٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

ڕاسپاردەكانی كۆنفڕانسی میدیا و دیموكراسی بۆ پەرلەمان دەنێردرێن

سەرچاوە: Hewler

كۆنفڕانسی میدیا، دیمكراسی و سیاسەت لە كوردستان تەواو بوو و بڕیارە ڕاسپاردەكانی ئەو كۆنفڕانسە بۆ پەرلەمانی كوردستان بنێردرێن، تا لە ڕێگەیەوە یاسایەك بۆ ڕێكخستنی بواری میدیا لە كوردستان دەربكرێت.

لەو كۆنفڕانسەدا كە پێرێ لە هەولێر دەستی پێ كرد، سەرۆكی حكوومەت و ڕێكخراوی یۆنامی و كۆنسووڵگەریی بەریتانیا و ڕۆژنامەنووسان بەشدارییان تێدا كرد.

لە ڕۆژی یەكەمی ئەم كۆنفرانسەدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی گوتارێكی پێشكەش كرد كە ڕایگەیاند: گەیشتن بەو ئازادییەی ئێستا لە هەرێم هەیە، ئاسان نەبووە، بە ئەركی سەرشانی حكوومەتی دەزانین كە نەك تەنیا بیپارێزین، بەڵكوو هەوڵ بدەین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشەشی پێ بدەین.

سەرۆكی حكوومەت لە گوتارەكەیدا گوتی "هەموو مرۆڤەكان بە ئازادی لە دایك دەبن و لە ماف و كەرامەتدا یەكسانن، مرۆڤ ئەقڵ و هۆشیاری پێ بەخشراوە و پێویستە لە بەرامبەر یەكتردا بە گیانی برایەتی ڕەفتار بكەن."

لە ڕۆژی دووەمی كۆنفڕانسەكەدا چەندین بابەت لە لایەن ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسانی ناوخۆیی و بیانی پێشكەش بە ئامادەبووانی كۆنفڕانس كران و ڕاسپاردەكان لە لایەن چوار لیژنەوە كۆ كرانەوە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمایەتی یۆنامی لە هەولێر سۆكۆڵ كۆندی كە لەو كۆنفڕانسەدا ئامادە بوو، لەو بڕوایەدایە كە لەبەر ئەوەی حكومەت و میدیاكاران دەرفەتی گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان هەیە، دەتوانن دوا بە دوای ڕێگایەكی ڕاست، چارەسەری دۆخی میدیا لە كوردستاندا بگەڕێن.

هاوكات شارەزا لە بواری ڕۆژنامەگەری دكتۆر سامان فەوزی ئاماژە بە گەڵاڵەكردنی چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردەی گرنگ لەو كۆنفڕانسە دەدات، بەڵام لە هەمان كاتیشدا ڕەخنە لە لیژنەی بەرزكردنەوەی ڕاسپاردەكان دەگرێت و بە باشی دەزانێت كە ڕۆژنامەنووسی زیاتری تێدا بێت.

دكتۆر فەوزی پێشنیازی دروستكردنی دەستگەیەكی ڕاگەیاندنی تایبەت بە حكوومەتیش، بە باش نازانێت كە لە لیژنەكانەوە گەڵاڵە كراوە.

لە لایەكی دیكەوە ڕۆژنامەنووس لەتیف فاتیح پێیوایە كە بوونی كۆنفڕانس لەو شێوەیە لە خزمەتی بەهێزكردنی دیموكراسییەتدایە، چونكە وەك خۆی دەڵێت "یەكێك لە گرفتە كانی ئێمە ئەوەیە كە زمانی لێكتێگەیشتنمان لە نێودا هەیە، بەڵام ئەم جۆرە كۆنفڕانسانە هۆكاری ئەوەن كە زیاتر لێك تێ بگەین.

لەتیف فاتیح ئاماژە بە بوونی گەندەڵیی میدیاییش دەدات و بە ترسناكترین جۆری گەندەڵی لە قەڵەمی دەدات.
لەتیف فاتیح دەڵێت "میدیا خۆی چاودێرە بەسەر دەسەڵاتەكانی ترەوە، نابێت خۆی گەندەڵی بكات، بەڵام زۆر جار میدیا خۆی گەندەڵی دەكات."

هاوكات ڕۆژنامەنووس ئاسۆس هەردی بە دووری دەزانێت كە بە كۆنفڕانسێك هەرچی كێشەی میدیا هەیە چارەسەر بێت، ئەو پێیوایە، كێشەكانی میدیا لەوە قووڵترن كە بە كۆنفڕانسێك چارەسەر ببێت، ئەو دەڵێت "بابەتی ڕۆژنامەگەری پێوەندیی بە سیستەمی سیاسی، ئابووری و كولتووری وڵاتەوە هەیە، بەڵام بە لانی كەم كۆنفڕانسەكان وامان لێ دەكات بتوانین بە یەكەوە دانیشین و گوێ لە یەكتری بگرین.

لە لایەكی دیكەوە ڕۆژنامەنووس ئازا حەسیب قەرەداغی، ڕەخنە لەسەر ئامادەكاریی و جۆری دابەشكردنی "محازەرە" و وۆركشۆپەكانە دەگرێت و دەڵێت "كۆنفڕانسەكە هەموو لایەنەكانی ڕاگەیاندنی هەرێمی بەشداری پێ نەكردووە، دەزگای ڕاگەیاندنی گەورە لەو وڵاتەی ئێمەدا هەیە و ساڵانێكە كار دەكەن و خەڵكی ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیری گەورەی ئەم وڵاتە كاری تێدا دەكەن كەچی هیچ دەرفەتێكی قسەكردنیان پێ نەدراوە و لە محازەرەكان ناویان نییە."

ئەمە لە كاتێكدایە كە ڕۆژنامەنووس شیلان محەممەد، كۆنفڕانسەكە بە بایەخ لە قەڵەم دەدات و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی ئینتقالیدا تێپەر دەبێت، بە پێویستی دەزانێت كە بواری ڕۆژنامەگەریش ڕێك بخرێتەوە.

شیلان محەممەد دەڵێت "كاری میدیایی لە هەرێمی كوردستاندا شڵەقاوە و ئاڕاستەكردنی سیاسی بە بیروبۆچوونی جیاوازەوە وای كردوە هەر كەسێك بە ئاڕاستەیەكی جیاواز ڕووماڵی ڕووداوەكان بكات، بۆیە دەبینین كە زانیارییەكان بە جیاوازی بە خەڵكی دەگەیەندرێت."

شیلان بە پێویستی كۆمەڵێك ڕێوشوێن و ڕێكاری یاسایی بۆ ڕێكخستنەوەی ئەم بوارە دەربچێت، تا میدیا بتوانێت وەك دەستەڵاتی چوارەم ئەركی سەرشانی خۆی بەجێ بگەیەنێت. ئەم ڕۆژنامەنووسە ئاماژە بە چەمكی ئاساییشی نەتەوەیی و ئادابی گشتیی دەدات كە لە یاسای كاری ڕۆژنامەگەریدا هاتوون و بە باشی دەزانێت كە ئەم چەمكانە پێناسە بكرێت، تا نەبنە ڕێگر لە بەردەم كاری ڕۆژنامەوانان.

شیلان محەممەد نایشارێتەوە كە لەسەر دەستگەكانی ڕاگەیاندنیشە كە پابەند بن بە كۆمەڵێك پرەنسیپ و بەهای یاسایی و ئەخلاقی باڵا كە بەرژەوەندییەكانی خەڵك و پرسە نەتەوەی و نیشتمانییەكان نەخاتە مەترسییەوە.

لە كۆتایی كۆنفڕانسەكەدا لیژنەیەكی 10 كەسی پێك هینرا بۆ ئەوەی ئەم ڕاسپاردانە بدرێت بە حكوومەتی هەرێم تا لە ڕێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە كاری یاسایی لەسەر بكرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار