كوردستان بخرێته ژێر ده‌سه‌ڵاتى مه‌ركه‌زه‌وه، سه‌باره‌ت به ڕه‌وشى ناوخۆى هه‌رێمیش ڕایگه‌یاند كه نابێت جیاوازیه سیاسیه‌كان بكرێنه ناكۆكى نێو كۆمه‌ڵگه. پاشانیش هه‌ر له میانه‌ى ئه‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا كه بۆ خولى دووه‌مى ده‌رچووانى قوتابیانى زانكۆى ئه‌مه‌ریكى له سلێمانى سازكرابوو، دكتۆر عه‌لى سه‌عید وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى گووتارێكى پێشكه‌شكرد و ئاماژه‌ى به قۆناغه‌كانى دروست كردنى زانكۆكه هه‌ر له ساڵى دوو هه‌زار و دووه‌وه كرد و ڕایگه‌یاند كه خوێندنى ئه‌هلیش شان به‌شانى حكوومى خزمه‌تى به خوێندنى باڵا كردووه.




